بە 6 جۆر سەوزە و میوەیه‌ تایبەتمەندی بە پێستت بدە

بە 6 جۆر سەوزە و میوەیه‌ تایبەتمەندی بە پێستت بدە

خێزان

سیستمێكی خۆراكی دروست، جیا لەوەی هۆكارە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی جەستە، لە هەمان كاتیشدا تایبەتمەندی بە لەش و لاری مرۆڤ دەبەخشێت لە ڕووی خۆ بە دوور گرتن لە كێشی زیادەی لەش و ئەو نوكتە و پەڵە چەوریانەی لە سەر پێست بە دیار دەكەون.
 ئێوە دەتوانن، بە 6 جۆر سەوزە و میوە، تایبەتمەندی بە خۆتان بدەن و ببنە خاوەنی پێستێكی ناوازە، لەم ڕێگەیەوە هەم دەتوانن خۆتان لە زیانی ماددەكانی جوانكاری بە دوور بگرن، هەم تێچوویەكی باشی دارایشتان بۆ بگەڕێتەوە.

بابایا: ئێستا بە هۆی كرانەوەی وڵاتان بە ڕووی یەكتردا، زۆرن ئەو میوە و سەوزە جیاوازانەی كە دەست هەمووان دەكەون، میوەی بابایا میوەیەكی ناوچە ئیستیواییەكانە، دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (ج)  و كاروتین، كە ئەم دوو پێكهاتەیە، باشترین هۆكاری دژ وەستانەوەن بەرامبەر نیشانەكانی پیری لە ڕووخساردا، هەروەها بە هۆی هەبوونی ئەنزیمی "بابین" تیایدا بەشە وشك و مردووەكانی پێست لە ناو دەبات، دەتوانیت هەم بە خواردن، هەم بە دانانی لەسەر ڕووخسارت بۆ جوانی پێستت سوودی لێ‌ وەر بگریت.

ئەناناس:  ئەم میوە نایابە، پێست لە كاریگەرییەكانی تیشكی خۆر دەپارێزێت، بە هۆی بوونی "برومیلین" تیایدا بۆتە بەرگریكارێكی باش دژ بە هەوكردن، بە گوشراوەیی، یان بە دانان لە سەر پێست و مەساج پێكردنی دەتوانی لێی سوودمەند بیت.

پرتەقاڵ: ئێمە تا ئێستا وامان زانیوە كە پرتەقاڵ، تەنیا وەك سەرچاوەی ڤیتامین  (سی) ناوی دەركردووە، بەڵێ‌ ئەمە وایە، بەڵام لە پرتەقاڵدا ڤیتامین (ج) بوونی هەیە كە بەرگریكارێكی باشە دژ بە خانە شێرپەنجەییەكان، هەر لەو میوەیەدا كەڵك وەردەگیرێت لە توێكڵەكەی بە دەرهێنانی ماددەی "بیرالیل" بۆ گەشانەوە و ڕوونەق دان بە پێست.

خەیار: هاوشێوەی ئەناناس، خەیاریش دژە هەوكردنە، بە هۆی بوونی بڕی پێویست لە ئاو تیایدا ڕەونەق و نەرمی و جوانی بە پێست دەدات، بە خواردن یان دانانی لە سەر پێست لێی سوود مەند بە، هاوكات لە خەیاردا، "لیسسلیكا" هەیە، كە ژیان دەداتەوە بە پێست.

ئەڤۆگادۆ:  ئەم میوەیە، دژ بە پیرییە، چارەسەرێكی باشە بۆ ئەوانەی تیشكی خۆر پێستی سوتاندوون،  پێست دەگەشێنێتەوە، لە وشكی و چەوری بەدووری دەگرێت، بە هۆی ڤیتامینەكانی (ج، ه) تیایدا باڵانسی پێست لە نێوان نە زۆر وشك و نەزۆر چەوردا ڕادەگرێت، بەمەش دەبیتە خاوەنی جوانترین پێست.
لە ئەڤۆگادۆدا "ستیرۆلین"، هەیە كە زیندوویی لە ڕادەبەدەر  بە پێست دەبەخشێت و وا دەكات چوونە تەمەنت پێوە دیار نەبێت.

میوەكانی سەبار: ئەو درختە كورتەباڵا دڕكاویانەی لە زۆرینەی ماڵەكاندا بوونی هەیە، بەرێكی هەیە پێی دەڵێن هەنجیری دڕكاوی، میوەكانی ئەم درەختە، ئەوەندە بە سوودن، كە ئێستا بوونەتە باشترین سەرچاوەی ئەو پێكهاتانەی لە بابەتە جوانكاریەكاندا بە كاردێن، هەنجیری دڕكاوی  پێست بە گەنجی دەهێڵێتەوە و پیری دوا دەخات، هاوكات پێست لە كڕێش و هەڵدانی پێستە مردووكان بە دوور دەگرێت.
سەرچاوە: dailymedicalinfo

ئه‌م بابه‌ته 2134 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:59:01/03/2016