مه‌لا لوقمان : كه‌ چوونه‌ لایی هاوسه‌ره‌كانتان زوو خۆتان تێر مه‌كه‌ن

مه‌لا لوقمان : كه‌ چوونه‌ لایی هاوسه‌ره‌كانتان زوو خۆتان تێر مه‌كه‌ن

خێزان

مامۆستا مه‌لا لوقمان ئیسماعیل ئه‌مین، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگه‌وتی موفتی له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی زه‌رگه‌ته‌ له‌ شاری سلێمانی،  له‌م دیداره‌دا باس له‌ زۆر پرسی تایبه‌ت به‌ هاوسه‌ره‌كان ده‌كات داواش له‌ پیاوان ده‌كات كه‌ "چوونه‌ لایی هاوسه‌ره‌كانتان زوو خۆتان تێر مه‌كه‌ن"

مامۆستا لوقمان له‌ ناوه‌رۆكی ئه‌م گفتوگۆیه‌دا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌" له‌زانستی فیقهی ئیسلامیدا هاتووه‌ كه‌ له‌ جه‌سته‌یی مرۆڤدا سێ جۆر ئاوی (مه‌نی، مه‌زی، وه‌دی) هه‌یه‌، هه‌رسێ ئاوه‌كه‌ له‌ ئافره‌تاندا هه‌یه‌،كه‌ له‌ حاڵه‌تی ئاوی مه‌نیدا غوسڵ واجب ده‌بێت."

- ده‌مه‌وێت له‌ قسه‌یه‌كی رۆژانه‌ی نێو خانه‌واه‌كانی كورده‌وارییه‌وه‌ ده‌ست به‌م دیداره‌ بكه‌م كه‌ ده‌وترێت شه‌رع شه‌رمی نییه‌،ئایا له‌ ڕوانگه‌ی ئاینی ئیسلامه‌وه‌ وایه‌ شه‌رع شه‌رمی نییه‌؟

مه‌لا لوقمان: شه‌رم به‌ دوو واتا لێكده‌درێته‌وه‌،ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌رمه‌ بێت كه‌ بریتییه‌ له‌ حه‌یاو سنوره‌ شه‌رعییه‌كان،ئه‌وه‌ مه‌بده‌ئه‌و ئه‌سڵی ئیسلامه‌،پێخه‌مبه‌رمان سه‌لامی خوایی له‌سه‌ربێت،له‌و بواره‌دا مامۆستا بووه‌و به‌رزترن ئه‌خلاقی هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ كورده‌واریدا كه‌ ووتراوه‌ شه‌رع شه‌رمی نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌لك به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و شه‌رعی له‌ ڕووانگه‌ی بابه‌ته‌ سێكسییه‌كانه‌وه‌ فێر بكرێت، ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر جار كه‌ له‌سه‌ر زاری مامۆستایانی ئاینی ووتراوه‌، بۆ‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگایی نهێنییه‌كانی ناخی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ پرسیاری له‌لا دروست ده‌بێت،به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی توشی لادانی دونیایی و گوناهباربوونی قیامه‌تیش نه‌بێت.

- له‌ فیقهی ئیسلامیدا سێ جۆر ئاو له‌ جه‌سته‌یی مرۆڤدا باس كراوه‌،ده‌كرێت ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كم پێ بده‌یت ناویان چییه‌ ؟چۆنن و چ كاتێك ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و ئاوه‌یان لێ دیاری ده‌دات؟ وه‌ به‌ چ جۆره‌ ئاوێك غوسل ده‌كه‌وێته‌ سه‌ریان؟

مه‌لا لوقمان: له‌ جه‌سته‌یی مرۆڤدا سێ جۆر ئاوی (مه‌نی، مه‌زی، وه‌دی) هه‌یه‌، مه‌نی ئه‌و ئاوه‌یه‌ كه‌ مرۆڤی لێ دروست ده‌بێت،نوتفه‌ و خه‌لایه‌یی تێدایه‌،دواجار له‌گه‌ڵ هێلكه‌ی ئافره‌ت یه‌كگرتن ده‌كات و، ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی مناڵ، ئه‌مه‌ش له‌ دوایی ته‌مه‌نی(13)ساڵییه‌وه‌ كه‌ باڵغبوون دروست ده‌بێت ڕوو ده‌دات، ئه‌م ئاوه‌ش له‌ نێرینه‌دا به‌هۆی هۆڕمۆناتی له‌شه‌وه‌ كه‌ غه‌ریزه‌یه‌كه‌ خودایی گه‌وره‌ پێیداوین و ناوی ناوه‌ شه‌هه‌وات،وه‌ك خۆی ده‌فه‌رموێت ( ئێمه‌ غه‌ریزه‌ی شه‌هوه‌تمان له‌ لایی ئێوه‌ پیاوان و ژنان جوان كردووه)‌ ، ئه‌م ئاماده‌بوونی جنسییه‌ له‌ مێینه‌دا له‌ ته‌مه‌نی(10)ساڵییه‌وه‌ دروست ده‌بێت، له‌ نێرینه‌شدا له‌ ته‌مه‌نی(13) ساڵییه‌وه‌ دروست ده‌بێت، سیفاتی ئاوی مه‌نی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگێكی زه‌ردی كاڵی هه‌یه‌، له‌ بۆنی هه‌ویری ترشاو ده‌چێت كاتی وشكبوونه‌وه‌ش شێوه‌ی وه‌ك سپێنه‌ی وشكراوه‌ی هێلكه‌یه‌، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی لایه‌نی جنسی دروست ده‌بێت، جیاوازی له‌گه‌ڵ دوو ئاوه‌كه‌ی تر ئه‌وه‌یه‌ به‌ لێخشاندن و ته‌كان دێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ كاتی خه‌وتن و جوڵانه‌وه‌ یان له‌ كاتی جووتبوونی ژن و پیاو ڕوو ده‌دات، له‌و كاته‌دا كه‌سه‌كه‌ له‌ جه‌سته‌یدا خۆشییه‌ك وه‌رده‌گرێت.

