ورده‌كاری شه‌ڕه‌كه‌ی چاڤی لاند و هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبونی پشێویه‌كان!

ورده‌كاری شه‌ڕه‌كه‌ی چاڤی لاند و هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبونی پشێویه‌كان!

خێزان

پاش ماوه‌یه‌ك له‌ ئاماده‌كاری زۆر، بڕیاربوو ئه‌مڕۆ ئاهه‌نگی هه‌رسێ هونه‌رمه‌ندی ناوداری میللی (ئاوات بۆكانی و شێروان عه‌بدوڵڵا و گۆرانی ئینزبات) به‌رێوه‌ بچێت، به‌ڵام دواتر نه‌ك ئه‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌رێوه‌ نه‌چوو، به‌ڵكو شه‌ڕ پشێویه‌كی زۆر كه‌وته‌وه‌.

به‌پێی گوته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان سه‌ره‌تای پشێویه‌كانیش پاش ئه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ كه‌مێك له‌ كاتی خۆی دواكه‌وتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر هونه‌رمه‌نده‌ میللیه‌كان پێشتر ڕونكردنه‌وه‌یان دابوو كه‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌ كاتی خۆیدا ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆی زۆری خه‌ڵكی ئاماده‌بووی ئاهه‌نگه‌كه‌ و قه‌ره‌باڵغی و نه‌بونی چاودێر و پۆلیسی پێویست، شه‌ڕو پشێوی له‌ نێو ئاماده‌بواندا دروستبوو.



دواتریش به‌هۆی گیرانی ڕێگاكان و بونی پاڵه‌په‌ستۆی زۆر هاتنی پۆلیس و تیمه‌كانی فریاگوزاری بۆ چاڤیلاند هێنده‌ی دیكه‌ سه‌ختبوبون، هه‌روه‌ك ئارام سەعید بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی چاڤی لاند بە ئێن ئاڕ تی وت، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە شوێنی ئاهەنگەکە ئامادەبوون و بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی کە دروست بوو، نەتوانرا ئاهەنگەکە ئەنجامبدرێت و بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانیشەوە بە سەدان هەزار دۆلار زیانی مادی بەر چاڤی لاندا کەوتووە و ژمارەیەک لە ستافی چاڤی لاندیش برینداربوون و دوو ئۆتۆمبێل سووتاون و دوانی دیکەش تێکشکێندراون.



بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی چاڤی لاند، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشتر هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی لە پۆلیس و ئاسایش و چالاکییە مەدەنییەکانیان ئاگادارکردبووە، بەڵام ئەوان لە پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکەدا هیچ ئامادەبوونێکیان نەبووە.

هه‌ر له‌ باره‌ی لە بارەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئاھەنگی نەورۆزی چاڤی لاند  بەختیار عەبدولڕەحمان ؛قائیمقامی سلێمانی؛ ڕایگەیاندووە، پاش ئاگاداركردنەوەی لیژنەی ئەمنی لە ھەبوونی گرژی و ئاڵۆزی ئاھەنگەكەی چاڤی لاند و چوونی ھێزەكانی ئەمنیەكانی شاری سلێمانی بۆ شوێنی ڕوداوەكە دەستبەجێ ئاڵۆزیەكان كۆنتڕۆڵ كراون.

جەختیشی كردۆتەوە، بریندارەكان لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنەوە لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆكراوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە، ھیچ كەسێكیان لە نەخۆشخانە نەماونەتەوە.

وتیشی: "لەكاتی ئاڵۆزیەكەدا بەھیچ جۆرێك فیشەك نەتەقێنراوە، بەڵكو ئەوەی بیستراوە لەلایەن ئامادەبوانەوە دەنگی تەقەی یارییە ئاگرینەكان بووە، ئەوەشی، كە برینداربووە بەھۆی قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆ و ھاویشتنی بەردەوە بووە".



هه‌ر له‌پاش ڕوداوه‌كه‌ش شاسوار عەبدولواحید خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا ڕایگەیاند كه‌ له‌ هیچ شوێنێکی دونیادا ملیۆنان کەس بە هۆی هەڵسوکەوتی چەند کەسێکەوە نابێت حوکم بدرێن یان ڕای خراپیان لەسەر بوترێت، ئه‌و ڕایگه‌یاند"ئەوە کە ڕووویدا لە چاڤی لاند سەرباری ئەوەی کە ڕووداویکی ناخۆش بوو، بەڵام خۆشبەختانە کە خوێنی کەسی تیا نەڕژا و هەموو لایەک سەلامەتن، زیانی ماددی قەرەبوو دەکرێتەوە و کێشە نییە و شایەنی خەفەت بۆ خواردن و ناڕەحەتی نییە، هیج کات شوشە شکاندن و سەیارە سوتاندن و بەرد گرتنە هەر شتیک نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کاردانەوەی ناتەندروست و نابەرپرسیارانەی لێ بکەوێتەوە"





ئه‌م بابه‌ته 28358 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:13:20/03/2016