هەولێر ئومێدی گەیشتنی بۆ قۆناغی دووەم ماوە

هەولێر ئومێدی گەیشتنی بۆ قۆناغی دووەم ماوە


مەسعود حەسەن
فۆتۆ: هەردی مالیك

یانەی هەولێر ئومێدی گەیشتنی بە قۆناغی دووەمی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق زیندوبوەوە، پاش ئەوەی ئێوارەی رۆژی یەك شەممە 21-2-2016 لە یاریگای فرەنسۆ هەریری لە گەڕی حەوتەمی خولە نایابی تۆپی پێی عێراق، میوانداری یانەی نەجەفی كرد و یاریەكەیشی بەئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە.

هەر زوو یانەی هەولێری خاوەن یاریگا دەستی بە فشار كرد، یاریزان سیروان خدر كە لە یارییەكانی پێشودا زیاتر وەكو یەدەگ یاری كردووە، لە یاری ئەمرۆدا لە پێكهاتەی سەرەكی بوو، دوو جار مەترسی بۆ سەر گۆلی یانەی نەجەف دروست كرد، لە خولەكی 17 هەمان یاریزان تۆپێكی جوانی دایە ئەحمەد عەبدولئەمیر و ئەویش گۆلی پێشكەوتنی تۆمار كرد، دوای چوار خولەكی تر جارێكی تر بە پاسی سیروان خدر یاریزان فەرحان شوكر توانی گۆڵی دووەم و پێشكەوتن بۆ یانەی قەڵا و منارە تۆمار بكات، یانەی نەجەفی میوان لەو گێمەدا كەمترین دەرفەتیان هەبوو، گێمی یەكەم بە پێشكەوتنی یانەی هەولێر كۆتایی هات.

لە بیست خولەكی سەرەتای گێمی دووەمدا، یانەی نەجەف باشتر بوو، لە خولەكی 57 یاریزانی یانەی نەجەف حەمزە سەلامە لە دەرەوەی ناوچەی سزا تۆپێكی بەهێزی ئاراستەی گۆلی هەولێر كرد، بەڵام بەخت یاوەری نەبوو تۆپەكەی بەرستون كەوت.

ئینجا لە خولەكی 61 دیاری رەحمان كاپتنی یانەی هەولێر نزیك بوو گۆلی سێیەمیش تۆمار بكات، بەڵام گۆڵپارێزی یانەی نەجەف تۆپەكەی بۆ كۆرنەر دوور خستەوە، لە خولەكی 65 دلێر حاتەم گۆڵپارێزی یانەی هەولێر لێدانێكی راستوخۆی جوانی یانەی نەجەفی گەراندەوە.

لە نیو كاتژمێری كۆتایی یارییەكەدا یاریزانانی هەردوو یانە تا رادەیەك ساردبونەیان پێوە دیار بو، مەترسیان بۆ سەر گۆلی یەكتر نەبوو، بەم شێوەیە یارییەكە هەر بەو دوو گۆلە بە بەرژوەندی هەولێر كۆتایی هات كە لە گێمی یەكەمدا تۆماریان كردبوو.

بەم بردنەوەیە هەولێر سێ خاڵی گرینگی بەدەست هێنا و ژمارەی خاڵەكانی بۆ 23 خاڵ بەرز بۆوە و ئومێدی سەركەوتنی بۆ قۆناغی دووەم زیندبۆوە.

ئه‌م بابه‌ته 9029 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:22:21/02/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com