کریستیانۆ ١٢ یانەی خەجاڵەت کرد و سێ لەچوار نهێنی گەورەی ئاشکرا کرد
    
کریستیانۆ ١٢ یانەی خەجاڵەت کرد و سێ لەچوار نهێنی گەورەی ئاشکرا کرد
خەڵک

شەوی ڕابردوو کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی توانی لەکۆی هەشت گۆڵ، چوار گۆڵ لەیانەی مالمۆی سویدی بکات و ژمارەی گۆڵەکانی لە خولی یانە پاڵەوانەکان بگەیەنێتە (١١).

بە ١١ گۆڵەوە ناوی "دۆنی پورتوگال"ی بە ئاڵتون لەمێژووی "چامپیۆنز لیگ" نوسییەوە وەک گۆڵکاری مێژویی قۆناغی کۆمەڵەکان، جگە لەوەیش لوتکەی ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووەو جیاوازیی ژمارەی گۆڵەکانیشی لەگەڵ خاوەنی پلەی دووەم فراوان کرد، ئەوەی کە لەڕیکۆردەکە گرنگتر بوو، ژمارەی ئەو یانانە بوون کە نەیانتوانی لەقۆناغی کۆمەڵەکاندا هێندەی گۆڵکارە پورتوگالییەکە گۆڵ تۆمار بکەن! کە پێکهاتون لە یانەکانی (شاختار، مالمۆ، ڤۆلفسبۆرگ، مان یونایتد، سیسکا مۆسکۆ، ئایندهۆڤن، بەنفیکا، گەڵاتەسەرای، ئاستانا، یوڤانتۆس، مونشنگلادباخ، سڤیلیە).

ڕاستەوخۆش دوای یارییەکە لەچاوپێکەوتنێکی خێرادا وەڵامی سێ لەچوار پرسیاری کەڵەکەبوی ڕۆژنامەکانی دایەوە کە بەنهێنی وەرز هەژمار دەکرێن.

پ/ چرپە چرپەکەی لوران بلان چی بوو؟ ڕیاڵ بەجێدەهێڵیت؟
ئەوە تەنها لێکدانەوەی ڕۆژنامەکانە، هەموو ساڵێک ئەم بەزمە ڕوودەدات، هاندەرانیش لەسەری ڕاهاتون و هەمیشە باسی ڕۆیشتنی کریستیانۆ دەکەن، بەڵام یانەی ڕیاڵ مەدرید بەردەوام یاریدەدەرم بوون و لێرە زۆر خۆشحاڵم (واتا ناڕۆم).

پ/ گوێت لێبو هاندەران فیکەیان بۆ ڕافا بینیتێز لێدەدا؟ دەزانیت بەردەوام ڕەخنەی لێدەگیرێت؟
زۆر تێبینیم نەکرد، شتەکە کتوپڕ ڕویدا، نازانم چی ڕویداوە؟ چونکە من هیچ کێشەیەک نابینم، هاندەران ئازادن چۆن ڕای خۆیان دەردەبڕن بەوشێوەیەی کە حەزیان پێیەتی، بەڵام ڕاهێنەرەکەمان کارێکی باش دەکات و لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید خۆی ڕاهێناوە، پێویستە کاتی زیاتری پێبدەین، هەلی زیاتری پێویستە، بەڕای من بەشێوەیەکی باش کارەکانی بەڕێدەکات، ئاساییە یانەیەکی گەورەی وەک ڕیاڵ مەدرید بەردەوام دوچاری ڕەخنە ببێتەوە، بەڵام ئێمە بەرەو باشبون دەچین و پێنج سەرکەوتنی لەدوا یەکمان تۆمار کردووە".

پ/ بەدوای ڕیکۆردەکان کەوتویت و ئەمشەو مێژوویەکی نوێت تۆمار کرد..
من دوای ڕیکۆردەکان نەکەوتوم، ڕیکۆردەکان بەدوای منەوەن.

پ/ لەسەرەتای وەرزەوە، یاخود بڵێێن بەشێوەیەکی گشتی لەم وەرزەدا ئاستت دابەزیوە؟
بەڵێ لەژێر ئەو ئاستە ئاساییەوە بووم کە من هەمیشە پێشکەشم کردووە، چونکە ڕوداوی ناخۆش لەژیانی تایبەتیم لەدەرەوەی یاریگا ڕویدەدا، لەئێستادا خۆشحالم بەوکارەی کە دەیکەم و ئەو ئاستەش کە نیشانی دەدەم، بەڵام لەسەرەتای وەرز چەند کێشەیەکی خێزانیم لەدەرەوەی یاریگا بۆ دروست ببو کاریگەریان لەسەرم دروست کردبو، وردەکاری ئەو کێشانە ئاشکرا ناکەم، چونکە تایبەتن و ئەو مەسەلەیە بۆخۆم بەجێدەهێڵم.
PM:02:55:09/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 3653 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com