حیکایەتی دێربی "دیلا مادۆنێنا"

حیکایەتی دێربی "دیلا مادۆنێنا"


نوسینی/بڵند فاتیح

ساڵی ١٨٩٠ پیاوێکی ئینگلیزته‌مه‌ن ٣٠ ساڵ له‌که‌ناره‌کانی ئیتاڵیا به‌ تۆپێکه‌وه‌ له‌ که‌شتییه‌ک دابه‌زی له‌شاری تۆرینۆ له‌باشوری ئیتاڵیا گیرسایه‌وه‌، هەر لەسەرەتاوە هیوای خواست ئایندەیەکی گەشتری هەبێت لەم وڵاتە، چونکە بۆ کەسێک کە نۆیەمین و دوایەمین منداڵی خێزانێکی کەوشساز بێت، ئیتاڵیا و بارزگانی قوماش بە سەرەتایەکی نوێ و موژدەبەخش دادەنرێت.

ئەو پیاوە ناوی هێربێرت کیلپین بوو، هێربێرت کیلیپن بۆ ماوەی ٧ ساڵ لە تۆرینۆ مایەوە، بەڵام وەکو دەردەکەوێت قەدەر بەگوێرەی حەز و ئاواتەکانی ناکات هەر بۆیە لەکۆتایدا شارەکەی جێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە شاری میلانۆ، لە میلانۆ کیلپین سەردەمی لاوێتی خۆی دەکەوێتە بیر و عەشقی تۆپی پێ دووبارە کەللەی گەرم دەکات، هەر بۆیە بڕیار دەدات یانەیەکی تۆپی پێ دابمەزرێنێت.

بێگومان دوای ئەوەی نزیکەی ١٠ ساڵ لە ئیتاڵیا بەسەر دەبات، ئیدی کیلپین ڕۆحێکی ئیتاڵی تێیدا گەورە دەبێت و هەر بەو ڕۆحییەتە پڕ ئەسفانە و خورافاتەوە دەڵێت " ئێمە دەبینە تیپێک لە ئەهرەمین، ڕەنگەکانمان سور دەبێت وەکو ئاگر و ڕەش دەبێت وەکوو ئەو ترسەی کە ڕکابەرەکانمان هەستی پێدەکەن”

ئا لێرەوە و لە زستانی ساڵی ١٨٩٩ بۆیەکەمین جار یانەی "میلانی تۆپی پێ و کریکیت” دروست دەبێت، هێربێرت کیلپین وەکو کاپتن و ڕاهێنەریی یانەکە دەست دەکات بە نوسینەوەی یەکەم دێڕ لە مێژووی ئەی سی میلان، هەر بەهۆی نەبوونی یاریزانی زۆرەوە بەو پێیە هێشتا خەڵکێکی زۆر یاریی تۆپی پێناکەن، بۆیه‌ ناوبراو زۆر جار ناچار دەبێت لە جێگای جیاوازی یاریگا یاریی بکات بۆ پڕکردنەوەی پێگه‌ی ئەو یاریزانانەی کە ئامادە نابن.

لە سەرەتاوە یانەی میلان دەست دەکات بە نازناو چنینەوە و دەبێتە پاڵەوانی خولی ئیتاڵی بۆ ساڵەکانی ١٩٠١ ،١٩٠٦ ،١٩٠٧. وەلێ ئەفسوس رۆژگاری خۆشی یانەکە درێژەی ناکێشێت و خێرا یانەی ئەی سی میلان خۆی لەبەردەم ڕکابەرێک دەبینێتەوە، ڕکابەرێک کە دەیەوێت لە ماڵی خۆیدا کێبڕكێی بکات و میلانۆ لە چنگی دەربهێنێت.

لەسەرەتاوە هەموو مەسەلەکە بە دەمەقاڵێیه‌ک دەستی پێکرد، گروپێك لە ناو یانەی میلاندا دروست بوو کە ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕی بەرامبەر سیاسەتی یانەکە، سیاسەتی یانەکە کە تەنها پشتی بە یاریزانی ئیتاڵی و ئینگلیزی دەبەست.

