من زلاتانم: وازم لە کچی جوان هێناو گەڕامەوە سەر بایسکیڵ دزین و ئەو ژیانەم دۆزییەوە کە بەدوایدا دەگەڕام

من زلاتانم: وازم لە کچی جوان هێناو گەڕامەوە سەر بایسکیڵ دزین و ئەو ژیانەم دۆزییەوە کە بەدوایدا دەگەڕام


وەرگێڕانی/ کاروان کەریم مەحمود

له‌ مالمۆ کاتی راهێنان ده‌بوو‌ چه‌ند میلێک ڕامانبکردایه‌ له‌ نێو یاریگادا تا ده‌گه‌یشتینه‌ تاوه‌ری ئاوی ئه‌میش له‌سه‌ر رێگه‌ی مینسفاجین، له‌و رێگه‌یه‌دا خانو و بینای زۆر جوان هه‌بوو که‌ بەسەر ڕوبارەکەدا دەیانڕوانی و‌ ره‌نگی زۆربه‌یان په‌مه‌یی بوو، ئێمه‌ش که‌ ئه‌و دیمه‌نه‌مان ده‌بینی، ده‌مانوت: واو ده‌بێت چ جۆره‌ مرۆڤێک له‌م خانوانە‌ بژین؟؟ ده‌بێت چه‌ند پاره‌ و پولیان هه‌بێت؟؟

لەو ڕێگەیەدا به‌ نێو باخچه‌یه‌کی شاهانه‌ ده‌ڕۆشتین تاوه‌کو ده‌گه‌شتینه‌ قوتابخانه‌ی بۆرگاسکۆڵان که‌ شوێنێکی نمونه‌یی بوو بۆ ئه‌وه‌ی کچی جوان ببینین، له‌و کاتانەدا هه‌ستم به‌ هێز و وزەیەکی زۆر ده‌کرد و وا هه‌ستم دەکرد که‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی من نمونه‌یی بو بۆ جه‌نگ، جه‌نگێک که‌ له‌ منداڵیه‌وه‌ ئاواتم بوو هه‌ڵیبگیرسێنم، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی و بێ پاره‌یی نه‌مده‌توانی ده‌ستی پێ بکه‌م، من له‌ کوڕێکی سه‌یره‌وه گۆڕام بۆ کوڕێکی به‌هێز.

متمانه‌یه‌کی زۆرم به‌ خۆم بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌رگیز له‌ مامه‌ڵەکردن له‌گه‌ڵ کچان به‌ توانا نه‌بووم و وا بیرم ده‌کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ خۆم ڕابهێنم له‌سه‌ر ئه‌م مەسەلەیە.

ئەو کاتانە زۆر خۆش و جوان بوو، له‌گه‌ل نه‌فسی خۆم سیسته‌مێکی باشـم په‌یره‌و ده‌کرد، له‌ سه‌ره‌تادا من به‌ هه‌موو توانام یاریم ده‌کرد له‌گه‌ل تیپی یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ من یاریزانێکی نوێ بووم له‌ یانه‌که‌م هه‌وڵم ده‌دا ئه‌و کاره‌ بکه‌م که‌ له‌سه‌رم پێویسته‌، بەڵام دواتر تێگه‌شتم گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاتێکی زیاتر له‌گه‌ل کچه‌ جوانه‌کانی رۆزینگارد به‌سه‌ر به‌رم، من و تۆنی و میتی هه‌رده‌م به‌دوای کچی جوان ده‌گه‌ڕاین، ئێمه‌ له‌ کاتی راهێنان چه‌ند کیلۆمه‌ترێک ڕامانده‌کرد و دواتریش چاوه‌ڕێ بوین زوو راهێنانه‌کانمان ته‌واو بکه‌ین و برۆینە ئاهه‌نگه‌کانی شه‌وانه‌.

