ڕاهێنەری تۆپی پێی و بەرپرسیارێتییە هونەرییەکانی

ڕاهێنەری تۆپی پێی و بەرپرسیارێتییە هونەرییەکانی


نوسینی/ بڵند فاتیح

بەشی یەکەم

لە جیهانی ڕاهێنەرایەتی تۆپی پێدا هاوشێوەی زۆربەی ڕێکخراو و کۆمپانیایاکان سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەشێوەی هەڕەمییە.

واتا دەسەڵاتەکان بەپێی پلەی کەسەکە لە نێو ئەو سیستەمەدا دەگۆڕێت و تاکو لە هەڕەمی سیستەمەکە بەرزتربینەوە دەسەڵاتی کەسەکان زیاتر دەبێت، لەم چوارچێوەدا ئەرکی ڕاهێنەر دەگۆڕێت بە بەپێی کلتوری وڵاتەکان.

بۆنمونە دەسەڵاتی ڕاهێنەرێک لە ئینگلتەرا وەکو دەسەڵاتی ڕاهێنەرێک نیە کە لە ئیتاڵیا کاردەکات، یاخود کە لە ئسپانیا کار دەکات، لە ئینگلتەرا ڕاهێنەر سەرپەرشتیاری هەموو لایەنێکی هونەری و تەکنیکی یانەکە دەکات، هەر لە فەلسەفەی یاریی کردن و دانانی راهێنەر بۆ تیپە تەمەنییەکانی دیکەی یانەکە و کڕینی یاریزان و فرۆشتنی یاریزان و دەستنیشانکردنی دەستەی کارکردن لەڕووی هونەرییەوە.

واتا لە ئینگلتەرا ڕاهێنەر بەرپرسی یەکەمە لە هەموو شتێک کە دەچێتە خانەی کارگێڕی وەرزشی یانەکەوە، بێگومان هەندێک یانە بەڕێوبەری وەرزشییان هەیە و هەندێک یانە لە ماوەیەکدا ویستویانە ئەم کلتورە بگۆڕن و بە تەواوی پشت بە بەڕێوبەری وەرزشی ببەستن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە وڵاتی سێ شێرەکە ڕاهێنەر هەموو بەرپرسیارێتیەکی هونەری لەژێر دەستدایە، لەبەرامبەردا ڕاهێنەرانی ئیسپانیا بەپێی جیاوازی کلتوری یانەکان ئەرکی جیاوازیان هەیە.

"لەئیسپانیا دۆخەکە جیاوازە"

بۆنمونە لە بەرشلۆنە ڕاهێنەر ناتوانێت بڕیاری هەموو ئەو بەرپرسیارێتیانەی سەرەوە بدات، بەڵكو دەبێت کەسێک یارمەتی بدات و پێکەوە ڕاوێژ بکەن، ئەو کەسەیش ناودەبرێت بەڕێوبەری وەرزشی، ڕیاڵ مەدرید بە پێچەوانەی بەرشلۆنەوەیەو هەرچەندە کورسی بەڕێوبەری وەرزشی هەبووە، بەڵام هەموو کات ڕۆڵی سەرەکیی نەبینووە لە وتوێژکردن و ڕواێژکردن بە راهێنەرەکان، بەڵکو زۆرجار لەسەر سەنگی ناوی ئەو کەسە کەوتووە کە ئەو بەرپرسیارێتییە وەرگرتووە.

لەبری ئەمە لە ڕیاڵ مەدریدا سەرۆک ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە بەڕێکردنی ئەرکی بەڕێوبەری وەرزشی یانەکە و لەگەڵ ڕاهێنەردا زۆرجار وتوێژی کردووە و هەندێک جاریش هەڵبژاردنەکانی خۆی سەپاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا نمونەی ڕاهێنەرمان هەیە کە لە یانەکانیاندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبووە هاوشیوەی راهێنەرەکانی ئینگلتەرا.