- یه‌عنی ئه‌وانه‌ی خه‌ونی سێكسی ده‌بینن و دڵنیانین به‌وه‌ی سێكسییان كردبێت ده‌توانن به‌و نیشانانه‌ی ئاماژه‌ت بۆ كرد،سه‌یری جله‌كانیان بكه‌ن بۆ دڵنیابوونه‌وه‌و ده‌ركردنی غوسڵ؟

مه‌لا لوقمان: ئه‌گه‌ر كه‌سێك خه‌وتوو پاشان وایزانی توشی حاڵه‌تێكی له‌و جۆره‌ بووه‌،ئه‌گه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌دا خه‌به‌ری بوویه‌وه‌ زانی ئاوی مه‌نی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌به‌ری نه‌بوویه‌وه‌و گومانی هه‌بوو ئه‌و خه‌وه‌ی دیبێت،ده‌بیت سه‌یری شۆردت و جل و به‌رگه‌كانی ژێره‌وه‌ی بكات، ئه‌وكات ئه‌گه‌ر ته‌ڕبوو بۆنی هه‌ویری ترشاوی هه‌بوو،یان ئه‌گه‌ر وشك بوو، هه‌ر وه‌ك وشكبوونه‌وه‌ی سپێنه‌ی هێلكه‌، له‌م دوو حاڵه‌ته‌دا ئه‌وه‌ غوسڵی له‌سه‌ر واجب ده‌بێت.

-  دوو جۆره‌كه‌ی تری ئاوی جه‌سته‌ چیین؟

مه‌لا لوقمان : جۆری دووه‌م ئاوی مه‌زییه‌ كه‌ ئاوێكه‌ به‌شێوه‌ له‌ مه‌نی ده‌چێت،ئه‌مه‌ش له‌ كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی سێكسی دروست ده‌بێت، به‌هۆی بینینی دیمه‌نی حه‌زینی سێكسی یان ووروژینه‌ر، یان له‌كاتی ده‌ستبازی و گه‌مه‌یی سێكسی نێوان ژن و پیاو دروست ده‌بێت، كه‌ ڕه‌نگێكی ئاوی هه‌یه‌و خه‌سته‌ ، خاوه‌نی تووشی له‌زه‌ت ناكات، ئه‌مه‌ وسڵی له‌سه‌ر نییه‌، به‌و به‌ڵگه‌ه‌یه‌یی كه‌ ئیمامی عه‌لی ده‌فه‌رموێت ( من ئاوی مه‌زییم زۆر بوو،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زاوایی پێخه‌مبه‌ری خوابووم حه‌زم نه‌كرد خۆم پرسیاری لێبكه‌م، به‌ میقداد یه‌كێك له‌ هاوه‌ڵه‌كانی پێخه‌مبه‌ری خودام وت ئه‌و پرسیاره‌ی لێ بكه‌،چووه‌ لایی پێخه‌مبه‌رو پرسیاره‌كه‌ی كرد، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا فه‌رمووی،با ئه‌و كه‌سه‌ زه‌كه‌ری، یان داوێنی خۆی بشتوات و نوێژ بكات)، واتا ده‌ست نوێژی پێده‌شكێت و به‌ر پۆشاكیش بكه‌وێت له‌ نوێژ ئه‌چێت، سێهه‌م جۆر كه‌ ئاوی وه‌دیییه‌،به‌هۆی نه‌خۆشی له‌ كۆئه‌ندامی زاوزێ یان به‌ر سه‌رماكه‌وتن و هه‌ڵگرتنی قورساییه‌كی زۆر دروست ده‌بێت،كه‌ جۆره‌ ئاوێكی سپیی لێڵه‌ وه‌ك چڵمێكی شلی مرۆڤ كه‌ له‌ زه‌كه‌ردا دێته‌ ده‌ره‌وه‌، زۆرجار كه‌سی تووشبوو هه‌ستی پێناكات، یان له‌ دوایی میزكردن هه‌ستی پێده‌كات،ئه‌مه‌ش وسڵ واجب ناكات، به‌ڵام ده‌ست نوێژ ئه‌شكێنێ و جل و به‌رگ له‌ نوێژ ده‌بات.

-  ئه‌و سێ جۆر ئاوه‌ی باست كرد له‌ ئافره‌تاندا به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌یه‌؟

مه‌لا لوقمان: به‌ڵێ هه‌رسێ ئاوه‌كه‌ له‌ ئافره‌تاندا هه‌یه‌، به‌ڵام مه‌نی به‌شێوه‌یی هێلكۆكه‌یه‌ له‌ناو ڕه‌حمدا،ئه‌مه‌ش به‌و سێ حاڵه‌ته‌ په‌یدا ده‌بێت.

-  مێژووی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌و ناولێنانی ئه‌و سێ ئاوه‌ له‌لایه‌ن چ زانایه‌كی ئیسلامییه‌وه‌ كراوه‌و كه‌ی بووه‌؟

مه‌لا لوقمان: ئه‌مانه‌ دیارده‌یه‌كی ئینسانین و هه‌رسێكیان به‌ درێژی له‌ فیقهی ئیسلامیدا باس كراون، چۆن نازانم مێژووی ناو لێنانی ئاوی خواردنه‌وه‌ كه‌ی بووه‌و كێ ناوی ناوه‌ ئاو، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می پێخه‌مبه‌ر ئه‌م ته‌صنیفه‌و ئه‌حكامه‌كانی بۆ كراوه‌و سێ جۆره‌كه‌ی ئاو جیاكراونه‌ته‌وه‌.

