من زلاتانم: له‌خۆشی بۆنده‌که‌ی ئه‌یاکس هاوارم کرد و دایکم لێم توڕه‌بوو

من زلاتانم: له‌خۆشی بۆنده‌که‌ی ئه‌یاکس هاوارم کرد و دایکم لێم توڕه‌بوو


وه‌رگێڕانی/ کاروان که‌ریم مه‌حمود

له‌به‌شی دوانزه‌یه‌می کتێبه‌که‌ی من زلاتانمدا باسی گرنگی پێدانی یانه‌ی ئه‌یاکسمان کرد به‌ زلاتان ئێبراهیمۆڤیچ، له‌م به‌شه‌شدا به‌هه‌مان شێوه‌ باسی ئه‌م ڕووداوه‌ نوێیانه‌ ده‌که‌ین که‌ به‌سه‌ر پیشه‌گه‌ربونی ئه‌ستێره‌ ناوداره‌که‌ دێت.

ئێبرا ده‌رباره‌ی دڵه‌راوکێی به‌رێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌ی ئه‌یاکس بۆمان ڕونده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت : ئه‌م به‌رێوه‌به‌ره‌ ده‌یویست یاریزانێک بۆ یانه‌ی ئه‌یاکس بدۆزێته‌وه‌، یاریزانێکی باڵا به‌رزو و خاوه‌ن جه‌سته‌یه‌کی به‌هێز و له‌ هه‌مان کاتدا به‌هره‌دار بێت و گۆڵی جوانیش تۆمار بکات، ئه‌م کابرایه‌ گێل نه‌بوو و هه‌ستی به‌وه‌ ده‌کرد که‌ ئه‌وانه‌ی له‌ یاریگا دانشتبوون چاودێری منیان ده‌کرد و نرخ و به‌های منیان ده‌زانی و بینیان که‌ چۆن گۆڵ تۆمار ده‌که‌م و به‌ چ شێوه‌یه‌ک یاری ده‌که‌م، ئه‌و له‌وه‌ ده‌ترسا که‌ بۆندێکی باشم بۆ بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو (لیۆ بینهاکه‌ر) به‌رێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌ی ئه‌یاکس بریاریدا راسته‌وخۆ بۆندم پێشکه‌ش بکات ..

ئه‌و له‌ شوێنه‌که‌ی خۆی هه‌ستا و ڕاسته‌وخۆ چووه ‌لای "هاس بۆرگ و پێی وت: من ده‌مه‌وێ ئه‌و لاوه‌ ببینم گه‌ر بۆ یه‌کجاریش بێت، خۆت ده‌زانیت که‌ تۆپی پێ ته‌نها به‌ یاریزانێک نابه‌سترێته‌وه،‌ به‌لکو په‌یوه‌ندی به‌ که‌سایه‌تی یاریزانه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ که‌ یاریزانێکی سه‌رکێشه‌، به‌ڵام له‌رووی ره‌وشته‌وه‌ پێناچێت زۆر باش بێت و وه‌ هه‌روه‌ها یاریزانێکی پابه‌ندیش نیه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زلاتان ئه‌و یاریزانه‌یه‌ که‌ من ده‌مه‌وێت.

هاس بۆرگی به‌رێوه‌به‌ری کاره‌کانم وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: نازانم چۆن ده‌بێت وه‌ ناشزانم که‌ من چیم پێ ده‌کرێت ؟ به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ کاتێکی گونجاو نه‌بێت له‌ئێستادا بیبینی، چونکه‌ کۆمه‌ڵێک چالاکیمان هه‌یه‌ ده‌بێت ئێمه‌ پێی هه‌ڵبستین، ئێبراهیمۆڤیچ ده‌یه‌وێت بچێته‌ قۆناغێکی پێشکه‌وتوو، له‌ کاتی ئێستادا بلیتی سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌سته‌ و ده‌یه‌وێت ئه‌م هه‌له‌ بقۆزێته‌وه‌ و هه‌موو کارته‌کانی به‌کار بهێنێت، پێی بڵێم چی؟ ئه‌وه‌ چی ده‌ڵێیت؟ زلاتان یاریزانێکی لاوه‌ و ئێمه‌‌ له‌ سه‌ربازگه‌یه‌کی مه‌شقین، بێگومان ئێستا کاتیه‌تی، وابزانم هاس بۆرگ وای وه‌لام دایه‌وه‌...

