ڕۆناڵدینیۆ: هەست دەکەم دوێنێ بەرشلۆنەم بەجێهێشتووەو نایماریش ناڕوات

ڕۆناڵدینیۆ: هەست دەکەم دوێنێ بەرشلۆنەم بەجێهێشتووەو نایماریش ناڕوات


خەڵک – موندۆ دیپۆرتیڤۆ

ڕۆناڵدینیۆ گاوچۆی بەرازیلی و ئەستێرەی جیلی زێڕینی سیلیساو پاش شەش ساڵ دابڕان لەیانەی بەرشلۆنە، ئەمڕۆ بە مەبەستی بەشداریکردن لەئاهەنگێکی تایبەت بەهەرێمی کەتەلۆنیا گەڕایەوە ئامێزی یانە کۆنەکەی "بەرشلۆنە".

ڕۆژنامەی "موندۆ دیپۆرتیڤۆ" هەلەکەی قۆستەوەو چاوپێکەوتنێکی خێرای لەگەڵ ئەستێرە ناودارەکە ئەنجامدا کە ئەمە کورتەکەیەتی:

دیسانەوە گەڕایتەوە بۆ بەرشلۆنە، هەست بەچی دەکەیت؟

شتێکی جوانە دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ بەرشلۆنە کە هەمیشە بە ماڵ و وڵاتی دووەمم داناوە، هەست دەکەم دوێنێ ئەم یانەیەم بەجێهێشتووە نەک شەش ساڵ! ماوەیەکی زۆرە نەگەڕاومەتەوەو ئێستاش ئەو هەلەم بۆ ڕەخساوە بۆیە هەلەکە دەقۆزمەوەو سڵاو لەهەمووتان دەکەم.

چاودێری یارییەکانی ئەم وەرزەی بەرشلۆنە دەکەیت؟

بەڵێ بێگومان، بە پەرۆشەوە چاودێری یارییەکانی بلاوگرانا دەکەم و زۆریش سەرسامم بە ئاستی سیانە ئاگرینەکە (مێسی و نایمار و سوارێز).

بەڕای تۆ ئاستی تۆپی پێی ئەوروپا لەئێستادا بە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو چۆنە؟

تۆپی پێ لەچاو ساڵانی ڕابردوودا زۆر گۆڕاوە، بەڵام بەرشلۆنە هەمیشە یانەیەکی گەورە بووەو توانیویەتی پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات و بە بەهێزی بمێنێتەوە.

دەنگۆی ئەوە هەیە کە نایمار ڕیزەکانی بەرشلۆنە بەجێبهێڵیت؟

بەڵی دەنگۆیەکی لەوشێوەیە هەیە، بەڵام بەڕای من دوورە لەڕاستییەوە، نایمار لێرە زۆر دڵخۆشەو دڵنیاشم کە دەمێنێتەوە.

لێرە چۆن بەخێرهاتنت لێکرا کە بۆ یەکەمجار پەیوەندیت بە یانەکەمانەوە کرد؟

هەرگیز ئەوەم لەبیرناچێتەوە کە هاندەرانی بەرشلۆنە چ خۆشەویستی و پالپشتییەکیان بۆ دەربڕیم، بەڕاستی کارێکی نایابیان کرد و شانازییان پێوە دەکەم.


ئه‌م بابه‌ته 5248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:00:02/02/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com