هەولێر سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا

هەولێر سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا


مەسعود حەسەن

یانەی هەولێر دواكەوتنی خۆی بەئەنجامی گۆلێك بۆ بردنەوە گۆڕی لە بەرامبەر یانەی ئارارات، كاتێك لە یارییەكانی گەڕی شەشەم لە خولی نایابی فاست لینكی كوردستان، هەردوو یانە لە شارۆچكەی پیرمام روبەروی یەكتر بونەوە.

یارییەكە لە كەش و هەوایەكی ساردا بەرێوە چوو، سەرەتا یانەی ئاراراتی خاوەن یاریگا باشتر یارییان كرد، یاریزان (سەفین عەبدولخالق) لە خولەكی 14 توانی گۆلی پێشكەوتن تۆمار بكات، هەمان یاریزان لە خولەكی 25 نزیك بوو گۆڵی دوەمیش تۆمار بكات، بەڵام تۆپەكەی فڕێ دایە دەرەوە.

تا نیو كاتژمێری یەكەم یانەی ئاراراتی خاوەن یاریگا كۆنترۆلی یارییەكەی كردبوو، بەتایبەتی لە هێڵی ناوەراستدا، لە خولەكی 35 (ئیڤان خالید) یاریزانی یانەی هەولێر لە ناوچەی سزای ئارارات لەلایەن بەرگریكارانی ئارارات رێگری لێكرا، یاریزانانی هەولێر داوای لێدانی سزایان كرد، بەڵام ناوبژیوان هیچی هەژمار نەكرد و بەبیانوی نمایش كردن كارتی زەردی دایە ئیڤان خالید.

لە دوا ساتەكانی گێمی یەكەمدا بەهۆی توند یاریكردنەوە (محمەمەد باپیر) یاریزانی ئارارات دوەم كارتی زەردی وەرگرت و لە یارییەكەدا بێبەش كرا، گێمی یەكەم بە تاكە گۆلێك لە بەرژەوەندی یانەی ئارارات كۆتایی هات.

لە گێمی دووەمدا یانەی ئارارات بە یاریزانێك كەمتر یاری كرد، ئەمەش رێگای بۆ یانەی هەولێر خۆش كرد بە ئاسودەیی یاری بكەن، (ئیڤان خالید) لە خولەكی 52 بە لێزانی خۆی توانی گۆلی بەرامبەر بۆ یانەی قەڵا و منارە تۆمار بكاتەوە، زۆری نەبرد و دوای 8 خولەكی تر یاریزان (بارزان شێرزاد) سودی لە هەڵەی بەرگریكارانی ئارارات بینی و توانی گۆڵی دووەم و پێشكەوتن تۆمار بكات.

بۆ پارێزگاری كردن لە دوو گۆڵەكە راهێنەری یانەی هەولێر بەشداری بەهەر سێ یاریزان (دیار رەحمان و میران خەسرەو و هەردی سیامەند) كرد، لەگەڵ هاتنە ژوورەوەی ئەو سێ یاریزانە یانەی هەولێر باشتر یاری كرد و كۆنترۆلی یارییەكەی كرد.

لە دوا نیو كاتژمێری كۆتاییدا یارییەكە توندوتیژی بەخۆیەوە بینی و ناوبژیوان 6 كارتی زەردی بە ڕوی یاریزانانی هەردوو یانە بەرز كردەوە، بەم چەشنە یارییەكە بەئەنجامی 2-1 گۆڵ بەسودی یانەی هەولێر كۆتایی هات، یانەی هەولێر بۆ یەكەم جار لەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان لە دەرەوەی یاریگای خۆی بردنەوە تۆمار بكات.

بەم بردنەوەیە ژمارەی یارییەكانی یانەی هەولێر بۆ 9 خاڵ بەرز بۆوە و لە خانەی دووەم دێت و یانەی ئاراراتیش بە 5 خاڵ لە خانەی پێنجەم دەبیندرێت.  

ئەنجامی دوو یاریەكەی تریش بەم شێوەیە بوو
كەركووك 3  -  2 زێڕەڤانی
زاخۆ 1  -  0 هندرێن

ئه‌م بابه‌ته 661 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:28:30/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com