له‌ کۆتاییدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێک که‌وتین که‌ کۆ ببینه‌وه‌ له‌و هۆتێله‌ی که‌ تایبه‌ت بو به‌ شوێنی پشودانی یاریزانه‌کانی ئه‌یاکس که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ شوێنی راهێنانه‌کان دوور بوو.

به‌ره‌و هۆتێل بۆ ڕێکه‌وتنی سه‌ره‌تایی

به‌ ئۆتۆمبێل رۆشتین له‌ ماوه‌ی رێگه‌که‌دا "هاس بۆرگ" گرنگی ئه‌و بۆنده‌ی بۆ رون کردمه‌وه‌ و باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ چه‌ند گرنگه‌ ره‌وشتت ئه‌رێنی و باش بێت و خاوه‌ن هه‌ڵسوکه‌وتێکی گونجاو بیت، منیش به‌ هێمنی دانشتبووم و گوێم لێده‌گرت و له‌ناخیشه‌وه‌ پرسیارم له‌خۆم ده‌کرد: ئه‌یاکس بۆندم له‌گه‌ل مۆر ده‌کات؟ به‌لێ ، بێگوومان ئه‌وه‌ کارێکی جوانه‌، هه‌ندێک کات من توره‌ ده‌بم و هه‌ست به‌ شڵه‌ژان ده‌که‌م، به‌ڵام ڕانه‌هاتوم هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ل بیانیه‌کان بکه‌م وه‌ک ئه‌و بۆنده‌ گه‌ورانه‌ی که‌ یاریزانه‌کان مۆر ده‌که‌ن، ده‌توانم گۆڵی وا تۆمار بکه‌م که‌ جیهان سه‌رسام بێت پێی و به‌ ئه‌فسانه‌ی یاری کردن ناوم بهێنن.

گه‌یشتینه‌ هۆتێله‌که‌ و چوینه‌ ژووره‌وه‌ کۆمه‌ڵێک پیاوانی یانه‌ هۆڵه‌ندییه‌که‌ له‌وێ بوون و پێش ئه‌وه‌ی هه‌ندێ قسه‌ی وه‌ک چۆنی چاکی و ئه‌مانه‌ بکه‌ین تۆزێک قسه‌ی خۆشمان کرد، منیش پێده‌که‌نیم من ده‌مویست ببمه‌ که‌سایه‌تیه‌کی جوانی وه‌رزشیی و ببمه‌ یاریزانێکی باش و نایاب، ئه‌و کاره‌ش کارێکی گران و جدی ده‌وێت ته‌نها به‌قسه‌ ناکرێت، ئه‌وه‌ ته‌نها وه‌ک شانۆگه‌ریه‌کی بچوک وابوو که‌ هه‌مومان تێیدا ده‌رکه‌وتبوین، سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بوایه‌ کارێکی زۆر گران ئه‌نجام بده‌یت.

له‌و کاته‌دا زۆرینه‌ی ‌به‌رپرسه‌کانی ئه‌یاکس ده‌یانپرسی، ئێبرا کێیه‌؟؟ پێش هه‌مویان لیۆ بینهاکه‌ر ڕونیکرده‌وه‌و هیوای به‌ من به‌خشی و پێی وتم: ئه‌گه‌ر تۆ یه‌کجار یاری له‌گه‌ڵ من بکه‌ی من دوو جار یاریت له‌گه‌ڵ ده‌که‌م، زۆر به‌وه‌ سه‌رسام بووم، له‌ڕاستیدا ئه‌و شێوازی‌ قسه‌کردنه‌م زۆر‌ به‌دڵ بوو و چاوه‌کانی بینهاکه‌ر ده‌گه‌شانه‌وه،‌ به‌ڵام بێگومان له‌گه‌ڵ پیاوه‌کانی هه‌موو شتێکی له‌سه‌ر من ده‌زانی وه‌ک ئه‌و یارییه‌ وابوو له‌ له‌سه‌ر شه‌قامی "ئه‌نداستریگاتان"( ئه‌و یارییه‌یه‌ ‌که‌ پۆلیسه‌کان به‌دوای پیاوه‌ پیره‌کان ده‌گه‌رێن ).

