پاش 40 ساڵ و به‌ به‌شداری كچی كورد، شاجوانی عێراق هه‌ڵده‌بژێردرێت

پاش 40 ساڵ و به‌ به‌شداری كچی كورد، شاجوانی عێراق هه‌ڵده‌بژێردرێت

خێزان - ڕاوێژ كامه‌ران

دامه‌زراوه‌ی كلتوری مه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار و پاش 40 ساڵ له‌ عێراقدا به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی مه‌راسیمی هه‌ڵبژاردنی شاجوانی عێراق ئه‌نجام ده‌دات.

بڕیاره‌ مه‌راسیمه‌كه‌ له‌ مانگی 12 دا به‌ڕێوه‌ بچێت و هه‌تا ئێستا 150 كچ ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ بۆ به‌شداریكردن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر مه‌راسیمه‌كه‌ هه‌بووه‌ به‌نیازنین به‌ شێوازی په‌خشی ڕاسته‌وخۆ له‌ ته‌له‌فیزیۆندا بیگوازنه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی به‌وته‌ی رێكخه‌رانی مه‌راسیمه‌كه‌ تا ئیستا 15 كچ به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانه‌وه‌ كشاونه‌ته‌وه‌.

سنان كامیل، یه‌كێك له‌ دادوه‌ران و وته‌بێژی مه‌راسیمه‌كه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامدانی مه‌راسیمی هه‌ڵبژاردنی شاجوانی عێراق له‌ لایه‌ن پیاوانی ئاینیه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی زۆریان لێگیراوه‌و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌شیان لێكراوه‌، به‌ڵام سنان ده‌ڵێت"ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ڕویه‌كی شارستانی عێراق نیشانی جیهان بده‌ین، جگه‌ له‌وه‌ی به‌ها كلتوریه‌كانی خۆشمان پاراستووه‌ و بڕگه‌ی جلوبه‌رگی مه‌له‌وانیمان له‌ پێشبڕكێكه‌ لابردووه‌"



له‌و مه‌راسیمه‌دا كچه‌ كوردێك به‌ناوی (شه‌یما قاسم عه‌بدولره‌حمان) كه‌ خوێندكاره‌ له‌ زانكۆی كه‌ركوك به‌شداری ده‌كات، شه‌یما قاسم له‌ باره‌ی به‌شداریكردنی له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا به‌ كه‌ناڵی NBC ئه‌مریكی وتووه‌ كه‌ ئه‌وان پێویستیه‌كی زۆریان به‌و جۆره‌ مه‌راسیمه‌یه‌ چونكه‌ به‌ وته‌ی ئه‌و"هه‌موومان به‌هۆی ئه‌م دۆخه‌ی عێراقه‌وه‌ ئازارمان چه‌شتووه‌ و پێویسته‌ كارێك بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ژیاندۆستی بگه‌ڕێنینه‌وه‌ ناومان"

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌وته‌ی شه‌یما ئه‌و دوو ئامۆزای له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا له‌ سنوره‌كانی كه‌ركوك شه‌هید بوون و خانه‌واده‌كه‌شیان قوربانی زۆریان داوه‌.

له‌ پاش ساڵی 1972 له‌ عێراقدا یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌م مه‌راسیمه‌ ئه‌نجام ده‌درێته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی له‌و ساڵه‌دا خانمێك به‌ناوی (ویژدان بورهانه‌دین) بووه‌و شاجوانی عێراق و له‌ مه‌راسیمی شاجوانی جیهاندا نوێنه‌رایه‌تی عێراقی ده‌كرد.


شه‌یما قاسم:

Image: Shaima Qassem Abdulrahman



وجدان بورهانه‌دین، شاجوانی عێراق له‌ ساڵی 1972




ئه‌م بابه‌ته 4872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:59:25/10/2015