ڕاهێنەری تۆپی پێی و بەرپرسیارێتییە هونەرییەکانی

ڕاهێنەری تۆپی پێی و بەرپرسیارێتییە هونەرییەکانی


نوسینی/ بڵند فاتیح

(به‌شی دووه‌م)
دوای ئەوەی بەشێوەیەکی گشتگیر باسی ڕاهێنەری وەرزشیمان کرد لەدەرەوەی یاریگا، له‌به‌شی دووه‌مدا دێینە سەر ئەرکی ڕاهێنەر لە نێو یاریگادا و  لەگەڵ خودی ئەو تیپەی کە لەژێر دەستیدایە، واتا پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان راهێنەرەکان و تیپەکە.
لێرەدا بە کۆی ئاماژە بۆ بەرپرسی کاری ڕاهێنەرایەتی دەکەم، چونکە کاتێک بە وردی باسی ئەم بابەتە دەکەین ناتوانین بەشێوەیەکی هەڕەمەکی باس لە یەک راهێنەر بکەین و بڵێن ئەم کەسە هەموو ئەرکی ڕاهێنەرایەتیکردنی تیپەکە دەگرێتە ئەستۆ، به‌وپێیه‌ی لە بنەڕەتدا کاری ڕاهێنەرایەتی ئاماژە دەکات بە ڕاهێنان کردن بە کۆمەلێک یاریزان لە هەمو ڕوویەکەوە(جەستەیی،زهنی،دەروونی،تاکتیکی،تاکنیکی، ڕفتاریی، یاسایی)، هەموو ئەم لایەنانە پیویستی بە ڕاهێنەرە.
پێویسته‌ بوترێت کە چەمکی ڕاهێنەر گۆڕانی گەورە بەسەر مانا و پانتایەکەیدا هاتووە، لە سەرەتای سەرەتاکانەوە کە تۆپی پێ وەکو یارییەکی مۆدرێن لە دنیادا ناسرا، راهێنەری تیپ زۆرجار ئەو کەسە بوو کە خودی یانەکەی دامەزراند بوو، واتا بۆ ئەوەی ببیت بە ڕاهێنەر پێویستی بەوە نەدەکرد لە هیچ زانستێکی ڕاهێنەرایەتی سەردەمیانە  شارەزا بیت، هاوکات خودی ئەرکی راهێنەرەکەیش دەکرێت لە ئەرکی کاپتنێکی ئێستا تۆپی پێدا کورت بکرێتەوە.
"ئه‌و گۆڕانکارییانه‌یله‌ بواره‌که‌دا ڕویاندا "
دواتر لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کات چەمکی ڕاهێنەر گۆڕانی بەسەردا هات بەو پێیەی تێگەیشتن بۆ یارییه‌کە فراوانتر بوو، بۆیە ڕاهێنەر ئەندازەیەکی نوێی بۆ پیشەی خۆی زیاد کرد کە ئەویش ئەو بوو ڕاهێنەر بیری لەوە دەکردەوە چۆن یاریی تۆپی پێ بکات، یاخود بیری لەوە دەکردەوە باشترین شێواز بۆ ئه‌نجامدانی یاریی تۆپی پێ چییە و چۆنە؟
ئەم قۆناغە هاوزەمان بوو لەگەڵ پەیدابوونی یاساکانی تۆپی پێ، ئیدی لەو دەمەوە تۆپی پی سترکتورێکی وەرگرت، هەر بۆیە داڕشتنی جیاوازی تۆپی پێ پەیدا بوو، قۆناغی دوای ئەمە ڕەنگە هەندێک دواکەوتبێت، بەو پێیە ماوەیه‌کی درێژ راهێنەران لە  قۆناغی دروست کردنی سترکتور و شیوازی یاریی کردندا مانه‌وه‌ که‌ هاوکاته‌ بۆ دۆزینەوەو دارشتنی جیاواز بۆ یاریی کردن.
