من زلاتانم: چوینه‌ ئارسیناڵ و له‌چاو ڤینگه‌ر هه‌ستم به‌ بچوکی ‌کرد، بینهاکه‌ر و ئه‌یاکس وازیان لێنه‌ده‌هێنام

من زلاتانم: چوینه‌ ئارسیناڵ و له‌چاو ڤینگه‌ر هه‌ستم به‌ بچوکی ‌کرد، بینهاکه‌ر و ئه‌یاکس وازیان لێنه‌ده‌هێنام


وه‌رگێڕانی/ کاروان که‌ریم مه‌حمود

له‌ به‌شی دوانزه‌یه‌می کتێبه‌که‌یدا زلاتان باس له‌ یانه‌ی ئارسیناڵ و ئارسن ڤینگه‌ر ده‌کات و ده‌ڵێت: وابزانم هه‌موو شتێک به‌ شێوه‌یه‌کی خێرا ده‌رۆیشت، له‌و کاته‌ی که‌ له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا بووم هه‌رده‌م کێشه‌م هه‌بوو له‌گه‌ڵ تیپی لاواندا، به‌ڵام دواتر من توانیم له‌گه‌ڵ تیپی یه‌که‌م کاتێکی باش و بێکێشه‌ به‌سه‌ر به‌رم.

من و هاس بۆرگ په‌یوه‌ندیمان کرد به‌ راهێنانه‌کانی یانه‌ی ئارسیناڵ له‌ باکوری له‌نده‌ن، شتێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو...

یاریگایه‌کی زۆر جوان بوو، له‌وێ پاتریک فیێرا و تێری هێنری و دێنیس بیرکامپم بینی، به‌ڵام روداوه‌ مه‌زنه‌که‌ کۆبونه‌وه‌م بوو له‌گه‌ڵ راهێنه‌ریی تیپه‌که‌ ئارسن ڤینگه‌ر، ڕاهێنه‌ره‌که‌ له‌و کاته‌دا راهێنه‌رێکی نوێ بوو له‌ یانه‌ی ئارسیناڵ و تازه‌ ئه‌رکی مه‌شق و راهێنانی یانه‌که‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرتبوو، ئه‌م راهێنه‌ره‌ یه‌که‌م که‌سایه‌تی بیانی بوو به‌نسبه‌ت ئینگلیزه‌کانه‌وه‌ که‌ ببێته‌ راهێنه‌ری یانه‌ی ئارسیناڵ. له‌وکاته‌دا رۆژنامه‌کان زۆریان له‌سه‌ر ده‌وت و په‌ڕه‌ی رۆژنامه‌کان هه‌موی له‌سه‌ر ڤینگه‌ر بوو به‌ چه‌ندین ناونیشانی جیاواز وه‌ک: ئارسن ڤینگه‌ر کێیه‌؟ ئه‌و ئارسن ڤینگه‌ره‌ ده‌توانیت چ شتێک پێشکه‌ش به‌ یانه‌که‌ بکات ؟؟ چه‌ندین سه‌ردێری جیاوازی تر، به‌ڵام ئه‌و توانی پاش ساڵێک خولی ئینگلیزی و جامی ئینگلیزی بۆ ئارسیناڵ به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌ش وایکرد که‌وا ناوبانگێکی زۆر په‌یدابکات و منیش له‌چاو ئه‌و زۆر هه‌ستم به‌ بچوکی ده‌کرد.

زلاتان زیاتر باس له‌ کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڤینگه‌ر ده‌کات و ده‌ڵێت: من و هاس بۆرگ و بریکاری یاریزانه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ که‌ ناوه‌که‌یم بیر نه‌ماوه‌‌ هه‌ستمان ده‌کرد که‌ ڕاهێنه‌ره‌ فه‌ره‌نسییه‌که‌ به‌تایبه‌تی زۆر چاودێری من ده‌کات له‌ کاتی راهێنانه‌کاندا، ڤینگه‌ر پیاوێکی گه‌وره‌بوو زۆر گرنگی ده‌دا به‌ ده‌رونی یاریزانه‌کان و به‌ وردی چاودێری ره‌فتار و کاردانه‌وه‌ی ده‌کردن، به‌ڕاستی راهێنه‌رێکی گه‌وره‌بوو هه‌روه‌ک راهێنه‌ره‌ گه‌وره‌کانی تر، من هیچ شتێکی تر ناڵێم ته‌نها راستی نه‌بێت.