"ئەوانیشم فێری بایسکیڵ دزین کرد"

که‌س سه‌یری نه‌ده‌کردین، هه‌رده‌م له‌ دواوه‌ی یاریزانه‌کان بووین، ئێمه‌ش زۆر به‌ ئاسانی مامه‌ڵە‌مان له‌گه‌ل تۆپ ده‌کرد له‌یاریگادا، بەڵام لەدەرەوەی یاریگا ده‌بوایه‌ مامه‌ڵە‌ له‌گه‌ل کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ بکه‌ین و ڕووبه‌روی ببینه‌وه‌... (قوتابخانە) له‌به‌رده‌م خۆشیه‌کانی ئێمه‌ قوتابخانه‌ ڕێگر بوو، کاتێک لە قوتابخانه‌ ڕامان دەکرد‌ پشومان دەدا و لەدوای دواوەی قوتابیه‌کان داده‌نیشتین و سودمان لە سەرقاڵی مامۆستا وەردەگرت بۆ بینینی هه‌ندێک کچی جوان و نازدار، پاشان دەمانوت: ئه‌و ئافره‌تانه‌ جوانترین و به‌ هێزترین ئافره‌تن.

رۆژی دواتر به‌ میتی و تۆنیم وت: ئێمه‌ کارێکی نه‌شیاو ده‌که‌ین باشتر وایه‌ که‌ بایسکیڵ بدزین .. وابزانم ئه‌وان له‌ سه‌ره‌تادا به‌و کاره‌ رازی نه‌بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌و ئه‌زمونه‌یان نه‌بوو که‌ من هه‌مبوو، بەڵام له‌ کۆتاییدا ڕازیم کردن و بایسکیڵێکمان دزی، ئه‌وان له‌ سندوقی پشته‌وه‌ دانیشتبوون و‌ له‌و کاته‌دا زۆر تێگه‌شتوو نه‌بوین، تۆنی کوڕێکی زۆر گه‌مژه‌ و بێ ئه‌قڵ بوو زۆر کاره‌کانی به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرت زۆریش حه‌زی له‌ فلیمی گێلانه‌ بوو، هه‌رده‌م ده‌چوه‌ بازاری کونگیسان شریتی به‌ کرێ ده‌هێنا و کۆمه‌ڵێک له‌ چوکولاتی دەکڕی و ئێمه‌ش داده‌نیشتین و شوکلاته‌مان ده‌خوارد و سه‌یری فلیمه‌کانمان ده‌کرد.

من زۆر خۆشحال بووم که‌ ڕۆناڵد ئەندێرسون داوای لێبوردنه‌که‌ی ئێمه‌ی قبول کرد هه‌رچه‌نده‌ بۆ ئێمه‌ هه‌ر ناخۆش بوو، بەڵام کارێکی باش بوو، بێگومان ئه‌و زۆر له‌ ئێمه‌ توڕه‌بوو له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌و وتی: له‌به‌ر چی بێده‌نگی ئه‌ی زلاتانی گه‌نج ؟ بۆ هیچ ڕونکردنه‌وه‌یه‌کت نیه‌ بۆم ؟؟ هه‌رده‌م گوێم له‌ هه‌مان قسه‌ ده‌بویه‌وه‌ که‌ ده‌یوت: زلاتان تۆ زۆر یاریزان ده‌بڕی و بیر له‌ تیپه‌که‌ ناکه‌یته‌وه‌، بێگومان ئه‌و هه‌ندێک قسه‌ی ده‌کرد که‌ ڕاست بوون، بێگومان ئه‌و کۆمه‌لێک شتی هه‌بوو که‌ ده‌یویست فێری ئێمه‌ی بکات، بەڵام له‌ ڕاستیدا کۆمه‌ڵێک له‌ یاریزان هه‌بوون‌ کێبڕکێیان له‌گه‌ڵ ده‌کردم، ئه‌وان زۆر چالاک بوون نه‌ک ته‌نها له‌ راهێنانه‌کان، به‌ڵکو له‌ ماڵه‌وه‌ش کۆمه‌ڵێک کار هه‌بوو که‌ من ئه‌نجامی بده‌م و ئەوان لەمن باشتر دەردەکەوتن.



