پێشمەرگەی هەولێر و دهۆك یەكسان بوون

پێشمەرگەی هەولێر و دهۆك یەكسان بوون


مەسعود حەسەن

لە ڕكابەرییەكانی گروپی دووەم و لە گەڕی دووەمی خولی نایابی فاست لینكی تۆپی پێی كوردستان، رۆژی پێنج شەممە 11-2-2016 لە شارۆچكەی پیرمام، یانەی پێشمەرگەی هەولێر مێوانداری یانەی دهۆكی كرد و یاریەكەیش بە ئەنجامی گۆلێك بۆ هەر لایەكیان دوماهی هات.

یارییەكە بە فیكەی ناوبژیوان لەبیب حەبیب دەستی پێكرد، بەهۆی ئەوەی پێش یارییەكە هەردوو یانە لە خانەی یەكەم و دووەمی گروپی دووەم بوون بۆیە یارییەكە بە جۆش و خرۆش و ئاست بەرزییەوە دەستی پێكرد، سەرەتا یاریزان ئەحمەد مەئمون تۆپێكی ئاراستەی گۆڵی یانەی پێشمەرگەی هەولێر كرد، بەڵام تۆپەكەی بەتەنیشت گۆڵ چووە دەرەوە، پاشان لەخولەكی 5 یاریزانی پێشمەرگەی هەولێر فەرهەنگ ووریا لەناوچەی سزای یانەی دهۆك لەلایەن خالید موشیرەوە ڕێگری لێكرا و یاریزانانی پێشمەرگەی هەولێر داوای لێدانی سزایان كرد،بەڵام ناوبژیوان هیچی هەژمار نەكرد.

لە خولەكی 6 بەرگریكاری یانەی پێشمەرگەی هەولێر عەبدوڵا عەلی توانی سوود لە لێدانێكی كۆڕنەر وەربگرێت و بەلێدانێكی سەری بەهێز تۆڕی یانەی دهۆكی هەژاند، ئینجا لە خولەكی 18 هێرشبەری یانەی دهۆك ڕاكان عەبدولقادر توانی گۆڵی بەرامبەر بوون تۆمار بكاتەوە، ئەگەر چی كاوە حەسۆ گۆڵپارێزی پێشمەرگەی هەولێر لە جاری یەكەمدا تۆپەكەی دوور خستەوە، بەڵام لە جاری دووەمدا نەیتوانی كۆنترۆڵی تۆپەكە بكات.

لەو گێمەدا ئاستی هەردوو یانە لە یەكترەوە نزیك بوو، هەردوو یانە بە هێرشی یەك لەدوای یەك وەڵامی یەكتریان دەدایەوە، یاریزانانی هەردوو یانە لە دەرەوەی ناوچەی سزا خۆیان تاقی دەكردەوە، بەتایبەتی بە تۆپی جێگیر.

لەخولەكی 24 هێرشبەری یانەی دهۆك خالد موسا لە ناوچەی سزای یانەی پێشمەرگەی هەولێر خۆی خست و ویستی فێڵ لە ناوبژیوان بكات، بەڵام لەبیب حەبیبی ناوبژیوان كارتی زەردی بەڕویدا بەرز كردەوە.

لە خولەكی 35 عیماد ئەسعەد بەرگریكاری پێشمەرگەی هەولێر لە هەوڵێكدا نزیك بوو گۆلی دووەم تۆمار بكات، بەڵام تۆپەكەی چوە دەرەوە، بەم شێوەیە گێمی یەكەم بە گۆلێك بۆ هەردوو لا كۆتایی هات.

لەگێمی دووەمدا راهێنەری هەردوو یانەی دەستیان بە گۆرانكاری كرد، لەپێناو ئەوەی گۆلی زیاتر تۆمار بكەن، بەتایبەتی سەمیر سەدیق راهێنەری پێشمەرگەی هەولێر بەشداری بە یاریزانان رەوا یوسف و عەبدوڵا سەربەست و ئارام فەتاح كرد.

لە خولەكی 60 ئەحمەد سالار هێرشبەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە دەرەوەی ناوچەی سزا خۆی تاقی كردەوە و تۆپێكی رەوانەی گۆڵی دهۆك كرد، بەڵام تۆپەكەی بەر یاریزانێكی دهۆك كەوت و رێرەوی تۆپەكە گۆراو چوە كۆرنەرەوە.

لە خولەكی 61 عیماد ئەسعەد بەرگریكاری پێشمەرگەی هەولێر نزیك بوو گۆلێك لە خۆیان تۆمار بكات، بەڵام كاوە حەسۆی گۆڵپارێز لە شوێنێكی گونجاو وەستابوو تۆپەكە چوە نێو دەستی.

لەخولەكی 69 لە هێرشێكی دارێژراودا ئەحمەد مەئمون تۆپێكی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی پێشمەرگەی هەولێر كرد، بەڵام لە بێبەختی ئەو تۆپەكە بەر ستوون كەوت، لە بیست خولەكی كۆتاییدا هەردوو یانە فشاریان بۆ سەر گۆلی یەكتر دەبرد، لە خولەكی 81 عەبدوڵا عەلی خاوەنی تاكە گۆڵەكەی پێشمەرگەی هەولێر نزیك بوو گۆلی دوەمیش تۆمار بكات، بەڵام زنار فەیزی گۆڵپارێزی یانەی دهۆك خۆی هەڵداو تۆپەكەی گرتەوە.  

لە گێمی دووەمدا كێرڤی یارییەكە بەبەراورد لەگەڵ گێمی یەكەم بەرزبوەوە، ئەگەر چی گۆلی تێدا نەبوو، بەڵام دەرفەتی گۆڵكردن بۆ یاریزانانی هەردوو یانەی رەخسا و یارییەكە چوە ئەوپەڕی ململانێ و جار جارەیش توندوتیژی دەبینرا.

بەم شێوەیە یارییەكە بە گۆلێك بۆ هەر لایەكیان كۆتایی هات، ژمارەی خاڵەكانی یانەی دهۆك بوە 13 خاڵ و هەر لە پێشەنگی گروپی دووەم مایەوە، یانەی پێشمەرگەی هەولێریش خالەكانی بوە 11 خاڵ و لە خانەی دووەم دێت.

ئەنجامی دوو یاریەكەی تریش بەم شێوەیە بوون:
(برایەتی 1 - 1 نەورۆز)
(سۆلاڤ 0 - 2 گارە)


ئه‌م بابه‌ته 431 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:12:11/02/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com