بۆ پیاوان، چۆن كۆئه‌ندامی زاوزێت له‌ "مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كه‌" ده‌پارێزیت

بۆ پیاوان، چۆن كۆئه‌ندامی زاوزێت له‌ "مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كه‌" ده‌پارێزیت

خێزان - ئادار جەزا

پرۆستات ڕژێنێكی تایبەتە بە كۆئەندامی نێرینەی پیاوان كە زۆرێك لەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو 40 بۆ 50 ساڵیدایە، توشی چەند نەخۆشییەك لەم ڕژێنەدا دەبن، كە باوترینیان هەوكردنی پڕۆستات و شێرپەنجەی پڕۆستاتە و مه‌ترسیدارترین نه‌خۆشیشه‌ كه‌ توشی كۆئه‌ندامی زاوزێی پیاوان ده‌بێت.، لەم ڕاپۆرتەدا تەواوی هۆكار و نیشانەكان و چۆنیەتی خۆپارستن لەم نەخۆشییە ڕوونكراوەتەوە، بەسود وەرگرتن لە چەند سەرچاەوەیەكی پزیشكی.

پڕۆستات چییە  ؟

پرۆستات ڕژێنێكی تایبەتە بە كۆئەندامی نێرینەی پیاوان، كە دەكەوێتە ژێر میزڵدانی ڕەگەزی نێر، هاوكات ڕژێنی پڕۆستات شلەیەك دروست دەكات كە خۆراك دەدات بە تۆو و هەروەها یارمەتی گواستنەوەشی دەدات.

مەلا ئەحمەدی قامیشی، ئەندامی لیژنەی زانستی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم، بە(به‌شی خێزان له‌ ماڵپه‌ری خه‌ڵك)ی ڕاگەیاند، لەئایینی پیرۆزی ئیسلامدا باس لەوەكراوە كە دەبێت پیاو لەدوای سەرجێیی، تەنانەت ئەگەر دڵۆپە میزێكیش بێت بیكات، واتە واباشە لەنێوان هەر سەرجێییەكدا میز بكرێت.

زیاتر ڕونیكردەوە، ئەمەش بۆئەوەی مەنی لەچۆكی پیاوەكەدا نەمێنێتەوە، خەستبونەوەی مەنییەكە دروستنەبێت، ئەو میكرۆبانە لەناوبچن كە لەئەنجامی سەرجێییەكەوە بەریكەوتووە.

ئاماژەی بەوەشدا، زۆركەس لەدوای سەرجێیی بەهۆی لەش گرانبونیەوە ناچێت میز بكات ئەمەش كاریگەری سلبی دەبێت، بەشێوەیەك دەبێتە هۆكارێك بۆ نەخۆشی پڕۆستات و بڵاوبونەوە ڤایرۆس و نەخۆشی.

باسی لەوەشكرد، واجبە لەدوا سەرجێیی، كە لەش گران دەبێت ئەو كەسە غوسڵ دەربكات، ئەمەش بێ حیكمەت نییە و كەسەكە هەست بەلەش سوكی‌و خۆشییەك دەكات.

هەوكردنی پڕۆستات  چییە؟
جۆرێكی نەخۆشی پڕۆستاتە كە نیشانەكانی لەشێرپەنجەی پڕۆستات نزیكە و نیشانەكانیشی دەوستێتە سەر جۆری هەوكردنەكە، هاوكات ئەم نەخۆشییە زیاتر لەكەسانی گەنج لەخوار تەمەنی 40 ساڵی ڕوودەدات.

نیشانەكانی هەوكردنی پڕۆستات
سێ جۆری هەوكردنی پڕۆستات هەیە، كە نیشانەكانی بەم جۆرەیە:

هەوكردنی لەناكاوی بەكتریایی "ماوە كورت"؛ تا و لەرز، ئازر لە خواروی پشت یاخود حەوز، كێشەی میزكردن، دەرپەڕینی تۆو بە ئازار لە كاتی جووت بوون.

هەوكردنی دێژخایەنی بەكتریایی؛ نشانەكانی ئەم جۆرە لەسەرخۆ دەست پێدەكات و بەزۆری زۆر توند نیە، بەڵام لەگەڵ بەسەرچوونی كات نیشانەكان خراپتر دەبن.
نیشانەكان بریتین لەزۆر میز كردن و بەپەلە میزكردن، ئازار لەكاتی میز كردن، ئازار لە ناوچەی حەوز، زۆر میز كردن لە كاتی شەودا، ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت یاخود لە ناوچەی ئەندامی زاوزێ، میزكردن بە گرانی، هەندێك جار خوێن لەگەڵ میز یاخود تۆو دەردەچێت لە كاتی جووتبوون، دەرچوونی تۆو بە ئازار لەكاتی جووت بوون، تایەكی كەم، زۆر هەوكردنی میزڵدان.

هەوكردنی درێژخایەنی نابەكتریایی؛ بەنزیكەیی وەك جۆری درێژخایەنی بەكتریایییە، بەڵام تای لەگەڵ نیە.

هۆكارەكانی تووشبوون
بەگشتی  هۆكارەی هەوكردنی پڕۆستات بریتیە لە تووشبوون بە بەكتریا، هەوكردنی میزڵدان، دانانی سۆندەی میز، بەتاڵ نەكردنی میزڵدان لە میز بەشێوەی تەواو و پێویست، ئەو كەسانەی تووشی ئایدز بوون زیاتر لەمەترسی تووشبوونیان هەیە.