-  ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ر ئادابی جیماعكردن له‌ نێوان ژن و پیاوی مسوڵمان قسه‌ بكه‌ین، له‌ ئیسلامدا ده‌بێت چۆن ئه‌م غه‌ریزه‌یه‌ی نێوان ژن و پیاو خاڵی بكرێته‌وه‌؟

مه‌لا لوقمان : خوا جگه‌ له‌ مه‌لائیكه‌و فریشته‌كان ، بۆ مانه‌وه‌ی زینده‌وه‌ران ئه‌م غه‌ریزه‌ سێكسییه‌ی دروست كردووه‌،ئه‌م غه‌ریزه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامی ژیان پێویسته‌ هه‌ر وه‌ك چۆن ئه‌گه‌ر كه‌سێك خواردن نه‌خوات ده‌مرێت،خاڵی كردنه‌وه‌ی غه‌ریزه‌ش نه‌بێت ژیان له‌ناوده‌چێت،خوا ئه‌م كرداره‌ سێكسییه‌ی له‌نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ جیاكردۆته‌وه‌و په‌رده‌ی شه‌رم و حه‌یایی به‌ به‌ر مرۆڤدا كردووه‌،بۆیه‌ مرۆڤ به‌رێزترین زینده‌ره‌وه‌و پێویسته‌ ئادابه‌ ئینسانییه‌كان نه‌شكێنێ،بۆ ئادابی جیماعكردن له‌ شه‌ریعه‌ت و فیقهی ئیسلامیدا هاتووه‌،كه‌ ده‌بێت به‌ موقه‌دیمه‌یه‌ك ده‌ست پێبكات،به‌ قسه‌یی خۆش و ماچكردن و ده‌ستبازی و یاریكردنی جنسی، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ییه‌كی باشی جنسی بۆ هه‌ردوولا دروست ببێت،تا كرداری جووتبوون ئه‌نجام بده‌ن،دواجار ئامانجی هه‌ردوولا بپێكێت، ئه‌مه‌ش بۆ دروستكردنی مرۆڤایه‌تی و حاڵه‌تی رۆمانسی و رۆحی و پشوودانی ده‌رونییه‌.
پێخه‌مبه‌ری خوا بۆ پیاوان ده‌فه‌رموێت وه‌كو ئاژه‌ڵ هه‌ڵمه‌كوتنه‌ سه‌ر هاوسه‌ره‌كانتان،واتا كه‌ چوونه‌ لایی هاوسه‌ره‌كانتان زوو خۆتان تێر مه‌كه‌ن،زانستی پزیشكی ئه‌وه‌ی پشت ڕاستكردۆته‌وه‌ كه‌ ئافره‌ت دره‌نگتر له‌ پیاو ئاره‌زووی جنسی بۆ دروست ده‌بێت و تێر ده‌بێت،پاش كرداری جوتبوون سونه‌ته‌ ژن و پیاوی مسوڵمان،میزبكه‌ن وخۆیان پاك بكه‌نه‌وه‌ یان به‌ته‌واوه‌تی جه‌سته‌ی خۆیان بشۆرن،ئه‌مه‌ش زانستی پزیشكی به‌ گرنگی داناوه‌ بۆ ته‌ندروستییه‌كی باشی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌پێناو دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی زاوزێ.

- وه‌كو تۆ له‌ بواری فیقهی ئیسلامدا خوێندبێته‌وه‌ سونه‌تی جیماعكردنی پێخه‌مبه‌ری خوا چۆن بووه‌؟

مه‌لا لوقمان:پێخه‌مبه‌ری خوا(ص)له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی زۆر به‌ حه‌یاو به‌ حورمه‌ت بووه‌،خێزانه‌كانی ده‌فه‌رموون ئێمه‌ جیهازی ته‌ناسولی پێخه‌مبه‌ری خوامان نه‌بینییووه‌،عائیشه‌ ده‌فه‌رموێت(كاتێك پێخه‌مبه‌ری خوا(ص)ده‌هاته‌ لامان خۆی كووڕ ده‌كرده‌وه‌و پشته‌ماڵێك یان به‌تانی ده‌دا به‌ سه‌ر خۆیی و خێزانه‌كه‌یدا،بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی زاوزێیان ده‌رنه‌كه‌وێت).

-  له‌ ئیسلامدا مژینی كۆئه‌ندامی زاوزێ مه‌مك و ناو ده‌م دروست و ڕێگه‌ پێدراوه‌ مسوڵمانان بیكه‌ن؟

مه‌لا لوقمان: خوایی گه‌وره‌ بۆ هه‌موو زینده‌وه‌ران كۆمه‌ڵێك ئادابی فیتری داناوه‌ بۆ هه‌یجانی جنسی،بۆ نمونه‌ له‌ ئاژه‌ڵه‌كاندا كرداری مژینی داناوه‌ بۆ هه‌یه‌جانی سێكسی،له‌ باڵنده‌كاندا جوانی و خوێندنی جرییوه‌ی بۆ بزواندنی جنسی داناوه‌،هه‌ر چه‌نده‌ له‌ ڕووی شه‌رعییه‌وه‌ هیچ ده‌قێكمان له‌به‌رده‌ست نییه‌ كه‌ مژینی كۆئه‌ندامی زاووزێ فرمانی پێكرابێت، یان قه‌ده‌غه‌كراو حه‌رام بێت،به‌ڵام له‌ ڕووی ئادابی ئینسانییه‌وه‌ مژینی زه‌كه‌رشتێكی جوان نییه‌، چونكه‌ خوایی گه‌وره‌ ئه‌و كرداره‌ی دانه‌ناوه‌ بۆ ووروژاندنی سێكسی مرۆڤ،به‌ڵكو ماچكردن، مژینی ناوده‌م، مژینی گۆنایی مه‌مكی داناوه‌ كه‌ دروست و ڕێگه‌ پێدراون،هه‌ر له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌مێك كه‌ ووشه‌ی جوانی به‌سه‌راهاتووه‌و یادی خوایی گه‌وره‌یی پێكراوه‌، ئایا مژینی شوێنی پاشه‌ڕۆیی مرۆڤی پێبكرێت كارێكی جوان و ته‌ندروسته‌ ؟ له‌كاتێكدا هه‌زاران توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی میكرۆبه‌كان، زوو بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی بۆ هۆكاری به‌ریه‌ككه‌وتن ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌،داوێنی مرۆڤیش زۆرجار نه‌خۆشی تێدایه‌،به‌تایبه‌تی پیاوان كه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌كانی كۆ ئه‌ندامی زاووزێ ده‌بن،ئافره‌تانیش مانگانه‌ تووشی گۆڕینی سوڕی خوێن ده‌بن.