له‌و کاته‌دا ئه‌وه‌م نه‌بیست که‌ پێشبینیم ده‌کرد، به‌ڵام وا هه‌ستم ده‌کرد که‌ قسه‌کانی وه‌ک ئاگادار کردنه‌وه‌یه‌ک وایه‌ بۆ من و هه‌رچۆنێک بێت پاش 15 خوله‌ک گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ هۆتێل، له‌و کاته‌دا هه‌وڵم ده‌دا که‌ زۆر ئارام و له‌سه‌ر خۆ بم.

ئێبرا ده‌ڵێت: ئێمه‌ یارییمان هه‌بوو و وه‌ بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانانیش به‌رده‌وام بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا فێری زۆر شتی نهێنی بووم، زانیم که‌ی پێویسته‌ بێده‌نگ بم و چ کاتێکیش ده‌بێت جه‌نگ بکه‌م، به‌ڵام به‌ ئاسانی خۆم رانه‌ده‌گرت، چونکه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هیچم نه‌ده‌زانی .. ته‌نها منداڵێک بووم و حه‌زم له‌ یاری تۆپی پێ بوو و پاش ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ش که‌ ئه‌نجامماندا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک گوێم له‌ وشه‌ی ئه‌یاکس نه‌بوو.

گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، ڕۆژێکیان چومه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پیاسه‌یه‌ک به‌ سه‌یاره‌ مرسیدس کابورلێته‌‌ ره‌نگ شینه‌که‌م بکه‌م ... هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م سه‌یاره‌یه‌ ئه‌وه‌ نه‌بوو که‌ من حه‌زم لێی بوو، به‌ڵام هه‌ر باش بوو تا ده‌گه‌شتم به‌وه‌ی که‌ ده‌مه‌وێت، ئه‌و ده‌رچونه‌م ته‌نها پیاسه‌یه‌ک بوو بێ ئه‌وه‌ی شوێنیک ده‌ستنیشان بکه‌م، ڕۆیشتم و ته‌نها سه‌یاره‌م لێده‌خوڕی له‌سه‌ر شه‌قام و هه‌ستم به‌وه‌ ده‌کرد که‌ من گه‌نجێکی زۆر باشم، له‌ کورسیه‌که‌ی پشته‌وه‌شم تۆپێکی لێ بوو، به‌و تۆپه‌ راهێنانم ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌ره‌کانم زیاتر ببێت، ئه‌و رۆژه‌ ته‌نها رۆژێکی ئاسایی بوو له‌ مالمۆ .

چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک مابو بۆ ده‌ستپێکردنی خولی سویدی و له‌گه‌ل هه‌لبژارده‌ی سویدی خوار ته‌مه‌ن 21 ساڵ یاریم ده‌کرد، به‌ڵام ته‌نها چه‌ند یه‌که‌یه‌کی مه‌شق کردن بوو بۆ خۆئاماده‌کردن و له‌و ماوه‌یه‌دا من ته‌نها مه‌شقم ده‌کرد و له‌گه‌ڵ هاورێکانم ده‌رده‌چوم بۆ ده‌ره‌وه‌ و یاری پله‌یسته‌یشنم ده‌کرد، به‌ڵام دواتر مۆبایله‌که‌م زه‌نگی لێدا، که‌ هه‌ڵمگرت(هاس بورگ) بوو، لای من ئاسایی بوو، چونکه‌ زۆر جار به‌ مۆبایل قسه‌مان ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌وجاره‌ ده‌نگی تۆزیک سه‌یر بوو و له‌ته‌له‌فونه‌که‌ به‌ منی وت: ئایا تۆ سه‌رقاڵی؟ من نه‌مده‌توانی پێی بڵێم که‌ سه‌رقاڵم، که‌چی ئه‌و به‌رده‌وام بوو و چه‌ند جارێک وتی: تۆ ئاماده‌یت ؟؟ تۆ ئاماده‌یت ؟