خۆپاراستن لەهەوكردنی پڕۆستات
زۆر ئاو بخۆرەوە، كحول مەخۆرەوە یاخود كەم بكرەوە، خۆراكی تیژ مەخۆ، میز لە ماوەی ڕێك و پێك بكە، چالاكی جنسیت ڕێك و پێك بێت.

كام هەوكردنە دەبێتە شێرپەنجە
هەوكردنی پڕستات دەبێتە هۆی زیاد كردنی ئاستی ماددەی پی ئێس ئەی، پی ئێس ئەی بریتیە لە ماددەیەك كە لە ڕژێنی پڕستات دەردەچێت، بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم ماددەیە لە خوێن  لەوانەیە هەندێك جار (بەڵام هەموو جارێك نا) نیشانەی شێرەپەنجەی پڕۆستات بێت. بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر تۆ ئاستی ماددەی پی ئێس ئەیت بەرزبوو و هەوكردنی پڕۆستاتیشت هەبوو، ئەوا پێویستە خۆت بپشكنیتەوە دوای ئەوەی كۆڕسی دەرمانت بەتەواوی وەرگرت.

ئەگەر چارەسەر نەكرێت
لەوانەیە ببێتە نەزۆكی، هەروەها ئەگەر چارە نەكرێت ئەوا دەبێت هۆی ڕێگرتن لە میز كردن، كە ئەمیش دەرئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە.

هەوكردنی ئاسایی           
لە زۆرینەی پیاواندا و لەپاش 50 ساڵی هەڵئاوسانێكی كەم لە پڕۆستاتدا روودەدات، نیشانەكانی بریتیە لە زۆر میزكردن بەتایبەت لە شەوان و لاوازی لە فڕێدانەدەرەوەی میز، ئەمانە حاڵەتی باون و زیانی ئەوتۆیان نیە بۆ مرۆڤ، چونكە لە حاڵەتی هەڵئاوسانی ئاساییدا ژمارەی خانەكان زیاد ناكات، بەڵكو تەنها قەبارەیان گەورەدەبێت وە بە بەشەكانی تری لەشدا بڵاونابێتەوە.

شێرپەنجەی پرۆستات چییە؟
بەهۆی دابەشبوونی ناڕێكوپێكەوە، گرێیەك لە رژێنی پرۆستاتدا دروستدەبێت. ئەم جۆرە شێرپەنجەیە بەزۆری لەو پیاوانەدا روودەدات كە تەمەنیان لە 50 ساڵ زیاترە، لەسەدا %95ی توشبووان بەم جۆرە شێرپەنجەیە چاك دەبنەوە بەتایبەت ئەگەر بە زوویی نەخۆشیەكە دەستنیشان بكرێت.

نیشانەكانی شێرپەنجەی پرۆستات
بەدەر لە شێرپەنجە، هەر گرفتێكی تر لە پرۆستاتدا هەبێت ( هەڵئاوسان هەبێت) ئەوا هەمان نیشانەكانی شێرپەنجە دروستدەكات، بۆیە ئەم  نیشانانەی لای خوارەوە تەنها هاندەرە بۆ سەردانیكردنی پزیشك وە نابێت نەخۆش سەربەخۆ  بڕیاربدات كە دوچاری شێرپەنجە بووە:

گرفت لە تێپەڕبوونی میز، هێواش دەرچوونی میز و چەندجارە بوونەوەی پێویستی بە میزكردن بەتایبەت لە شەواندا، بوونی خوێن لە میزدا، كەمبوونەوەی توانای سێكسی، ئازار لەلای خوارەوەی پشت یان ناوچەی حەوز و بەشی سەرەوەی ران، لاوازی و سڕبوونی قاچ، تەنانەت هەندێك جار بەهۆی فشارخستنە سەر دڕكەپەتكەوە نەخۆشەكە توانای خۆراگرتنی نامێنێت.

هۆكارەكانی توشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات
لەدوای  50  ساڵی ئەگەری توشبوون زیاد دەكات و لەسەرو 65  ساڵیشەوە ئەگەرەكە زیاتردەبێت بەجۆرێك لەهەر 10 حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستان، 6  حاڵەتیان تەمەنیان لەسەرو 65ساڵەوەیە.
بۆماوەیی، بوونی مێژووی نەخۆشیەكە لە بنەماڵە وخێزاندا، ئەگەری توشبوونی نەوەكانیان زیاتردەكات.
خواردن، ئەو پیاوانەی گۆشتی سور و چەوری زۆر دەخۆن كەمێك ئەگەری توشبوونیان زیاترە

خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پڕۆستات
خۆراكی تەندروست،  بە بەردەوامی و رۆژانە بڕێكی باش لە سەوزە و میوە بخورێت و دووربكەویتەوە لەو خۆراكی زۆر چەور، جوڵەی بەردەوام، وەزرش و چالاكی جەستەیی لە نموونەی بەپێ رۆیشتن، خۆ بەدوورگرتن لە قەڵەویی و كێشی زیادە.


ئه‌م بابه‌ته 11674 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:07:02/02/2016