مولەر: گواردیۆلا لەدرگای پێشەوە دەڕواتە دەرەوە و هیچ لەبیرکردنەوەمان نەگۆڕاوە

مولەر: گواردیۆلا لەدرگای پێشەوە دەڕواتە دەرەوە و هیچ لەبیرکردنەوەمان نەگۆڕاوە


خەڵک – بێڵد سپۆرت

تۆماس مولەر، ئەستێرەی ئەڵمانی یانەی بایرن میونشن چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی "بێلد سپۆرت" ئەنجام دەدات و تیایدا متمانەی خۆی نیشان دەدات بە تواناکانی گواردیۆلا و دووپاتیدەکاتەوە، لەکۆتایی وەرزدا نازناوەکان دەچنێتەوەو یاریزانانیش هەوڵ دەدەن یاریدەی بدەن، هەروەها ئاماژە بە ڕۆیشتنی دەدات لەکۆتایی وەرزدا.

ئەمەیش کورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

لەکۆتایی وەرزدا گواردیۆلا دەڕوات، پێتوایە لەدەرگای پێشەوە بڕواتە دەرەوە؟

بەڵێ، گواردیۆلا لەدەرگای پێشەوە بە سەربەرزی دەچێتە دەرەوە، چونکە ڕاهێنەرێکی پرۆفیشناڵە بەهەموو واتایەک، دڵنیام بەر لەڕۆیشتنی هەوڵ دەدات زۆرترین نازناومان بۆ بچنێتەوە، لەئێستادا تەرکیزی لەسەر داهاتووەو مەسەلەی ڕۆیشتنی هیچ کاریگەری لەسەر مێژووی نابێت لە بایرن میونشن، ئێمەش وەک یاریزانان پێویستە یەکگرتو بین و یاریدەدەری بین تا پارێزگاری لەقەڵغانی خولی ئەڵمانیا بکەین و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانیش بەدەست بهێنین، لەکۆتاییدا بەرژەوەندی یانەکەمان لەپێش هەموو شتێکەوەیە.

با کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، چۆن پێشوازیتان لەبڕیاری ڕۆیشتنی گواردیۆلا کرد؟

ئەوەی راستی بێت، لەو کاتەوە کە گواردیۆلا ڕۆیشتنی لەیانەکەمان راگەیاندووە هیچ نەگۆڕاوە، دوو هەفتە بەسەر ئەو مەسەلەیە تێپەڕی کردووەو هەمووان هاوشێوەی جاران بیردەکەنەوەو یەکگرتوین لەناو خۆماندا، بیرکردنەوەمان نەگۆڕاوە و بەهەمان ئەو چاوە تەماشای داهاتو دەکەین کە پێشتر کردومانە، پێموابێت گواردیۆلاش هەموو تواناکانی خۆی لەگەڵماندا بەگەڕ دەخات لەپێناو بەدەست هێنانی نازناوەکاندا، ئێمەش هێندە شارەزای بوین بیروبۆچونەکانی دەخوێنینەوەو دەزانین کە ناکرێت بەخراپ بیرمان لێبکاتەوە.

ئێستا ئێوە لە قەتەرن و خۆتان بۆ نیوەی کۆتایی وەرز ئامادە دەکەن، پێتوایە پێویستتان بەو ئەقڵیەتەیە تا نازناوەکە بەدەست بهێنن؟

هێندە نابێت هاتوینەتە قەتەر، دەکرێت بڵێم کارە جدییەکان دەستی پێکردووە، ئەو یەکگرتویی و ئەقڵیەتەی ئێستا نازناوەکەمان پێنابەخشێت، بەڵکو کاری ئێمەیە زیاتر هەوڵبدەین و ئەم قۆناغە زۆر گرنگە بۆمان، تەنها خۆهەڵواسین بە مێژوودا هەموو شتێک نییە، کاتێک گەڕاینەوە بۆ ئەڵمانیا پێویستە هەمان گڕوتینی سەرکەوتن بگێڕینەوە کە هەمان بووە و بەباشی خۆمان ئامادە بکەین.

ئەو فشارەی هاندەران دروستی کردووە لەسەرتان، چۆن وەرتان گرتووە؟

هەمیشە لەبایرن دوو هێندەی یانەکانی تر فشار لەسەر یاریزانانە ئەویش بەهۆی ئەو مێژووەی یانەکەمان هەیەتی، چەند ساڵێکە کۆنترۆڵی خولی ناوخۆمان کردووەو ئەوەیش فشارەکە زیاد دەکات نەک کەم، کاتێک لەبایرن یاریی دەکەیت پێویستە نازناوی خولی ناوخۆ و جامی ئەڵمانیا بەدەست بهێنیت، هەروەها لەخولی یانە پاڵەوانەکانیش ئاستێکی شەرەفی و بەهێزت هەبێت، داهاتوی یانەکە لەسەر یاریزانان و راهێنەران نەوەستاوە، هەر کەسێک بێتە ئەم یانەیە پێویستە روحیەتی سەرکەوتنی تێدا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانێکی وەرزشی سەربەرزانە بژی.


ئه‌م بابه‌ته 8299 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:56:08/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com