زێدان چی له‌ مێشکیدایه‌؟ فه‌لسه‌فه‌که‌ی کۆکراوه‌یه‌کی نوێیه‌ و ده‌توانێت دونیای تۆپی پێ بهه‌ژێنێت

زێدان چی له‌ مێشکیدایه‌؟ فه‌لسه‌فه‌که‌ی کۆکراوه‌یه‌کی نوێیه‌ و ده‌توانێت دونیای تۆپی پێ بهه‌ژێنێت


خه‌ڵک

بۆ یاریی دووه‌م له‌سه‌ریه‌ک، زینه‌دین زێدانی فه‌ره‌نسی و ڕاهێنه‌ری نوێی یانه‌ی شاهانه‌ی مه‌درید توانی ئاستێکی نمونه‌یی و شێوه‌ یارییکردنێکی نایاب ڕوخسار نیشانی مه‌دریدێستا بدات.

ئایا ده‌کرێت به‌ دوو ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ ئاستی "زیزۆ" بکه‌ین؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ (نه‌خێر)ه‌ بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و ڕاهێنه‌رانه‌ی که‌ ئه‌زمونیان هه‌یه‌ چ جای ڕاهێنه‌ری نوێی ڕیاڵ که‌ یه‌که‌مین جاریه‌تی له‌ژیانی وه‌رزشییدا به‌رپرسیارێتییه‌کی وه‌ها گه‌وره‌ وه‌بگرێت، به‌ڵام...
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م دوو یارییه‌دا به‌رچاوکه‌وتووه‌و ئه‌و داتایانه‌ی به‌ده‌ستهاتون، ده‌کرێت خوێندنه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی بۆ شێوازه‌که‌ی بکرێت، واتا ئاشکراکردنی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی پشتی پێده‌به‌ستێت...

فه‌لسه‌فه‌که‌ی کۆکراوه‌یه‌کی نوێیه‌
کاتێک ده‌وترێت کۆکراوه‌، واتا لێکدراوی ئیجابی نێوان دوو فه‌لسه‌فه‌ی پێشووتر و جێبه‌جێکردنی به‌شێوه‌یه‌کی باشتر و به‌هێزتر، بۆ نمونه‌: له‌سه‌رده‌می ئینته‌ر، جوزێ مۆرینیۆ توانی "کاتاناچیۆ" تیهه‌ڵکێشی فه‌لسه‌فه‌ی خۆی بکات و ڕووبه‌ڕوی زه‌به‌لاحه‌کانی هاوشێوه‌ی به‌رشلۆنه‌ و بایرن میونشن بوه‌ستێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی "زیزۆ" ده‌یکات کۆکراوه‌یه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌نچلۆتی و گواردیۆلا، سه‌ره‌تاش به‌ لێدوانێکی مارسێلۆ ده‌ست پێده‌که‌ین که‌ ده‌ڵێت :" زێدان داوای لێکردین له‌نیوه‌ یاریگای ڕکابه‌ردا کۆنترۆڵی تۆپ بکه‌ین و به‌خێرایی گواستنه‌وه‌ی پێوه‌ بکه‌ین، ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستیشماندا به‌خێرایی به‌ده‌ستی بهێنینه‌وه‌".
ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ نزیکه‌ له‌ (تیکی تاکا)که‌ی گواردیۆلاوه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی به‌هێزتر، ئه‌وه‌ی گواردیۆلا ده‌یکرد فشار و کۆنترۆڵ و ئاڵوگۆڕی پێگه‌ بوو به‌هه‌مان شێوه‌ له‌هه‌ر پێگه‌یه‌کی یاریگادا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕاهێنه‌ری ڕیاڵ داوا ده‌کات ئه‌وکاره‌ له‌نیوه‌ی یاریگای ڕکابه‌ردا ئه‌نجام بدرێت و گواستنه‌وه‌ی خێرای پێوه‌ بکرێت به‌درێژایی یاریگا به‌ره‌و گۆڵ، وه‌ک ده‌بینرێت به‌رگریکاره‌کان که‌متر له‌باری پانی گواستنه‌وه‌ ده‌که‌ن و راسته‌وخۆ تۆپ ئاراسته‌ی هێڵی ناوه‌ند ده‌کرێت و له‌وێوه‌ دیسانه‌وه‌ بێنه‌وبه‌ره‌ی هێڵی هێرشبه‌ر و کۆنترۆڵ ده‌ست پێده‌کات، ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و گۆڵ، واتا به‌شێوه‌ ڕاسته‌وخۆکه‌ی ئه‌نچلۆتی.

کۆنترۆڵ، خێراگێڕانه‌وه‌ی تۆپ، ڕاسته‌وخۆ یارییکردن له‌باری دریژی یاریگا و به‌خێرایی... کۆکراوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌نچلۆتی و گواردیۆلان و به‌بۆچونی شاره‌زایان، ده‌کرێت ڕاهێنه‌ری نوێی شاهانه‌ مێژوو تۆمار بکات و ئه‌و ئه‌فکاره‌ تایبه‌تییانه‌ی خۆی که‌ به‌کاریخستووه‌ فه‌لسه‌فه‌که‌ به‌هێزتر ده‌کات له‌وانه‌ی پێش خۆی.

 ئایا سه‌رکه‌وتو ده‌بێت؟
ئه‌مه‌یان ڕۆژگار و نیوه‌ی کۆتایی وه‌رز وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌، چونکه‌ دوو تاقیکردنه‌وه‌ی کۆتایی ڕیاڵ ناکرێت پشتی پێببه‌سترێت به‌هۆی لاوازی ڕکابه‌ره‌کانیه‌وه‌، ئه‌م وه‌ڵامانه‌ دوای پێنجه‌م و شه‌شه‌م تاقیکردنه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت و دوای ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕوی یانه‌یه‌کی ئیتاڵی وه‌ک ڕۆما و چه‌ندین یانه‌ی به‌هێزی تری خولی ئیسپانیا ده‌بێته‌وه‌.

له‌و باره‌دا ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌مشه‌و سه‌رکه‌وتو بێت، ئه‌وا ده‌کرێت به‌ سه‌رکه‌وتو ناوببرێت و چاوه‌ڕێی سه‌رکه‌وتنی زیاتری لێبکرێت له‌به‌ر دوو خاڵ:
یه‌که‌م: یاریزانه‌کان باشتر له‌ بیروبۆچونی راهێنه‌ره‌که‌یان تێده‌گه‌ن و زیاتر قاڵ ده‌بنه‌وه‌و باشتر جێبه‌جیی ده‌که‌ن.
دووه‌م: به‌هۆی ساردی ده‌رونی یاریزانان (چونکه‌ به‌سه‌رکه‌وتنه‌کان میدیاکان و سه‌رۆکی یانه‌ ده‌مکوت ده‌کات) ده‌کرێت ئاستێکی باشتر ببینین و ئه‌و بیرۆکانه‌ی تائێستا به‌کاری نه‌خستووه‌ به‌کاریبخات و شێوازه‌که‌ به‌هێزتریش بکات.

ئه‌م بابه‌ته 14336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:35:18/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com