من زلاتانم: هەموو ژوورەکەم وێنەی ڕۆناڵدۆ بوو، لاسایی جوڵەکانی ئەوم دەکردەوە و گەیشتمە پێکهاتەی یەکەم

من زلاتانم: هەموو ژوورەکەم وێنەی ڕۆناڵدۆ بوو، لاسایی جوڵەکانی ئەوم دەکردەوە و گەیشتمە پێکهاتەی یەکەم


وەرگێڕانی/ کاروان کەریم مەحمود

له‌ به‌شی رابردووی من زلاتانم کۆتایمان بەوە هێنا که‌ تیپی یه‌که‌م یاریزانیان هه‌لده‌بژارد بۆ یاری کردن له‌ ریزی یانه‌ی مالمۆ و‌ تیایدا زلاتان هیوایه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بوو، ، بەڵام ئایا ئه‌م هیوایه‌ی زلاتان هاته‌دی ؟

ئێبرا له‌م باره‌یه‌وه‌ دەڵێت : یاریزان تۆنی فلیگێریان هه‌لبژارد بۆ یارییکردن له‌ تیپی یه‌که‌م له‌گه‌ل هه‌ریه‌که‌ له‌ یاریزانان گودموندۆر میتی و جیمی ،تاماندی، ته‌نانه‌ت هه‌ر بیریشیان له‌ من نه‌کردبۆوه،‌ له‌وانه‌یه‌ من دواهه‌مین یاریزان بم که‌ تیپه‌که‌ بیری لێ بکه‌نه‌وه‌ .... وام پێشبینی کرد و و ئه‌مه‌ش نه‌ک ته‌نها پێشبینی من بوو ، بەڵکو هی زۆربه‌ی به‌رپرسانی یانه‌که‌ بوو...

له‌وکاته‌دا هیوام به‌ هیچ شتێک نه‌ما ئه‌وه‌ی که‌ رویدا به‌ دڵی من نه‌بوو و له‌ بیرۆکه‌ی منیشدا نه‌بوو، له‌راستیدا من له‌ میتی و جیمی و تۆنی خراپتر نه‌بووم و له‌ خۆم پرسی : ئایا من چ هه‌ڵه‌یه‌کم هه‌یه‌ ؟ ئه‌وان چ به‌رامبه‌ر من ده‌که‌ن و منیش چ هه‌لسوکه‌وتێکیان به‌رامبه‌ر بکه‌م ؟ زۆر بیرم له‌وه‌ کردوه‌و و دواتریش زانیم که‌ ئه‌مه‌ جۆره‌ سیاسه‌تێکه‌ یانه‌که‌ په‌یره‌وی ده‌کات.

له‌وانه‌یه‌ پێویست بکات من تۆزیک له‌وان جیاواز بم و سه‌یرتر دەرکەوم، بەڵام له‌ کۆتاییدا ده‌بێت خاڵی گه‌رانه‌وه‌ هه‌بێت، لەوکاتەدا وا بیرم دەکرده‌وه‌ که‌ پێویستە من هەموو شتێک بەقسەی ئەوان نەکەم، مالمۆ یانه‌یه‌که‌ که‌ هه‌مووان شانازیان پێوە ده‌کرد، له‌و ماوه‌یه‌دا که‌ یانه‌که‌ باشترین ئاستی هه‌بوو یاریزانه‌کانی زۆربه‌ی قژیان زه‌رد و ڕه‌وشتیان باش بوو و لەیاریزان لارسن ده‌چون (لارسن یه‌کێکه‌ له‌ یاریزانه‌ به‌ناوبانگه‌کانی مالمۆ) ئه‌وان شتی زۆر باشیان بۆ یانه‌که‌ ئه‌نجام ده‌دا له‌و کاته‌شدا تیپه‌که‌ یاریزانه‌کانی زۆربه‌ی هی ناوخۆی سوید بوون، ته‌نها به‌شێکی که‌میان نه‌بێت که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سویدەوە هاتبون، یاریزان ئۆسمانۆڤیسکی یه‌کێک له‌ به‌ناوبانگترین یاریزانه‌کانی یانه‌که‌ بوو ئه‌وکاته‌ی من له‌ روزینگارد بووم، ئەو له‌ یانه‌ی باری یاری ده‌کرد و زۆر له‌گه‌ل من جیاواز بوو یاریزانیکی زۆر به‌ ڕه‌وشت بوو.