زلاتان: چی هه‌یه‌؟

هاس:وه‌ره‌ ئێره‌؟

زلاتان: بێمه‌ کوێ؟

هاس: وه‌ره‌ بۆ هۆتیلی جورجین و ئێمه‌ چاوه‌رێت ده‌که‌ین

به‌ره‌و داهاتویه‌کی ڕۆشن، به‌ره‌و گرێبه‌ست

به‌هه‌رحاڵ، ئۆتۆمبێله‌که‌م برده‌ ده‌ره‌وه‌و ڕۆیشتم بۆلای و دڵم به‌ شێوه‌یه‌کی خێرا ده‌ستی کرد به‌لێدان وا هه‌ستم کرد له‌ کاره‌که‌ ده‌گه‌م...

گه‌یشتمه‌ لای لێپرسراوی کاره‌کانم "هاس بۆرگ" و ڕاسته‌وخۆ پێی وتم که‌ ده‌مه‌وێت به‌ژماره‌ پیوانه‌یه‌کان بتفرۆشم، بۆ ئه‌وه‌ی ناوت بچێته‌ مێژووه‌وه‌، لێره‌دا یاریزانێکی سویدی هه‌بوو که‌ له‌گه‌ڵ ئارسیناڵ یاری ده‌کرد به‌رامبه‌ر به‌ 40 ملیۆن کرون، ئه‌و کاته‌ بره‌ پاره‌یه‌کی زۆر بوو وه‌ هه‌روه‌ها "جۆن کارۆ"ی نه‌رویجی چووه‌ یانه‌ی ڤالێنسیا به‌ بری 70 ملیۆن که‌ ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌کی پێوانه‌یی بوو منیش هه‌ندێک هیوام هه‌بوو که‌ ئه‌م ژماره‌ پێوانه‌یانه‌ تۆمار بکه‌م، ئه‌ی خوایه‌ گیان ... من ته‌نها ته‌مه‌نم 19 ساڵه‌.

ئێبرا به‌م شێوه‌یه‌ باسی ڕووداوه‌کانی نێو هۆتێل ده‌کات: کارێکی ئاسان نیه‌ که‌ داوای شتێکی وات لێبکرێت، ئێمه‌ منداڵی لادێین و خه‌ون به‌جلی وه‌رزشی ده‌بینین، ڕاسته‌ من له‌ بورگاسکوڵان جلێکی وه‌رزشی جیاوازم هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا درێسی مارکه‌ی نایک له‌به‌ر ده‌که‌م. کاتێک چومه‌ ژوره‌وه‌ی هۆتێله‌که‌ "جۆن ستین ئۆڵسن"م بینی، له‌و کاته‌دا تێگه‌شتم که‌ کاره‌که‌یان به‌ نهێنی کردووه‌،‌ چونکه‌ له‌ ئه‌یاکس زۆرشت به‌ نهێنی ده‌کرا بێ ئه‌وه‌ی که‌س پێی بزانێت، هه‌روه‌ها سیسیلیا ڤێرسۆنم بینی که‌ کچێکی لاو بوو خه‌لکی ڕۆزینگارد بوو، زۆر سه‌رم سوڕما له‌وه‌ی کچێکی وا چی ده‌کات له‌و هۆتیله‌ له‌گه‌ڵ جورجون!! ئه‌و له‌وێ ڕاوه‌ستابوو من و ئه‌و له‌ هه‌مان کۆشک بووین که‌ ئه‌و کچی هاورێیه‌کی دایکمه‌ و یه‌کسه‌ر بیرم که‌وته‌وه‌ کاری ئه‌وه‌یه‌ هۆتێله‌که‌ خاوێن بکاته‌وه‌، واته‌ کارگوزار بوو وه‌ک دایکم، به‌شێوه‌یه‌کی زۆرسه‌یر سه‌یری منی ده‌کرد و ده‌ستی کرد به‌ پرسیار کردن و وتی: زلاتان چی ده‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوانه‌ له‌ هۆتیل؟؟ منیش پێموت: به‌ هیچ که‌س مه‌ڵێ له‌م باره‌یه‌وه‌.