بەڵام ئەمە تا سەر نەبوو، چونکە  لە کۆتاییدا هیلینۆ هێرێرا پەیدا بوو.... هیلێنۆ هێرێرای ڕاهێنەری گراندی ئینتەر و بەرشلۆنه‌ کۆمەڵێک بیرۆکەی یاخییانەی هەبوو بۆ چۆنێتی خۆ ئامادە کردن بۆ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌کان.

بەشێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ هێرێرادا بە تەواوەتی چەمکی دەروناسی و مینتاڵی متوربەی چەمکی ڕاهێنەرایەتی کرا، ئیدی لەگەڵ ئەودا گرنگییەکی زیاتر درا بە لایەنی دەروونی و مێنتاڵی یاریزان، هەر لەم قۆناغەدا چەمکی راهێنەر گۆڕا بۆ ڕاهێنەرەکان، بەو پێیە ئیدی ستافێک لە ڕاهێنەر ئەرکی ڕاهێنەرایەتییان گرتبووە دەست.
لەگەڵ دەست پێکردنی ئەم قۆناغەدا ئیدی وردە وردە تاکو دەگاتە ئێستای تۆپی پێ چەمکی ڕاهێنەرایەتی فراوانتر بوو بە ڕادەیەک کە به‌ تاکە ڕاهێنەرێک نەدەکرا هەموو ڕەهەندەکانی ئەم چەمکە پڕ بکرێتەوە، چونکە چەمکی راهێنەر لەخۆیدا مانای زۆر هەڵدەگرێت.
ڕاهێنەر دەبێت مامۆستا بێت، بەخێوکەر بێت ، ڕێنیشاندەر بێت، باوک بێت، لە کۆتایشدا خودی راهێنەر بێت، واتا یاریزان ڕابهێنێت لەسەر کۆمەڵێک بیرۆکە و شێوازی یاریی کردن، جگە لەلایەنی تاکتیکی و تاکنیکی هەروەها لایەنی دەرونی و مێنتاڵی زیادیان کرد بۆ یارییه‌کە، کە ئەمانەش بۆخۆیان پێویستیان بە کەسی پسپۆڕ بوو لە بوارەکەدا تاکو بە تەندروسترین شێوە یاریزانەکان ڕابهێنن و ئاشکرا بوو کە تاکە کەسێک ناتوانێت ئەرکەکە بەڕێوەببات و پێویستە ستافێكی گەورە بەرپرسیارێتی کارەکە بگرێتە ئەستۆ..
لەم قۆناغەوە کۆمەڵێک ڕاهێنەر یارمەتی ڕاهێنەری یەکەمیان دەدا و پێیان دەوترا یاریدەدەری ڕاهێنەر، هاوکات وردە وردە ڕاهێنەری یەکەم دووردەکەوتەوە لە مانا سروشتی و بنەڕەتییه‌کەی خۆی.
.لە ئێستادا ڕاهێنەری یەکەمی تۆپی پێ تاڕادەیەک خۆی بەستۆته‌وە بە چەمکی ڕەهێنەره‌وه‌، بەڵام وەکو ١٥ ساڵ یاخود ٢٠ سال پێش ئێستا نا، به‌ڵکو لە دنیای حازری تۆپی پێدا راهێنەری یەکەم دەیەوێت یاریزانەکانی هەمیشە لە ئامادەباشییدا بن، هه‌روه‌ها دەیەوێت یاریزان پێکانی نەبێت، یاخود هیچ بارودۆخێکی دیکەی نەبێت کە ڕێگر بێت له‌به‌رده‌م کاره‌که‌یدا، جگە لەوەی لە ئێستادا ڕاهێنەری یەکەمی تۆپی پێ وەکو ئەستێرەیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت بەشێوەیەک زۆرجار سەرنج و چاوەکان لە یاریزانەکان دەدزێت و دەیخاتە سەر خۆی، خودی ئەم خاڵەش یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ئەو مانا پیرۆزەی کە ڕاهێنەر هەیەتی کە ئەویش ئەوەیە قوربانیدەر بێت، لە پشتەوەی پەردە بمێنێتەوە و تەنها چێژ لە سەرکەوتنی یاریزانەکانی وەربگرێت.
