یانەکانی ئیتاڵیا لە نێو قوڕولیتەی گەمژەیی و نەفامی سەرۆک و دەستەی کارگێڕیدا

یانەکانی ئیتاڵیا لە نێو قوڕولیتەی گەمژەیی و نەفامی سەرۆک و دەستەی کارگێڕیدا


نوسینی/ بڵند فاتیح بۆ (خه‌ڵک)

گەر بەم پرسیارە دەست پێبکەین، بۆچی یوڤانتۆس هەمیشە تیپی براوەیە لە ئیتاڵیا ؟

وەڵامەکە زۆر بە سادەیی ئەوەیە، تەنها یۆڤانتۆس هەموو ساڵێک بیر لە بردنەوە و سەرکەوتن و چنینەوەی نازناو دەکاته‌وه‌، لەبەرامبەردا کێشەی هەموو تیپەکانی دیکە لە کێشەی کارگێڕی یانەکەدا کۆدەبێتەوە.

ڕەنگە پرسیاری خوێنەر ئەوە بێت، بۆچی کێشەی کارگێڕی کێشەی سەرەکی یانەکانی ئیتاڵیایە؟ سەرەتا دەبێت هه‌موان کۆکبن لەسەر ئەوەی کە سەرۆکایەتی یانە گرنگترین و یەکلاکەرەوەترین بەشە لە پێکهاتەی هەر یانەیەکی تۆپی پێ، سەرۆک بە کەللەسەری یانەکە دادەنرێت و ئەو ڕوو لە هەرکوێیەک بکات بەشەکانی دیکەیش ڕوو لەو جێگایە دەکەن، هەر لەبەرئەمە سەرکەوتن یاخود داکەوتنی هەر یانەیەک لەسەر سەرۆکایەتی و کارگێڕی یانەکە کەوتووه‌.

له‌ ئیتاڵیادا بە شێوەیەکی نەرێنی سەرۆک هەمیشە خاوەن بڕیاری کۆتایی بووە، ئەمە وادەکات ڕۆڵی سەرۆک لە وەرزشی ئیتاڵیا وه‌کو سێبەر خۆی بکشێنێت بەسەر ڕۆڵی کارگێڕی یانەکە و هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانەی کە کارگێڕی یانەکانی دیکەی ئەوروپا هەیانە لە ئیتاڵیا سەرۆکی یانەکە بەڕێوەی ببات، بۆیە کاتێک باسی سەرۆکی یانەیەکی ئیتاڵی دەکەین ئەوا بەگشتی باسی لایەنی کارگێڕی یانەکە دەکەین.

جه‌مسه‌ره‌کانی میلان له‌نێوان بێنه‌دانی ده‌سه‌ڵات و خه‌ونی نازناوه‌کاندا

ڕۆبێرتۆ مانچینی لە ماوەی یەکەمی ڕاهێنەرایەتێکەیدا کاتێک لە ڕاهێنەرایەتی ئینتەرمیلانۆ دەستی هەڵگرت، کێشەی سەرەکی نێوان خۆی و ماسیمۆ مۆراتی ئەوە بوو کە ماشنیۆ دەیویست جڵەوی هەموو لایەنێکی هونەری یانەکە بگرێتە دەست، مۆراتی ئەمەی پێ قبوڵ نەبوو، هەر بۆیە جیابوونەوە لە نێوانیاندا ڕوویدا و لەدوای دەرچوونی ئه‌م ڕاهێنه‌ره‌، مۆرینهۆ هات بۆ چنینەوەی ئەو بەرهەمه‌ی کە لە بنەڕەتدا چاوەڕێی چنینەوە بوو.

