پێشمەرگەی هەولێر راهێنەری گۆڵپارێزی دەست نیشان كرد
    
پێشمەرگەی هەولێر راهێنەری گۆڵپارێزی دەست نیشان كرد

مەسعود حەسەن

یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە فەرمی لەگەڵ كاوە ئیبراهیم گەیشتە رێكەوتن بۆ ئەوەی ناوبراو ببێتە راهێنەری گۆڵپارێزی یانەكە لە چوار گۆشەی زێڕینی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان.

پشتیوان رەشید بەرپرسی راگەیاندنی یانەكە لە ئەكاونتی خۆی لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك، هەواڵەكەی وەشان كردووە و دەڵێت: یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئەمرۆ لەگەڵ كاوە ئیبراهیم گەیشتە رێكەوتن و ناوبراو بەشێوەی خواستن تەنها لە یارییەكانی چوار گۆشەی زێڕینی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان دەبێتە راهێنەری گۆڵپارێزان.

ناوبراو تیشكی خستە سەر ئەوەی دەستەی كارگێری یانەی پێشمەرگەی هەولێر سوپاسی یانەی هەولێری كردووە كە لارییان نەبوو لەسەر گواستنەوەی ناوبراو بۆ یانەكەمان.

ئەمەو یانەی پێشمەرگەی هەولێر ماوەیەكی زۆری بێ راهێنەری گۆڵپارێزە، چونكە لە یەكێك لە یارییەكانی یانەكە لە بەرامبەر یانەی برایەتی، راهێنەری گۆڵپارێزی یانەكە عەبدولخالق كاكول هێرشی كردە سەر ناوبژیوان، دوای یارییەكە یانەكەی بریاری دوور خستنەوەی دا و یەكێتی تۆپی پێی كوردستانیش تا هەتایە ئەو راهێنەرەی سڕ كرد.

شایەنی باسە كاوە ئیبراهیم راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی هەولێرە و ئەزمونی زۆری لە كاری راهێنەرایەتی هەیە، پێشتر وەكو راهێنەری لەگەڵ چەندین یانە لە دەرەوە ناوەوەی كوردستان كاری كردووە.
PM:11:11:10/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 8385 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com