لەم 5 رێگایەوە بە بەلاش یاخود پارەیەكی زۆر كەم گەشتی وڵاتان بكە

لەم 5 رێگایەوە بە بەلاش یاخود پارەیەكی زۆر كەم گەشتی وڵاتان بكە

ڕاپۆرتی  ڕاوێژ كامەران

گەشتكردن و بینینی شوێنە نوێكانی جیهان گرنگیەكی زۆری هەیە، بەڵام گەر یەكێك بیت لەوانەی كە حەز بەوە بكەیت لە كاتی گەشتەتدا ژیانی راستەقینەی ئەو خەڵكە ببینت كە گەشتی بۆ دەكەیت، ئەوا باشترین رێگا هەڵبژاردنی (گەشتكردنە بە تێچویەكی كەم -  budget traveler)، هەر بۆیە ئەم بابەتە بۆ ئەو كەسانە بەسوود نیە كە حەز بەوە دەكەن لە هۆتێلێكدا بمێننەو تەنها شوێنە گەشتیاریە دیارەكانی ئەو وڵاتانە ببینن كە گەشتی بۆ دەكەن و تێكەڵ بە خەڵكی وڵاتەكە نەبن.

سودەكانی ئەم جۆرە گەشتكردنە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە پارەیەكی زۆر كەمتر لە گەشتیارانی دیكە خەرج دەكەیت و چێژێكی زیاتریش دەبینیت، بەو پێیەی لەگەڵ خەڵكی ئەو وڵاتانەدا هاوڕێیەتی دروستدەكەیت و ئاشنای كلتور و شێوازی ژیانی ڕاستەقینەیان دەبیت، ئەمەی خواریشەوە باشترین ئەو رێگایانەیە كە بۆ لەمەودوا دەتوانیت لە گەشتەكەدا بەكاری بهێنیت و بۆ نوسینی بابەتەكەش پشتم بە ئەزمونی خۆم بەستووە و ڕەنگە رێگای باشتر و هەرزانتریش هەبێت، بۆ ڕونكردنەوەی خاڵەكانیش بە نمونەوە گەشتی وڵاتی توركیا باسدەكەین، بەو پێیەی زۆربەی خوێنەران بە گەشتكردن بۆ ئەو وڵاتە ئاشنان، له‌ زۆربه‌ی ئه‌م خاڵانه‌شدا پێویستت به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ سود له‌ ماڵپه‌ره‌ ئه‌له‌كترۆنیه‌كان وه‌ربگریت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش كارێكی ئاسانه‌ چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌موو ئه‌م ماڵپه‌رانه‌ بۆ خه‌ڵكی ئاسایی دروستكراون نه‌ك خه‌ڵكێكی تایبه‌ت و فێربونی به‌كارهێنانیان به‌ هێنده‌ی فه‌یسبووك ئاسانه‌.

1- ڤیزە: بەو پێیەی ئێمە هەڵگری پاسپۆڕتی عێراقین، گەشتكردن بۆ ئێمە كارێكی قورسە چونكە كێشەی ڤیزە گەورەترین بەربەستە لە بەردەمماندا و پاسپۆڕته‌كه‌مان دووه‌م خراپترین پاسپۆڕته‌ له‌ جیهان له‌ پاش ئه‌فغانستان، بەڵام بۆ ده‌ستخستنی ڤیزه‌ش  رێگای باشتر هەیە كە پارەی كەمتری تێدا خەرج نەیكەن، هەر بۆیە تا دەتوانن هەوڵبدەن بۆخۆتان ڤیزە وەربگرن لە رێگەی پەیوەندیكردن لە كونسوڵخانەكانەوە، بەو پێیەی هەموو ئەو كونسوڵخانانەی لە هەرێم یان هەر شوێنێكی دیكەدا هەن بەشی ڤیزەیان هەیەو بە ئاسانیش وەڵامی هەموو پرسیارێكت لە رێگەی ئیمەیڵەوە دەدەنەوە، بۆ وڵاتێكی وەكوو توركیاش دەتوانیت لە رێگەی وێبسایتی https://www.evisa.gov.tr/en/apply/  بە ئاسانی و بە چەند خولەكێك ڤیزەكەت وەربگریت، نەك ئەوەی پارەی پێبدەیت.