له‌کاتی کۆبونه‌وه‌که‌م له‌گه‌ڵیدا به‌ ئارامی دانیشتم، هه‌رچه‌نده‌ تۆزیک بزێو بووم، به‌ڵام ئارامم گرت له‌ شوێنی خۆم تاوه‌کو پشکنینی پزیشکیم بۆ کرا و پاش ئه‌وه‌ش ئارسن ڤینگه‌ر قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردم.

ڤینگه‌ر: ده‌توانی لێره‌دا تاقیبکرێیته‌وه‌‌ و لێره‌ش له‌ژێر چاودێری بیت، هه‌وڵم دا که‌ بڕوام به‌خۆم هه‌بێت و لاواز نه‌بم، به‌ڵام به‌م چه‌ند وشه‌یه‌ گۆڕانێکی سه‌یرم به‌سه‌ر هات.

وتم: باشه‌ من ئێستا لاپچین و که‌لوپه‌له‌ وه‌رزشیه‌کان تاقی ده‌که‌مه‌وه‌ ... لێره‌دا هاس بۆرگ هات و وتی: به‌سه‌ به‌سه‌، هه‌ڵمه‌سته‌ به‌ئه‌نجامدانی هیچ تاقی کردنه‌وه‌یه‌ک‌ .. هه‌رگیز.

من له‌و تێگه‌شتم و زانیم ئه‌وه‌ نامه‌یه‌که‌ بۆ ڤینگه‌ر، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو به‌ ڤینگه‌ر بڵێت ئایا ئێوه‌ گرنگی پێ ده‌ده‌ن یاخود نا ؟؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌نجامدانی تاقیکردنه‌وه‌ی پزیشکی ته‌نها کارێکی گێلانه‌بوو و ئه‌نجامه‌که‌شی نه‌رێنی بوو بۆ ئێمه‌ و ئێمه‌ش له‌ وه‌ڵامدا وتمان: نه‌خێر، به‌رێز ڤینگه‌ر ئێمه‌ گرنگی به‌ عه‌رزی تۆ ناده‌ین.

هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ زیاتر گفتوگۆمان کرد، به‌ڵام من دڵنیا بووم ئه‌و بریاره‌ی که‌ من داومه‌ بریارێکی باش و ژیرانه‌یه،‌پاش ئه‌وه‌ چوینه‌ مۆنتی کارلۆ و په‌یوه‌ندیمان کرد به‌ تیپی مۆناکۆ، به‌ڵام ئه‌وانیشمان ره‌تکرده‌وه‌ و پاشان چوین بۆ ڤیرۆنا له‌ ئیتالیا و یانه‌یه‌که‌ دراوسێی ڕۆمایه،‌ پاشان گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ شوێنی خۆمان گه‌شتێکی خۆش بوو بۆ ئێمه‌، به‌ڵام به‌ هیچ ئه‌نجامێک نه‌گه‌یشتین.

وا دیار بوو ئه‌و گه‌شته‌ نسیبێکی بۆ ئێمه‌ نه‌بوو، به‌ڵام به‌گشتی گه‌شتێکی زۆر باش بوو، زۆربه‌ی کیشوه‌ره‌کان گه‌ڕاین...

