سۆنیا به‌یتوشی: ده‌بێت سایزی جه‌ستم 32 یان 34 بێت

سۆنیا به‌یتوشی: ده‌بێت سایزی جه‌ستم 32 یان 34 بێت

خێزان

له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ری خه‌ڵك، سۆنیا به‌یتوشی كچه‌ دیزانینه‌ر و نمایشكاری جلوبه‌رگی كورد، باس له‌ نوێترین پرۆژه‌ی خۆیده‌كات و نهێنی رێكی له‌ش و لاری و ئه‌و رێكارانه‌ی ده‌یگرێته‌ به‌ر ئاشكرا ده‌كات.


خێزان:  وه‌ك ده‌زانین له‌ ماوه‌ی ڕابردودا دیزاینی جلی پێشمه‌رگه‌تان به‌رهه‌مهێنابوو، ئه‌و كاره‌ پێشوازی باشی لێكرا؟

سۆنیا : دیزاینی جلوبه‌رگی پێشمەرگەم بۆ رێزگرتن لە ناوی پێشمەرگەو ژنی پێشمەرگە بەرهەمهێنا، ئەو پێشوازیە زۆرەی لەو دیزاینەش كرا بەهۆی منەوە نەبوو بەڵكوو بەهۆی ناوی پیرۆزی پێشمەرگەو جلوبەرگەكەیەوە بوو، لەو كارەشدا هیچ مەبەستێكی ماددیم نەبوو، تەها بۆ خزمەتكردن بە ناوی پێشمەرگە ئەنجاممدا.




خێزان:  تۆ كاره‌كانت  بۆ چ كۆمپانیایه‌ك ئه‌نجام  ده‌ده‌یت؟ ئایا ئه‌و ستایلی جلوبه‌رگه‌ت كه‌ دروستی ده‌كه‌یت له‌كوێ زیاتر فرۆشیان هه‌یه‌؟

سۆنیا : من كارەكانی خۆم دەدەمە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ و ئەوانیش بەناو و لۆگۆی منەوە بەرهەمی دەهێنن و لەچەندین وڵاتی ئەوروپا و ئاسیاش بەرهەمەكان فرۆشان هەیە، هەرچەندە تا ئێستا جلوبەرگەكانم نەهێناوە بۆ كوردستان، بەڵام بەنیازم بەمنزیكانە بڵاویان بكەمەوە.

خێزان:  بیرۆكه‌ی جلوبه‌رگه‌كانت له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟
سۆنیا : بیرۆكەكانم لە سروشتەوە دێنم و هەر دیزاینێكی نوێ‌ بەمێشكمدا بێت، ڕاستەوخۆ لەسەر كاغەز دەیكێشمەوەو دواتر گەر زانیم گونجاوە بەرهەمیان دەهێنم.




خێزان:  تا چه‌ند پێتوایه‌ كاری دیزاینی جلوبه‌رگ له‌ كوردستان ناسراوه‌و خه‌ڵك گرنگی پێده‌دات؟
سۆنیا : بەداخەوە لە كوردستان خەڵك لە ژێر كاریگەری دیزاین و كلتوری بێگانەدایەو هیچ بەرهەم و دیزانێكی خۆماڵیمان نییە، ئێمە دەبێت لە داهاتودا شتێكمان هەبێت كە خۆمان وەك كورد خاوەنی بین و نەڵێین كە هەر نەوتمان هەیە، بۆیە دەبێت لە هەموو بوارێكدا داهێنانمان هەبێت، بۆ ئەوەی كوردستانیش لە داهاتودا پێویستی بە جلوبەرگی هیچ وڵاتێك نەبێت پێویستە گرنگی بە دیزان و بەرهەمی خۆماڵی بدەین، ئەو كاتە دەرفەتێكی كاری بەرفراوان بۆ گەنجانیش دێتە كایەوە، من ئێستا بۆخۆم گەر حكومەتی هەرێم هاوكاریم بكات ئامادەم كۆمپانیای جلوبەرگ بە ماركەیەك كە خاوەنەكەی كوردبێت دابمەزرێنم و بەرهەمەكانیشمان لە وڵاتانی ئەوروپاش بفرۆشرێن و جلوبەرگ لە كوردستانەوە بچێتە ئەوروپا.


خێزان:  تۆ به‌و پێیه‌ی خۆت ڕیكلام بۆ دیزاینه‌كانت ده‌كه‌یت، ده‌كرێت وه‌ك نمایشكارێكی جلوبه‌رگیش بناسرێیت! بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تا چه‌ند گرنگی به‌ جه‌سته‌ت ده‌ده‌یت؟

سۆنیا : بەدڵنیایەوە بۆ نمایشكاری جلوبەرگ باڵاو جەستەو سایز زۆر گرنگە، بەڵام ئەوەش تەنها بەوە نابێت كە نان نەخۆیت، بەڵكوو پێویستە بە وەرزشكردن ئەو ئامانجە بهێنیتە دی، جەستەی كەسی نمایشكار پێویستە لاواز بێت تا جلوبەرگەكە جوانتر دەربكەوێت، لە كاتێكدا لە جەستەی قەڵەودا زیاتر جەستەكە دەردەكەوێت، ئەوەش ستانداردێكی جیهانییە كە هەموو نمایشكارێكی جلوبەرگ دەبێت سازیان 34 یاخود 32 بێت.



خێزان:  ئه‌و خواردن و وه‌رزشانه‌ چیه‌ كه‌ رۆژانه‌ئه‌نجامی ده‌ده‌یت بۆ رێكی له‌ شو لارت؟

سۆنیا : من رۆژانە بەبەردەوامی وەرزشی فیتنس ئەكەم و خواردنیش گرنگی بەوە دەدەم هەموو ڤیتامینە پێویستەكان بخۆیم، بەتایبەت لە نانی بەیانیدا كە گرنگترین نانە بەلای منەوە، چونكە كەسێك كە نانی بەیانی دەخوات، دواتر بۆ نیوەڕۆ و ئێوارە كەمتر دەخوات و جەستەی رێك دەبێت.

خێزان:  ئایا ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ی كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك روتن، له‌ ئێران كێشه‌یان بۆ دروستنه‌كردویت؟
سۆنیا : نەخێر، چونكە من كارم بە سیاسەتەوە نیەو سەرقاڵی پیشەكەی خۆمم بەتەنها.
 
 



ئه‌م بابه‌ته 3071 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:41:20/04/2015