هەولێر زامەكانی هندرێنی قوڵتر كرد

هەولێر زامەكانی هندرێنی قوڵتر كرد


مەسعود حەسەن

ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە 18-2-2016 لە گەڕی هەشتەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان و لە گروپی یەكەمدا، یانەی هەولێر لەسەر یاریگای یەكەمی فرەنسۆ هەریری میوانداری یانەی هندرێنی هاوشاری كرد و یاریەكەیشی بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆلێك بردەوە.

یارییەكە بە هەڕەشەیەكی رێكار هاشم یاریزانی یانەی هندرێن دەستی پێكرد، كاتێك لە خولەكی 13 لەناوچەی سزا تۆپێكی وەرگرت، بەڵام نەیتوانی گۆڵ تۆمار بكات، دواتر فەرحان شوكر هێرشبەری یانەی هەولێر لە خولەكی 22 نزیك بوو گۆلی پێشكەوتن بۆ هەولێر تۆمار بكات، بەڵام بارزان یوسفی گۆڵپارێزی یانەی هندرێن تۆپەكەی دوور خستەوە.

لە خولەكی 26 دا دیار رەحمان كاپتنی یانەی هەولێر لێدانێكی راستەوخۆی جوانی جێبەجێكردو لە تۆمار كردنی گۆلی یەكەم نزیك بوو، بەڵام جارێكی تر بارزان یوسف گۆڵپارێزی هندرێن بوە فریادرەسی یانەكەی و تۆپەكەی لە گۆشەی 90 دەرهێنا، پاش یەك خولەكی تر هۆگر حوسێن سوودی لە كۆرنەرێك وەرگرت و توانی گۆلی پێشكەوتن بۆ یانەی هەولێری خاوەن یاریگا تۆمار بكات، ئەمە گرنگترین روداوەكانی گێمی یەكەم بوو.

لە دەستپێكی گێمی دووەمدا و لە خولەكی 52 بەرگریكاری یانەی هندرێن هەڵگورد خالد بە نیازی ئۆڤەر كردن تۆپێكی رەوانەی ناوچەی سزای هەولێر كرد، رێباز عەبدوڵا گۆڵپارێزی هەولێر نەیتوانی تۆپەكە كۆنترۆڵ بكات، بەم شێوەیە ئەنجامی یارییەكەی هاتەوە خاڵی سەرەتا.
پاشان یانەی هەولێر كۆنترۆڵی یارییەكەی كرد، ئیڤان خالد كە تایمی دووەم بەشداری لە یارییەكە كرد، لەخولەكی 75 توانی گۆڵی دووەم و پێشكەوتن بۆ یانەی هەولێر تۆمار بكات، كە رابەر خالد یاریزانی لاوی هەولێر رۆڵێكی باڵای لە تۆمار كردنی گۆلەكە هەبوو.

لە كاتی زیاد كراویشدا یاریزان بەڵێن ووشیار لەگەڵ دابەزینی بۆ نێو یاریگا توانی گۆڵی سێیەم و دڵنیایی تۆمار كرد و سێ خاڵی گرنگی بەخشیە یانەكەی، بەم چەشنە یارییەكە بە سوودی یانەی هەولێر كۆتایی هات، یانەی هەولێر ژمارەی خاڵەكانی بۆ 15 خاڵ بەرز كردەوە و پێشەنگی گروپی قایمتر كرد، یانەی هندرێنیش ژمارەی خاڵەكانی وەكو خۆی لە 6 خاڵ مایەوە و لە خانەی كۆتایی دێت و مەترسی دابەزینی بۆ خولی یانە پلە یەكەكان هەیە.

ئەنجامی یارییەكانی تریش بەم شێوەیە بوو
شێروانە 4  -  0 زێڕەڤانی 
ئارارات 0  -  0  كەركووك
ریزبەندی گروپی یەكەم بەم شێوەیە دەبێت
1-هەولێر 15 خاڵ
2-زاخۆ 11 خاڵ
3-شێروانە 10 خاڵ
4-كەركووك 10 خاڵ
5-ئارارات 9 خاڵ
6-زێڕەڤانی 9 خاڵ
7-هندرێن 6 هندرێن

ئه‌م بابه‌ته 485 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:02:18/02/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com