-  ئه‌گه‌ر پیاو له‌ كاتێكدا مه‌مكی هاوسه‌ری مژیی و شیر كه‌وته‌ ناو ده‌مییه‌وه‌ به‌م كرداره‌ گوناهبار ده‌بێت؟

مه‌لا لوقمان : پیاو به‌ خواردنه‌وه‌ی شیری مه‌مكی هاوسه‌ری گوناهبارنابێت،ئه‌گه‌ر به‌ عه‌مدیش مه‌لا لوقمان: ئه‌و كاره‌ بكات، چونكه‌ ئه‌وكه‌سه‌یی شیره‌ی ژنێك ده‌خوات و ده‌بێته‌ دایكی ده‌بێت ته‌مه‌نی له‌ دوو ساڵ كه‌متر نه‌بێت.

-  بێگومان خوایی گه‌وره‌ هیچ شتێكی به‌بێ حیكمه‌ت دروست نه‌كردووه‌، له‌ سۆنگه‌ی ئاینی ئیسلامه‌وه‌ سوڕی مانگانه‌ی ئافره‌تان بۆچی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌؟

مه‌لا لوقمان: قورئان ده‌فه‌رموێت (پرسیارتان لێده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌ حه‌یزی ئافره‌تان،كه‌ ئه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌)وه‌ك زانستی نوێ ئه‌وه‌ی سه‌ڵماندووه‌، كۆمه‌َڵێك هێلكه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی مانگێكدا به‌رده‌وام دروست ده‌بن و ده‌چنه‌ شوێنی مناڵبوون،ئه‌گه‌ر هێلكه‌ی پیاو ئاماده‌یی نه‌بوو بۆ یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ هێلكه‌ی ئافره‌ت له‌پاش 30 رۆژ ده‌مرن و به‌شێوه‌ی خوێن له‌ له‌شی ئافره‌ت دێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناو ڕه‌حمی پاك ببێته‌وه‌،خوایی گه‌وره‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ نه‌خۆشی ناوی بردووه‌،قورئان خوێندن، نوێژ، ڕۆژووگرتنی له‌سه‌ر هه‌ڵگرتوون، تا كاتی چاكبوونه‌وه‌یان، فرمانی به‌پیاوانیش كردووه‌ كه‌ نابێت له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ هاوسه‌ره‌كانیان نزیك ببنه‌وه‌.

-  ئایا له‌ كاتی سوڕی مانگانه‌دا جیماع له‌ دواوه‌ حه‌رامه‌؟

مه‌لا لوقمان: كاتی حه‌یزو دوایی حه‌یز چوونه‌ لایی ئافره‌ت له‌ دواوه‌ حه‌رامه‌و گوناهێكی گه‌وره‌یه‌،به‌ڵام ته‌ڵاق ناخات.

-  له‌ شه‌رعدا فیدییه‌ی ئه‌و گوناهه‌ چییه‌؟

مه‌لا لوقمان : مه‌رجی حه‌ڵاڵبوونی ژن و پیاوی مسوڵمان له‌یه‌كتری به‌و به‌لێنامه‌یه‌ بووه‌ كه‌ سنوره‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی ئیسلام نه‌به‌ زێنن،له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت ته‌وبه‌ بكه‌ن و په‌شیمان ببنه‌وه‌،ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌هه‌ندێك له‌زانایانیش ده‌فه‌رموون ده‌بێت داری حه‌د لێیان بدرێت،ئه‌وه‌ بۆ كاتێكه‌ ئیسلام حكومڕانی بكات،ژنانی مسوڵمان ده‌بێت له‌و كاته‌دا سكاڵایان له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كانیان هه‌بێت،ئه‌گه‌ر هیچیان ئه‌و گوناهه‌یان ئاشكرا نه‌كرد هه‌ردووكیان وه‌كو یه‌كتری گوناهبار ده‌بن.

-  جیماعكردن له‌و شوێنه‌دا كه‌ قورئانی پیرۆزی لێدانراوه‌ ئایا دروسته‌؟

مه‌لا لوقمان: نا ته‌نها له‌ ڕووی ئادابه‌وه‌ جوان نییه‌،ژن و پیاوی مسوڵمان له‌ ژوورێكدا كه‌ قورئانی تێدایه‌و، خۆیان بۆ یه‌كتری ڕووت ده‌كنه‌وه‌، له‌ ڕووی شه‌رعییه‌وه‌ حه‌رام نییه‌، گوناهباریش نابن، به‌ڵكو خیلافی ئادابه‌، له‌مباره‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ ئیمامی شافعی ده‌چێته‌ ماڵی ئه‌بوحه‌نیفه‌،شافعی سه‌یر ده‌كات له‌و ژووره‌دا قورئانێك هه‌یه‌، شه‌و تا به‌یان نه‌خه‌وت و قاچی ڕانه‌كێشا، به‌یانی پرسیاری لێكرد وتی بۆچی ئه‌مشه‌و نه‌خه‌وتیت ئه‌ویش وتی شه‌رمم له‌و قورئانه‌كرد،ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ پرسی ئه‌ی بۆ نه‌تگواسته‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر شافعی له‌ وه‌ڵامدا فه‌رمووی من له‌ ماڵه‌كه‌ی تۆدا میوانم مۆڵه‌تی ئه‌وه‌م نییه‌ كه‌ ده‌ست بده‌م له‌ شتێك.