پاشان به‌ ئاسانسۆر "مه‌سعه‌د" چومه‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ ژووری کۆبونه‌وه‌که‌، بینهاکه‌ر و به‌رێوه‌به‌ری ئابوری و بێگومان هاس بۆرگیشیان له‌گه‌ڵ بوو که‌ سه‌یرم کردن راسته‌وخۆ زانیم شتێک هه‌یه‌ و له‌ که‌شه‌وهوای کۆبونه‌وه‌که‌ تێگه‌یشتم، چومه‌ ژووره‌وه‌ و هاس زۆر شڵه‌ژاو و توڕه‌ بوو هه‌موو له‌شی ئاره‌قه‌ بوو و به‌ ساردی وتی: به‌خێر بێیت کوڕی خۆم، من له‌وه‌ زیاتر هیچی تر ناڵێم، ئایا تۆ حه‌ز ده‌که‌ی په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی ئه‌یاکس بکه‌ی؟ ئه‌وان تۆیان ده‌وێت، منیش وه‌ڵامم دایه‌وه‌: بێگومان ئه‌یاکس قوتابخانه‌یه‌کی باشه‌...

له‌کاتی وه‌ڵامه‌که‌مدا هه‌ستم کرد کۆمه‌لێک پێ ده‌که‌نن، به‌ڵام لێره‌دا شتێکی تر هه‌یه‌ که‌ سه‌یر و شاراوه‌یه‌، پاش ئه‌وه‌ بینهاکه‌ر و هه‌موو ئه‌وانی تر ژوره‌که‌یان به‌جێهێشت ته‌نها من و هاس ماینه‌وه‌، له‌و کاته‌دا له‌ خۆم پرسی: ئایا هاس چ هه‌ڵه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وان کردووه‌؟ هاس کۆمه‌لێک وه‌ره‌قه‌ی پێ نیشاندام و پێی وتم: ئه‌مه‌ واژوو بکه‌ ئه‌وه‌ مووچه‌ی تۆیه‌، که‌ سه‌یری په‌ڕه‌کانم کرد بینم موچه‌که‌م مانگانه‌ 160هه‌زار کرونه،‌ بێگومان ئه‌وه‌ بره‌ پاره‌یه‌کی زۆر بوو، به‌ڵام من باش له‌ بازاره‌که‌م نه‌ده‌زانی و پێم وت: ئایا ئه‌وه‌نده‌ باشه‌؟

هاسیش وتی: به‌ نه‌فره‌ت بیت ئه‌وه‌ زۆر ڕوونه،‌ ئه‌و موچه‌یه‌ چوار ئه‌وه‌نده‌ی موچه‌که‌ی خۆته‌، له‌و کاته‌دا به‌ خۆمم وت: باشه‌ ، ئه‌و بێگومان ڕاست ده‌کات، ئه‌وه‌ بره‌ پاره‌یه‌کی زۆره‌ و هه‌ستم کرد که‌ زۆر شله‌ژاوه‌، بۆیه‌ وتم: باشه‌ من واژووی له‌سه‌ر ده‌که‌م، ئه‌ویش وتی: نایابه‌ زلاتان پیرۆزه‌...