بەڵام دوای ڕۆیشتنی مۆرینهۆ یانەکە وه‌کو هەموو کاتێک لە بۆشاییەکی هونەریدا ژیانی بەسەر برد، ئەمەش چ بەهۆی نەبونی یاریزانی باشەوە بێت، یاخود چ بەهۆی هۆکارە سەرکێکەوە بێت کە ئەویش ئەوە بوو کەسێکی دووربین و پلاندانەر لە سەرەوە سەرکردایەتی یانەکەی نەدەکرد تاکو یاریزانی باش و دەستەی کارکردنی باش هەڵبژێرێت.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، ئینتەرمیلانۆ بەسەرۆکێکەوە کە هێشتا تێنەگەیشتووە لە مانای بوون بە سەرۆکی یانەیەکی وه‌کو ئینتەر یانی چی؟ بەردەوامە لە هەڵکشان و داکشان، ڕاستە لە ئێستادا یانەکە لە باشترین ئاستی خۆیدایەتی بە بەراورد بە چوار ساڵی پێشوو، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا تا ئەوکاتە کەسێک جڵەوی شتەکانی گرتە دەست کە بیرۆکە و دووربینیەکی باشی هەیە بۆ ئایندەی تیپەکە، لەگەڵ هاتنەوەی مانچینی دەبینین ئینتەر وردە وردە هەرچەندە زۆر لە سەرخۆیشە، بەڵام وا دەگەڕێتەوە سەر هۆشی خۆی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەگەر بێتو بوار بۆ کەسی شیاو بڕەخسێت ئەوە دەکرێت گۆڕانکاری جەوهەری لە ئاستی تیپەکاندا ڕووبدات، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە بزانرێت کە توانای یەک کەس و بیرۆکە و پلانی یەک کەس هەرگیز کافی نیە بۆ ئەوەی یانەیەکی وه‌کو نێراتزۆری بگەڕێنیتەوە سەر ڕێڕەوی بردنەوە و کێبڕكێ کردنی نازناوەکان، بەڵکو ئەمە دەبێت کاری ستافێکی گەورە بێت کە لە سەرۆک و کارگێڕێ و ڕاهێنەری یەکەمی تیپی یەکەم و دووەمی یانەکە پێکبێت.

له‌بەشەکەی دیکەی میلانۆ "ئەی سی میلان" لە نێو لیتاوی کێشەی کارگێڕیدا چەقیوە، لە دەستێکەوە ڕۆسۆنێری پارچە پارچە بووە بە دەست شەڕی گالیانی و باربارا لەدەستەکەیتریش سیلڤیۆ بێرلسکۆنی و ئەدریانۆ گالیانی مەستی مێژووە ئاڵتونێکەیانن و جاروبار بەئاگادێنەوە بۆ ئەوەی شانازیی پێوە بکەن، وه‌ک ئەوەی هەموو یانەکانی دیکە وەستاون لە نوسینەوەی مێژوو و خەریکی خوێندنەوەی مێژووی میلانن!

گەر وا بڕوات، هەمووی چەند ساڵێکی دیکەیە و یانەکانی وه‌کو بایرن میونشن و به‌رشلۆنه‌ دەکەونە پێش ئەو مێژووە پرشنگدارەی کە بێرلۆسکۆنی و گالیانی بەشان و باڵیدا هەڵدەدەن، بێرلسکۆنی لە کۆتایی تەمەنیدا و دوای ئەوەی لەبوارەکانی دیکەی وه‌کو خێزان و ئابوری و سیاسی شکستی هێناوە، تەنها میلانی ماوە بۆئه‌وه‌ی بسەلمێنێت کە(نەخێر) تاکو ئێستا سودێکی هەیە لە ژیاندا و ئامانجێک هەیە شەڕی بۆ بکات، لە هەمان کاتدا واقعی ئەو حاڵەی کە بێرلسکۆنی پێگەیشتووە لە ڕووەکانی دیکەوە ڕێگرن لەوەی کە ناوبراو بتوانێت بەهیچ شێوەیەک بەسود بێت بۆ میلان.

هەر بۆیە لە ئێستادا سەرۆکی خاوەن زۆرترین نازناو لە مێژووی یارییه‌کەدا بارێکی قورس و بێفڕە لەسەر شانی ئەی سی میلان. لەبەرامبەردا حاڵی ئێستای میلان بە هەموو شێوەیەک لە بەرژەوەندی ئەدریانۆ گالیانییە، لەیەکاتدا بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لەسەر میلان خەرج بکات وه‌کو سەرۆکی یانەکە مامەڵە دەکات و هەموو دەسەڵاتێکی تەنفیزی لەژێر دەستدایە، هاوکات بردنەوەی یانەکە وه‌کو برا لەگەڵ بێرلسکۆنیدا بەش دەکات، بەڵام لە دۆڕاندن دا ئەوە تەنها بێرلسکۆنییە کە باجەکەی دەدات.

وه‌کو دەبینین لە ئێستادا بێرلسکۆنی و گالیانی هەر یەکەو ئامانجی جیاوازیان هەیە لە سەرکردایەتی کردنی میلان و دواین شت کە بیری لێبکەنەوە گەڕانەوەی یانەیەکەی بۆ ئاستی جارانی.