-  كه‌ی غوسڵ واجب ده‌بێت،ئایا مه‌رجه‌ بۆ هه‌موو جیماعێك غوسڵ ده‌ركردن هه‌بێت؟

مه‌لا لوقمان : غوسڵ له‌ ڕووی فیقهی ئیسلامییه‌وه‌ چه‌ند شتێك واجبی ده‌كات،له‌ ڕووی جیماع كاتێك واجب ده‌بێت،كه‌ ئاوی مه‌نی بێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ له‌شی مرۆڤ، به‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌یی زه‌كه‌ری پیاو بۆ ناو جسمی ئافره‌ت، ئه‌گه‌ر ئاوی مه‌نیش نه‌بینرێ، له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا خۆشۆردن واجب نییه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ،له‌كاتی لێخشاندن به‌ دامێنی هاوسه‌ریدا ئاوی مه‌نی و چوونه‌ ناوه‌وه‌ نه‌بوبێت،ئه‌گه‌ر ژن و پیاو شه‌و جیماع بكه‌ن و به‌یانیش به‌و له‌ش گرانییه‌وه‌ جیماعێكی تر بكه‌ن ئاساییه‌و گوناهبار نابن، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ دوایی هه‌موو جماعێك میزكردن و شۆردنه‌وه‌ی داوێنیان بكه‌ن، چونكه‌ ئاوی مه‌نی كه‌ ووشك بوویه‌وه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت هه‌ڵگری فایرۆس بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سونه‌ته‌ له‌ دوایی هه‌موو جیماعێك میزكردن و تاره‌ت گرتن هه‌بێت،ئه‌و كات بۆ جاری دووه‌م جیماع بكات.

-  ئه‌گه‌ر ژن و پیاو له‌ كاتی جیماعدا بۆ جوڵاندنی ئاره‌زووه‌كانیان یاخو بیكه‌ن به‌ عادات و سه‌یری فیلمی سیكسی بكه‌ن،ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی زینا كردنه‌وه‌ ؟له‌ كاتێكدا ئه‌وان جه‌سته‌ی نامه‌حره‌م ده‌بینن؟

مه‌لا لوقمان: ئه‌مه‌ نابێته‌ زینا،به‌ڵام له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ كه‌ سه‌یری جه‌سته‌ی كه‌سێكی تری كردووه‌ به‌ ڕووتی، ئه‌وه‌ حه‌رامه‌،چونكه‌ خوایی گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت پیاوان و ئافره‌تانی مسوڵمان چاوتان له‌ نامه‌حره‌م بپارێزن و سه‌یری شوێنی كه‌سێك نه‌كه‌ن كه‌ ناشه‌رعییه‌ بۆتان،به‌ڵام من هه‌ر چه‌نده‌ خۆم نه‌مبینیووه‌،ئه‌وه‌م بیستووه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ زانایانی سه‌رده‌م،وه‌ك شێخی قه‌رزاوی فتوایان داوه‌و ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك تووشی لاوازی سێكسی ببێت، ته‌نها به‌ سه‌یركردنی فیلمی سێكسی ئاره‌زووی سیكسی بۆ دروست ببێت،بۆ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ڕێگه‌ پێدراوه‌ سه‌یری فیلمی سێكسی بكه‌ن،به‌و شێوه‌یه‌ش نا هه‌میشه‌و به‌رده‌وام سه‌یری بكات به‌ڵكو ئه‌وه‌ ته‌نها بۆ چاره‌سه‌ركردنه‌.

-  به‌ بڕوایی تۆ به‌ڵگه‌ بۆ حه‌ڵاڵكردن له‌ سه‌یركردنی فلیمی سێكسیدا بۆچی؟

مه‌لا لوقمان : هۆكاری فتواكه‌ ئه‌وه‌یه‌ پیاو یان ژن ئه‌گه‌ر تووشی ساردی سێكسی بوون وه‌ك چاره‌سه‌رێك سه‌یری فیلمی سێكسی بكه‌ن ئه‌و كات تووشی زینا نابن،ئه‌مه‌ش وه‌ك وتمان ته‌نها له‌ حاڵه‌تی زۆر پێویست و ناچاریدا بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی كه‌م وه‌ك چاره‌سه‌ر بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌،چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن زۆرجار مافی به‌رامبه‌ر نامێنێت،نه‌ك به‌و جۆره‌ی خووی پێوه‌ بگرێت، خوداش له‌ نهێنی دڵی هه‌مووان ئاگاداره‌.

- باشه‌ ئه‌و سه‌یركردنه‌ پێكه‌وه‌بێت یان ته‌نها نه‌خۆشه‌كه‌ سه‌یری بكات؟

مه‌لا لوقمان : فتواكه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌،به‌ چ جۆرێك ئاره‌زوو جوڵانیان بۆ دروست ده‌بێت ده‌توانن به‌م شێوه‌یه‌ سه‌یری بكه‌ن.

-  له‌ڕووی شه‌رعییه‌وه‌ دروسته‌ ژن و پیاو ده‌رمانی ووزه‌ به‌خش یان ده‌رمانی به‌هێزكرنی لایه‌نی سێكسی بخۆن؟

مه‌لا لوقمان : ئه‌گه‌ر كه‌سێك تووشی ساردی سێكسی بوو،كه‌ غریزه‌یه‌كه‌و خودا دروستی كردووه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردن پێویستی به‌ ده‌رزییه‌ك هه‌بوو،هه‌ر وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ پێویسته‌ به‌كاری بهێنێت كه‌ ئازاری مه‌عیده‌ی هه‌یه‌و خۆی چاره‌سه‌ر ده‌كات،به‌ مه‌رجێك ده‌رمانێكی شه‌رعی بێت نه‌ك خواردنه‌وه‌ی شه‌راب و تلیاك و هه‌ندێك موادی حه‌رامكراو، ژن و پیاو تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ببن و خۆیان چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ن زووڵم له‌ هاوسه‌ریان ده‌كه‌ن.

