لە ڕووی فەلەكناسییەوە، 21ی ئادار مانای چییە؟

لە ڕووی فەلەكناسییەوە، 21ی ئادار مانای چییە؟


خەڵك- بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان مانای 21ی ئادار و لێكدانەوەی ئەو ڕۆژە ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كە ناسراوە بە هاوسەنگبوونی بەهاری و دەشڵێت: "لەو رۆژانەدا تیشكی خۆر بە شێوەیەكی 100% ی دەكەوێتە سەر هێڵی یەكسانی".

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە رووی فەلەكییەوە، ئەم ڕۆژە (جاری وایە ڕۆژێك پێشتر یان دواتر) ناسراوە بە (هاوسەنگبوونی بەهاریی – Vernal Equinox  ) كە لە 20 یان 21 یان لە 22ی ئاداری هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە و لە یەكێ لەو ڕۆژانەدا تیشكی خۆر بە شێوەیەكی 100%ی دەكەوێتە سەر (هێڵی یەكسانی)، چونكە بەپێی لاری تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات لەسەر هەردوو نیوەگۆیەكانی باكوور و باشووری زەویدا.

لەو رۆژەدا ماوەی نێوان زەوی و خۆر دەگاتە سنووری 150 ملیۆن كیلۆمەتر و تیایدا شەو و ڕۆژ یەكسان دەبێت و بەمەش لەنیوەگۆی باكووردا (وەرزی بەهار) دەست پێدەكات و لەهەمان كاتدا (یەكسانبوونی پاییزی) لەنیوەگۆی باشووردا دەست پێدەكات (واتە دەستپێكی پاییزە).

لەو ڕۆژە و لەسەر ئاسۆدا، خۆر رێك لەسەر خاڵی جوگرافی 90ی ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێت، كە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ئەو كەسانەی، كە دەیانەوێت بەشێوەیەكی زۆر ورد ئاڕاستەی رۆژهەڵات دەستنیشان بكەن، كە لەهەمان كاتدا لە هەمان خاڵی ڕۆژئاواشدا ئاوادەبێت و هەمان سوودی هەیە بۆ دۆزینەوەی وردی ئاڕاستەی ڕۆژئاوا.

لە رووی زانستییەوە، لە ساڵی 2010 تا 2020، هەموو دیاردەكانی (هاوسەنگبوونی بەهاریی-    Vernal Equinox ) لە 20ی ئاداردا ڕوویانداوە و ڕوودەدەن، سەبارەت بەم ساڵیش ئەوا لە 20.3.2016 كاتژمێر (04:30 بەكاتی نێو دەوڵەتیی) واتە 07:30 بەیانی ڕۆژی یەك شەممە 20. ئادار، خاڵی (هاوسەنگبوونی بەهاریی) یەو لە رووی فەلەكیشەوە (یەكەم رۆژی وەرزی بەهارە).


ئه‌م بابه‌ته 1250 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:42:19/03/2016