"تواناکانی خۆمم لەسەر منداڵان تاقیدەکردەوە"

ڕۆژێکیان چومە‌ ده‌ره‌وه‌و یه‌ک به‌دەنگێکی بەرز هاوارم کرد: کێ ده‌توانێ تۆپ له‌ من بسێنێت ئه‌وا 10 کرۆنی ده‌ده‌مێ ... هیچ هه‌ستم به‌ چوارده‌وره‌که‌م نه‌ده‌کرد، هه‌ر وام هه‌ست ده‌کرد که‌ له‌ نێو یاریگام و یاری ده‌که‌م، بۆیە واشمکرد هه‌تا تواناکانی خۆم ده‌ربخه‌م.

هه‌ڵده‌ستام به‌ ئه‌نجامدانی جوڵانه‌وه‌ی جوان له‌گه‌ڵ منداڵه‌کان، دواتریش ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و یاری و ڕاهێنانم ئه‌نجام ده‌دا وه‌ هه‌روه‌ها ١٠ کاژێر یارییە ڤیدیۆییەکانم دەکرد و دواتریش هه‌ڵده‌ستام به‌ دووباره‌ کردنه‌وه‌ی ئەو جوڵانەی لەیارییەکە دەمبینین، بیرۆکه‌ی جوڵەیەک چه‌ندین کاژێر سەرقاڵی ده‌کردم و ده‌بێت دان به‌وه‌ دابنێم، ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانی بوو بۆ من له‌ کاتی ڕاهێنان له‌گه‌ل مالمۆدا نه‌مده‌توانی هه‌مان جوڵانه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌م، بەڵام کاتێک راهێنه‌ر سه‌یری منی ده‌کرد لەحەماسەتدا وه‌ک که‌سێکم لێده‌هات که‌ له‌ هه‌ساره‌یه‌کی ترەوە هاتبێت، زۆر جاریش له‌ هه‌موویان توره‌ده‌بووم وه‌ک ئه‌و کاتانه‌ی که‌ له‌ ڕۆزینگارد بووم.

له‌یانه‌ هه‌رده‌م یاریزانه‌کان هه‌ڵده‌ستان به‌ ڕاهێنانی باش و یارییکردنی کورت واته‌ پاساتی کورت، هه‌ڵای نێو یاریزانانیش له‌ سه‌ره‌تادا جه‌وێکی ناخۆش و نه‌شیاوی له‌ نێو یانه‌که‌دا دروست کردبو، له‌گه‌ل ده‌ستپێکردنی وه‌رزی نوێ یانه‌که‌ بۆندی ڕاهێنه‌ر تۆمی سۆیدربێرگی نوێ کردەوە کە راهێنه‌ری پێشوی هه‌لبژارده‌ی سوید بوو لە‌نێوان سالانی 1998 و 2004 ، له‌گه‌ل یانه‌ی مالمۆ له‌ پێشوودا خولی یانه‌کانی سویدی به‌ده‌ست هێناوه‌، بەڵام له‌و کاته‌دا تیپه‌که‌مان به‌ ته‌واوی دابه‌زی بۆ پله‌ دووی خولی سویدی، ئه‌وەش یه‌که‌مجار بوو که‌ بچێته‌ خولی پلە دوو له‌ ماوه‌ی 60 ساڵدا، ئه‌وە بووه‌ هۆی توره‌بونێکی زۆری هانده‌ران و هانده‌رانی یانه‌که‌ ته‌واو له‌ دڵه‌راوکێدا بوون به‌هۆی ئاستی یانه‌کەوە، ئه‌مه‌ش وای له‌به‌رپرسانی یانه‌که‌ کرد که‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر یاریزانان و راهێنه‌رانی یانه‌که‌ و هه‌موومان له‌ دڵه‌راوکێدا بووین، بەتایبەت ئێمه‌ فشارێکی زۆرمان له‌سه‌ر بوو، کارێکی ئاسان نه‌بوو که‌ مالمۆ به‌و گه‌وره‌یه‌ی خۆیه‌وه‌ دابه‌زێته‌ پله‌ دوو!!! کاره‌ساتێک بوو بۆ خۆی، له‌و کاته‌دا وه‌ختی ئه‌وه‌ نه‌بوو که‌ ئاهه‌نگ بگێرم، بەڵام زۆر خۆشحاڵ بووم که‌ لەڕیزی یه‌که‌می یانه‌که‌ یاریم ده‌کرد بۆیه‌ هه‌وڵم ده‌دا‌ ئه‌وه‌ی له‌ توانامدا هه‌بێت پێشکه‌شی بکه‌م، هەستم دەکرد کاتێکی شیاو بوو بۆ ئه‌وه‌ی تواناکانی خۆم بسەلمێنم، ده‌مویست سه‌ربکه‌وم و ببمه‌ یاریزانێکی دیار و به‌رچاو.



