چۆن وەک شیکەرەوەیەکی وەرزشی تەماشای یاریی تۆپی پێ دەکەیت؟

چۆن وەک شیکەرەوەیەکی وەرزشی تەماشای یاریی تۆپی پێ دەکەیت؟



نوسینی/ بڵند فاتیح

سەرەتا دەبێت بوترێت کە شیکردنەوەی یاریی تۆپی پێ پێویستی بەوە هەیە کەسەکە شارەزاییەکی قوڵی هەبێت لە بواری تاکتیکی تۆپی پێدا، واتا شارەزابێت لە داڕشتن و پلانەکانی یارییکردن، هاوکات بەشێوەیەکی زانستی شارەزا بێت لە ڕۆڵ و جوڵەی هەر یاریزانێک لە ژێر ئەو پلان و داڕشتنە جیاوازانەدا کە لە تۆپی پێدا بەکار دەهێنرێت.

بۆ نمونە دەبێت بزانێت یاریزانی باڵی چەپ له‌ هێڵی ناوەڕاست ڕۆڵ و ئەرکی چییە لە ژێر داڕشتنی ٤-٣-٣دا یاخود ٤-٤-٢، بەهەمان شێوە بزانێت جوڵەی بەرەو کوێی یاریگایه‌،پێویستە لەسەر شیکەرەوەی وەرزشی تێگەیشتوو بێت لە بواری تاکنیکی تۆپی پێدا، واتا بزانێت ئاخۆ دەبێت یاریزان چۆن مامەڵە بکات لەگەڵ تۆپدا و هەروەها بە شێوەیەک لەشێوەکان تێگەیشتنێكی هەبێت بۆ ئەو گۆشانەی کە دەبێت یاریزان وەریبگرێت لە کاتی بەرکەوتنی لەگەڵ تۆپدا، یاخود لە کاتی هەڵبەزین و ڕاکردن...هتد لە جوڵە جەستەیەکان.

بەکورتی دەکرێت بڵێین کە شیکەرەوەی وەرزشی ناکرێت هەر کەسێک بێت، بەڵکو دەبێت کەسێک بێت کە سەروکاری هەبوو لەگەڵ یارییه‌کەدا بەجۆرێک کە لە ڕووی پراکتیکی، یاخود تێۆری ئەزمونی ئەو لایەنانەی کردبێت.

بۆیە هەر وەکو دەکرێت بڵێن وەکوو پێشە و کار ئەمە کار و پیشەی هەموو کەسێک نیە کە تەنها خۆشەویستی بۆ گەمەکە هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا دەکرێت بوترێت کە هەموو کەس دەتوانێت یاریی تۆپی پێ بەشێوەیەکی زانستی و شیکاریانە تەماشا بکات و زیاتر لە جەوهەری گەمەکە تێبگات گەر بێتوو هەندێک خاڵی بنەڕەتی ڕچاو بکات، ئەو خاڵانەش لێرەدا بە کورتی دەیانخەمە بەردەست و بەهیوای ئەوەی سودێکی هەبێت و بتوانم وەڵامی پرسیاری ئەو کەسانە بدەم کە زۆرجار پرسیار دەکەن.

1. بابەتی بوون: یەکەم خاڵ و گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە بینەر بتوانێت بەشێوەیەکی بێ لایەنانە تەماشای ئەو یارییە بکات کە بە ئامانجی شیکردنەوەی تەماشایی کردووە، بابەتی بوون، واتا بینەر هەست و عاتیفەی خۆی لە تەماشا کردنەکە دەردەکات و هەموو شتەکان وەکوو ئەوە دەبینێت کە ڕوودەدەن، نەک بەو شێوەی کە پێی خۆشە بیبینێت، بابەتی بوونی شتێكە کە من پسپۆڕیم تێیدا نییە بۆیه‌ ناتوانم لەوەندە زیاتری لەسەر بڵێم، بۆیە هەر هێندە بەسە کە ئاماژەی بە گرنگی و رۆڵی کاریگەری خودی بابەتی بوون بدەم.

