کریستیانۆ: بۆ ئەوە دروست بووم کە باشترین بم لەجیهاندا و لەخۆبایی بوونم بەشێکە لەسەرکەوتنم
    
کریستیانۆ: بۆ ئەوە دروست بووم کە باشترین بم لەجیهاندا و لەخۆبایی بوونم بەشێکە لەسەرکەوتنم


خەڵک – موندۆ دیپۆرتیڤۆ

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەفسانەی نوێی پورتوگال و ئەستێرەی یانەی شاهانەی مەدرید چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی "موندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی کەتەلۆنی ئەنجام دەدات و تیایدا باسی چەندین مەسەلەی تایبەت بەژیانی خۆی دەکات، لەوەڵامەکانیدا دووپاتیدەکاتەوە، ئەوانەی نزیکن لێیەوە باشتر دەیناسن و ئەو لەخۆبایی بونەی باس دەکرێت لەبارەیەوە بەشێکە لەو زنیجیرە سەرکەوتنەی لەجیهانی تۆپی پێدا بەدەستی هێناوە.

بۆچی بەردەوام لەژیانی تایبەتیتدا دووچاری رەخنە دەبیتەوە؟

ناکرێت بەو شێوە بژین کە خەڵک بیری لێدەکەنەوە، ناکرێت لەم ژیانەدا بژین و هەموو خەڵکیش ڕازی بکەین، هەست بەخۆشحاڵی دەکەم کاتێک یاریدەی خەڵکانی تر دەدەم، ئەوەی ڕەخنەم لێدەگرێت باش نامناسێت، ئەو ژیانەی بەتەنها و دوور لەخێزانەکەم بەسەرم بردووە فێری زۆر شتی کردم، هەروەها کە بوم بە باوک تێڕوانینم بۆ ژیان تەواو گۆڕا.

هەندێک دەڵێن تۆ کەسێکی لەخۆبایی و هەڵەشەیت، وەڵامت چییە؟

خەڵکانێک هەن ڕقیان لێمە و بە کەسێکی هەڵەشە و لەخۆبایی وەسفم دەکەن، بەڵام ئەوە شتێکی ئاساییە خەڵکانێک هەبن ڕقیان لێمبێت، ئەوانە دژە سەرکەوتنن و بۆ کەسێکی وەک من ئاساییە کە دروستبووم بۆ ئەوەی باشترین بم لەجیهاندا و ئەوەش بەشێکە لەسەرکەوتنەکانم، هەرچییەک لەتۆپی پێ بەدەستم هێناوەو ئێستا هەمە بەڵگەیە لەسەرئەوەی من کەسێکی باشم، لەبەرئەوە کەس بۆی نییە داوام لێبکات گۆڕانکاری لەخۆمدا بکەم، شەوانە کە سەر دەخەمە سەر سەرینەکەم ویژدانم ئاسودەیە.

لەدوای ڕووبەڕوبونەوەکان چۆن کاتەکانت بەسەر دەبەیت؟

پاش یارییەکان کاتێکی خۆش بەڕێدەکەم، لەگەڵ خێزانەکەم و هاوڕێکانم سود لەوکاتانە وەردەگرم و بەخۆشی بەڕێیدەکەم، چونکە ئەوە بەردەوام خەونی منە کە لەگەڵ خێزانەکەم یاخود هاوڕێکانم بم، ژیانم زۆر ئاساییە، شەوانە کە دەچمە سەر جێگاکەم ویژدانم ئاسودەیە، چونکە هەموو ئەوانە ئەنجام دەدەم کە پێویستە لەسەرم بیکەم، دەشزانم خودا زۆری پێداوم و زۆر لەوە زیاتر کە شایستەی منە، خۆشحاڵیشم کە سود لەو داهاتە وەردەگرم و لەتوانامدایە یاریدەی ئەوانە بدەم کە پێویستیان پێمە.

بیرت لەوە کردۆتەوە کە لەدوای وازهێنان چ کارێک بکەیت؟

چەند ساڵێکم ماوە لەدونیای تۆپی پێدا و دەمەوێت بەخۆشی و سەرکەوتویی بەڕێیان بکەم، لەدوای ئەوە وەک پادشا دەژیم، لەدوای وازهێنان زیاتر تاموچێژی ژیان دەکەم، ئەوکات هەلی تەواوم دەبێت ئەو کارانە بکەم کە حەزم پێیانە، بەتەماش نیم هیچ کارێک بکەم کە پەیوەندی بە تۆپی پێوە هەبێت، نە کاری ڕاهێنان نە سەرۆکی یانە، تەنها دەمەوێت بەتەواوی تاموچێژ لەکاتەکانم وەرگرم.

سوپاس بۆ تەرخان کردنی ئەم کاتە بۆ ڕۆژنامەکەمان...

بەخۆشحاڵییەوە، سوپاس بۆ ئێوەش ....

PM:08:36:03/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 2999 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com