به‌هادین نوری: نانیان بڕیوین

به‌هادین نوری: نانیان بڕیوین

خێزان - هێمن خۆفیا

له‌ دیمانه‌یه‌كدا  له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ری خه‌ڵك هونه‌رمه‌ند به‌هادین نوری باس له‌ ناله‌باره‌ی دۆخی هونه‌ری ده‌كات له‌ كوردستان و ڕه‌خنه‌ش له‌ نه‌بونی هۆڵی گونجاو ده‌گرێت بۆ كاره‌كانیان.

خێزان: تا چه‌ند گرنگیدانی حكومه‌ت به‌ هونه‌رمه‌ندان له‌ ئاستی پێویستدایه‌؟

به‌هادین نوری:  ئەو كایەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕی لێنەداوەتەوە هونەر و هونەرمەندان بووە، هونەرمەند لە هەرێمی كوردستان هەرگیز ئاسودەنابێ و ئاسودەش نەبووە، هونەرمەند هەیە كرێكارە و زۆربەیان كاری دووهەم و سێهەمیان هەیە، ئەمەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە هونەر لە كوردستان كەس ناژێنێت.

خێزان: ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوریه‌ تاچه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاره‌كانتان هه‌بووه‌، كار و چالاكیه‌كانی ئێوه‌ چۆن بوو؟ 

به‌هادین نوری: 
كاری هونەری بە گیرفانی بەتاڵ ناكرێت، لەكاتێكدا لەسەدا 95 ی هونەرمەندانی كوردستان بەمشێوازە كاردەكەن، گەر بێت و باس لە كێشەكانی دیكەش بكەین و لە سفرەوە دەستپێبكەین كۆتاییەكەشی هەر دەبێتەوە بە سفر، جگه‌ له‌ كێشه‌ی دارایی ئه‌وه‌ ماوەی زیاد لە شەش مانگە دەقمان ئامادەیە، بەڵام بەهۆی نەبونی هوڵەوە كارەكانمان ڕاگرتووە و نمایش نەكراوە، زیاد لە 15 شانۆنامەشیان هەیە و لە دۆڵابێكدا قفڵیان لێدراوه‌، چونكە لە شارێكی وەك سلێمانی دوو هۆڵی سینەما هەیە، شانۆش تەنها مەگەر لەماڵی خۆماندا پێشكەشی بكەین و جێگای نمایش نییە، جگه‌ له‌وه‌ی كاتی خۆی ڕێزلێنانێك هەبوو كە هونەرمەندان پێی دەبووژایەوە، بەڵام ئەوەشیان بڕی كە نانی هونەرمەندان بوو.


خێزان: هیچ كارو پرۆژه‌یه‌كی نوێتان نییه‌؟
به‌هادین نوری: لەئێستادا سەرقاڵی درامایەكی ئامۆژگاری نوێین كەلە هەر زنجیرەیەكدا باس لە شتێك دەكات و شەوانی ڕەمەزان نمایش دەكرێت.






ئه‌م بابه‌ته 2431 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:54:06/05/2015