"ماکالێلی باسی حاڵی مۆرینیۆ ده‌کات"
کلۆد ماکالێلی یاریزانی پێشووی فەرەنسا و چێڵسی لە بایۆگرافێکەی خۆیدا باسی جوزێ مۆرینیۆ دەکات و دەلێت :"راهێنەرێکی ژیرە، ڕاهێنەرێکە دەزانێت چۆن باشترین ئاست لە یاریزاندا دەربخات، بەڵام دەشزانێت چۆن یاریزان بڕوخێنێت، مۆرینهۆ ڕاهێنەرێک نییە کە یاریزان دروست بکاتەوە یان یارمەتی یاریزان بداتەوە بۆ ئەوەی هەستێتە سەر پێی، ئەو یاریزانی ئامادەکراوی دەوێت و گەر ئامادە نیت مۆرینهۆ زۆر بەسادەیی دەتخاتە سەر کورسی یەدەگ".
ئه‌ستێره‌ ڕه‌ش ئه‌سمه‌ره‌که‌ی فه‌ره‌نسا درێژەی پێدەدات و دەلێت :" مۆرینیۆ هیچ ئەستێرەیەکی ناوێت لە تیپەکەیدا، هەر کە هەستی کرد یاریزانێک لە خۆی زیاتر تیشکی دەخرێتە سەر یەکڕاست دژایەتی دەکات و دەیەوێت دووری بخاتەوە لە چاوی میدیا".
ئەم پێناسەیه‌ی ماکالێلی تەنها بۆ مۆرینهۆ دروست نیە، بەڵکو بۆ زۆربەری هەرە زۆری راهێنەرەکانی دیکەی ئەم سەردەمە دروستە، بۆنمونە گەر گواردیۆلا و مانچینی یاخود هەر ڕاهێنەرێکی دیکەی لەو ڕاهێنەرە ناودارانە ببنە ڕاهێنەری یانەیەکی ئاست مامناوەند و ئەنجامی باش بەدەست بهێنن، ئاخۆ ئەوە یاریزانە ئاست مامناوەندەکانە کە ستایش دەکرێن، یاخود ڕاهێنەرەکانە ؟ بێگومان ڕاهێنەرەکان ئەو ستایشە وەردەگرن، وە نمونەیشمان زۆرە وەکو: کلۆپ و سیمیۆنی و ئیمێری و مانچینی و مۆرینیۆ کە لەگەڵ یاریزانی نەناسراو و ئاست مامناوەندا کاریان کردووە و ئەنجامیان بەدەست هێناوە و لە کۆتایدا بوونەتە پاڵەوانی یەکەمی داستانەکان.
بەهەرحاڵ، بەبێ ئەوەی بچینە نێو پاساو و بیانوی ئەو بارودۆخانەی کە وا دەکات هەر ڕاهێنەرێکی ئەم سەردەمە ببێتە ڕاهێنەرێکی لەو جۆرە، لە بنەڕەتدا کار و ئەرکی راهێنەر بە تەواوەتی لە دژیەکیدایە لەگەڵ ئەوەی کە ڕاهێنەری ئێستا نوێنەرایەتی دەکات، ڕاستییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ لە ئەمڕۆی تۆپی پێدا زۆربەی زۆری ڕاهێنەرەکان زیاترله‌ناوی ڕاهێنەر به‌کارده‌هێنن، چونکە زۆر بە سادەیی باشترین یاریزانەکان بەکاردەهێنن بۆ کردنی ئەو کارەی خۆیان دەیانه‌وێت، وەهەر یاریزانێک بۆ ئەم ئەرکە ئامادە نەبوو ئەوا زۆر بە سانایی فڕێدەدرێتە دەرەوی بوارەکە.