-  زۆرجار ئافره‌تان پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌نێرن كه‌ پاش ته‌واو بوونی سوڕی خوێنی مانگانه‌و خۆشۆردن و ده‌ست به‌كاربوونه‌وه‌ به‌ فه‌ریزه‌تی نوێژكردن،كاری جیماعیان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانیان كردووه‌و دواتر هه‌ستیان كردووه‌،كه‌ خوێن یان زه‌رداوییان هه‌بووه‌،له‌ ڕووی شه‌رعییه‌وه‌ گوناهبار ده‌بن یان حكومی ئه‌وانه‌ چییه‌؟

مه‌لا لوقمان : له‌ ئافره‌تاندا سێ جۆر خوێن هه‌یه‌،خوێنی عاده‌بوون له‌ دوایی ته‌مه‌نی 13 ساڵ دروست ده‌بێت سه‌ره‌تا خوێنێكی سوری خه‌سته‌ پاشان ڕه‌نكی ده‌بێته‌ زه‌ردی كاڵ،ئه‌و خوێنه‌ی له‌ دامێنی ئافره‌ت دێته‌ ده‌ره‌وه‌ كزانه‌وه‌ی هه‌یه‌،كه‌ ماوه‌ی كه‌می شه‌و رۆژێك تا 15 رۆژ ده‌خایه‌نێت،ئه‌و كه‌سانه‌ی ماوه‌ی عاده‌بونیان 6 رۆژه‌و نوێژی كردو جیماعی كرد پاشان دوایی دوو ڕۆژ سه‌یر ده‌كات خوێنی هه‌یه‌،له‌و جیماعه‌دا گوناهبار نابێت چونكه‌ به‌ مه‌به‌ست نه‌بووه‌،به‌ڵام بۆ ڕۆژوو گرتن ئه‌گه‌ر هه‌مان جۆری خوێنی عاده‌بوونی هه‌بوو، پێویسته‌ ڕۆژووه‌كه‌ی بگرێته‌وه‌، خوێنی مناڵبوون، كه‌ خوێنێكی زه‌ردی كاڵه‌، كه‌ به‌شێوه‌ی پچڕ پچڕ له‌ له‌شی ئافره‌ت دێته‌ ده‌ره‌وه‌،جار هه‌یه‌ ئافره‌ت یه‌ك قه‌تره‌ خوێنی هه‌یه‌،یان خوێنی نییه‌،یاخود زۆرترین ماوه‌ تا 60 رۆژ خوێنی له‌به‌ر ده‌ڕوات،تا ماوه‌ی ته‌واوبوونی ئه‌و خوێنه‌ رۆژووگرتن و نوێژكردن و جیماعی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی چۆك حه‌رامه‌،خوێنی سێهه‌م خوێنی ئاساییه‌ كه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ڕوو ده‌دات .

-  ئه‌ی له‌م كاته‌دا كه‌ پیاو بۆی نییه‌ جیماع له‌گه‌ڵ حه‌ڵاڵی خۆی بكات چاره‌سه‌ر بۆ خاڵیكردنه‌وه‌ی سێكسی ئه‌و چی بێت؟

مه‌لا لوقمان : پیاو ده‌توانێت یاری ده‌ست و ماچكردن و لێخشاندن به‌ جه‌سته‌ی بكات،له‌ شه‌رعدا هاتووه‌ ته‌نها پاش و پێشی ئافره‌ت بۆ سێكس كردن حه‌رامه‌.

- ئه‌گه‌ر پیاو له‌ دواوه‌ لێخشاندن بكات حه‌رامه‌؟

مه‌لا لوقمان : نا زانایان ده‌فه‌رموون لێخشاندن دروسته‌ به‌ڵام چوونه‌ چووره‌وه‌ له‌ كاتی عاده‌بوون و پێش عاده‌بوونیش حه‌رامه‌.
-  ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ سێكسییه‌كانی خۆیان بۆ كه‌سانی نزیك و هاوڕێكانیان باس ده‌كه‌ن، له‌ ڕوانگه‌ی شه‌رعییه‌وه‌ چییان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ؟

مه‌لا لوقمان : پێخه‌مبه‌ری خوا سه‌لامی خوایی له‌سه‌ر بێت،هه‌ڕه‌شه‌یی توند ده‌كات له‌و كه‌سانه‌ی شه‌و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی جیماعی كردووه‌، له‌ رۆژدا له‌ناو خه‌ڵك باسی ده‌كات.

-  هه‌ڕه‌شه‌كه‌ چییه‌؟

مه‌لا لوقمان : نه‌عله‌تی لێده‌كات

-  كه‌واته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئیسلام ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌و بێباوه‌ڕ بوون؟

مه‌لا لوقمان : ئه‌وه‌ گوناهی گه‌وره‌یه‌ به‌ڵام پێی كافر نابێت،چونكه‌ پێخه‌مبه‌ری خوا سه‌لامی خوایی له‌سه‌ر بێت،فه‌رمویه‌تی(كه‌سێك له‌ ئێوه‌ خوایی گه‌وره‌ په‌رده‌ی عه‌یاو حورمه‌تی به‌سه‌ردا ده‌دات،كه‌چی له‌ رۆژدا خۆی خۆی ئاشكرا ده‌كات)له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی تردا ده‌فه‌رموێت(جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی زینا) هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ زینایی چاو هه‌یه‌،هه‌ر وه‌ك له‌ فیهی ئیسلامیدا ئه‌وه‌ش هاتووه‌(ئه‌گه‌ر كۆمه‌لێك ئافره‌تێك پێكه‌وه‌ له‌ شوێنێك خۆیان شۆرد،ئه‌گه‌ر بزانن كه‌سێك له‌ ناویاندا باسی جه‌سته‌یان بۆ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، له‌و كاته‌دا حه‌رامه‌ پێكه‌وه‌ خۆیان بشۆن).