هاس چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌که‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵیان کرد ده‌رباره‌ی ڕازیبونی من و پاشان گه‌ڕایه‌وه‌و ئه‌وه‌نده‌ دڵخۆش بوو و نازی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌کرد، وه‌ک ئه‌وه‌ وابوو نازناوێکی جیهانی به‌ده‌ست هێنابێت و له‌م کاته‌دا به‌رێوه‌به‌ری یانه‌ی ئه‌یاکس پێی وتم: تۆ ئێستا یاریزانی ئێمه‌ی و ئۆتۆمبێلێکی مێرسیدست پێشکه‌ش ده‌که‌ین، کابرا به‌دڵخۆشیه‌کی زۆر قسه‌ی ده‌کرد و منیش وتم: واو .... سه‌رسورهێنه‌ره‌، زۆرم له‌سه‌ر بازاری گواستنه‌وه‌ و سه‌یاره‌ کڕین و فرۆشتن نه‌ده‌زانی، وام ده‌زانی ته‌نها شتێکی ساده‌یه‌ و گومانم بۆ هیچ نه‌ده‌چوو، من ته‌نها گوێم ده‌گرت و ئاماده‌ی ئه‌م کارانه‌ نه‌بووم و هه‌ر نه‌مده‌زانی که‌یاریزانانی تۆپی پێ چی به‌ده‌ست ده‌هێنن له‌ ده‌ره‌وی یاریگا و چه‌ند گرنگن بۆ تیپ و وه‌ سیسته‌می باج‌ له‌ هۆله‌ندا،‌ له‌پاڵیشم که‌س نه‌بوو که‌ داواکاری و ئه‌و مه‌سه‌له‌ی گرنگی پێدانه‌م‌ بۆ ڕون بکاته‌وه، وه‌ک وتم‌ من ته‌نها گه‌نجێکی 19 ساڵی خه‌ڵکی ڕۆزینگاردم و هیچ شتێکیش نازانم له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌.

هه‌مان جلم هه‌بوو که‌ سیسیلیا له‌ده‌ره‌وه‌ له‌به‌ری ده‌کرد وه‌ک ده‌شزانن هاس بۆرگ هاورێمه‌ و باوکی دووه‌مه‌، من هه‌ستم به‌وه‌ نه‌کردبوو که‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌کی زۆر له‌و کاره‌ به‌ده‌ست ده‌هێنیت، بێگومان کاتێکی زۆری پێچوو که‌ من له‌و گفتوگۆ و ڕووداوانه‌ تێگه‌شتم که‌ له‌ ژووره‌که‌ ڕوویاندا.

ئێبرا له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: نرخی گواستنه‌وه‌ی منیان دانه‌نابوو تا دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من گفتوگۆیان کرد، بێگومان کرینی یاریزانیش ئاسان ده‌بێت پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یاریزان قسه‌ بکه‌یت و به‌ موچه‌که‌ی ڕازی بێت، ئه‌وه‌ خاڵێکی به‌هێز بوو بۆ ئه‌و یانه‌یه‌ی که‌ یاریزان ده‌فرۆشێت، چونکه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو مووچه‌ی یاریزانه‌که‌ زۆر نه‌بوو ئه‌وه‌ یانه‌که‌ بره‌ پاره‌یه‌کی زۆرتر وه‌رده‌گرێت، منیش ئه‌م کاره‌م به‌ شێوازێکی ئاسایی وه‌رگرت، چونکه‌ له‌و کاته‌دا هیچ شتێکم له‌سه‌ر بازاری گواستنه‌وه‌ نه‌ده‌زانی.

له‌ ژووری هۆتێله‌که‌ چومه‌ ده‌ره‌وه‌ و پڕبه‌ده‌نگم هاوارم کرد، حه‌ماسێکی زۆرم هه‌بوو نازانم هه‌ر شتیک که‌ ده‌یڵێن .. له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ هیچ که‌سێکم نه‌ووت ته‌نها به‌ باوکم نه‌بێت، باوکیشم گومانی له‌ هه‌موو شتێک هه‌بوو، متمانه‌ی به‌ هیچ که‌سێک نه‌بوو منیش ئه‌و بابه‌ته‌م بۆ باوکم به‌جێهێشت و له‌ ڕۆژی دواتر له‌گه‌ڵ هه‌لبژارده‌که‌م بۆ وولاتی "مه‌قدۆنیا" گه‌شتم کرد، چونکه‌ له‌گه‌ل ئه‌و هه‌لبژارده‌یه‌ یاریمان هه‌بوو له‌ پالاوتنی هه‌ڵبژارده‌کانی ئه‌وروپا، ئه‌وه‌ یاری یه‌که‌می من بوو له‌گه‌ل سوید که‌ ئه‌وه‌ش شتیکی گه‌وره‌ بوو بۆ من که‌ بۆچوونی جیاوازم هه‌بوو.