کێشه‌ی گورگ و هه‌ڵۆکانی پایته‌خت

هەندێک لەولای میلانه‌وە دەچینە ڕۆما بۆ تەماشا کردنی گورگەکانی پایتەخت و دەبینین جێلاڕۆسی لە سەرەوەری هەڕەمەکەی کۆمەڵێك بازرگانی ئەمریکی داناوە کە تەنها بیر لە قازانج و دەستکەوتی ئابوری دەکەنەوە، هاوکات بەهیچ شێوەیەک ئاگایان لە ژینگەی یانه‌که‌ نیە، ژینگەی ڕۆما ژینگەیەکی بارگاوییە بە شت زل کردنەوە، لێره‌ گۆڵێکی ئاسایی دەبێتە گۆڵێکی مارادۆنایی و دوای دوو یاریی باشی یانەکە ئیدی یاریزانەکان بەراورد دەکرێت بە یاریزانەکانی به‌رشلۆنه‌ و بایرن میونشن، هەر بۆیە دووری سەرۆکایەتی یانەکە لەم بارودۆخەوە وادەکات ئاگایان لەو کێشە و تەگەرانە نه‌بێت کە دێتە ڕێگای ڕاهێنه‌ری پێکهاته‌که‌یان.، ئەمەش وادەکات نەزانن مامەڵە و ڕەفتاری گونجاو بکەن لەگەڵ ئەو بارودۆخانەی کە دێتە پێشەوە.

هاوکات ئەو مامەڵە سەوداگەرییەی کە لەگەڵ یانەکەدا دەیکەن دەبێتە هۆکاری ئەوەی زیاتر تیپەکە لاواز ببێت... لۆژیک نیە کە تۆ لە ماوەی دوو ساڵدا باشترین بەرگریکارەکانی(مارکینیۆس و بن عەتیە) بفرۆشێت و دوایش داوای ئەوە بکەیت ڕاهێنەرەکە نازناو بباتەوە و کێبڕكی یانە بەهێزەکان بکات.

هەر لە ڕۆما هه‌ڵۆکانی پایتەخت "لازیۆ" هەموو ڕۆژێک دەنووک تیژ دەکەنه‌وه‌ و دوایش لەلایەن سەرۆکەوە دەنوکیان کورت دەکرێتەوە! چەندساڵی ڕابردوو چی لەگەڵ دوو ماوەکەی ئیدۆ ڕیا بێت، یاخود لەگەڵ ڤلادیمێر پیتکۆڤیچ و ستیفانۆ پیۆلی بێت، هەموو جار یانەکە ئاستی باش و نمایشی قەشەنگی پێشکەش کردووە و سەرۆکی یانەکە کلاودیۆ لۆتیتۆ، یان هەستاوە بە تێکدانی تیپەکە، یان پێداویستییه‌کانی تیپەکەی دابین نه‌کردووه‌ تا بەردەوامی بده‌نه‌ کێبڕكێکان و گەیشتن بە پلە بەرزەکانی خولی ئیتاڵیا، دواین جاریش سەرەتای ئەم وەرزە بوو ئەو ئاستە باشەی پیۆلی بە کۆمەڵێک یاریزانی ئاست مامناوەندەوە پێشکەشی کرد، لۆتیتۆ لەبری باشتر کردنی تیپەکە هەستا بە دروست کردنی کۆمەڵێک کێشەی بێ مانا لەگەڵ کاپتن و ڕاهێنەری پێکهاته‌که‌ی!

هەربۆیە لەم چەند ساڵەدا دەرکەوتووە کە لۆتیتۆ هێندە ئاشقی شەڕ و گرفت و دەمەقاڵێکانی نێو یارییه‌کەیە هێندە گرنگی بە لایەنی هونەری تیپەکە نادات.

فیورنتینا... دیلاڤالی کوا پلانه‌کانی سه‌ره‌تات؟

چەند کاتژمێرێک لە پایتەخت دوور دەکەوینەوە و دەچینە هەرێمی تۆسکانا بۆلای ڤیۆلا فیۆرنتینا، ئەوەی ئاگاداری خولی ئیتاڵی بێت دەزانێت بنەماڵەی دیلاڤالی دەستێکی زۆریان هەبووە لە دەرکەوتنی فیۆرنتینا وه‌کو یانەیەکی بەهێزی ئیتاڵیا، مێژووی یانەکە شایەته‌ لەسەر خۆبەخت کردن و قوربانی بنەماڵەی دیلاڤالی، بەڵام کاتێک سەیری ڕێڕەوی یانەکە دەکەیت لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە هه‌شت ساڵی ڕابردوودا پیشکه‌شیان کردووه‌، دەبینین سەرەتا پرۆژەی دروست کردنی تیپێکی لاو لە ئارادا بوو، بڕیار بوو یانەکە تیپێکی گەنج و پڕ بەهرە دروست بکات بۆیە نمونەی یاریزانی وه‌کو (یوڤیتیچ ، مۆنۆتۆلیڤیۆ، ڤارگاس، ئادام لیایچ, ناستاسیچ، چێرچی، کوادرادۆ و نیتۆی گۆڵپاڕێز.. هتد ) هێنایە ڕیزی یانەکەوە، بێگومان هەموو ئەم گرێبەستانە لە یەک ساڵدا نەکرا، بەڵام زۆربەیان لە ماوەی نێوان ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١١ بوو جگە لە کوادرادۆ کە لە ساڵی ٢٠١٢ پەیوەندی کرد بە یانەکەوە، بۆیە هەموو لایەک لە ئیتالیا پێشبینی ئەوەی ده‌کرد ڤیۆلا تیپێكی بەهێز بۆ ئایندە دروست بکات.