لە ئەنجامی  ئەم گۆڕانە کارەساتبارەی کە هاتووەتە به‌سەر چەمکی راهێنەری یەکەمدا، لە ئێستادا پێویستە کەسێکی دیکە یاخود کۆمەڵە کەسێكی دیکە پیشەی ڕاهێنەرایەتی بگرنە ئەستۆ، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەندێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە و ئەوە بەبیری خۆمان بهێننیەوە کە لە قۆناغێکدا ستافێک لە یاریدەدەری راهێنەر یارمەتی ڕاهێنەری یەکەمیان دەدا.
ئەرک و کاری ئەم ستافەش بەپێی بیربۆچونی ڕاهێنەری یەکەمی تیپەکە دەگۆڕێت، هەندێک ڕاهێنەر ئازادییەکی زۆر دەدات بە ستافەکەیی و هەندێک راهێنەر ستافەکەی دەخاتە ژێر چاودێرییەکی توندەوە، هەندێکیشیان لەبنەڕەتدا هەر لەگەڵ ستافەکەی خۆیدا پلە بە پلە هەنگاوی ناوە لەنێو دنیای تۆپی پێدا بۆیە زیاتر لە پەیوەندیەکی هاوڕێیه‌تیدان، بەڵام خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموو ڕاهێنەر و یاریدەدەرەکانی بریتییه‌ له‌ وتوێژ و گفتوگۆکردن و ڕێکخستنی یاریگا بۆ مەشقی جۆراوجۆ، هەروەها زۆرجار یاریدەدەر یاخود یاریدەدەرەکان کار لەگەڵ ئەو یاریزانانە دەکەن کە لە ماوەی مەشقەکاندا ڕاهێنەری سەرەکی سەرنجێکی کەمتریان دەخاتە سەر.
"له‌گه‌ڵ ڤان گال ته‌نها ته‌ماشاکه‌ربوم"
مۆرینیۆ که‌ یاریده‌ده‌ری بۆبی رۆبسۆن و لویس ڤان گال بوو لە بەرشلۆنه‌، دەربارەی ماوەی کارکردنی لەگەڵ ئەو دوو ڕاهێنەره‌، دەلێت:" لەگەڵ ڕۆبسۆندا هەموو شتێک خۆم ڕێکمدەخست، ئەو دەهات بۆ ڕاهێنانه‌کان و دەیوت خۆسێ ئەمڕۆ چی بکەین؟ منیش دەمگوت سەرۆک ئەمە دەکەین و ئەوە دەکەین، بابچین چێژ وەربگرین، لەبەرامبەردا ڤان گال بە تەواوەتی پێچەوانە بوو، ئه‌میان دوو کاتژمێر پێش ڕاهێنانەکان دەهات و هەموو شتێكی بە وردیەکی زۆرەوە ڕێکدەخست، لەگەڵ ڤانگال دا من ڕاهێنانەکانم نەدەوتەوە، بەڵکو تەنها تەماشاکەرێک بووم".
لەڕێی وته‌کانی مۆرینیۆوە بە جوانی تێدەگەین لە رۆڵ و کاری یاریدەدەری ڕاهێنەر لە دنیای تۆپی پێدا، چونکە بە شێوەیەکی گشتی راهێنەرەکان بەم دوو شێوەیە مامەڵە دەکەن لەگەڵ یاریدەدەرەکانیان...
ئەگەر بگەڕێینەوە سه‌ر ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی تۆپی پێ، ده‌بینین ستافی یاریدەدەری ڕاهێنەر لە ئێستادا  لەسەر ئاستی ئەرک و بەرپرسیارێتی و کوالێتی گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەمڕۆ وەکو یاریدەدەری ڕاهێنەر دەبێت پسپۆڕبیت لەو شێوازی یارکردن و ئه‌و فەلسەفەیه‌ی کە ڕاهێنەری یەکەم پەیڕەوی دەکات، زۆرجار ستافی یاریدەدەری ڕاهێنەر دەستیان هەیە لە دیزاین کردنی راهێنانەکان و دواتریش داڕشتن و رێکخستنی یاریگا و چۆنێتی بەئەنجام گەیاندنی ڕاهێنانەکان.