هەست دەکات ڕاهێنەری تیپی یەکەم چاودێرم دەکات

ئێبرا پاش ئه‌وه‌ی ئاواته‌که‌ی نه‌هاته‌دی و نه‌یتوانی له‌ تیپی یه‌که‌م یاری بکات به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: من بۆندێکم له‌گه‌ل یانه‌که‌م ئیمزا کرد، بەڵام ئه‌مجاره‌یان لەتیپی خوار ته‌مه‌ن 20 ساڵان یارییم ده‌کرد،‌ ئه‌و تیپه‌ بەهاوبەشی لەگەڵ تیپی قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی بورگارسکوڵان کاریان دەکرد، بورگاسکۆڵان‌ تیپێکی لاوانیان هه‌بوو که‌ یاریزانه‌کانیان له‌ خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵاندا بوو، بەڵام ئێمه‌ له‌ خوار 20 ساڵیدا بووین واته‌ یاریزانمان هه‌بوو تا ئەو تەمەنە، ئێمە ژمارەی یاریزانەکانمان تەواوی نەدەکرد، به‌رپرسانی یانه‌که‌ش بیرۆکه‌یه‌کیان دانا که‌ نابێت هیچ یاریزانێک تیپه‌که‌ی بەجێبهێلێت و ڕووبکاته‌ یانه‌یه‌کی تر، ئێمه‌ بۆ جارێکی تریش له‌گه‌ل تیپی "بی" یاریمان کرده‌وه‌ و هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ کاریکی زۆر گه‌وره‌ نه‌بوو، بەڵام ده‌رفه‌تێکی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی من خۆم ده‌ربخەم.

هه‌ندێک جار له‌گه‌ل تیپی یه‌که‌م راهێنانمان ده‌کرد و ره‌تم ده‌کرده‌وه‌ په‌یوه‌ست بم له‌گه‌ل تیپه‌که‌م، بیرم ده‌کرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ک جاران هه‌وڵی پێشخستنی تواناکانی خۆم بده‌م بۆ نا ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌م چ شتێک له‌ده‌ست ده‌ده‌م ؟ من هه‌موو توانایه‌کم هه‌یه‌ که‌ یاریزانانی تر هه‌یانه‌، ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بده‌م بێگومان ئه‌وه‌ی بمه‌وێت ده‌توانم به‌ ده‌ستی بهێنم، هه‌رده‌م ئه‌م وشه‌یه‌م دووباره‌ ده‌کرده‌وه‌ : بۆچی گومانم له‌ خۆم هه‌یه‌ ؟ زۆر جار تێبینی ئه‌وه‌م ده‌کرد که‌ راهێنه‌ری تیپی یه‌که‌م رۆلاند ئه‌ندرسۆن لەکاتی یارییکردندا چاودێری من ده‌کات، لەوکاتانەد له‌خۆم ده‌پرسی : ئایا ده‌بێت ئه‌و منی پێ باش بێت ؟ بەڵام هه‌ر زوو ئه‌و هیوایه‌م له‌ده‌ست ده‌دا و وا بیرم ده‌کرده‌وه‌ که‌ ته‌نها ئه‌وه‌ خەونێکی گێلانه‌یه‌ و هیچی تر.

ئێبرا زیاتر ده‌لێت: دووباره‌ بیرم ده‌کرده‌وه‌... ئایا من ناتوانم ببمه‌ یاریزانێکی باش ؟ له‌و کاته‌دا هه‌ستم به‌ هیوایه‌کی گه‌وره‌ ده‌کرد وا هه‌ستم ده‌کرد من توانایەکی بێوێنەم لهیاریی‌ تۆپی پێ هەیە و پێویسته‌ که‌ په‌ره‌ی پێبده‌م به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی من له‌ هه‌موو بواره‌کانی تری ژیان سه‌رکه‌وتوو نه‌بووم وەک‌ خوێندن و قوتابخانه‌.

من له‌و ته‌مه‌نه‌ش هه‌ر که‌سێکی ناله‌بار بووم ته‌نها بۆ نانخواردن دەچومە قوتابخانە و ته‌نها خواردنی قوتابخانەکەم لا گرنگ بوو، گرنگیم به‌ هیچی تر نه‌ده‌دا، هێواش هێواش وانه‌کانی خۆم ده‌خوێند و له‌ کۆتایدا توانیم له‌ قۆناغی ناوه‌ندی ده‌ربچم، بەڵام تا ئه‌وکاتەش ماڵی ئێمه‌ نغرۆ ببو له‌کێشه‌ی خێزانی.


