زیانەکانی تابلێت لەسەر منداڵان چین؟

زیانەکانی تابلێت لەسەر منداڵان چین؟


خەڵك-دڵشاد حەمە

توێژینەوەیەكی نوێی ئەمریكی گەشتووە بەو ئەنجامەی، بەكارهێنانی ئامێرەكانی ئایپاد و تابلێتەكانی هاوشێوەی، گەشە و بونیادی ماسولكەكانی دەستی منداڵان دوادەخات و جومگەی پەنجەكانیان تووشی هەوكردن دەكات.

كۆمەڵێك پزیشكی ئەكادیمیای زانستیی تەندروستی منداڵان لە ئەمریكا، لە توێژینەوەیەكی نوێی زانستیدا گەشتن بەو ئەنجامەی زۆرێك لەو منداڵانەی كە وەك نمونەی توێژینەوەكەیان وەریان گرتوون، بەهۆی بەكارهێنانی زۆری تابلێتەكانەوە، گەشەی ماسولكەكانی دەست و قۆڵیان دواكەوتووە و هەندێكیشیان جومگەكانی پەنجەكانیان تووشی هەوكردن بوون، كە ئەوەش لە نێو منداڵاندا باو نییە. 

 بەشێوەیەكی ئاسایی گەشەی ماسولكەكانی دەست و پەنجەكان لەساڵانی یەكەمی منداڵیەوە دەستپێدەكات، لەڕێگای هەڵگرتن و یاری كردن بە شتەكانی دوروبەر و بە تایبەتیش نوسین و وێنەكێشانەوە، بۆیە ئەو منداڵانەی كاتێكی زۆر لە بەكارهێنانی تابلێتەكان بەسەردەبەن، گەشەكردنی ماسولكەكانی دەستیان دوادەكەوێت.

 ئەو پزیشكانە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەیان جەختیان لەوە كردۆتەوە، نابێت دایكان و باوكان رێگە بە منداڵەكانیان بدەن لە شەو و رۆژێكدا لە دوو سەعات زیاتر تابلێت بەكاربهێنن، لەگەڵ ئەوەی منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ، نابێت بەهیچ شێوەیەك ئەو ئامێرانە بەكاربهێنن.

هەروەها دەڵێن: بەكارهێنانی ئەو ئامێرانە بۆماوەیەكی درێژ لەلایەن منداڵانەوە، گرفتی دیكە دروستدەكەن، وەك ئازارەكانی پشت و شان و مل.

بۆیە هۆشداری ئەوەیان بە دایكان و باوكان داوە، كە نەكەونە نێو حەزی منداڵەكانیانەوە و ئەگەر بەرژەوەندی ئەوانیان دەوێت دەبێت رێگرییان لێ بكەن لە زیاد بەكارهێنانی ئەو ئامێرانە.


ئه‌م بابه‌ته 4809 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:56:06/03/2016