چی دەربارەی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی دەزانیت؟ جۆرەکانی چین؟

چی دەربارەی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی دەزانیت؟ جۆرەکانی چین؟

خەڵک-دڵشاد 

ئەم نەخۆشییە هەوكردنێكی ڤایرۆسیە كەتووشی جگەر دەبێت و سەر بە كۆمەڵەی نەخۆشیە گوازراوەكانە و پێنج جۆری هەیە، ساڵانە بە ملیۆنەها كەس تووشی ئەو نەخۆشیە دەبن و دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیكەی (1 ملیۆن و 500 هەزار) كەس لەساڵێكدا .

خۆپاراستن لەهەوكردنەكە؟
خۆپاراستن لەنەخۆشی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی، بریتیە لە راگرتنی پاكو خاوێنی و پاكژكردنەوەی كەرەستە پزیشكیەكان پێش ئەنجامدانی هەر نەشتەرگەریەك لەگەڵ ئەنجامدانی پشكنین بۆ خوێن، هەروەها دووركەوتنەوە لەسێكسی ناتەندروست و زوو وەرگرتنی چارەسەر و ڤاكسین و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لەمەترسیەكانی ئەم نەخۆشیە .

جۆرەكانی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر؟
زانایان پێنج جۆر ڤایرۆسی هەوكردنی جگەریان دۆزیوەتەوە و سەرجەمیان دەبێتە هۆی تووشبوون بەهەوكردنی جگەر و ئەوانیش پێكهاتوون لە جۆرەكانی (ئەی، بی، سی، دی، ئی)، جۆرەكانی (ئەی، ئی) لەزۆربەی كاتدا بە هۆی خواردن و خواردنەوەی خۆراك و ئاوی پیس بووەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام جۆرەكانی (بی، سی، دی) هەوكردنی جگەر بەهۆی بەركەوتنی دەرداوەكانی لەشی كەسی تووشبووەوە دەبێت لەرێگەی بەكارهێنانی دەرزی یاخود گواستنەوەی خوێن و جۆری (بی) هەوكردنی جگەر لەدایكەوە بۆ كۆرپەلەكەی دەگوازرێتەوە .

هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری (ئەی):
ئەم جۆرە نەخۆشیە لەرێگەی بەكارهێنانی ئاو و خۆراكی پیسبوو بەڤایرۆس دەگوازرێتەوە و هەروەها لەرێی سێكسیشەوە دەگوزارێتەوە، لەزۆربەی كاتەكاندا ئەو جۆرە تووشبوون بەو ڤایرۆسە سووكە و نەخۆشەكان بەتەواوەتی چاك دەبنەوە و بەرگرییان لەدژی ئەو ڤایرۆسە هەیە ، بەڵام لەهەندێك كاتدا كاریگەرییەكانی ترسناكە و ڤاكسینی سەركەوتوو بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە ڤایرۆسە هەیە ، ساڵانە یەك ملیۆن و 400 هەزار كەس تووشی هەوكردنی جۆری (ئەی) جگەر دەبن .

نیشانەكانی بریتیە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گێژبوون و نەمانی ئارەزووی خواردن و سكچوون و رشانەوە و ئازای ناوسك .

هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری (بی):
ئەم جۆرە نەخۆشیە لەرێگەی بەركەوتنی خوێن یاخود دەردراوی كەسی تووشبوو بڵاودەبێتەوە ، ئەم ڤایرۆسە لەدایكەوە بۆ كۆرپەلەكەی لەكاتی لەدایك بوون و شیردان و لەكاتی پرۆسەی گواستنەوەی خوێنی پیسبوو و بەكارهێنانی دەرزی پیسبوو و بەكارهێنانی مەوادی هۆشبەر دەگوازرێتەوە .