"لەڕۆژی یەکەمدا پێیان وتم بچم تۆپەکان بهێنم"

له‌ رۆژی یه‌که‌می ده‌ستپێکردنی راهێنانه‌کانمان گۆلپارێز جۆنی فیڵ به‌ ئێمه‌ی وت: کوا تۆپه‌کان ؟؟ هه‌موو سه‌یری منیان ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی من بچم تۆپ بهێنم! ئه‌و کرداره‌ی ئه‌وانم پێ سه‌یر بوو بۆیە وتم: ئه‌گه‌ر تۆ تۆپت ده‌وێت ده‌توانی خۆت بچیت بیهێنیت!!

له‌ یانه‌ی مالمۆ هه‌رگیز عاده‌ت نه‌بوو که‌ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵسوکه‌وت بکرێت له‌گه‌ل یاریزانی گه‌وره‌ و ئه‌ستێره‌کاندا، بەڵام من وامکرد هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ وابێت که‌ له‌ماڵه‌وه‌ بم، هه‌ستم به‌ یارمه‌تی دانی رۆلاند و سیوربێرگ و تۆنی ده‌کرد، له‌ یه‌که‌م یاریدا بەشداریمکرد و هه‌رچه‌نده‌ یاریزانێکی یه‌ده‌گ بووم توانیم گۆڵ تۆمار بکه‌م، زۆر هه‌وڵمدا‌ له‌ ڕووبەڕوبونەوەکاندا به‌شداری بکه‌م، بەڵام بۆم نه‌ده‌ره‌خسا، ده‌مویست زۆر به‌په‌له‌ ببمه‌ یاریزانێکی سه‌ره‌کی و خۆم ده‌ربخه‌م و ئه‌وه‌ی له‌ توانام دابێت پێشکه‌شی بکه‌م و له‌ کۆتایدا ده‌ستم کرد به‌ ڕه‌فتاره‌کانی خۆم.

له‌ ١٩ -٩ - ١٩٩٩ له‌ بارودۆخێکی خراپدا بوین، چونکه‌ یارییه‌کی چاره‌نوسازمان هه‌بوو... به‌ بردنه‌وه‌ و یه‌کسان بوون ده‌ماینه‌وه‌ له‌ خولی نایابی سوید.