2- فرۆكە: پاش وەرگرتنی ڤیزە، ئەوەی گرنگە دۆزینەوەی هێلێكی باش و هەرزانە بۆ گەشتەكەت، بۆ ئەمەش گەر بۆخۆت كارتی كڕینی ئەلەكترۆینت هەبێت باشترە لە نوسینگە گەشتیاریەكان كارەكەت ئەنجام نەدەیت، دەتوانیت لە رێگای پرۆگرامی گەڕانی تیكتەوە بزانیت ئەو رۆژەی تۆ دەتەوێت گەشتەكان چۆنە، بۆ ئەوەش یەكێك لە باشترین وێبسایتەكان بۆ گەڕان skyscanner.net ە بەو پێیەی ئەم ماڵپەرە كۆمپانیا هەرزانەكانی فرۆكەوانیش دەدۆزێتەوە، چونكە كۆمەڵێك كۆمپانیای فرۆكەوانی هەیە بە (تێچوی كەم) ناسراون بەو پێیەی لە نێو فرۆكە خزمەتگوزاریان(وەك خواردن و خواردنەوە) زۆر نییە یاخود هەر نیانە، بەڵام نرخی تكتیان زۆركات زۆر هەرزانترە لە كۆمپانیاكانی دیكە، ببۆنمونە بۆ گەشتی وڵاتی توركیا كۆمپانیاكانی  Pegasus Airlines - onur air - Borajet   كۆمپانیای تێچووی كەمن و نرخی تكتیان زۆرجار نیوەی نرخی  turkish airlines ە،  گەشتی هەر دوو سەر لە هەولێرەوە بۆ ئەستەمبوڵ گەر بە turkish airlines نزیكەی 400$ بێت، ئەوا بەو كۆمپانیایانەی دیكە ناگاتە 200$، یاخود بۆ ئەوانەی گەشتی ئەوروپا دەكەن لە نێو خۆی ئەوروپادا دەتوانن سود لە كۆمپانیاكانی ryanair و wizz air  وەربگرن كە نرخی تكتەكانیان لە نێوان وڵاتە ئەوروپیەكاندا لە نێوان 25 بۆ 50 دۆلاردایە، بەڵام بۆ ئەمەش پاش ئەوەی بە skyscanner.net گەشتەكە دەدۆزیتەوە، دواتر بچۆرە سەر وێبسایتی كۆمپانیا فرۆكەوانیەكەو لەوێوە تكتەكەت حجز بكە، چونكە بۆ ئەوە تەنها پارەی تكتەكە دەدەیت و هیچ زیادەیەكی دیكەی ناچێتە سەر.




3- شوێنی مانەوە: دواتر ئەوەی لە گەشتدا گرنگە شوێنی مانەوەیە كە دڵگیر و باش بێت، بۆ ئەمەش ئەگەر بە شێوازی budget traveler گەشت بكەیت، ئەوا كۆمەڵێك رێگا هەیە كە دەتوانیت لە شوێنێكی باشدا بمێنیتەوە بەبێ‌ ئەوەی پارە بدەیت یاخود پارەیەكی ئێجگار كەمتر بدەیت بە بەراورد لەگەڵ ئوتێل، بۆ ئەوانەش پێویستە سود لەم وێبسایتانەی خوارەوە وەربگربت كە ملیۆنان بەكاربەریان هەیەو زۆر باوەڕپێكراون:

یه‌كه‌م:  بەكارهێنانی ماڵپەری:couchsurfing.com ئەم ماڵپەرە بەناوبانگترین ماڵپەری نێو گەشتیارانەو 12 ملیۆن بەشداربووی لە 200000 شاری جیاوازی دونیادا هەیە، بۆنمونە بەشدابوانی ئەم ماڵپەرە لە شاری  هەولێر 750 كەس و لە شاری  سلێمانی 360 كەس  و لە شاری دهۆك 5  كەسە، گەر گەشتیش بكەیت بۆ ئەستەمبوڵ ژمارەی بەشداربوانی ماڵپەرەكە لەو شارەدا 105 هەزار كەسە و بەو جۆرە لە زۆبەی شارەكانی جیهان بەشدار بووی هەیە، شێوازی كاركردنی ماڵپەرەكە بەو جۆرەیە كە گەشتیاران لە شارەكانی خۆیاندا میوانداری لە گەشتیاری دیكە دەكەن و چەند شەوێك لە ماڵیان دەمێننەوە، هەم شوێنی خەوی پێدەدەن و هەم بەپێی بواری كەسەكەش شوێنە گەشتیاریەكانی دەگەڕێنێت و هاوڕێیەتی لە نێوانیان دروستدەبێت، گەر پێویستت بە شوێنی مانەوە نەبێت دەتوانیت داوا لە كەسەكە بكەیت تەنها لەگەڵدا بێتە دەرەوەو شوێنە گەشتیاریەكانت نیشان بدات، بۆ ئەوەی پێشتریش متمانە بەو كەسە بكەیت كە دەچیتە لای پێویستە تەماشای پرۆفایلی كەسەكە بكەیت، چونكە ئەوانەی ئەزمونیان هەیە لەسەر پرۆفایلەكانیان كەسانی پێشوتر ئەزمونی خۆایان گێڕاوەتەوە و References یان بۆ داناوە، ئەو ریفرێنسانەش  سەرچاوەیەكە  بۆ ئەوەی تۆ ئەو كەسە بناسیت، چونكە خاوەنی پرۆفایلەكە ناتوانێت ئەو ریفرێنسانە بسڕێتەوە یاخود دەستكاریان بكات، بۆ ئەوانەی گەشتی ئەوروپا دەكەن زۆر ئاسانتر دەتوانن خەڵك لەم ماڵپەرە بدۆزنەوە كەمیوانداریان بكات، چونكە بەگشتی لە ڕووی كلتوریەوە ئەوان كراوەترن بۆ ئەم جۆرە میوانداریكردنە و خەڵكەكەشی زیاتر بەكاری دەهێنن، بەڵام بۆ ئەوەی متمانەت پێبكەن پێویستە تۆش Referencesهەبێت و سەرەتا كە دەستپێدەكەیت لە شارەكەی خۆتدا هاوكاری گەشتیارانی بیانی بكەیت، مانەوە لە ماڵی ئەو كەسە لە رێگەی ئەم ماڵپەرەوە بێ‌ بەرامبەرە و تەنها ئاڵوگۆڕی كلتوری و دروستكردنی هاوڕێی نێودەوڵەتیە.