ئەم گروپە کە لە جۆرجیۆ موگیانی و سیازدە کەسی دیکە پێکهاتبوو، مۆگانی یاخیبونی گروپەکەی ڕاگەیاند و بە توندی داوای ئەوەی کرد کە یانەکە سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و پشت بە یاریزانی بیانی ببەستێت، هەرچەندە ئەم داواکارییە لەگەڵ بارودۆخی ئەو کاتەی خولی ئیتاڵیدا بە تەواوەتی نەدەگونجا، بەڵام لە کۆتایدا بە خێرایی ئەم یاخیبوونە گۆڕا بۆ جیابوونەوە و لە بەهاری ساڵی ١٩٠٨ یانەیەکی دیکەیان دامەزراند و بۆ هەتاهەتایە میلانۆیان کرد بە دوو بەشەوە، بەشێک سور و بەشێک شین و لە نێوانیشیاندا ڕەنگی ڕەشیان وەکوو برا دابەش کرد.

سەرکردەکانی ئەم گروپە هێندە تامەزرۆی یاریزانی بیانی بوون، نازناوی ئینتێرناسیۆنالیان هەڵبژارد بۆ یانەکەیان، ئەوەبوو لە رۆژی دووشەممە ٩ی مارسی ١٩٠٨ موگیانی و هاوڕێکانی لە ڕێستۆرانتی(دیلا ئۆرۆلۆگیۆ) کۆبوونەوە و "یانەی تۆپی پێی ئینتێرناسیۆنالی میلانۆ”یان دامەزراند، هەر لەمانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا بۆیەکەمین جار دێربی میلانۆ لە نێوان دوو یانەکەدا ئەنجامدرا.

یارییه‌کە بە ٢/١ لە بەرژەوەندی یانەی ئەی سی میلان تەواو بوو، تێیدا ئەتیلیۆ تیریری یەکەمین گۆڵی دێربی بۆ یانەی ئەی سی میلان تۆمارکرد، هەمان یاریزان مێژوویەکی دیکەی تۆمارکرد کاتێک لەیەکێك لەدێربییه‌کاندا لە گێمی یەکەمدا وەکو گۆڵپارێز و لەگێمی دووەمدا وەکو یاریزانی هێڵی ناوەڕاست یاریی کرد، ئینتەرمیلانۆ هەر وەکو براگەورەکەی دوو ساڵ چاورێی کرد تاکو یەکەمین نازناوی بردەوە، ئەمەش کاتێک ساڵی ١٩١٠ خولی ئیتاڵی بۆ یەکەمین جار بەرز کردەوە. بەلام بۆ بردنەوەی دووەم نازناو ئینتەر ١٠ ساڵ چاوەڕوان بوو هەر وەکو چۆن بۆ بردنەوەی نازناوی سێیەم ١٠ ساڵی تری پێچوو.

دوور لە نازناوی هەردوو یانەکە و ڕووداوەکانی دێربی نێوانیان، دەتوانم بڵێم مێژووی هەردوو یانە پڕە لە شکۆمەندی، پڕە لە بەره‌نگاربونه‌وه‌، لە کەوتن و هەستانەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو ڕۆحییەتەیە کە هەردوو یانەکە بە درێژایی مێژووی خۆیان جا بەئاگابوونەوە بێت یان بەبێ ئاگایی بێت پاراستویانە.

ئینتەرمیلانۆ بە درێژایی مێژوویی خۆی مۆرکی فرەڕەگەزیی خۆی پاراستووە، بەجۆرێک شکۆدارترین سەردەمی یانەکە کە لە ماوەی شەستەکانی سەدەی بیستەمەدا بوو، لە ژێر دەستی ڕاهێنەری ئەرجەنتینی هیلێۆنۆ هێرێرادا بووە، لەبەرامبەردا پڕنازناوترین و شکۆدارترین سەردەمی ئەی سی میلان لە ژێر دەستی راهێنەری ئیتاڵییدا بووە.

جا ئەم ڕاهێنەرانەش چ نیرۆ ڕۆکۆ بێت یاخود ئەریگۆ ساکی، بەهەمان شێوە کاتێک باسی کاپتنە مێژووییەکانی هەردوو یانەکە دەکرێت، ئەوا لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ناوی خاڤێر زانێتی ئەرجەنتی کاپتنی ئینتەر و پاولۆ ماڵدینی ئیتاڵی کاپتنی ئەی سی میلان لەسەر زاری بینەری وەرزشیی، تەنانەت لە ئێستایشدا هەر بەم ڕۆحییەتەوە دەگەینە ڕۆژگاریی ئەمڕۆی دێربی دیلامادۆنینا و دەبینین یانەی ئینتەرمیلانۆ لەم وەرزەدا بە یازدە یاریزانی بیانییەوە دێتە ناو یاریگاوە، بەمەش ئەو مۆرکە مێژووییەی خۆی دەپارێزێت کە لە بنەڕەتدا موگیانی و هاوڕێکانی خستەسەر کەڵکەڵه‌ی بونیادنانی یانەیەکیتر... لەبەرامبەردا یانەی ئەی سی میلان بە خەونی پرۆژەی تیپێكی تەواو ئیتاڵییەوە دێتە ناو یاریگاوە و نزیکەی ٧ بۆ٨ یاریزانی ئیتاڵییە، بەمەش لە سەر هەمان ڕێچکەی باوباپیرانی بەردەوام دەبێت.