2. واقعی بوون: کێشەیەک کە تووشی زۆری بینەر بوو ئەوەیە کە هەستی واقعی ناو یارییه‌کەی لەدەست داوە، بەجۆرێک هێندە ئاستی یاریزان بەرز بوەتەوە و هێندە گەمەکە سیستماتیک بووەتەوە کە بینەر پێی وایە تەماشایی یاریی پلەیستەیشن دەکات و چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە یاریزانەکان هەموو جوڵەکان بە کامڵترین شێوە ئەنجام بدەن، بۆیە دەبینین بینەر لە یاریزانێک توڕە دەبێت کە پاسێکی هەڵە دەدات، یاخود شوتێکی خراپ لێدەدات، یاخود کە یاریزانێک دەکەوێتە ژێر گوشارەوە نازانێت مامەڵە لەگەڵ تۆپەکە بکات و لەدەستی دەدات، دەبێت بینەر ئەوە بزانێت یاریزانەکان هەموویان مرۆڤن و ئەو ئاستەی کە پێشکەشی دەکەن باشترین ئاستە، هەروەها دەکرێت یاریزان هەڵە بکات و زۆر کار و ئەرک بە جوانی ئەنجام نەدات هاوکات مانای ئەوەشی نەبێت کە یاریزانەکە خراپە، بۆئەوەی واقعیتر تەماشای یارییه‌کە بکەیت، هێندە بەسە کە یەک رۆژ بۆخۆت یاریی تۆپی پێ بکەیت و ئەوە لێکبدەیتە کە یاریزانەکان لە هەمان حاڵەتی تۆدان، ببینە چەند قورس و گرانە ئەو کارانەی کە ئەنجامی دەدەن و ئینجا هەست بەو توانا زۆرە بکە کە ئەو یاریزانانە هەیانە.

3. پرسیارکردن:پێش دەست پێکردنی یارییه‌کە هەوڵبدە کۆمەڵێک پرسیار ئامادە بکەیت، بۆ نمونە ئەمڕۆ دەمەوێت بزانم هێڵی بەرگریمان چۆن یاریی دەست پێدەکات؟ یاخود ئایا هێڵی ناوەڕاست چەند خێرا تۆپ دەگوازێتەوە بۆ هێرشبەران؟ یاخود ئایا هێڵی هێرشبردن چەند خێرا دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی بەرگری کاتێک تۆپ لە تیپەکە دەبچڕێندرێت؟ یاخود هێڵی بەرگری تاکو چەند بە خێرایی سەردەکەوێت بۆ سەرەوەی یاریگا کاتێک تیپەکە تۆپ وەردەگەرێتەوە؟ ئایا تیپی بەرامبەر لەکام باڵەوە هێرش دەهێنێت و بۆ لەو باڵەوە هێرش دەهێنێت؟ وە پرسیاری دیکەی لەم جۆرە زۆرن کە دەکرێت بینەر بیکات و دوایش لە ناو یاریگادا بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بگەڕێت و وەڵامیان بداتەوە، هەروەها لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییه‌کە دەکرێت دیسان پرسیار لای بینەر دروست بێت دەربارەی ئەوەی ئاخۆ بۆ ئەو یاریزانە بەو شێوەیە دەجوڵێت بۆ ئەوە ناوچەیە؟ یاخود گرنگترین پرسیار ئەوەیە ئاخۆ کام کۆمەڵە جوڵە بە بەردەوامی دووبارە دەبێتەوە؟ چونکە گەر تەماشایی هەر یارییەک بکەیت دەبینیت کۆمەڵێک جوڵە و پلانە کە بە بەردەوامی لە ماوەی ٩٠ خولەکە دووبارە دەبێتەوە لە فۆرمی جیاوازدا، گەر لەو جوڵە دووبارانە تێبگەیت و بیابینیت ئەوا لە پلان و شێوازی یاریی کردنی تیپەکەت تێگەیشتوویت.