دووه‌م: ماڵپەری airbnb.com  : ئەم ماڵپەرە بۆ ئەو كەسانەیە كە شوقە یاخود ژوری تایبەتی چۆڵیان هەیە لە ماڵەكەی خۆیاندا و دەیدەن بەكرێ‌ بۆ گەشتیار، هەر بۆیە دەتوانیت لە رێگەی ئەم ماڵپەرەوە بەنرخی زۆر هەرزان شوێنی زۆر باش دەستبخەیت، بۆنمونە ئەم ژورە 2 كەسیە دەتوانیت بە 14 دۆلار لە نزیك شەقامی تەقسیم لە ئەستەمبوڵ حجز بكەیت، https://www.airbnb.com/rooms/574890?s=6b8Lf7Np، ئەم لینكە تەنها نموینەیەكەو بۆخۆت دەتوانیت لە نێو ماڵپەرەكەدا بگەڕێیت و شوێنی زۆر باشتر و هەرزانیش بدۆزیتەوە كە خەڵكی ئاسایی بەكرێیان دەدات و بەهەمان شێوەش سیستمی References هەیە بۆ ئەوەی بزانیت ئەو شوێنە لە ڕاستیشدا باشە یاخود نا و خەڵكی پێشوتر كە لەوێ‌ ماوەتەوە چیان وتووە.



سێیه‌م: هۆستێل: مانەوە لە هۆستێل لە لای گەشتیارانی ئەوروپی كە بە شێوازی   budget travelerگەشت دەكەن شتێكی زۆر باوە، هەرچەندە لای ئێمە تا ئێستا بەكاری ناهێنین، هۆستێل لە ژورێكدا چەند سیسەمێك هەیە، بەڵام نرخەكەیان زۆر هەرزانە و تەنها بۆ ئەو كەسانە باشە كە بەتەنها گەشتدەكەن و حەز بەوە دەكەن لە گەشتەكەیاندا خەڵكی دیكە بناسن و پارەیەكی كەمیش خەرجبكەن، چونكە نرخی زۆر هەرزانەو هەندێك جار مانەوەی شەوێك لە هۆستێلدا لە 10 دۆلار كەمترە، باشی هۆستێل بە بەراورد لەگەڵ airbnb.com لە وەدایە كە ئەوەی سەرەوە لە ماڵێكدا دەمێنیتەوە كە ڕەنگە بۆ گەشتن بە شەقامی گشتی چەند خولەكێكت بوێت، بەڵام هۆستێل بۆخۆی لە شەقامە گشتی و گەشتیاریەكاندایە، بۆ دۆزینەوەی هۆستێل دەتوانیت سود لە ماڵپەری :   hostelworld.com وەربگریت.



چواره‌م: هۆتێل: مانەوە لە هۆتێل بەبەراورد بەو 3 رێگایەی سەرەوە چەندقات گرانترە، بەڵام گەر حەزت بە تێكەڵبون لەگەڵ خەڵكی دیكە ناكەیت و مانەوت لە هۆتێل لا گونجاوترە ئەوا باشترە بە رێگەی ئۆنلاین پارەی هۆتێلەكەت بدەیت و پێشتر حجزی بكەیت، چونكە بۆنمونە ئەو پارەیەی هۆتێلەكە لەسەر ماڵپەری booking.com دای ناوە بەو پێیەی لەگەڵ هۆتێلی دیكە لە كێبڕكێدایە زۆر هەرزانترە لە ئەو پارەیەی لە كاتی چونت بۆ هۆتێلەكە و لەسەر كەوانتەرەكە دەیدەیت و زۆركات گەر پێشتر خۆت حیجزی بكەیت بەرێژەی نیوە هەرزانترە لەنرخی گشتی هۆتێلەكە كە لە پێشوازیەكەدا هەڵواسراوە.