بەشێك لەتوشبووانی هەوكردنی جگەر لەجۆری (بی) ناتوانن لەڤایرۆسەكە رزگاریان بێت و تووشی نەخۆشی درێژخایەن دەبن و رووبەڕووی گیان لەدەستدان دەبنەوە ، وەرگتنی ڤاكسین باشترین رێگایە بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە نەخۆشیە كە ڤاكسینەكە بۆ ماوەی 20 ساڵ پارێزگاری لەتوش نەبوون بەو نەخۆشیە دەكات ، ساڵانە نزیكەی 780 هەزار كەس بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن .

نیشانەكانی زەردبوونی رەنگی پێست و چاو و تۆخبوونی رەنگی میز و هیلاكی زۆر و رشانەوە و ئازاری ناوسك .

هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری (سی): 
لەزۆربەی كاتەكاندا ئەم جۆرە نەخۆشیە لەپرۆسەكانی گواستنەوەی خوێنی پیسبوو بە ڤایرۆسەكە یاخود بەكارهێنانی دەرزی و كەرەستەی پزیشكی پیسبوو دەگوازرێتەوە ، لەنێوان 130 بۆ 150 ملیۆن كەس لەجیهاندا بەدەست ئەم جۆرە هەوكردنە درێژخایەنەی جگەرەوە دەناڵێنن و ساڵانە نزیكەی 500 هەزار كەس بەهۆی ئەم جۆرە هەوكردنەی جگەرەوە گیانیان لەدەستدەدەن .
دژە دەرمانەكان دەتوانێت ئەم جۆرە هەوكردنەی جگەر بەرێژەی لە 90% چارەسەر بكات و هیچ ڤاكسینێكی دژی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری (سی) لەئارادانیە و ئەم نەخۆشیە لەئەفریقا و رۆژهەڵاتی ئاسیا هەیە .

هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری (دی):
تووشبوون بەم جۆرە ڤایرۆسە تەنیا لەنێوان تووشبووانی هەوكردنی جگەردا روودەدات و توشبوون بەهەردوو ڤایرۆسی جۆری (بی و دی) ، ئەم جۆرە هەوكردنە دەبێتە هۆی تێكچوونی باری تەندروستی و كاریگەری زۆر دەبێت و ڤاكسینی سەركەوتوو بۆ خۆپاراستن لەتووشبوون بەم نەخۆشیە هەیە ، ماوەی گەشەی ڤایرۆسەكە چەند هەفتەیەك دەخایەنێت و رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بەنەخۆشیەكی درێژخایەن و بەدرێژایی ژیان بەردەوام بێت .

هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری (ئی):
ئەم جۆرە نەخۆشیە زۆربەی كات لەرێگەی بەكارهێنانی ئاو و خۆراكی پیسبووو بەڤایرۆس دەگوزارێتەوە ، لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و لەناوچە تازە پێگەیشتوەكاندا بڵاوە و ڤاكسینی سەركەوتوو بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە نەخۆشیە لەئارادایە و ساڵانە 20 ملیۆن كەس لەسەر تا سەری جیهاندا تووشی هەوكردنی جگەر جۆری (ئی) دەبن ، ساڵانە نزیكەی 57 هەزار كەس بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە گیان لەدەستدەدەن .

زۆربەی كات تووشبووانی هەوكردنی جگەر جۆری (ئی) چاك دەبنەوە بەبێ وەرگرتنی چارەسەر ، لەهەندێك حاڵەتدا نەخۆشیەكە دەگۆڕێت بۆ پەككەوتنی جگەر و دروستبوونی مەترسی ، نیشانەكانی تووشبوون بەم نەخۆشیە گۆڕانی رەنگی چاو و پێست و میزی نەخۆش و نەمانی ئارەزووی خواردن و گەورەبوونی جگەر و ئازاری ناوسك و هەستكردن بەتێكچوون و رشانەوە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیە ، هیچ چارەسەرێك ناتوانێت ئاراستەی ئەم جۆرە هەوكردنە بگۆڕێت بەڵام باشترین رێگا بۆ دووركەوتنەوە لەم نەخۆشیە بریتیە لەخۆپاراستن .

ئامادەكردن : " ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی "


ئه‌م بابه‌ته 4096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:26:22/03/2016