هه‌موو‌ شێوابوین و توڕه‌ دەردەکەوتین، یارییه‌که‌ ده‌ستی پێ کرد و له‌ سه‌ره‌تاوە‌ یاریزان نیکۆلاس گودمێنسن "هێرشبه‌ره‌که‌مان" توشی پێکان هات، ئه‌وه‌ بۆمن زۆر باش بوو... له‌و کاته‌دا هیوام ده‌خواست که‌ من له‌شوێنی یاریبکه‌م، بەڵام ئه‌وه‌ ڕوینه‌دا و کاتیش تێپه‌ر ده‌بوو و ئه‌نجامی یاریه‌که‌ش هه‌ر (١ – ١) بوو و ئه‌و ئه‌نجامه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ بوو، پێش یاریه‌کهش‌ به‌ 25 خوله‌ک کاپتنی تیپه‌که‌مان هاس ماتیسۆن توشی پێکان هاتبو.

تیپی هالمشتادی ڕکابەرمان گۆلی دووه‌میان تۆما کرد و ئاستی ئێمه‌ش به‌ ته‌واوی لاواز ببوو، ڕۆلاند بڕیاریدا بەشداری بە من بکات یارییەکەش‌ ته‌نها 20 خوله‌کی مابوو له‌ کاره‌ساتێکی گه‌وره‌دابووین، له‌و کاته‌دا من له‌ ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا بووم و بەشداریم لەیارییەکدا کرد که‌ 10 هه‌زار هانده‌ر ئاماده‌یین و له‌سه‌ر درێسه‌که‌شم نوسرابوو "ئیبراهیمۆڤیچ" زۆر هه‌ستێکی خۆشم هه‌بوو ، هیچ که‌سێک نه‌بوو له‌و کاته‌دا من بوه‌ستێنی و تۆپیکم ئاڕاسته‌ی گۆڵ کرد و بەر‌ ستون که‌وت، یارییەکە وەک خۆی مایەوەو له‌ خوله‌که‌کانی کۆتاییدا لێدانێکی سزامان بۆ هه‌ژمارکرا، جێبه‌جێکردنی لێدانه‌که‌ش ئاسان نه‌بوو بۆ هیچ یه‌کێک له‌ یاریزانه‌کان چونکه‌ وه‌ک مردن و ژیان وابوو، هه‌موو یاریزانه‌ گه‌وره‌کان ڕه‌تیانکرده‌وه‌ که‌ لێدانه‌که‌ جێبه‌جێ بکه‌ن، هه‌موو شێوا بووین له‌و کاته‌شدا تۆنی وتی: من جێبه‌جێی ده‌که‌م، ئه‌وه‌ شێوازێکی هه‌بوو که‌ هه‌رگیز لێ پاشه‌گه‌ز نه‌ده‌بویه‌وه‌، بەڵام دواتر هه‌ستم ده‌کرد که‌ پێویسته‌ یه‌کێک بیوه‌ستێنێت، له‌جێبه‌جێکردنی لێدانێکی ئاوا چاره‌نوساز هه‌موو یاریزانه‌کان بێ هیوابوون و هەموومان ده‌ترساین، بەڵام تۆنی لێدانه‌که‌ی جێبه‌جێ کرد و ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا و ئێمه‌ لێی ده‌ترساین ڕویدا ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو که‌وا تۆنی گۆلی تۆمار نه‌کرد...



"شکستەکەی تۆنی سودی بۆ من هەبوو"

تۆنی لێدانه‌که‌ی جێبه‌جێکرد و گۆڵچیه‌که‌ش به‌ ئازایانه‌ هێنایه‌ دەرەوە،‌ له‌و کاته‌دا هه‌موو هیوایەکمان له‌ده‌ستدا و دۆڕاندمان، من خەمی تۆنیم بوو و هه‌ستم به‌ ناخۆشی ده‌کرد، ده‌مزانی که رۆژنامه‌نوسه‌کان ئه‌م کاره‌ی تۆنی ده‌که‌نه‌ خاڵێکی ڕه‌ش و به‌ هۆکاری دابه‌زینی یانەکەی هەژمار دەکەن، له‌و کاته‌وه‌ تۆنی هه‌رگیز نه‌یتوانی لەتۆپی پێدا ئه‌وه‌ی له‌ توانای دا هه‌یه‌ پێشکه‌شی بکات، بەڵام له‌وه‌دا هه‌لێکی زێرین بۆ من ده‌ستی پێ کرد و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌لی زیاترم بۆ بڕه‌خسێ.