5- هاتوچۆ: یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی كە گەر بتەوێت كەمتر لە خەڵكی ئاسایی لە گەشتەكەدا خەرج بكەیت، بەكارهێنانی ئەو ئامێری هاتوچۆیانەیە كە خەڵكی شارەكە خۆیان بەكاری دەهێنن لە جیاتی تەكسی، گەر ئەو شارەی بۆی دەچیت میترۆی هەبوو ئەوا باشترین و ئاسانترین رێگایەو ئەوەی لەسەرتە بكەیت تەنها ئەوەیە خشتەی میترۆكە لە مۆبایلەكەتدا دابەزێنە، دواتر بەپێی نەخشەكە بۆ هەر شوێنێك كە دەتەوێت بچۆ، بۆ هاتوچۆی ناو شارەكانیش هەرزانترین رێگا بەكار هێنانی ماڵپەری blablacar.com ئەم ماڵپەرە بۆ هاتوچۆی شارێك بۆ شارێكی دیكە زۆر هەرزانە، بەكارهێنانەكەی بەو جۆرەیە كە تۆ بۆنمونە لە ئەستەمبوڵەوە دەتەوێت بچیت بۆ ئەنقەرە، لە ماڵپەرەكە ئەوە دەنوسیت و پاشان ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانە دەبینیت كە بۆخۆیان ئەو رۆژە دەیانەوێت لە ئەستەمبوڵەوە بچنە ئەنقەرە، بۆیە تۆش بەنرخێكی زۆر كەمتر لە بازاڕ بۆنمونە 5 بۆ 10 دۆلار، لەگەڵیادا دەڕۆیت، ئەم ماڵپەرە لە ولاتانی ئەوروپی زۆر چالاكەو بەكارهێنەری زۆرە لە نێو هەموو شارەكان و بۆ ئەوانەی گەشتی ئەورپا دەكەن زۆر باشتر دەتوانن سودی لێ‌ ببین، بەهەمان شێوە سیستمی References هەیە و دەتوانیت لەو شۆفێرە دڵنیابیت كە گەشتی لەگەڵدا دەكەیت و وێنەی ئۆتۆمبێلەكەشی داناوە.



رێگایەكی دیكە بۆ گەشتكردنەكەت  پێی دەوترێت hitchhiking، كە دەستەواژەیە لە نێو گەنجانی وڵاتانی ئەوروپادا زۆر باوە و تەنانەت كۆمەڵەی نێودەوڵەتی خۆشیان هەیە، ، شێوازەكە بەو جۆرەیە كە تۆ بۆنمونە لە سلێمانیەوە دەتەوێت بچیتە ئەستەمبوڵ، دەچیتە سەر شەقامێكی دەرەوەی شارەكەو دەست لەو ئۆتۆمبێلانە ڕادەگریت  كە بۆخۆیان دەچنە دەرەوەی شار، پاشان بەپێی نەخشەكەت لە ئۆتۆمبێلێكەوە بۆ ئۆتۆمبێلێكی دیكە دەیگۆڕیت تا دەگەیتە ئەو شوێنەی مەبەستتە بەرێگای وشكانی، بەڵام ئەم كارە بۆ خەڵكی شارەكە خۆی ئەستە، بەو پێیەی ئەو شۆفێرانە زیاتر هاوكاری خەڵكی بیانی دەكەن، واتە بەم رێگەیە دەتوانیت پارەی فرۆكەش نەدەیت، بەڵام ئەمە بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە گەشت بۆ ماوەی درێژدەكەن و حەز بە سەركەشی زیاتر دەكەن.



تێبینی:یه‌كێك له‌و كه‌سه‌ بیانیانه‌ی له‌ شاری سلێمانی كاری ده‌كرد و له‌ خوێندنگه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسی مامۆستا بوو، له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی hitch-hikeing بۆ هاتوچۆ و couchsurfing.comبۆ مانه‌وه‌ له‌ ماڵان، گه‌شتی وڵاتی توركیا و دواتریش ئێرانی كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ خه‌رج بكات، بۆیه‌ تۆش ده‌توانیت لانیكه‌م سوود له‌ به‌شێك له‌م خزمه‌تگوزاریانه‌ وه‌ربگریت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ گه‌شتیاران.


ئه‌م بابه‌ته 7331 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:00:01/12/2015