د. ئاراس باس له‌ چۆنیه‌تی باسكردنی "بابه‌تی سێكسی" ده‌كات له‌ ڕوداودا

د. ئاراس باس له‌ چۆنیه‌تی باسكردنی "بابه‌تی سێكسی" ده‌كات له‌ ڕوداودا

خێزان – زیدان سوبحی

بونی پرۆگرامه‌ ته‌ندروستیه‌كان له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كاندا به‌رده‌وام جێگای بایه‌خی بینه‌ران بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ كه‌ناڵی ڕوداویش كه‌نالێكی هه‌واڵییه‌ به‌ڵام گرنگی به‌م لایه‌نه‌ داوه‌، له‌م دیمانه‌یه‌دا د. ئاراس برادۆستی پێشكه‌شكاری پرۆگرامی نۆرین له‌ كه‌ناڵه‌كه‌ باس له‌ كاره‌كانی و ده‌ستكراوه‌یی خۆی ده‌كات بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پرسه‌ هه‌ستیاره‌كان به‌تایبه‌ت هۆشیاری سێكس.


خێزان: جگه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌ت ڕوداو چه‌ند به‌شی ته‌ندروستی له‌خۆی ده‌گرێت ؟

ئاراس:  جگە لە بەرنامەی نۆرین، بەرنامەی هەتوانی رادیۆ، هەواڵە تەندروستییەکان لە رادیۆ، لاپەڕەی تەندروستی لە رۆژنامەی رووداو، لاپەڕەی تەندروستی لە وێبسایتی رووداو، لاپەڕەی تەندروستی لە تۆڕیی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ژێرنووسە تەندروستییەکانی تەلەفزیۆن، هەواڵە تەندروستییە رۆژانەکانی تەلەفزیۆن، ڤیدیۆ و ئینفۆگرافیکە تەندروستییەکان و چەند بەشێکی دیکە، بۆیە ئێمە لە هەموو ئەو بەشانەوە زانیاری و هۆشیاری تەندروستی دەگەیەنینە هاونیشتمانیان نەک تەنیا لە نۆرین.


خێزان: به‌وپێیه‌ی عێراق له‌ ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌مه‌كاندایه‌ به‌ ئالوده‌بون به‌ بابه‌ته‌ سێكسیه‌كان چه‌ند توانیوتانه‌ باسی ته‌ندروستی سێكسی بكه‌ن؟

ئاراس: ئێمە لە ماوەی رابردوودا، بە چەند شێوەیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کارمان لەسەر بابەتی هۆشیاری سێکسی کردووە، دێسکی تەندروستی لە رووداو چەندین بەشی جیاوازی هەیە، هەر تەنیا بەرنامەی نۆرین نییە، هەموو بەشە جیاوازەکان تەواوکەری یه‌كدین.


خێزان: كه‌م باس كردن له‌سه‌ر ته‌ندرۆستی سێكسی له‌ روداو په‌یوه‌ندی به‌ شه‌رم ه‌وه‌ هه‌یه‌ .؟
ئاراس:  لە هەموو بەشەکانی دێسکی تەندروستی هەوڵمانداوە بابەتی وشیاری تەندروستی لەسەر سێکس باسبکەین، زانستی پزیشکی ترس و شەرمی تێدانییە، ئێمە کە خوێندکاری پزیشکی بووین هەموو شتێکمان ده‌خوێند، وەکوو پزیشکیش هەموو جۆرە حاڵەتێک دەبینی بە حاڵەتە سێکسییەکانیشەوە.

خێزان: ئایا به‌هۆی كومه‌ڵگه‌ی كوردیه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ ناتوانن راسته‌وخۆ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر باسی ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیارانه‌ بكه‌ن؟
ئاراس:  بێگوومان لە بابەتێکی وا هەستیاردا تا راددەیەک رەچاوی کلتوری وڵات دەکەین، بەڵام ئەو رەچاوکردنە تەنیا بۆ شێوازی وروژاندنی بابەتەکەیه‌ نەک لە باسکردن یان نەکردنی، ئێمە هەموو بابەتێک باس دەکەین کە پەیوەندی بە ژیانی تەندروستییەوە هەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر بڵێی حەقی تەواوی ئەو بابەتە دراوە دەڵێم بەداخەوە نەخێر.


خێزان: هۆكاره‌كان زیاتر چین؟
ئاراس: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە پسپۆری تایبەتی سێکسۆلۆجی لە وڵاتی ئێمەدا نییە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دەرەوە، نەک هەر خەڵکی ئەو وڵاتانە، بەڵکو پزیشکی کوردی خۆمان هەیە کە لە وڵاتێکی ئەوروپیدا پسپۆڕی سێکسۆلۆجییە، من بۆ بابەتێکی پەیوەست بە نەخۆشیێکی هەناو بۆ نموونە، ژمارەیەکی زۆر پسپۆڕم دەستدەکەوێت، بەڵام لە بابەتی تەندروستی سێکسیدا، پسپۆڕی تایبەتمەندمان نییە.

ئه‌م بابه‌ته 7949 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:09:10/11/2015