گورون چاودێری یاریزانانی كوردستان دەكات

گورون چاودێری یاریزانانی كوردستان دەكات


مەسعود حەسەن

بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر بەشداری كردنی هەلبژاردەی تۆپی پێی كوردستان لە جامی كۆنیفا، ئەمرۆ بۆ یەكەم جار خەسرەو گورون راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان، لەشاری هەولێر لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كۆبونەوەی ئەنجام دا.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ سایتی خەڵك ناوبراو وتی: لە كاتی ئێستادا یەكێتی تۆپی پێی كوردستان، تەنها منیان سەرپشك كردوە بۆ دەست نیشان كردنی یاریزان، هەفتانە لە دوو یاری خولی نایاب ئامادە دەبم بۆ لە نزیكەوە بینینی ئاستی یاریزانان، ئەگەر خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستانیش بەرێوە بچێت، سەیری یارییەكانی ئەوانیش دەكەم.

خەسرەو گورون كە ئێستا راهێنەری هیچ یانەیەك نییە باسی لەوەشكرد: پێشوتریش گلەیی و گازاندە لەهەمبەر دەست نیشان كردنی یاریزانان هەبوە، بەلام هەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە ئەو متمانەیە نادۆرینم كە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەمنیان داوە، هەوڵ دەدەم باشترین یاریزانەكانی كوردستان دەست نیشان بكەم، دڵنیا بن یاریزان لەسەر بنەمای شارچیەتی و دەڤەرچیەتی و یەكتر ناسین هەڵنابژێرم، زانیاری پێشوەختەم لەسەر زۆربەی یاریزانانی خولەكانی كوردستان هەیە، بەلام یاریزان لە سالێك بۆ سالێكی تر گۆرانكاری لە ئاستیدا رودەدات، ئەگەر لە نزیكەوە ئاستی یاریزانەكان ببینم دەتوانم باشترینەكان دەست نیشان بكەم.

گورون گوتیشی: دەمەوێت باشترین و ئاست بەرزترین یاریزانانی كوردستان دەست نیشان بكەین، دوای تەواوبونی هەڵبژاردنی یاریزانەكان، ئەمساڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ناوی یاریزانان ئاشكرا دەكەین، دواتر لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان ستافی راهێنەران دەست نیشان دەكەین و دەست بە مەشق و راهێنان دەكەین. 

لە وەلامی پرسیارێكدا ئایا بەڵێنی ئەوە دەدەی كە نازناوەكە ببەیتەوە، گورون وتی: ناتوانم بەلێن بدەم بۆ بردنەوەی نازناوەكە لە ئەبخازیا، چونكە بەلێن دان گرێنتی نییە، بەڵام ئامانجی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەدەستهێنانی نازناوەكەیە و ئێمەش هەموو هەوڵ و توانایەك دەدەین بۆ بەرزكردنەوەی جامەكە.

ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:21:30/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com