دیسانه‌وه‌ به‌رده‌وامیم دایه‌وه‌ به‌یاریکردن له‌گه‌ڵ مالمۆ و له‌ وه‌رزێکی زستان و ئاو هه‌وایه‌کی ساردا توشی هه‌ڵامه‌ت بووم، له‌هه‌مان کاتدا بانگێشت کرام بۆ یاریکردن له‌هه‌ڵبژارده‌ی سویدی خوار ته‌مه‌ن 21 ساڵ، به‌ڵام له‌ یاری یه‌که‌مدا یاریم نه‌کرد و چه‌ندین که‌س هه‌بون که‌ چاودێری منیان ده‌کرد، گرنگیم به‌ هیچیان نه‌ده‌دا ته‌نها به‌ یه‌کێکیان نه‌بێت که‌ ناوی "جۆن ستین ئۆڵسن" بوو، ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر بوو چاودێری منی ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی ڕازیم بکات په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ی ئه‌یاکس ئه‌مسته‌ردامه‌وه‌ بکه‌م، ئه‌و کابرایه‌ سه‌ره‌تا ده‌ستی کرد به‌ گفتوگۆ کردن له‌گه‌ڵم، به‌ڵام من گرنگیم پێ نه‌دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ من وه‌ک یاریه‌کی سێرک کاره‌که‌م ده‌بینی، وا هه‌ستم کرد ئۆڵسنیش ته‌نها قسه‌ده‌کات و هیچ کارێکی ڕاستی له‌ ئارادا نیه،‌ هه‌رچه‌نده‌ گفتوگۆکه‌مان زیاتر په‌ره‌ی ده‌سه‌ند، به‌ڵام هه‌ر قایل نه‌بوم.

ته‌نانه‌ت ڕۆژێک هاته‌ لام و ئه‌و رۆژه‌ی لێ بردم بۆ گفتوگۆ کردن و به‌وهۆیه‌وه‌ نه‌متوانی به‌شداری مه‌شقه‌کانی یانه‌ی مالمۆ بکه‌م، دیسانه‌وه‌ ئه‌نجاممان نه‌بوو.

دیسانه‌وه‌ ئۆڵسن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ بینهاکه‌ر !

ئه‌م گفتوگۆیانه‌م وه‌لا نا و خۆم بۆ گه‌شتێکی تر ئاماده‌ کرد... چوین بۆ لامانجا که‌ که‌نارێکی بچوکه‌ له‌ باشوری رۆژهه‌لاتی ئیسپانیا، به‌راستی شوێنێکی نایاب بوو! له‌وێ گوێت له‌ ده‌نگی تاڤگه‌کان ده‌بوو و تیشکی رۆژ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر جوان له‌ لاشه‌ی ده‌دام، له‌ ته‌نیشت ئه‌و شوێنێکی ڕاهێنان و مه‌شق کردن هه‌بوو که‌ بۆ خۆ ئاماده‌کردنی یانه‌ گه‌وره‌کان ته‌رخان کرابوو، له‌ماوه‌ی خۆ ئاماده‌کردنی یانه‌کان بۆ وه‌رزی نوێ ڕویان له‌م ناوچه‌یه‌ ده‌کرد، میتی له‌و سه‌ربازگه‌یه‌ له‌ ژووری من بوو و پێکه‌وه‌ له‌ یه‌ک ژوور بوین، هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ تیپی لاوان یاریمان ده‌کرد و گرنگیمان به‌ یاساکان نه‌ده‌دا بۆیه‌ له‌ یه‌که‌م رۆژدا له‌کاتی نان خواردنی ئێواره‌ من و میتی دواکه‌وتین، له‌وکاته‌دا ئێمه‌یان سزادا له‌ رۆژی دواتر چوین بۆ سه‌ربازگه‌ی مه‌شقکردن، به‌ڵام من توشی سه‌رسورمان هاتم، چونکه‌ "جۆن ستین ئۆڵسن" له‌وێ بوو!

توشی سه‌رسورمان بووم و له‌وکاته‌دا له‌خۆمم پرسی: ئایا له‌به‌ر من هاتووه‌؟ بۆیه‌ پێموت: به‌خێر بێیت، له‌وه‌زیاترم نه‌وت، له‌دڵی خۆمدا وتم با ئه‌و هه‌ست نه‌کات که‌ من زۆر به‌ په‌رۆشم، وا بیرمکرده‌وه‌ که‌ که‌سانی وه‌ک ئه‌و له‌ هه‌موو شوێنێک هه‌یه‌ گرنگیم پێ بده‌ن.

له‌ ڕۆژی دواتر پیاوێکی ترم بینی... ئه‌و سه‌رۆکی چاودێریکه‌رانی یانه‌ی ئه‌یاکس بوو، ئه‌وکاته‌ پێیان راگه‌یاندم و "هاس بۆرگ" ڕونکردنه‌وه‌ی زیاتری پێدام و وتی: ئێستا کاتی گفتوگۆیه‌ و گفتوگۆکه‌مان ده‌ست پێ ده‌کات.