بۆنمونە ڤالێنسیا یەکێکە لەو یانەنە کە گرنگی زۆر دەدات بە بڕیاری ڕاهێنەر و زۆرجار هەموو شت تەنها لە دەستی راهێنەردایە، هاوکات یانەی وەکو سیڤیلیە و ڤیاریاڵ نمونەی ئەو یانان کە تێیدا بەڕێوەبەری وەرزشی ئەرکی گرنگ دەبینین و زۆرجار کڕین و فرۆشتن و هێنانی یاریزانی نەناسراوی خاوەن بەهرە لەلایەن بەڕێوەبەرە وەرزشییەکانەوە یەکلادەکرێتەوە و ڕاهێنەر زیاتر پەیوەندی بە کاری ناو یاریگاوە هەیە، هەروەها یانەی دیکەی وەکوو ئەتلەتیکۆ مەدرید کە دەتوانین بڵێن لەلایەن سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانی دەرەوەی یانەکەوە بڕیاری گرنگ سەبارەت بە لایەنی هونەری تیپەکەوە دەدرێت، بەو پێیە یانەیەکی وەکو ئەتلەتیکۆ بۆ بەستنی گرێبەستەکانی پشت بە ئەو پارە و سامانە دەبەستێت کە لەلایەن دەوڵەمەندەکانەوە پێیان دەدەرێت، بۆیە وەکوو دەبینین لەڕووی بەڕێوەبردنی کاری هونەری تیپەکەوە ئسپانیا کلتورێکی هەمەڕەنگ و تیکەڵاویی هەیە.

" لەئیتاڵیا دیکتاتۆریەت هەیە و هەندێجار نمونەی مۆدێرن بەرچاو دەکەوێت"

لە ئیتاڵیا ناتوانین شتێکی زۆر بڵێین، بەو پێیە سیستەمی کارکردن بەتەواوەتی دیکتاتۆرێیە و هەموو شتەکان بە دەستی سەرۆکی یانەکەیە و ڕاهێنەر تەنانەت هەندێکجار بە ئازادیی خۆی پێکهاتەی یاریکەیش هەڵنابژێرێت. ڕاستییەکەی لە ئیتاڵیا هەندێک جار تەنانەت سەرۆکی یانەکەش بە زۆر هەڵبژێردراوە، یاخود بە میراتی لە باوکییەوە سەرۆکایەتێکەی بۆ ماوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا لەم چەند ساڵەی دواییدا نمونەی جیاوازی مۆدرێنانەمان بیننوە لە ئینتەرمیلان و ڕۆما و یوڤانتۆس و ئاتالانتا و ساسۆلۆ کە بەڕێوەبەرە وەزرشییەکانیان کاریگەریان هەبوو لە کڕین و فرۆشتنی یاریزانان(واتا وتوێژیان کردووە لەگەڵ ڕاهێنەرەکاندا).

هاوکات بەڕێوەبەری وەرزشی مێژوویی لە چەشنی ئەدریانۆ گالیانی کە ساڵانێکە زۆربەی کاری وەرزشی یانەکە بە دەستی خۆیەتی، تەنها لە بریاری کۆتایدا دەگەڕێتەوە بۆ سیلڤیۆ بێرلسکۆنی، ئیدی بەشێوەیەکی گشتگیر بەپێی ئەم دابەشکارییانە ئەرکی راهێنەرایەتی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێكی دیکە دەگۆڕێت. بەڵام ئەرکی ڕاهێنەر لە پەیوەندی لەگەڵ خودی تیپەکەدا باس و خواسێکی دیکەیە.

پەیوەندی راهێنەر بە پلەی یەکەم لەگەڵ ئەو تیپەدایە کە لەژێر دەستیدایە، بۆیە کۆمەڵیک مەرج و ئەرک و وەزیفەی دیکە هەیە کە دەبێت لە چوارچێوەی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانەدا پێناسەیەکی تەواو جیاواز بکەین بۆ چەمکی ڕاهێنەر و ڕاهێنەرایەتی.


ئه‌م بابه‌ته 2399 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:04:26/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com