مامۆستایەكی زانكۆ پێشنیارێك بۆ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكات

مامۆستایەكی زانكۆ پێشنیارێك بۆ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكات


مەسعود حەسەن

دیار كەمال مامۆستای وەرزشی لە زانكۆی سلێمانی، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆری كۆمەلایەتی فەیسبوك پێشنیارێك ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكات، داوای ئەوە دەكات زیاتر گرنگی بە لایەنی دەروونی یاریزانان و راهێنەران بدرێت.

مامۆستا دیار دەڵێت" لای هەمومان روون و ئاشكرایە لایەنی دەروونی لە پاڵ لایەنەكانی تری وەكو ( كارامەیی و تەكتیكی و جەستەیی) رۆلێكی باڵای هەیە لەسەر ئاستی یاریزانان، كەسانی پسپۆڕ لە یانەكان بەدی ناكرێت، راهێنەران بە گوێرەی ئەزموونی خۆیان رێنمایی دەدەنە یاریزانەكان، رەنگە ئەمەش هەڵە بێت، چونكە كەسانی پسپۆری دەروونی لە خەسڵەت و سیما و حاڵەتە دەروونیەكان شارەزا ترن،ئەوان دەتوانن لە كات و ساتە هەستیارەكاندا رێ و شوێنی تەندروست و بریاری دروست بدەن.

مامۆستا دیار كە ئێستا قوتابی دكتۆرایە لە زانكۆی سلێمانی باس لەوەش دەكات: لە رووی لۆجیكەوە دەبینین راهێنەرانی كوردستان لە یەك كاتدا رۆلی راهێنەر و دەروونی دەبینن، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە راهێنەر ناتوانێت بچێتە نێو قوڵایی دەروونی یاریزانان، بۆیە داوا لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكەم، بیر لەئەنجامدانی خولی دەروونی بكاتەوە بۆ یاریزان و راهێنەرانی كوردستان، لەژێر سەرپەرشتی كەسانی پسپۆر لەم بواردەدا.

مامۆستا دیار باس لەوەش دەكات گرنگی لایەنی دەروونی لە دوو خاڵدا دەبینمەوە:
1-بەرز كردنەوە و دەوڵەمەند كردنی زانیاری ئاستی رۆشنبیری راهێنەران، سەبارەت بە چەمك و زانستی دەروونزانی وەرزشی و خوێندنەوە و شیكردنەوەی رەفتاری یاریزان.
2-لەرێگەی ئەو راهێنەرانەوە یاریزان رۆشنبیری دەروونی زیاتر دەبێت و دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ حالەتە دەروونیەكان بكات.


پرۆفایل
ناو: دیار كەمال ئەسعەد
لەدایك بووی: 1979 شاری سلێمانی
لە سالی 1993 لە لاوانی یانەی ئاسۆ دەست بە یاری كردن دەكات و بۆ ماوەی 10 ساڵ لەو یانەیە درێژە بە یاریكردن دەدات.
لە سالی 2002 نازناوی باشترین گۆڵپارێزی لەسەر هەرێمی كوردستان بەدەستهێناوە.
راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەكانی (ئاسۆ ، ئاڵا، هەولێر) بووە.
ئێستا قوتابی دكتۆرایە لە زانكۆی سلێمانی.

ئه‌م بابه‌ته 6756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:25:30/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com