ئەم بیرکردنه‌وه‌یه‌ تاڕادەیەک خەڵکی گەشبین کرد، بەڵام دیسانه‌وه‌ دوای ماوەیەک سیاسەتی تیپەکە بە تەواوەتی گۆڕانی بەسەردا هات، یانەکە لە بری ئەوەی پەرە بە پرۆژەکەی بدات، هەستا بە فرۆشتنی یاریزانە لاوەکانی و نەک هەر ئەمە، بەڵكو هەستا بە کڕنی کۆمەڵێک یاریزانی بەساڵاچوو و گەورە! لەپڕ و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک ڕاهێنەری تیپەکە فێچێنزی مۆنتێلا لە پێش پرۆژەیەکی نوێ پلان بۆدانەنراو خۆی بینییه‌وه‌و ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە وایکرد یانەکە لە گێژاوێکدا بخولێتەوە و هاوسەنگی خۆی بەشێوەیەک لە دەست بدات کە تاکو ئێستایش خۆی نەگرتۆتەوە.

له‌ وەرزی ئەمساڵدا ڕاستە تیپەکە ئاستی باش پێشکەش دەکات، بەشێوەیەک تاکو ئێستا لە کێبڕکێیەکی بەهێزدایە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی سکۆدیتۆ، بەڵام دەبێت ئەوە بوترێت کە بەشێکی زۆری بۆ زیرەکی ڕاهێنەر دەگەڕێتەوە و دەستی کارگێڕی یانەکەی کەمتر تێیدایە، بیرمان نەچێت گرنگترین پارچەی ئەم پێکهاتەی ئێستای ڤیۆلا بۆرخا ڤالێرۆیە کە یاریزانی گەورە و بەساڵاچووە، بۆیە گەیشتنی ڤیولا بە هەرشتێک لەم وەرزدا کاریگەری بنەماڵەی دیلاڤالی بەسەرەوە نەبووە.

 

ناپۆلی ...چانس یه‌کجاره‌

دەچینە باشوری ئیتالیا بۆ لای ناپۆلی، تاکە شتی ئاشکرا دەربارەی ناپۆلی ئەوەیە دی لاورێنتیس عاشقێیکی گەورەی ناپۆلییە.

ئامادەیه‌ هەموو سامانی خۆی بفرۆشێت تەنها بۆ ئەوەی یانەکە بگەیەنێتەوە پلە بەرزەکانی ئیتالی، بەڵام ئەوەی کە جێی تێڕامانه‌ سه‌رۆکی ناوبراو کەسایەتییەکی ئێجگار خۆبەزلزانی هەیە، بەجۆرێک گوێی لە هیچ کەسێکی دیکە نیە و نایەوێت باوەڕ بهێنێت کە تۆپی پێ زۆر زیاترە لە کۆمەڵێک یاریزان و راهێنەرێک.

دی لاورێنتیس حاڵی حاڵی زۆربەی سەرۆکەکانی یانەکانی ئیتاڵیایه‌، ته‌نها خۆی که‌شتی ناپۆلی لێده‌خوڕێت و ناگەڕێتەوە لای هیچ پسپۆڕێکی بوارەکە، ڕاستییه‌کە ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م سەرۆکه‌ سه‌رۆکی یانەکانی ئیتاڵیامان بیر ده‌هێنێته‌وه‌ کە لەسەردەمی زێڕینی کالچیۆدا هەموو شتێکیان دەکرد بۆ ئەوەی یاریزان بکڕن و پارە لەسەر باشترین ئەستێرەکان سەرف بکەن، بەڵام بۆ یەکجاریش بیریان لەوە نەکردەوە یاریگای باش دروست بکەن، یاخود پەرە بە ژێرخانی یانەکانیان بدەن تاکو لە ئەمڕۆی تۆپی پێدا بناغەیەکی پتەو و توندیی ئابوریان هەبێت هه‌مووان لەسەری بوەستن.

