چیتر شەکر بەکار مەهێنن.. شەکر ژەهرە

چیتر شەکر بەکار مەهێنن.. شەکر ژەهرە


خەڵك-دڵشاد حەمە

بەپێی رێنماییەكی نوێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، دەبێت خەڵك ئاگاداربكرێنەوە بۆ كەمكردنەوەی ئەو بڕە شەكرەی رۆژانە بەكاردەهێنن لە خواردنەكانیاندا و بكرێت بە نیوەی ئەوەی ئێستا دەیخۆن.

بەپێی ئەو رێنماییانە، بڕی شەكری پێشنیاركراو كە پێویستە رۆژانە بخورێت، پێویستە كەمتربێت لە (10%) كالۆری وەرگیراوی رۆژانە و هەوڵ بدرێت تەنانەت ئەوەش بكرێتە نیوە، واتە (5%)ی  وزەی رۆژانە لە شەكرەوە وەربگیرێت.

ئەم رێژەیە هەموو ئەو جۆرە شەكرانە دەگرێتەوە كە دەكرێنە خۆراكەوە، هەروەها ئەو شەكرانەی بەشێوەیەكی سروشتی هەن لە هەنگوین و خورما و شەربەتی میوەدا.

بەپێی رێنماییەكان، ئەو رێژەیە یەكسانە بە (50) گرام شەكر لە رۆژێكدا بۆ كەسێكی پێگەیشتووی كێش ئاسایی.
بەڵام ژمارەیەك لە شارەزایان پێیانوایە، رێژەی (10%) زۆر زۆرە، لەكاتێكدا رێژەی قەڵەوی لە جیهاندا لە هەڵكشاندایە.

دكتۆر فرانسیسكۆ برانكا، بەڕێوەبەری خۆراك لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە كۆنفراسنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كەمكردنەوەی رێژەی شەكر بۆ (10%)ی وزەی رۆژانە بە توندی پێشنیار دەكەین، كەمكردنەوەشی بۆ (5%) دەكەوێتە سەر دۆخی كەسەكە.

سەرچاوەكانی شەكر
ئەم رێنماییە نوێیەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پشت دەبەستێت بە بەڵگە زانستیەكان لەبارەی كاریگەری شەكر لەسەر تەندروستی وەك داخورانی ددان و كاریگەری بۆ سەر قەڵەوی و کنۆچکە بوونی ئێسک.

بەپێ توێژینەوەیەك لەسەر قەڵەوی كە لە بڵاوكراوەی زانستی (BMJ) دا بڵاوكراوەتەوە پیشاندراوە، هەرچەندە شەكر هۆكاری راستەوخۆی قەڵەوی نییە، بەڵام ئەو كەسانەی كە زۆر شەكر دەخۆن بەتایبەت خوارنەوەی شیرینكراو (كۆلا و شەربەتی قتو)، ئاسانتر كێشیان زیاد دەكات لەبەرئەوەی ئەو خواردنانە تێریان ناكەن.

هەروەها پێداچوونەوەیەك بە پەیوەندی نێوان شەكر و داخورانی ددان كە لەلایەن توێژەرانی بەریتانیاوە ئەنجامدراوە دەریخستووە، كلۆربوونی ددان لەو كەسانەدا كەمتربووە كە رێژەی شەكر لە وزەی گەرمی رۆژانەیاندا (10%) كەمتر بووە.

سەرچاوە: بی بی سی نیوز، زانستەكان 


ئه‌م بابه‌ته 3868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:11:07/03/2016