حاڵی حازر ستافی یاریدەدەران ژمارەیان زۆر زیادی کردووه‌، بەجۆرێک زۆرجار لە سەروی (١٠) یاریدەدەرن.
بۆنمونە: یەکێکیان یان دووانیان بەرپرسن لە شیکردنەوەی یارییه‌کانی تیپی بەرامبەر بە ڤیدیۆ، هەروەها لە کاتی بەڕێوە چوونی یارییه‌کاندا لەدانیشتگای یاریگاوە تەماشایی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌کان دەکەن و لێکدانەوەی خۆیان بۆ حاڵەتە تاکتیکییه‌کان دەکەن، دواتر لە نێوان هەردوو گێمەکەدا بۆ راهێنەری دەنێرن تاکو سودیان لێوەربگرێت.
هەر لە نێو ئەو کارانەی کە دەکەوێتە سەرشانی ستافی یاریدەرانی ڕاهێنەر، ڕۆیشتنە بۆ تەماشا کردنی یاریی تیپەکانی دیکە و هێنانەوەی راپۆرتی پوختە دەربارەی ئەو یانانە بۆ ڕاهێنەری یەکەم، وەکو دەبینین بەشێکی دیکە لەو هۆکارانەی وا دەکات ڕاهێنەری مۆدێرن ناوی بگۆڕێت بۆ بەڕێوەبەری تۆپی پێ بۆ ئەم داواکارییانە دەگەڕیتەوە کە زۆر زیادی کردووە لە جیهانی تۆپی پێدا، چونکە زۆری ئەو کار و بەرپرسیارێتیانەی کە کەوتۆتە سەر شانی ڕاهێنەر وایکردووە خودی چەمکەکە هێندە فراون بێتەوە کە بە تاکە کەسێک پڕنەکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرای من دەبوو راهێنەری یەکەمی تیپەکە خۆی پەیوەست بکردایە به‌و بەشەی کە بریتیە لە بەخێوکردن و یارمەتیدان و دروست کردنی یاریزان، نەک بەڕێوەبردن و بەکارهێنان.
لە کۆتایدا دەبێت بوترێت کە  جیهانی راهێنەرایەتی زۆر قوڵ و چڕە، بەجۆرێک مۆرینیۆ دەڵێت :"یاریی تۆپی پێی لە ژوری کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەوە دەست پێدەکات و لەوێش تەواو دەبێت".
مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە ئەرک و کاری راهێنەر هێندە زۆرە کە دەبێت ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیش بەوردی بکات و وەکو یارییەکه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا وەکوو دەبینین ئەرک و کارەکانی راهێنەر لە وڵات بۆ وڵات و لە کلتور بۆ کلتور دەگۆڕێت هاوکات بەهۆی گۆڕانی دنیای تۆپی پێ و فراوان بوونی چەمکەکە، هەرچەندە هەموو ستایش یاخود تانە و ڕخنەیەک بۆ راهێنەری یەکەم دەڕوات، بەڵام لە کۆتایدا کۆمەلێک خەڵکی زۆر بەرپرسن لەو بەرهەمەی له‌ کۆتایی وه‌رزدا ده‌چنرێته‌وه‌.
له‌کۆتاییدا ده‌توانین بڵێین، گرنگترین خاڵ ئەوەیە که‌ گۆڕانێکی ناشرین لە گرنگترین مانای ڕاهێنەرایەتیدا ڕوویداوە به‌ گۆڕینی سیفەتی یارمەتیدان و پێەگەیاندن بۆ بەکارهێنانی یاریزان و سود وەرگرتن لە تواناکانی بەبێ ئەوەی لەکاتی ناهەمواردا یارمەتی یاریزانەکە بدرێت، هه‌روه‌ها ئەم گۆڕانە بەهیچ شێوەیەک سود بەخش نیە بۆ یاری تۆپی پێ.

ئه‌م بابه‌ته 6549 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:33:27/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com