پاش ئه‌وه‌ی گفتوگۆکه‌مان به‌ سه‌رکه‌وتوویی کۆتایی هات دووباره‌ له‌گه‌ل هاس بۆرگ و بینهاکه‌ر کۆبومه‌وه‌، ئێستا کاتی ئه‌وه‌ بوو که‌ بۆنده‌که‌ ئیمزا بکه‌م، به‌ڵام ده‌بوایه‌ کاره‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی نهێنی بوایه‌ تاوه‌کو کاتژمێر 2 شه‌و له‌و کاته‌دا له‌ هۆڵه‌ندا هه‌واڵه‌کان باسیان ده‌کرد، به‌ منیان وت کۆمه‌ڵێک نوێنه‌ری بیانی هه‌ن له‌ هۆڵه‌ندا چاودێری ئه‌وه‌ ده‌که‌ن.

به‌ڵێ، له‌گه‌ڵ ئه‌یاکس بۆندم ئیمزا کرد و هاس بۆرگم بینی و لێم پرسی: به‌ چه‌ند منت فرۆشت؟ ئه‌و وه‌ڵامێکی وای دامه‌وه‌ که‌ هه‌رگیز له‌ بیرم ناچێت، بۆیه لێره‌دا پێویسته‌ دووباره‌ی بکه‌مه‌وه‌ کاره‌که‌ وه‌ک زێر وابوو من وام چاوه‌روان نه‌ده‌کرد، به‌ڵام دواتر زانیم که‌ به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر منیان فرۆشتووه، ته‌نانه‌ت‌ که خۆیشم‌ زانیم سه‌رم سورما! داوای پاره‌یه‌کی یه‌کجار زۆریان کردبوو، بره‌ پاره‌که‌ له‌ سه‌روی بۆندی "جۆن کارۆ" بوو که‌ بریتی بوو له‌ 85 ملیۆن کرۆنی سویدی، بۆنده‌که‌م زه‌به‌لاح بوو، بۆندێک بوو هیچ یاریزانێکی سویدی به‌ده‌ستی نه‌هێناوه‌، نه‌ جۆن کارو نه‌ هێنریک لارسۆن ... لێره‌وه‌ بۆم ده‌رکه‌وت که‌ کاره‌که‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تر ده‌بوو ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ریکلام که‌رێکی باشمان هه‌بوایه.

ته‌له‌فونه‌که‌ی دایکم

بۆ رۆژی دواتر کۆمه‌ڵێک رۆژنامه‌م کڕی، هه‌ر هه‌مویان باسی منیان ده‌کرد، زلاتانی زێرین، زلاتانی نایاب، هه‌موو ده‌یانوت زلاتان ... زلاتان، منیش به‌ خۆشیه‌کی زۆر ده‌مخوێنده‌وه‌، پاش ئه‌و بۆنده‌ له‌گه‌ل هاوڕێکانم "شیبیدیل و کیندی" له‌ باروش له‌گه‌ڵ هه‌لبژارده‌که‌مان هه‌ندێک خواردنه‌وه‌ی گازیمان ده‌خوارده‌وه‌ له‌ یه‌کێک له‌ قاوه‌خانه‌کان و له‌وکاته‌دا چه‌ند کچێک هاتن و به‌ منیان وت: تۆ ئه‌و یاریزانه‌ی که‌ بۆنده‌که‌ت بریتیه‌ له‌ 85 ملیۆن؟ منیش وه‌ڵامم دایه‌وه‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ منم و زه‌نگی مۆبایله‌که‌م هه‌رده‌م لێی ده‌دا و هیچ کات بێده‌نگ نه‌ده‌بوو، هه‌موو ته‌له‌فونیان بۆ ده‌کردم و پیرۆزبایان لێده‌کردم، به‌ڵام یه‌کیکیان ئاگاداری هیچ نه‌بوو و ته‌له‌فونی بۆ کردم: ئه‌ی خوایه‌ زلاتان ئایا تۆ باشی؟ چی رویداوه‌ تۆ ده‌ژی یان مردویت؟ ئه‌وه‌یان دایکم بوو که‌ زۆر ده‌گریا کاتێک وێنه‌ی منی له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌کان ده‌بینی، ئه‌و له‌ ڕووداوه‌کان تێنه‌ده‌گه‌شت، چونکه‌ کاتێک له‌ ڕۆزینگارد بووم هه‌رگیز منی له‌سه‌ر تیڤی نه‌ده‌بینی، ته‌نها له‌ هه‌واڵی خراپ نه‌بوایه‌، منیش پێم ووت : مه‌شڵه‌ژێ، هیچ نیه‌ دایه‌ من زۆر باشم رووداوه‌کان ته‌نها بریتیه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی من بۆ ئه‌یاکس، له‌و کاته‌وه‌ خه‌ریک بوو بته‌قێت له‌ توڕه‌ییا و وتی: له‌به‌ر چی هیچم پێ نالێی؟ ئایا ده‌بێت من له‌ تیڤیه‌کانه‌وه‌ بزانم؟ دواتر ئارام بویه‌وه.