-  كه‌واته‌ حه‌مامی گشتی بۆ ئافره‌تان دروست و ڕێگه‌ پێدراوه‌؟

مه‌لا لوقمان : به‌ مه‌رجێك عه‌وره‌تی یه‌كتری نه‌بینن و باسی جه‌سته‌یی یه‌كتریش نه‌كه‌ن،وه‌ له‌ نێوان ناوك تا ئه‌ژنۆ جه‌سته‌یی یه‌كتری ببینن حه‌رامه‌ بۆیان،ئه‌مه‌ش بۆ پیاوان هه‌مان مه‌رج و حوكمی هه‌یه‌،هه‌روه‌ك حه‌رامه‌ وه‌سفی داوێنی ئافره‌تانی دیكه‌و هاوسه‌رت بۆ هه‌ر كه‌سێكی تر بكه‌یت.

-  باشه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌ گێڕانه‌وه‌ سێكسییه‌كانی خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌بێت فیدییه‌ بدات؟

مه‌لا لوقمان : پیاو هه‌یه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌لێت ئه‌مشه‌و سێ جار چوومه‌ته‌ لایی خێزانم،ئه‌وه‌ باس كردنی پیرۆزییه‌كانی مرۆڤ خۆیه‌تی، به‌ڵام فیدییه‌ی ناكه‌وێته‌ سه‌ر،له‌و كاته‌دا دادوه‌ر ئاگاداری ده‌كاته‌وه‌و كه‌ دووباره‌ی نه‌كاته‌وه‌،له‌ كاتی دووباره‌ كردنه‌وه‌دا بۆی هه‌یه‌ به‌ندی بكات یان ئازاری بدات، یان غرامه‌یی ماددیی بكات،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ ئادابی گشتی شكاندووه‌.

-  ئه‌ی ئه‌و كوڕو كچانه‌ی كه‌ به‌هۆی ئامێری زیره‌ك و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نته‌رنێت سه‌یری جه‌سته‌ی یه‌كتری ده‌كه‌ن،ئه‌مانه‌ پێیان ده‌وترێت زیناكار؟

مه‌لا لوقمان : بینینی كه‌سی ڕووت زینا نییه‌ به‌ڵام گوناهێكی گه‌وره‌یه‌.

-  ده‌كرێت زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌م بۆ بكه‌یت كه‌ بۆچی پێی ناوترێت زینا كه‌ ئه‌وان به‌ ته‌واوه‌تی یه‌كتری ده‌بینن و به‌هۆی یاری ده‌سته‌وه‌ له‌ زه‌ت له‌ جه‌سته‌ی یه‌كتری ده‌بینن؟

مه‌لا لوقمان : زینا به‌ ئه‌نجامدانی كرداری به‌ركه‌وتنی نا شه‌رعی له‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامی نێرینه‌و مێینه‌ یان گواستنه‌وه‌ی تۆوی مرۆڤ ڕووده‌دات و پێی ده‌وترێت زینا، پێخه‌مبه‌ری خوا یه‌كێك له‌ هاوه‌ڵانی چووه‌ لایی پرسیاری كرد" كه‌ به‌ ڕێگاداهاتم بۆلات سه‌یری ئافره‌تێكم كرد" له‌ ڕیوایه‌تێكی تردا ده‌لێت" ماچی ئافره‌تێكم كرد" پێخه‌مبه‌ری خوا فه‌رمووی ده‌ست نوێژ بگره‌و دوو ڕكه‌عه‌ت نوێژ بكه‌ و ته‌وبه‌ بكه‌" چونكه‌ خوا فه‌رموویه‌تی چاكه‌ كردن خراپه‌كان ده‌شواته‌وه‌،ئه‌مه‌ش له‌ ته‌نها حاڵه‌تێكی نه‌زانیندا بووه‌و هاوه‌ڵه‌كه‌ش دووباره‌ی نه‌كردۆته‌وه‌،كه‌واته‌ بینینی جه‌سته‌ی ڕووتی نامه‌حره‌م نابێته‌ زینا به‌ڵكو گوناهێكی گه‌وره‌یه‌.

-  زۆر له‌ كچان پانتۆڵی ته‌سك له‌به‌ر ده‌كه‌ن و سه‌ریان داپۆشراوه‌، بۆچوونی شه‌رعیت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ چییه‌؟

مه‌لا لوقمان : له‌ ئیسلامدا مه‌رجی باڵا پۆشی ئه‌وه‌یه‌، ته‌واوی له‌ش دابپۆشێت، نابێت هێنده‌ ته‌نك بێت پێستی به‌ دیار بكه‌وێت،نابێ هێنده‌ ته‌سك بێت قه‌باره‌ی له‌شی ئافره‌ته‌كه‌ ده‌ربكه‌وێت، ئه‌وانه‌ی ئه‌م سێ مه‌رجه‌یان تێدا نه‌بوو پێیان ناوترێشت پۆشته‌ی شه‌رعی.

- باشه‌ جار هه‌یه‌ ئافره‌تان ته‌نووره‌ له‌به‌ر ده‌كه‌ن به‌هۆی هه‌ڵكردنی با یان هه‌ر هۆكارێكی تر جه‌سته‌یی ژێر ته‌نوره‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و گه‌نجانیش تووشی نه‌زه‌ر ده‌بن،له‌م حاڵه‌ته‌دا كه‌ ویستی خۆشیانی له‌سه‌ر نییه‌ ئایا گوناهبار ده‌بێت؟

مه‌لا لوقمان : له‌و حاڵه‌ته‌دا گوناهبار ده‌بێت،چونكه‌ ده‌بوو پۆشاكی ژیره‌وه‌ له‌به‌ر بكات.

-  زۆرجار گه‌نجان كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر تووشی ناكۆكی و به‌ شه‌ڕهاتن ده‌بنه‌وه‌، جنێوی زۆر ڕووت به‌ دایك و خوشكی یه‌كتری ده‌ده‌ن،ئه‌مانه‌ فیدییه‌ و سزایی دینیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر؟

مه‌لا لوقمان : ئه‌وه‌ فیدییه‌ی له‌سه‌ر نییه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ ئادابی ئیسلام نییه‌،چونكه‌ مسوڵمان كه‌سێكی له‌عنه‌ت چی نییه‌،كه‌سێكی تانه‌ده‌ر نییه‌،كه‌سێكی ئاكارو گوفتار ناشیرین نییه‌.

