مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ محەمەد موکری ساز دەکرێت

مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ محەمەد موکری ساز دەکرێت

خەڵک

ناوەندی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاو کردنەوە، ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە لە مەراسیمێکی تایبەتدا ڕێز لە محەمەد موکری ڕۆماننووس دەنێت، کە ساڵی ٢٠١٢ بە هۆی نەخۆشیی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

هەژار مەجید، بەڕێوەبەری ناوەندی ئەندێشە، رایگەیاند، لەو مەراسیمەدا جگە لە چاپ کردنەوەو بڵاو کردنەوەی چەند ڕۆمانێکی، هاوکات هاوڕێیانی موکری و خێزان و منداڵەکانی ئامادە دەبن.

جەختی لەوەش کردەوە، موکری یەکێکە لە باشترین نووسەرەکانی کورد و هەوڵیش دەدەن بەرهەمەکانی چاپ بکەنەوە.

محه‌مه‌د موکری‌ نووسەر و ئەدیب و شۆڕشگێڕ باشووری کوردستانە. لە ساڵی ١٩٤٣دا لە قەڵای کەرکووک لە دایک بووە، خوێندنی دواناوەندی تەواو کردووە و ماوەی ٩ ساڵیش پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە لە شاخ.

موکری لە شاخ ڕۆمانێکی بەناونیشانی «سەگوەڕ» بڵاو کردۆتەوە، کە یەکەمین ڕۆمانی کوردی بووە بە زمانی ڕەخنە لەسەر شۆڕش نووسراوە.

لە سەرەتای کارکردنی لە بواری ئەدەب و ڕاگەیاندندا، وەک ڕۆژنامەنووس کاری کردووە، پاشان وەک چیرۆکنووس ھاتۆتە مەیدانەکە و چەندین چیرۆکی نووسیوە، زیاتر لە چوار ڕۆمانی ھەیە و جێدەستیشی وەک ڕۆژنامەنووسێک دیار بووە.

محەمەد موکری چەندین گۆشە و وتاریشی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو کردۆتەوە، ماوەی ٤٠ ساڵیش سەرقاڵی نووسین بووە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

خەباتی سیاسیشی بەردەوام بووە و ماوەی ١٥ ساڵ لە شاری سلێمانی ژیا، موکری خێزاندار بوو و خاوەنی چوار کوڕ و کچێکە، دواکاریشی سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێک بووە، بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدا و لە شەوی ٤/٥-٥-٢٠١٢ لە شاری سلێمانی بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دوایی کرد.

ئه‌م بابه‌ته 590 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:03:12/03/2015