منیش له‌ وه‌ڵامدا پێموت: باشه‌ کارێکی باشه...

پاش ئه‌وه‌ سێ پیاوی تر هاتن له‌ یانه‌ی ئه‌یاکسه‌وه‌ وه‌ ده‌سته‌یه‌ک له‌ راهێنه‌رانی نوێ به‌ته‌مابون بێن بۆ چاودێری کردنی من، هاس بورگ له‌وه‌ ئاگاداری کردمه‌وه،‌ بۆ رۆژی دواتریش ئێمه‌ یاریه‌کی دۆستانه‌مان هه‌بوو و بۆ من کارێکی زۆر گران بوو و به‌رامبه‌ر تیپی موسی نه‌رویجی بوو، له‌یاریه‌که‌ش راهێنه‌ر "کو ئه‌دریانس" له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌ری وه‌رزشی "لیۆ بینهاکه‌ر" ئاماده‌ی یارییه‌که‌ بوون.

من باش بینهاکه‌رم نه‌ده‌ناسی و له‌وکاته‌دا زۆر زانیاریم نه‌بوو له‌سه‌ر ده‌سته‌ی کارگێری یانه‌کانی ئه‌وروپا، به‌ڵام زوو زانیم که‌ ئه‌و پیاوێکی گرنگه‌ ..

بینهاکه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگا راوه‌ستابو و چروتی ده‌کێشا، پرچێکی ره‌شی هه‌بوو و له‌گه‌ڵ دوچاوی قوڵ که‌ زۆر چوبووه‌ ناوه‌وه‌ له‌ شێتی فیلمه‌ بیانییه‌کان ده‌چوو، له‌هه‌مووانیش به‌هێزتر دیار بوو ...

بینهاکه‌ر زۆر به‌ هێز دیاربوو زیاتر له‌ مافیا ده‌چوو ئه‌مه‌ لای من زۆر جوان بوو، هه‌روه‌ها که‌سێکی تۆزیک له‌خۆبایی دیاربوو، ئه‌مه‌ش کارێکی ئاسایی بوو، چونکه‌ ئه‌و پێشتر راهێنه‌ری یانه‌ی ریاڵ مه‌درید بوو و له‌گه‌ڵ یانه‌ی شاهانه‌ خولی یانه‌کانی ئیسپانیا و جامی ئیسپانیای به‌ده‌ست هێنابوو، یه‌کسه‌ر ده‌رده‌که‌وت که‌ له‌وجۆره‌ که‌سانه‌یه‌ که‌ ده‌توانێ به‌خێرایی له‌ یاریزان تێبگات و ده‌توانێت تواناکانی بدۆزیته‌وه‌، منیش به‌ خۆمم وت "به‌ڵێ ئه‌وه‌ خۆیه‌تی،‌‌ شێوازه‌که‌ی ئاوایه"، له‌و کاته‌دا له‌وه‌ زیاترم له‌سه‌ری نه‌ده‌زانی...

بینهاکه‌ر زۆر هه‌وڵی دا له‌گه‌ڵ "هاس بۆرگ" تاوه‌کو نرخێک له‌سه‌ر من دابنێ، به‌ڵام هاس بۆرگ ڕازی نه‌ده‌بو‌ و به‌رده‌وام ده‌یوت "زلاتان بۆ فرۆشتن نیه‌، زلاتان زیره‌که‌ له‌ شه‌رمه‌زار کردن، به‌ڵام یاری کردنی زۆر جوانه".

بینهاکه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ وه‌لامی دایه‌وه‌: تاوه‌کو ئێمه‌ نرخی بریکاره‌که‌ت نه‌زانین له‌ مانجا نارۆین...

هاس دوباره‌ پێیوت: ئه‌وه‌ کێشه‌ی خۆته،‌ ده‌بێ کرینی ئێبرا له‌بیرکه‌ی...