له‌ هۆڵه‌ندا چۆن پێشوازیم لێکرا ؟

بۆ رۆژی دواتر گه‌شتم کرد له‌گه‌ل جون ستین ئۆلسن بۆ هۆله‌ندا و درێسێکی سور و سپیان پێ نیشان دام و زۆر جوانتر بوو که‌ من ده‌مبینی، پاشان کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیان بۆ رێکخستم له‌ ئه‌مسته‌ردام و‌ ده‌یه‌ها رۆژنامه‌نووس و وێنه‌گری لێبوو له‌وێ دانشتبوون، منیش سه‌یرم ده‌کردن و‌ گه‌وره‌ و بچوکیان دڵخۆش دیار بوون.

بۆ یه‌که‌مجار له‌ ژیانم شامپانیام خوارد و له‌و کاته‌شدا بینهاکه‌رم بینی و‌ درێسی ژماره‌ 9 پێدام که‌ تایبه‌ت بوو به‌ ڤان باستن، دواتر کۆمه‌ڵێک له‌لاوه‌کان هاتنه‌ لام فلیمیکیان پێ نیشاندام له‌گه‌ڵ مالمۆ به‌ ناونیشانی بلادارا، پاشانیش چه‌ند وێنه‌یه‌کم گرت له‌گه‌ڵ کۆمپانیای ریکلامی تایبه‌ت به‌ ئه‌یاکس که‌ ناوی "میتسوبیشی" بوو، پاشانیش به‌ درێسه ‌ڕه‌نگ سوره‌که‌مه‌وه‌‌ چومه‌ نێو سه‌یاره‌ و ئه‌و رۆژه‌ وتم: سه‌یره‌ ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌دا رووده‌دا، ئه‌وه‌ی دێ و پیریش ده‌بی بێگومان، ئه‌و رۆژه‌ نه‌مده‌توانی باسی هه‌ستی خۆم بکه‌م هه‌موو شتیک بۆ من چاوه‌روان نه‌کراو بوو، له‌کۆتاییشدا چومه‌ یاریگای ئه‌یاکس و چه‌ند وێنه‌یه‌کم گرت که‌ له‌ وێنه‌کان مه‌ساسه‌م ده‌خوارد بۆ به‌یانیش رۆژنامه‌کان باسی منیان ده‌کرد و باسی دوارۆژی پیشه‌گه‌ری من که‌ له‌م کاته‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات...

لێره‌دا ده‌وه‌ستین و چاوه‌روان ده‌بین که‌ زلاتان چۆن خۆی له‌گه‌ڵ که‌ش و هه‌وای هۆڵه‌ندا و خولی هۆله‌ندی ده‌گونجێنیت...


ئه‌م بابه‌ته 1909 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:55:10/02/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com