له‌ خولی نایاب شه‌ش یاری یاریم کرد، له‌ یه‌کێکیاندا ڕۆلاند به‌ ئه‌ڵماسێکی دره‌وشاوه‌ وەسفی کردم، ئه‌و پیاهەڵدانەی ڕاهێنەر زۆر کاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌رم، توانام زیادی کرد و ئاستم باشتر بوو، پاش هه‌موو یاریه‌ک منداڵان داوای واژویان لێدەکردم، هه‌رچه‌نده‌ له‌ بنه‌ره‌تدا ئه‌و کاره‌ زۆر گه‌وره‌ نه‌بوو، بەڵام زۆر منی خۆشحاڵ ده‌کرد، ئێستا من که‌سێکی باش و ناسراو بووم و لای منداڵه‌کان خۆشه‌ویست بووم، به‌منداله‌کانم ده‌وت: سه‌یری ئه‌مه‌ بکه‌ن (مەبەست لەجوڵانەیەوەکە ئەنجامی دەدات) ئه‌وه‌ باشترین جولانەوەیە لەجیهاندا... بۆ منداڵە‌کان هه‌ڵده‌ستام به‌ ئه‌نجامدانی جولانه‌وه‌ی زۆر جوان، کارێکی سه‌یره‌ وانیه‌؟ هه‌رگیز کارێکم نه‌کردووه‌ بۆ منداڵان، بەڵام ئێستا ده‌مه‌وێت هانده‌ره ‌منداڵه‌کانم دڵخۆش بکه‌م! ئه‌و منداڵانه‌ وایان لێکردم که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی جدی تر یاری بکه‌م، هه‌رچه‌نده‌ من یاریزانێکی سه‌ره‌کی نه‌بوم، بەڵام هه‌وڵم ده‌دا له‌ پێناو ئه‌و منداڵانه‌ یاری بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی دڵیان به‌ جوڵانه‌وه‌کانم خۆش بێت، دوای هه‌موو یاریه‌کیش واژوم بۆ هه‌مویان ده‌کرد بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک منداڵیش ڕه‌ت بکه‌مه‌وه‌.

له‌وکاته‌دا لاو بووم، بەڵام ئه‌وه‌ هه‌ستی من بوو به‌رامبه‌ر ئه‌وان... کاتێک ده‌هاتنه‌ لام من واژوم بۆ هه‌مویان ده‌کرد و دواتریش پێم ده‌وتن ئایا ئێوه‌ هه‌موتان دڵخۆشن؟ پاشان ده‌ڕۆشتم، لەوکاتەدا له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ستێکی شێتانه‌م هه‌بوو، ده‌ستم کرد به‌ نوسینی ناوه‌که‌م بەزێڕ له‌یانه‌که‌دا ئه‌وه‌ش کاریکی گه‌وره‌بوو بۆ من.

بەهەرحاڵ لەناو یاریگا هەر وەک خۆمان بوین، له‌ یاریه‌ک به‌رامبه‌ر یانه‌ی تریلیبێرگ یه‌کێک له‌ هانده‌ره‌کان بەگریانەوە هاواری کرد و وتی: ده‌ست له‌کار بکێشه‌رەوه‌ ڕۆلاند... له‌سه‌ر پۆلیسه‌کان پێویست بوو که‌ بیپارێزن و له‌و کاته‌دا هه‌ندێک له‌ په‌یژه‌کانی یاریگا بەهۆی توڕەیی هاندەرانەوە شکێنرا.