پاش ئه‌م قسه‌یه‌ بینهاکه‌ر خۆی به‌ده‌سته‌وه‌دا و و گه‌شتی کرد به‌ره‌و ئیسپانیا، به‌ڵام یه‌که‌م شت که‌ ئه‌و بینی یاریه‌که‌مان بوو له‌گه‌ڵ یانه‌ی مووس، پاشان بیرم نایه‌ت که‌ بینهاکه‌رم له‌ یاریگا بینی بێت، ئه‌م که‌سایه‌تییه‌ بۆ شوێنی جیاواز گه‌شتی ده‌کرد و به‌دوای یاریزانی به‌توانا و به‌هره‌دار ده‌گه‌ڕا و زۆر جاریش له‌ هه‌وڵدانه‌کانی سه‌رکه‌وتو نه‌ده‌بوو.


پیاوانی ئه‌یاکس یاریگایان به‌جێنه‌ده‌هێشت!

هه‌رچه‌نده‌ یاریه‌که‌ زۆر گرنگ نه‌بوو، به‌ڵام پیاوانی یانه‌ی ئه‌یاکس به‌دیار یاریه‌که‌وه‌ دانیشتبون و نه‌ده‌ڕۆیشتن، ئه‌مه‌ش وای له‌ من کرد که‌ توشی شڵه‌ژان بم، به‌ڵام له‌ کاتێکی زوودا له‌ گێمی یه‌که‌م له‌ هێرشێکدا له‌باڵی چه‌په‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هێلی سزا جوڵه‌یه‌که‌ی نایابم کرد.

ئه‌و هێرشه‌ی له‌یارییه‌که‌دا کردم‌ تاوه‌کو ئێستاش له‌ یوتوب ماوه‌، به‌ته‌واوی له‌ خوله‌کی 15 بوو... که‌ش و هه‌واکه‌ زۆر گه‌رم بوو، به‌ڵام یاریه‌کی باشم ئه‌نجامدا، وه‌ک له‌ گرته‌که‌دا هه‌یه‌، له‌وکاته‌دا تۆپیکم وه‌رگرت و له‌ بیری خۆم وێنه‌یه‌کم دروست کرد، به‌ڵام بیرکردنه‌وه‌ کار ناکات له‌ تۆپی پێ و ئه‌م جۆره‌ بیرۆکانه‌ ته‌نها ده‌بێت له‌ یاریگادا جێ به‌جێی بکه‌یت، ئه‌وه‌ بوو تۆپه‌که‌م له‌ یاریزانێک وه‌رگرت و به‌سه‌ر چه‌ند یاریزانێک جوڵه‌م کرد و پاشانیش توانیم چه‌ند یاریزانێک ببرم و یاری به‌ چه‌ند به‌رگریکارێکی تریش بکه‌م، له‌و کاته‌شدا به‌رامبه‌ر گۆل بومه‌وه‌ و هیچ بواری بیرکردنه‌وه‌م نه‌ما ته‌نها 10 چرکه‌ نه‌بێت، بۆیه‌ به‌رێگه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ تۆپه‌که‌م ئاراسته‌ی گۆڵ کرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌کێک بوو له‌ جوانترین جوڵانه‌وه‌ و دیمه‌نه‌کانی ژیانم و هه‌مو له‌یاریگا به‌یه‌ک ده‌نگ هاواریان ده‌کرد (زلاتان... زلاتان).

منیش هاوارم کرد... ئه‌وه‌ کاتی خۆده‌رخستنه‌ ئه‌وه‌ کاتی خۆدرخستنه‌، ئێستا کاتی گۆڵ تۆمارکردن و خۆده‌رخستنه،‌ من ده‌متوانی ئه‌وه‌ بکه‌م که‌ له‌ بیری بینهاکه‌ر هه‌یه،‌ من یاری تۆپی پێ ده‌که‌م وابزانم هیچ شتێک به‌سه‌رمدا نه‌رۆشتووه‌...

لێره‌دا ده‌وه‌ستین له‌ ژماره‌ی داهاتوو ده‌زانین که‌وا به‌رێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌ی ئه‌یاکس له‌به‌رچی توشی دڵه‌ه‌راوکێ بووه‌ ؟ ئایا هه‌وڵه‌کانی ئه‌یاکس بۆ کرینی ئێبرا ده‌گاته‌ کوێ ؟؟


ئه‌م بابه‌ته 4500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:49:03/02/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com