هونه‌ر مزوری: پارتی نه‌ماوم، به‌ڵام بارزانیم

هونه‌ر مزوری: پارتی نه‌ماوم، به‌ڵام بارزانیم

خێزان – زێدان سوبحی

بێژه‌ر و ڕاگه‌یاندكار هونه‌ر مزوری پاش ئه‌وه‌ی وازی له‌ كاركردن هێنا له‌ كه‌ناڵی كوردستانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستا بۆ كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ری كارده‌كات و له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی خێزانی ماڵپه‌ری خه‌ڵك ئاماژه‌ به‌ هۆكاری وازهێنانی ده‌كات و ده‌شڵێت كه‌ له‌ میدیای كوردی بێزاره‌.

خێزان:  بۆچی وازت لە كوردستان تیڤی هێنا، هوكارە راستەقینەكەی چییە؟
هونەر: چونكە بەرِێوبەری كوردستان تیڤی زۆر دژایەتیم دەكرد و هەر لە سەرەتایی دەست بەكار بونم لەو كەناڵە زۆر دژایه‌تی منی دەكرد  بۆیە ناچار بووم واز لەو دەزگایە بێنم.

خێزان: بۆچی یەكسەر چویتە كەناڵێكی عەرەبی نەك كەناڵێكی تری كوردی؟
هونەر: هەوڵم دا بۆ چەند كەناڵێكی كوردی ئەهلی  لە هەوڵێر كاربكه‌م  بەڵام دەرگایان بۆ نەكردومەوە، چەند كەناڵیكی حزبی داوایان لەمن كرد لەگەڵیان كاربكەم  بەڵام نامەوێت لە میدیایی حزبی دا كاربكەم.

خێزان: بۆچی كەناڵی جەزیرەت هەلبژارد؟ بەپێی قسەی خەڵك سیاسەتی ئەو كەناڵە دژی گەلی كوردە ؟
هونەر: من لە كەناڵی جەزیرە سیاسیەتی خۆم  پەیرەو دەكەم  من تەنیا هەواڵ داده‌ڕێژمه‌وه‌، تا ئێستا چەندین هەواڵمان لە بەرژەوەندی پێشمەرگەدا دروست كردوە، هەمو میحەوەرەكان شاهیدن، ئێمەین داتاكان دەدەینە دەوحە  و لە كەناڵی جەزیرە چەندین جار لەسەر دەوڵەتی كوردی  و پێشمەرگە و پەكەكە هەواڵ و راپورتمان دروست كردوە، ئیدی نازانم كێ دەڵێت جەزیرە دژی گەلی كوردە.؟

خێزان : ئەی بەرێوبەری كەناڵی جەزیرە چۆنە؟
هونەر: بەرێوبەری كەناڵی جەزیرە وتویەتی  هەر كاتێك دەوڵەتی كوردی راگەیاندرا ئێمە وەك یەكەمین كەناڵ دانی پێدا ده‌نێین و ئاڵایی كوردستان لە پشت شاشەی بێژەرەكانمان دادەنێن، بەڵام جەزیرە كەناڵێكی پرۆفیشناڵە باسی ئەوە دەكات كە هەیە و كەی سەربەخۆی كوردستان راگەیاندرا ئەوكاتە ئەوانیش باسی دەكەن.

خێزان: بە تەنیا كوردستان تیڤی بەجێتهێشت , یان وازت لە پارتی دیموكراتی كوردستانیشت هێنا ؟
هونەر: من پلەدار بووم  لە نێو پارتی دا  و ئەندامی مەكتەبی رێكخراوە جەماوەریەكانم بووم، به‌ڵام  وازم لە ئەویش هێنا , ئێستا من نە پارتیم نە هیچ حزبێكی تر و رقیشم لە حزبەكانە  بەڵام ئەوه‌یش ناشارمەوە كە من تاكێكی عەشیرەتی بارزانم و شانازی بە عەشیرەت و باب و باپیرەكانم دەبەم 

خێزان: لەماوەی كاركردنتدا كامیان پێ باشتر بۆ كەناڵە كوردیەكان یان جه‌زیرەی عەرەبی ؟
هونەر: هەمومان لە میدیایی كوردی بێزارین، چونكه‌ شەڕێكی درۆنی تیایدا دەكرێت لەگەڵ بینەر، ساڵێكی كاركردنم لە جەزیرە ئەزمونی 10 ساڵی كاركردنم بوو لە میدیا كوردیەكان چونكە تا لە كەناڵێكی پرۆفیشنال كار نەكەی نازانی چەند بە رێكخراوی كارەكە ئەنجام دەدرێت.


ئه‌م بابه‌ته 5949 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:16:27/12/2015