بۆ یه‌که‌م جار دوای 64 ساڵ، یانەکەمان‌ له‌ خولی نایابی سوید دابه‌زی و هه‌مومان له‌ ژووری خۆگۆرینی یاریزانان دانشتبووین و خه‌مبار بوین، بەڵام به‌رێوه‌به‌رانی یانه‌که‌ ده‌یانویست ئێمه‌ ئارام بکه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشوو وه‌رگرین بۆ یارییکردن ، بەڵام ئه‌وه‌ که‌ڵکی نه‌بوو ، چونکه‌ زۆر ڕوخابووین له‌ ناخه‌وه،‌ له‌ نێو هه‌مواندا من خه‌مبارترین بووم، چونکه‌ تاکه‌ یاریزان بووم که‌ زۆر به‌ جوڵانه‌وه‌ی جوان یارییم ده‌کرد له‌ نێو یاریگادا.

ئه‌وه‌ زۆر کاریگه‌ری بەسەر منەوە جێنەهێشت و زۆر بیرم لێنه‌ده‌کرده‌وه‌، تاکه‌ شت کە بیرم لای بێت یاری کردن بوو له‌ڕیزی تیپی یه‌که‌م به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ دوای هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ش مالمۆ تاکه‌ تیپ بوو که‌ سویدیه‌کان شانازیان پێوه‌ ده‌کرد له‌کاتی راهێنانه‌کانیش به‌رده‌وام هانده‌ران سه‌یری ئێمه‌یان ده‌کرد، رۆژیکیان له‌ سه‌ر په‌یژه‌ی یاریگاکه‌ پیره‌ مێردێکم بینی زۆر به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌یر دانشتبوو و سه‌یری ئێمه‌ی ده‌کرد منیش که‌ بینیم زۆر هه‌ستم به‌ خه‌مباری ‌کرد و هه‌ستم ده‌کرد که‌ منیش که‌سێکی نامۆم لەناو ئه‌مانه‌دا.

ئه‌و هه‌سته‌ سه‌یره‌ی من وای کرد که‌وا زیاتر خۆم ماندو بکه‌م و جوڵانه‌وه‌ی جوان ئه‌نجام بده‌م، من له‌منداڵیه‌وه‌ هه‌وڵم ده‌دا بۆ سه‌رکه‌وتن که‌ هیچ که‌سێک له‌ پشتم نه‌بوو هه‌رچه‌نده‌ باوکم منی خۆش ده‌ویست و له‌گه‌ڵم باش بوو، بەڵام وه‌ک باوکه‌کانی تر نه‌بوو که‌ له‌ قوتابخانه‌ یارمه‌تیم بدات و له‌ کاتی ڕاهێنانه‌کان بێته‌ یاریگا و سه‌یری من بکات، باوکم ته‌نها گرنگی به‌ جه‌نگه‌کان ده‌دا وه‌ک جه‌نگی نێوان یوگوسلاڤیا و کرواتیا وه‌ جه‌نگی بۆسنه‌ و کۆسۆڤۆ.

بەڵام ئه‌و پیره‌ پیاوه‌ که‌ سه‌یری ده‌کردم زۆر کاریگه‌ری دەبوو لەسەرم هه‌رچه‌نده‌ من له‌ ژێر کاریگه‌ری کۆمه‌ڵێک وشه‌ی وەک: "به‌ لەعنەت بی ، باوکم لێره‌یه‌ ، معقول نیه‌ ، سه‌یری ئێره‌ بکه‌ ، ببینه‌ ، منداڵه‌که‌ت باشترین یاریزانه‌ له‌ جیهان" یارییم دەکرد، له‌و کاته‌دا هه‌ستم به‌ خۆشترین کات ده‌کرد که‌ پێشتر هه‌ستم پێ نه‌کردبوو هه‌رچه‌نده‌ من له‌ ژیانێک ده‌ژیام که‌ پڕە لە‌ کاره‌سات، بەڵام دواتر توانیم ئه‌و ژیانه‌ بدۆزمه‌وه‌ که‌ خۆم ده‌مه‌وێت...


ئه‌م بابه‌ته 4792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:08:15/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com