سەرەڕای هەموو مێژوو و مۆرک و خه‌سڵەتێک کە ئەم دوو یانە هەڵگرین، یەک ڕاستی هەیە کە پێویستە باسبکرێت، ڕاستیەک کە ڕەنگە نەبینراو بێت، به‌ڵام بێگومان هەست پێکراوە...

ڕاستی ئەوەی کە دێربی میلانۆ ڕەنگە ساڵی ١٩٠٨ دەستی پێکردبێت، بەڵام ڕۆحی دێربی لە نێو ئەهلی میلانۆدا تەمەنێکی زۆر زیاتری هەیە، چونکە دێربی میلانۆ هەڵگری توڕەبونێکی ئەزەلییە کە لە هەر سەردەمێکدا گوزارشتی لە شتێک کردووە، سەردەمانێک توڕەبوونی دێربی هی دەوڵەمەندە شین و ڕەش پۆشەکان و هەژارە سور و ڕەش پۆشەکان بوو، سەردەمانێکیش توڕەبوونی دێربی هی سیاسییه‌کان و هونەرمەندەکان بوو، ئەمڕۆیش توڕەبوونی دێربی هی دڵشکاو و بێ هیواکانە، توڕەییەک کە هەمیشە گوزارشت لە شتێک دەکات، شتێکی زۆر قۆڵ کە تەنها ئەوانەی لە دوور و نزیکەوە ئەهلی میلانۆن لێی تێدەگەن.

یه‌که‌م وێنه‌ی فه‌رمی یانه‌ی ئه‌ی سی میلان


یه‌که‌م وێنه‌ی فه‌رمی یانه‌ی ئینته‌رمیلان 


یه‌که‌م یاریی دێربی میلان له‌نێوان دوو یانه‌ زه‌به‌لاحه‌که‌


نیرۆ ڕۆکۆ راهێنه‌ری ئه‌ی سی میلان (لای ڕاست)، هیلینۆ هێرێرای ڕاهێنه‌ری ئه‌فسانه‌یی ئینته‌رمیلان (لای چه‌پ)


جیانی ڕیڤێرا و ساندرۆ مازۆلا، دوو کاپیتانۆی ئه‌فسانه‌یی هه‌ردوو یانه‌ به‌یه‌که‌وه‌


هێربێرت کیپڵپین، دامه‌زرێنه‌ری یانه‌ی ئه‌ی سی میلان


وێنه‌ی خێراترین گۆڵ له دێربی میلانۆ، له‌ساڵی ١٩٦٣ له‌لایه‌ن ساندرۆ مازۆلا دوای ١٣ چرکه‌ تۆمارکرا


ئه‌تیلیۆ ترێری، خاوه‌نی یه‌که‌م گۆڵ له‌ دێربی میلانۆ


براکانی باریزی، جوسێپی و فرانکۆ، به‌یه‌ک هه‌فته‌ به‌ر له‌ دێربی چاویان به‌یه‌کتری نه‌ده‌که‌وت و هه‌وڵیان ده‌دا که‌مترین کات
کۆببنه‌وه‌ له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌کانیاندا



دوو کاپیتانۆی ئه‌فسانه‌یی دێربی، خافێر زانێتی و پاولۆ ماڵدینی


١٢ی ئه‌یپڕلی ٢٠٠٥، له‌چاره‌کی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، دێربی میلانۆ له‌تایمی دووه‌مدا ڕاده‌گیرێت به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تی کرۆڤانۆردی ئینته‌رمیلان له‌ بڕیاره‌کانی ناوبژیوانی یارییه‌که‌، له‌کۆتاییدا له‌خوله‌کی ٧٥ ناوبژیوان یارییه‌که‌ی ته‌واو کرد و میلانی به‌براوه‌ هه‌ژمارکرد، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی یاریزانان ماڵئاوایی بکه‌ن ئه‌م وێنه‌ مێژوییه‌ چرکه‌ی لێکرا (ڕوی کۆستا و ماتیرازی)


ئه‌م بابه‌ته 2438 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:20:31/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com