-  دروسته‌ پیاوان یان ئافره‌تان بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی سه‌ردانی پزیشكی ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ریان بكه‌ن؟

مه‌لا لوقمان : له‌ حاڵه‌تێكدا دروسته‌ له‌و شوێنه‌دا له‌ ڕووی پسپۆڕی و شاره‌زایی له‌ بواری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ دكتۆره‌ی ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر نه‌بێت.

-  ئه‌ی ئه‌گه‌ر بڕوایی وابوو پزیشكی هاوڕه‌گه‌زی خۆی زیره‌ك نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ؟

مه‌لا لوقمان : ئه‌وه‌ش نابێت چونكه‌ پێویسته‌ له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێندرێت كه‌ ئه‌و پزیشكه‌ پسپۆڕ نییه‌ به‌و نه‌خۆششه‌.

-  ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك له‌گه‌ڵ خوشك و برایی خۆی بچێته‌ سه‌ردانی دكتۆرێكی پیاو؟

مه‌لا لوقمان : ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی جنسی بوو، پێویستی كرد دكتۆر سه‌یری ڕه‌حمی ئافره‌ت بكات،ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی نزیكی خۆشی له‌گه‌ڵ بێت هه‌ر حه‌رامه‌و نابێت،به‌ڵام كه‌سێك تووشی وه‌ره‌می ڕه‌حم بووه‌و هیچ دكتۆره‌یه‌كی ژن ناتوانێت ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ بكات، هاوكات ژیانی نه‌خۆشه‌كه‌ش له‌ مه‌ترسیدایه‌، له‌و حاڵه‌ته‌ زه‌روورییه‌دا دروست و ڕێگه‌ پێدراوه‌.

-  ئه‌گه‌ر ژنێك له‌ ڕووی جنسییه‌وه‌ پیاوه‌كه‌ تێری نه‌كات بۆی هه‌یه‌ داوایی جیابوونه‌وه‌ له‌ پیاوه‌كه‌ی بكات؟

مه‌لا لوقمان : هه‌ر وه‌ك چۆن پیاو ئه‌گه‌ر هاوسه‌ری ڕێگربوو له‌ كاری چووتبوون بۆی هه‌یه‌ ته‌ڵاقی بدات،بۆ ژنیش هه‌مان ماف هه‌یه‌،به‌ڵام نابێت مه‌رجی تێربوونی سێكسی چه‌ند بۆ جاره‌ێك له‌ شه‌ویدا یان له‌ هه‌فته‌یه‌كدا دیاری بكرێت، به‌ ده‌سته‌واژه‌ی كورده‌واری خۆمان ئه‌گه‌ر ئه‌م پیاوه‌ پیاوه‌تی نه‌ما ئافره‌ت بۆی هه‌یه‌ داوایی جیابوونه‌وه‌ بكات.

-  ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك مسوڵمان هه‌ستی كرد كه‌سێكی تر زیاتر له‌ هاوسه‌ری خۆشه‌ویستی بۆی هه‌یه‌ ده‌توانێت داوایی ته‌ڵاق بكات؟

مه‌لا لوقمان : ئه‌وه‌ حه‌رامه‌،ته‌نانه‌ت ئه‌و ئافره‌ته‌ی ته‌ڵاق دراوه‌و به‌ ته‌ڵاقی ڕجعی، پیاوێك بۆی نییه‌ داوایی هاوسه‌رگیری لێبكات و بلێت مه‌چۆره‌وه‌ بۆلایی هاوسه‌رت من دێمه‌ خوازبێنیت، دواتر من ماره‌ت ده‌كه‌م،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قورئان ده‌فه‌رموێت هاوسه‌ره‌كانی خۆیان حه‌قترن تا هاوسه‌ره‌كانیان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ژیانی خۆیان،هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ش حه‌رامه‌ پیاو داوا له‌ ئافره‌تێك بكات له‌ هاوسه‌ری جیاببێته‌وه‌،ئه‌مه‌ له‌ ئیسلامدا پێی ده‌وترێت خیانه‌تی هاوسه‌رگیری،ئه‌مه‌ش گوناهێكی گه‌وره‌یه‌.



مه‌لا لوقمان ئیسماعیل ئه‌مین
له‌ گوندی به‌ڵخێ له‌ هه‌ورامان ساڵی 1966 له‌ دایكبووه‌.
قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌ گوند ته‌واو ده‌كات
قۆناغی ناوه‌ندی ئاماده‌یی له‌ قوتابخانه‌ی ئه‌حمه‌د موختیار له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واو كردوه‌ ساڵی 1986 له‌ زانكۆی به‌غدا كۆلێژی شه‌ریعه‌ وه‌رگیراوه‌و به‌هۆی به‌شداری نه‌كردنی له‌ جه‌یشی شه‌عبی و پابه‌ندنه‌بوونی به‌ سیاسه‌تی حكومه‌تی به‌عسی ڕووخاو فه‌سڵ كراوه‌.
ساڵی 1988 چۆته‌ ئێران و له‌وێ له‌لایی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی شافعی وانه‌ی ئاینی خوێندووه‌.
ساڵی 1992 له‌ لایه‌ن مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی شافعی مۆڵه‌تی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتووه‌.
ساڵی 1993 تا ساڵی 2000 پێش نوێژو وتارخوێنی مزگه‌وتی گوندی ته‌وێڵه‌بووه‌.
ساڵی 2000 تا ئیستا پێش نوێژو وتارخوێنه‌ له‌ مزگه‌وتی موفتی گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی زه‌رگه‌ته‌ له‌ سلێمانی.
هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ له‌ زانستی قورئاندا.


سه‌رچاوه‌: جودی نیوز

ئه‌م بابه‌ته 19001 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:46:07/12/2015