ئیحسان مه‌لا عه‌لی به‌ ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر كچێكی 18 ساڵ تاوه‌نبار ده‌كرێت

ئیحسان مه‌لا عه‌لی به‌ ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر كچێكی 18 ساڵ تاوه‌نبار ده‌كرێت

خێزان

سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌واڵی سه‌ره‌كی زۆرینه‌ی ماڵپه‌ره‌ به‌ریتانیه‌كان به‌ وێنه‌كانی ئیحسان مه‌لا عه‌لی كوڕی رابه‌ری كۆچكردووی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی پڕكرابونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی ناوبراو به‌ ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر كچێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵ له‌ شاری له‌نده‌ن تاوه‌نبار كرابوو.

به‌پێی هه‌واڵه‌كان كه‌ له‌ ماڵپه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی dailymail  و  mirror  و independent و  metro و ده‌یان وێبسایتی دیكه‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌و  ناو و وێنه‌ی ئیحسان عه‌بدولعه‌زیز (46 ساڵ) ی له‌سه‌ر داندراوه‌ و وه‌ك ملیۆنه‌رێكی سعودیش ناسێندراوه‌، ناوبراو پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كچه‌ هاوڕێیه‌كی ته‌مه‌ن 24 ساڵیدا بووه‌  له‌ یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ی گرانبه‌ها به‌ناوی Cirque le Soir، كچێكی دیكه‌ی ته‌مه‌ن 18 ساڵ كه‌ هاورێی كچه‌ هاوڕێكه‌ی بووه‌ هاتۆته‌ سه‌ر مێزه‌كه‌یان و دواتر هه‌رسێكیان ڕۆشتونه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌و له‌وێش مه‌شروبی ڤۆدگایان خواردۆته‌وه‌.

به‌ڵام دواتر به‌ گوته‌ی كچه‌ ته‌مه‌ن 18 ساڵه‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ی شه‌و خه‌وتون، له‌ كاتژمێر 4:30 به‌ره‌به‌یان خه‌به‌ری بۆته‌وه‌و بینیویه‌تی كه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته‌ سه‌ر، هه‌ر بۆیه‌ خۆی ده‌ربازكردووه‌و په‌یوه‌ندی به‌ پۆلیسه‌وه‌ كردووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ ئیحسان عه‌بدولعه‌زیز ده‌ستگیركراوه‌.

به‌ڵام دواتر له‌ دادگاییه‌كی نهێنیدا له‌ دادگای Southwark Crown له‌ شاری له‌نده‌ن كه‌ ته‌نها 40 خوله‌كی خایه‌ندووه‌ ئیحسان عه‌بدولعه‌زیز به‌بێ تاوان ده‌رچووه‌.

بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌گه‌ڵ وێنه‌كانی ئیحسان مه‌لا عه‌لی له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ناوبراو به‌ هه‌موو جۆرێك ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕاستبێت و ڕاشی ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ داوای یاسایی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و میدیایانه‌ له‌ به‌ڕیتانیا تۆمار ده‌كات، ئیحسان مه‌لا عه‌لی به‌ به‌شی خێزان له‌ ماڵپه‌ری خه‌ڵكی گوت"ئه‌م هه‌واڵه‌ سه‌رله‌به‌ری درۆیه‌و سناریۆیه‌كی دروستكراو بووه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌وانیش و پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌به‌مه‌ دادگا و ئه‌و كاته‌ ڕونكردنه‌وه‌ی زیاترم ده‌بێت"

ئیحسان مه‌لا عه‌لی له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كه‌وه‌ وتیشی"من نه‌ ملیۆنه‌ری سعودیم و نه‌ له‌ ژیانمدا كاری خانوبه‌ره‌م كردووه‌ وه‌ك له‌ هه‌اوڵه‌كه‌دا هاتووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی دروستكراون هه‌مووی سناریۆ بووه‌و دادگای به‌ڕیتانیاش باوه‌ڕی به‌ هیچیان نه‌كردووه‌، من ته‌نانه‌ت شوقه‌ی تایبه‌تی خۆشم نیه‌ له‌ به‌ڕیتانیا، هه‌ر كه‌س وا ده‌زانیت شتیكم هه‌یه‌ با بێت و من ده‌یكه‌م به‌ناویه‌وه‌"

ئه‌م بابه‌ته 10280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:29:16/12/2015