چۆن وادەكەیت منداڵ نوستنێكی ئارام بەخشی هەبێت

چۆن وادەكەیت منداڵ نوستنێكی ئارام بەخشی هەبێت


خێزان-

ئەگەر منداڵەكەت ئارەق دەكاتەوە یان شەوان زۆر نانوێت یاخوود زۆرێك لە كاتەكانی بەگریان و نارەحەتی بەڕێ دەكات، ئەوا ئەم حاڵەتانە وەك نیشانەیەكەو پێویستە لەم كاتانەدا دایك و باوك ئاگاداربێت و هەوڵبدات خەوی منداڵەكەی ڕێكبخات ئەویش بەم شێوەیە:

1-  كاتی نوستنی منداڵەكەت پێویستە گونجاو بێت:

ئەو كاتانەی منداڵ پێویستی بەنوستن دەبێت چەند نیشانەیەكی تێدا دەردەكەوێت ، نیشانی دەدات ئەو منداڵە پێویستە بنوێت . ئەوەش دوای سوربوونەوەی چاوەكانی و گریانی بێ هۆكار هەركاتێك هەست بەم نیشانانە كرا پَویستە كەشێكی باش بۆ منداڵەكە بڕەخسێت .

2- دیاریكردنی كاتی نوستن بۆ منداڵەكەت:

دیاریكردنی كاتێك بۆ منداڵەكەت بۆئەوەی پابەند بێت پێوەی‌ و بەردەوام بەو كەشە ڕابێت ، هەربۆیە پێویستە كاتەكانی نوستنی دیاریكراوبێت ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئاسانی نوستن بەتایبەت لەدوای تەمەنی شەش مانگییەوە ، هەروەها ڕێكخستنی كاتەكانی نوستن لەڕۆژدا بۆئەوەی بتوانێت شەوان بەشێوەیەكی گونجاو بنوێت و پێویستە بخرێتە هەمان جێگای خۆی بۆئەوەی هەست بكات ئەوشوێنە تایبەتە بەخۆی .

3- منداڵ پێویستی بە نوستنی زیاترە جگە لەكاتە ئاساییەكانی خۆی:

دەبێت ئەوە بزانرێت منداڵ پێویستی بەنوستنی زیاترە هەربۆیە پێویست بەدڵە ڕاوكێ ناكات ، وازی لێبێنە با بنوێت هەندێك جاریش كە هەڵدەستێ بۆی هەیە پێویست بكات پاك بكرێتەوەو برسیەتی ‌و نان بخوات و چەند منداڵەكەت گەورە ببێت كاتەكانی نوستنی كەمتر دەبێتەوە.

4- منداڵ بەدوربگرە لە نوستنی ڕاستەوخۆی دوای نان:

منداڵ دوای خواردن پێویستی بەخەوە هەربۆیە دەبێت لەم كاتەدا ئاگاداری ئەوە بین پێویستە كاتێك هەبێت لەنێوان نان خواردن ‌و نوستنی منداڵەكەدا ، ئەگەر هاتوو ڕاهات بەنوستنی دوای نان خواردن بە درێژای كات ئەو حاڵەتە قۆرغ دەكات بۆ خەوتنی زۆر.

ئەوكاتانەی هەست دەكەیت منداڵەكەت دەیەوێت بنوێت پێویست ناكات لەسەر دەستەكانت دایبنێیت ، لەبەرئەوەی دەبێت منداڵ بیخەیتە شوێنی تایبەتی خۆیەوەو بەشێوەیەكی بەردەوام لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا كاتەكانی خەوی خۆی دەزانێت ‌و دەچێتە شوێنی تایبەتی خۆیەوە، بەڵام ئەگەر ڕاهات لەسەر دەستەكانت بنوێت ئەوا ناتوانێت لە كاتەكانی تردا بەتەنها بنوێت ، ئەگەر لەشەوانیشدا بەخەبەرهات تۆی ئەوێت ‌و كەسی تری ناوێت.

لەبارەی كاتی تەندروست بۆ نوستن و بەتایبەتیش بۆ نوستنی منداڵان ( د.دانیار سەعدی حامد ) پسپۆڕی دەروونی تایبەت بۆ سایتی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی "dohsuli" دواو وتی :" كاتی دیاریكراو نیە بۆ نوستن لە هیچ كەسێكدا بەگشتی نوستن لەتەمەنێكەوە بۆ تەمەنێكی تر گۆڕانكاری بەسەردا دێت ، كۆرپەی تازە لەدایك بوو پێویستی بە 19 كاتژمێر هەیە ئەم كاتەش گۆڕانكاری بەسەردا دێت لەگەڵ گۆڕانی تەمەنیدا تا گەورەتر بێت پێویستی بەنوستن كەمتر دەبێت تا ئەگاتە تەمەنی باڵغبوون ئەوكات پێویستی بە 8 كاتژمێر نوستن دەبێت".

ئەو پسپۆڕە دەروونیە وتیشی: " لەتەمەنی گەنجێتیدا مرۆڤ پێویستی بە 6 كاتژمێر نوستن دەبێت، بەڵام دواتر وای لێ دێت پێویستی مرۆڤ بۆ خەو زیاد دەكات، چونكە چالاكیەكانیشی لەو تەمەنەدا زیاد ئەكات".

هەروەها د.دانیار ئەوەشی وت: "دیاریكردنی بڕی نوستنی تەندروستیش دەگۆڕێت لەمنداڵاندا نوستنی قوڵ تەندروستر دەبێت چونكە لەكاتی نوستندا هۆڕمۆنی گەشەكردن لەمنداڵاندا ئەڕژێت ئەمەش كاریگەری هەیە بۆ نوستنێكی باش، ئەو هۆڕمۆنەش لەكاتی شەواندا دەڕژێت بەواتای باشترین نوستن بۆمنداڵان شەش كاتژمێرە ئەویش لەوكاتەوەی پێش ئەوەی پلەی گەرما بگاتە نزیكەی پلەی گەرمای لەش واتە لەكاتە فێنكەكاندا ئەو كاتەش لە 10ی شەوەوە دادەنرێت تاكو 4:30 بەیانی".

ئەوپسپۆڕ لەبارەی جیاكردنەوەی منداڵان لەدایك ‌و باوكیان بەتایبەتی لەكاتی نوستندا ڕایگەیاند: "لەتەمەنی منداڵیدا پێویستی بەوە هەیە لەنزیك دایكی بێت لەكاتەكانی نوستندا بۆ ئەوەی ئاگای لەهەموو جوڵەكانی منداڵەكە بێت ، بەڵام دوای سێ ساڵی ئەو منداڵە دەست دەكات بەگەشەكردن و پێویستی بەجێگیری دەبێت".

ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی


ئه‌م بابه‌ته 3553 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:54:04/03/2016