4. دوور کەوتنەوە لەو ناوچەیه‌ی کە تۆپی تێدایە: کرۆیڤ دەلێت” یاریزانی باش لەیارییەکەدا لە کۆی گشتی یارییه‌کەدا ٢ خولەک پێی لە تۆپ دەدات، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە یاریزانەکە ئەو ٨٨خولەکەکە چی دەکات؟کاتێک تەماشایی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ک دەکەیت هەوڵبدە تەماشایی تۆپەکە مەکە، هەوڵبدە تەماشای ئەو ناوچەیه‌ مەکە کە تۆپی تێدا ئامادەیە و تەماشایی ناوچەکانی دیکەی یاریگا بکە. ئەمە دەرفەتێكی زۆر باشت پێدەدات تاکو یارییه‌کە لە وێنەیەکی گەورەتردا ببینیت و زیاتر تێبگەیت کە چی لە ناو یاریگا دەگوزەرێت، ئەو ناوچەی کە تۆپی تێیدا بینەر فریوو دەدات و وادەکات بینەر تەنها بیری لای تۆپەکە بێت و هیچتر نەبینێت جگە لە تۆپەکە، بۆیە باشترە کە بەبەردەوامی هەوڵبدرێت ناوچەی تۆپەکە ببەستیتەوە بە ناوچەکانی دیکە و هەوڵبدەیت تەماشای ئەو بەشانەی یاریگا بکەیت کە تۆپی تێدا نییە بۆ ئەوەی بزانیت ئاخۆ یاریزانەکانی دیکە بەبێ تۆپ چی دەکەن، چونکە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی هەر یاریزانێک پێویستە لە ئەو ٨٨ خولەکەدا بیبینیت کە تۆپی پێ نیە.

5. یاریی تۆپی پێ بۆ هەر تیپێک دەکرێتە چوار بەشەوە: قۆناغی بەرگری، قۆناغی وەرگرتنەوە تۆپ و هەڵگەرانەوە بۆ هێرشبردن، قۆناغی هێرشبردن، قۆناغی بچراندنی تۆپ و هەڵگەرانەوە بۆ بەرگری کردن.

وەکو بینەر پێویستە بزانیت ئاخۆ تا چەند تیپەکەت خێرایە لە هەڵگەرانەوە بۆ قۆناغی بەرگری و هەڵگەرانەوە بۆ قۆناغی هێرشبردن، لەم دوو قۆناغەدا تاکو تیپەکە بە دەست و برد بێت و خێرا بێت ئەوا باشە، بۆیە پێویستە لەم دوو قۆناغەدا تێبینی ئەوە بکەیت کە چەند تیپەکە خێرایه‌، له‌ قۆناغی بەرگری کردندا پێویستە تیپەکە وەکوو یەک جەستە بەرگری بکات و هەموو یاریزانەکان لەیەکترەوە نزیک بن، بۆشایی نێوان هێڵەکان کەم بێت و هەروەها کاتێک لە باڵی چەپەوە دەسوڕێنەوە بۆ باڵی ڕاست و وە بەپێچەوانە تیپەکە یەکانگیر بێت و لەیەکتر جودا نەبنەوە، ئەما لە قۆناغی هێرشبرندا پێویستە یاریزانەکان بتوانن جێگای یەکتر پڕبکەنەوە و لە شوێنی جیاوازی یاریگادا بن بۆیە هەمەڕەنگی و هەمەجۆری لە جێگا و جوڵەی یاریزانەکان خاڵێکی گرنگە بۆ بڕیاردان لەسەر کاریگەری هێرشبردنی تیپەکە.

6. یاریزانی تەوەری ناوەڕاست گرنگترین یاریزانە لە ناو تیپەکەدا: پێویستە بە بەردەوامی چاوێکت لەسەر یاریزان/یازانەکانی ئەو ناوچەیە بێت و تێبینی جوڵەکانیان بکەیت، چونکە هیچ جوڵەیەکی ئەو یاریزان/یاریزانانە بەبێ مەبەست نیە و ڕاهێنەر هەموو جوڵەکانی دیاریی کردووە بۆیە گەر دەبینیت دەچێتە جێگای یاریزانی باڵی بەرگری ئەوە مانای ئەوە دەدات تیپەکە بە باڵەکانی بەرگرییەوە هێرش دەبات، یان کە دەچێتە نێوان دڵەکانی بەرگری ئەوە مانای ئەوەیە تیپەکە پێویستی بەوەیە بەرگری زیاتر بکات، یان کە زۆر دەچێتە سەرەوەی یاریگا بۆ نزیک ناوچەی هێڵی سزای تیپی بەرامبەر ئەوا ڕەنگە مانای ئەوە بێت کە تیپەکە کێشەی دروست کردنی یاریی هەیە، یاخود تیپەکە پێویستی بە یارمەتیدانی هێرش هەیە، بێگومان دەبێت تۆ وەکو بینەر پرسیاری زیاتر سەبارەت بە جوڵەکانی ئەو یاریزانە دروست بکەیت تا وەڵامی زیاترت دەست بکەوێت، چونکە وەکو وتم جوڵەکانی هەمووی بە مەبەستەوەیە و مانای هەموو جوڵەکانی دەتباتە سەر بەشێک لە شێوازی یاریی کردنی تیپەکە، یاریزانی تەوەری ناوەڕاست وەکو (پیرلۆ و بۆسکێتس و ئەلۆنسۆ ..هتد)

