مزگێن: سەرەتا پێیان دەوتم تۆ شێتیت

مزگێن: سەرەتا پێیان دەوتم تۆ شێتیت

خێزان

هەرچەندە‌ ئێستا ژمارەی ئەو كچە گۆرانی بێژە كوردیانە زۆرن كە بەشێوازی (پۆپ) گۆرانی دەڵێن و بەشێكی زۆریشیان جلوبەرگ و شێوازی وروچێنەر لە كلیپەكانیاندا بەكار دەهێنن، بەڵام هیچكامیان بە شێوەی (مزگێن) نییە، كە كچەكوردێكی  دانیشتوی وڵاتی سویدەو ماوەیەكیش چۆتە ئەمریكا و ئێستاش گۆرانیەكی بڵاو كردۆتەوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بینەرێكی زۆری هەبووە، بەڵام ئەو تەنانەت لە ئەوروپاش بە كچە "وروژێنەرەكە" ناسراوە.

مزگێن بە یەكەمین كلیپی گۆرانی خۆی بەناوی  Get You Off‌ بڵاوكردەوە،  دواتریش گۆرانی If I Said I'm In Love بڵاوكردەوە، ئەو وەك خۆی دەڵێت  دەیەوێت ببێتە پۆپستارێكی جیهانی و لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگ دەربكات.
مزگێن بۆخۆی ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو خەونێكی گەورەی هەبووە كە هەر لە منداڵیەوە ببێتە ئەستێرەیەكی جیهانی و گۆڕانی بڵێت و ئێستاش خەریكە ئەو خەونەی دەبێت بە ڕاست، ئەو وتی"یەكەم بەرهەمم سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا و لە تەواوی جیهاندا پێشوازیەكی باشی لێكرا، تا كۆتای ئەمساڵیش چەندین بەرهەمی هونەری  و پرۆژەی دیكەم بەدەستەوەیە كە بەنیازم ئەنجامیان بدەم"





مزگێن ناوی تەواوی (مزگێن دیمریكان)ەو دایكو باوكی لە باكوری كوردستانەوە كۆچیانكردووە بۆ ئەوروپا و لە سوید نشتەجێ‌ بون، كە مزگێن بۆخۆشی لەوی لە دایك بووە، دواتر بەهۆی ئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ گروپێكی هونەریدا پەیدا دەكات، بۆ كارێكی هونەریان دەچنە ئەمریكا و لەوێش مزگێن یەكەمین گۆرانی خۆی تۆمار دەكات، كە بەوتەی بەرهەمهێنەرانی گۆرانیەكە ئەو كچە كوردە زۆر لێهاتوانە سەمای كردووەو كارەكەی خۆی ئەنجام داوە.
مزگێن   لە شاری بۆلناسی سوید گەورە بووەو هەر لە منداڵیشەوە لە خوێندنگەكەی خۆیاندا بەردەوام گۆرانی وتووەو لە چالاكیەكانی خوێندنگەكەیدا بەشدار بووە، وەك خۆشی دەڵێت"لەسەرەتادا بەشداری چەند كۆرسێكی سەما و دانسم كرد، بەڵام هیچ شوێنێك نەبوو بۆ ئەوەی تواناكانی خۆی نیشان بدەم و هەر لە ماڵەوە و لەبەر ئاوێنە سەمام دەكرد، یاخود گەر چالاكیەكی هونەری لە شارەكەماندا بكرایە كە شارێكی بچوكە بەشداریم تێدا دەكرد، بەڵام هەمیشەم باوەرم وابوو كە گەر لەسەر كارێك بەردەوام بیت و بێ‌ هیوا نەبیت، ئەوا دەتوانیت بە ئاواتەكانت بگەیت"

بەوتەی مزگێن سەرەتای سەركەوتنی ئەو بۆ بەشداری لە پرۆگرامێكە مۆزیكی بەناوبانگی سویدی دەگەڕێتەوە، كە لە ساڵی 2008 بەشداری كێبڕكێكەی كردووەو توانیویەتی لە نێوان 20 بەشداربوی كۆتایدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت، كە ئەوەش كرانەوەی مزگێن بووە بە ڕووی كاری هونەریدا وەك خۆی ئاماژەی پێدەدات.




مزگێن باس لە گەشتەكەی خۆی بۆ ئەمریكا و سەرەتای بەجیهانی بونی خۆی دەكات، ئەو دەڵێت"هەموو كات بەخۆمم دەوت كە دەبێت كارێكی گەورە لە ژیانمدا بكەم، بۆ ئەوەش هەموو كات هەوڵمدەدات، تا دواتر لە گەڵ هاوڕێیەكی نزیكمدا بەناوی ئۆسكار ئەندریوس كە ئەویش دەیوست كۆمپانیایەكی موزیك لە سوید دابمەزرێنێت، لە ساڵی 2013 بۆ كارێكی هونەری چوینە ئەمریكا، هەربۆیە دواتر ئەو وەك بەرهەمهێن كارەكانی بۆ ئەنجام دەدام.

مزگێن باسە لە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی كلیپەكەی خۆی دەكات و دەڵێت"كاتێك ویستمان ئەو كارە ئەنجام بدەین و بەرهەمەكە بەرهەمبهێنین، ئاستەنگێكی زۆرمان هاتە بەردەم، بەڵام من وتم تا بەرهەمەكە تەواو نەبێت لە ستۆدیۆ ناچمە دەرەوە، كە ئەو كات ئەوان وەك شێت تەماشایان دەكردم، بەڵام دواتر كارەكەشمان ئەنجام داو سەركەوتنێكی زۆریشی بەدەستهێنا، چونكە موزیك بەلای منەوە هەر خەونێكی ژیانم نیە، بەڵكوو هەموو ژیانمەو هیچ شتێكیش ناتوانێت رێگری ئەوەم لێبكات كە ئەوەی دەمەوێت بیكەمە ڕاستی"
مزگێن دەڵێت"تاكەشتێك كە لە ژیاندا كۆتای نییە خەیاڵە، بۆیە هیچ كات نابێت بترسین لەوەی كە دەمانەوێت بكەین و ئەنجامی بدەین، ئەگەر شتێكمان بوێت دەبێت خۆمان بچین و بەدەستی بهێننین، چونكە هیچ كەسێك بۆمان ناهێنێت، رەنگە لەو رێگەیەدا كەسانێك هەبن كە یارمەتیمان بدەن، بەڵام تاكەكەسێك كە بەڕاستی بتوانێت بۆ هەر شوێنێكت ببات كە ئەتەوێت ئەوە تەنها خۆتیت"






ئه‌م بابه‌ته 4506 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:08:27/08/2015