سه‌رۆکی یانه‌ سه‌قه‌ڵه‌ییه‌که‌ جیاواز لە هەموو سەرۆکە دەوڵەمەندە کۆن و هەژارەکانی ئێستایی خولەکە، سامانێکی زۆری هەیە و کوێرانە و بەبێ بیرکردنەوە به‌کاریده‌خات، وە مێژووی ئەو جۆرە خەرج کردنە گەواهی ئەوە دەدات کە ئەگەر بەو شێوە کوێرانە پارە سەرف بکەیت ئەوا لە دە جاردا یەکجاریان هەر سەرکەوتوو دەبێت، پێم وابێت سەردەمی ئەمجارەی ناپۆلی لەگەڵ ماوریسیۆ ساری ئەو جارەیانە کە شانس یاوەری دی لاورێنتس بووە.

ئەمە زۆر ناخایەنێت ... لە کۆتایدا ناپۆلیش دەبێتەوە یەکێک لەو یانانەی دیکەی وڵاته‌که‌ کە داماو و کەنەفتن بە دەستی بێهێزی لایەنی ئابورییەوە.

پایته‌ختی بازرگانی و کلتور له‌ باکوره‌وه‌ هه‌ر خۆی یه‌که‌مه‌

دەچینە پایتەختی بازرگانی و کلتور لە باکوری ئیتاڵیا، ئەگەر تەماشایی یانەی یوڤانتۆس تۆرینۆ بکەین دەبینین لەوەتەی گەڕاوەتەوە "سیریا ئەی" لە ٢٠١٠وە یانەکە بە هەنگاوی جیدی و ژیرانە و ئامانجدار دەنێت (تەنها دوو ساڵی سەرەتا نەبێت ).

هەنگاو دەنێت نەک بۆ ئەوەی لە ئیتاڵیادا ببێتە یانەیەکی بەهێز، بەڵكو خانمه‌ پیره‌که‌ چاوی لە ئەوروپایە و دەیەوێت ببێتەوە یەکێک لە گەوەرکانی کیشوەری ئه‌وروپا، ئەندریا پیرلۆ پێشتر لە کتێبەکەیدا باسی پیشەگەریی و جدیەت و نوێگەری و لەسەری هەموشیانه‌وه‌ عەشقی ئەنێلی کوڕ دەکات.

باسی ئەوە دەکات چەند بەپەرۆشە بۆ ئەوەی یانەکە هەمیشە لە بەرزترین ئاستدا بێت، کارگێڕێ بیانکۆنێری سەلماندی لە ئیتاڵیادا ئەوەی دەیەوێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت دەبێت دوای نمونەکەی ئەو بکەوێت، نمونەکەی یوڤانتۆس سەرەتاکەی بە دروست کردنی یاریگای تایبەت بەیانەکە دەستی پێکرد و بەپێدانی هەموو دەسەڵاتێك بە ڕاهێنەر و پاراستنی ئەستێرە و یاریزانە بەهرەدارەکانی کۆتایی هات لە چاوی یانه‌ تەماعکاره‌ زه‌به‌لاحه‌کانی هاوشێوه‌ی ڕیاڵ مەدرید و به‌رشلۆنه‌ و مانچستەر یونایتد.

سەرەڕای ئەمەش لە وەرزی ئەمساڵدا یوڤی پێی نایە قۆناغی دووەمی پرۆژەکەی خۆیەوە، کە ئەویش گۆڕینی بەرگە کۆنەکەی بوو، هاوکات نانه‌وه‌ی داو بوو بۆ به‌هره‌ لاوه‌کانی وه‌ک دیبالا و زازا و ڕیگانی..هتد.

یانه‌ی ره‌ش و سپی دوور لە هەموو یانەکانی دیکەی ئیتاڵیا لە ئێستای تۆپی پێدا دەژی، ئێستایەک کە پێویستی بە سەرماییەی باش و کارگێڕی ژیر و خۆبەختکەر و ڕاهێنەری دووربین و یاریزانی بەهرەدارە، پێم وابێت بۆ هەموومان ئاشكرایە کە یوڤانتۆس هەموو ئەم مەرجانەی تێیدایە و هاوکات پلان و بیرۆکەی زۆر باشی هەیە بۆ ئەوەی کە بەردەوام بێت و لەسەر هەمان ڕێڕەو بمێنێتەوە، بۆیە دڵنیام تاکو یانەکە بەم سیاستە حەکیمانەوە بەردەوام بێت، ئەوا هەر یوڤانتۆس براوە دەبێت لە ئیتاڵیادا.


ئه‌م بابه‌ته 3518 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:45:01/02/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com