7. ستایڵەکانی یاریی کردن: کۆمەڵێک ستایڵ و شێوازی یاریی کردن هەیە، بۆ نمونە تۆپی درێژ، پاسی کورت و خێرا لە ناوچەی بچوکی یاریگادا، کۆنترۆڵ کردنی تۆپ.

هەموو ئەم ستایڵانە پێویستی بە کۆمەڵێک یاریزانی تایبەت هەیە، بۆ نمونە بۆ تۆپی درێژ پێویستە هێرشبەری درێژ و باڵابەرز هەبێت کە لە تۆپە هەوایەکاندا باشە، لەبەرامبەردا بۆ یاریی خێرا و پاسی کورت زۆرجار یاریزانەکان باڵایان مامناوەند و بچوکە، هاوکات تاکنیکی یاریی کردنیان زۆر بەرزە، بۆیە دەبێت هەمیشە هەوڵی ئەوە بدەیت کە تێبگەیت ئاخۆ ئەو یاریزانانەی کە یاریی دەکەن دەگونجێن لەگەڵ ئەو شێوازی یاریی کردنەی کە پەیڕەو دەکرێت یاخود نا.

8. هه‌ر یارییه‌ک بۆ هێڵێک: گەر هاندەری یانەیەک دەکەیت و بە بەردەوامی تەماشایی یارییه‌کانی دەکەیت ئەوا باشترین شت ئەوەیە هەر یارییەک تایبەت بکەیت بە تەماشا کردن یەک هێڵی یاریی کردن، بۆ نمونە لە یارییەکدا تیشک بخەیتە سەر هێلی بەرگری، لە یاریی دواتردا تەنها تێبینی هێڵی ناوەڕاست بکەیت، وە پاش ماوەیەک دەبینیت کە هەست بە جیاوازی ئاستی تیپەکە دەکەیت لە یارییەکەوە بۆ یارییەکی دیکە و بۆ نمونە دەتوانیت تێبگەیت کە بۆچی لە یارییەکەدا تیپەکە هێڵی بەرگری خراپ بووە، وە لە یاریی دواتردا ئاستی باش بوو.

لە کۆتایدا، ده‌کرێت بڵێین شیکردنەوەی تۆپی پێ کارێکە کە پێویستی بە زانیاری و شارەزایی زۆر هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت هەموو بینەرێک تێگەیشتنی خۆی هەبێت بۆ یارییه‌کان و بەو شێوازە شیبکاتەوە کە چاوەکانی دەیبینیت، هه‌روه‌ها دەبێت بوترێت کە شیکردنەوەی یاریی هەڵە و ڕاستی تێدا نیە، بەڵکو تەنها شێوازی جیاوازی بینین هەیە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێک دەگۆڕیت، بە مەرجێک هەموو ئەوانەی کە شیکردنەوە دەکەن زانیاری و شارەزاییان هەبێت لە بنەما سەرەکییه‌کانی یارییه‌کە و چەمک و بنەما تاکتیکی و تاکنیکێکان تێکەڵ نەکەن و بەهەڵە شیکردنەوەی بۆ نەکەن، گەرنا ئەوەی دەمێنێتەوە هەموو لێکدانەوەی تاکە کەسییە کە بەشی خۆی ڕاستی تێیدا کە شایەنی ئەوەیە وەکو شیکردنەوەیەکی وەرزشی ببینرێت.


ئه‌م بابه‌ته 18103 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:07:26/02/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com