هەموو ژورەکەم وێنەی ڕۆنالدۆ بوو

من یاری تۆپی پێم دەکرد و لەهەمان کاتدا چاودێری جوڵانه‌وه‌ نایابەکانی یاریزانانم ده‌کرد و له‌ کێڵگه‌کەمان‌ ڕاهێنانم له‌سه‌ر ده‌کرد، چه‌ندین وێنه‌ی ڕۆنالدۆم له‌ ژووره‌که‌م هه‌ڵواسی بوو، رۆناڵدۆ لەلای من‌ پێشه‌نگ بوو، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ نه‌بوو له‌ جامی جیهانی گۆڵی جوانی تۆمار ده‌کرد، بەڵکو ئه‌و یاریزانێک بوو زۆر جوان له‌ نێو یاریگا ده‌جوڵایه‌وه‌ و له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ به‌توانا بوو، ڕۆناڵدۆ یه‌کێک له‌و یاریزانانه‌ بوو که‌ من هه‌رده‌م هیوام ده‌خواست وه‌ک ئه‌و بم، ڕۆناڵدۆ یاریزانێک بوو جیاوازی دروست ده‌کرد له‌ ئه‌نجامی یاریه‌کاندا ....

هه‌لبژارده‌ی سویدیش کۆمه‌لێک یاریزانی هه‌بوو، بەڵام کامه‌یان ؟؟ هیچ له‌ یاریزانه‌کانی سوید ئه‌ستێره‌ نه‌بوون و له‌ جیهان باسی هیچ یاریزانێکی سویدیش نه‌ده‌کرا ... ڕۆناڵدۆ پاڵه‌وان و پێشه‌نگی من بوو و هه‌رده‌م جوڵانه‌وه‌کانیم له‌سه‌ر خۆم پراکتیزه‌ ده‌کرد، هه‌رده‌م له‌ ئینته‌رنێتەوە به‌دوای به‌هره‌کانی ده‌گه‌ڕام و هه‌وڵم ده‌دا فێری جولانه‌وه‌کانی ببم، وابزانم توانیم له‌م کاره‌م هه‌ندێک سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنم و نەوهۆیەوە له‌گه‌ل تۆپی پێ سه‌مام ده‌کرد، بەڵام ئه‌م هه‌موو کاره‌ له‌به‌ر چی ؟ هیچ شتێک !! هه‌ندێجار به‌ خۆمم ده‌وت : جیهانێکی نادادپه‌روه‌ره‌، من هیچ ده‌رفه‌تێکم نیه‌ له‌ کاتێکدا زۆر له‌ یاریزانه‌ گه‌وره‌کان به‌هره‌م زیاتره‌، ئه‌وه‌ زۆر بێزاری کردبووم و زۆربه‌ی کاته‌کانم له‌ گێژاوی گوماندا بەسەر دەبرد و هه‌وڵم ده‌دا به‌دوای رێگه‌یه‌کی تر دا بگه‌رێم، بەڵام له‌و کاره‌شدا نه‌متوانی سه‌ربکه‌وم.


بەرەو گەورەبون و پێکهاتەی یەکەم

ئێبرا زیاتر ده‌لێت : رۆژێکیان ڕۆلاند ئه‌ندێرسۆن راهێنه‌ری تیپی یه‌که‌می یانه‌ی مالمۆ چاودێری تیپی خوار ته‌مه‌ن 20 ساڵانی ده‌کرد ئه‌و تیپه‌ی که‌ من له‌ ریزی یاریم ده‌کرد، ئێمه‌ له‌ یاریگایه‌کدا راهێنانمان ده‌کرد زۆر باش نه‌بوو، بەڵام له‌ یاریگای سه‌ره‌کی مالمۆ نزیک بوو پاش ماوه‌یه‌ک هه‌واڵیان پێدام که‌ راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت قسه‌ت له‌گه‌ل بکات، ئه‌وه‌ بۆ من کارێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو بوو، زۆر ده‌ترسام و سه‌رسام بووم بۆیە له‌ خۆمم پرسی : چ شتێکم کردووه‌ ؟ ئایا دیسانەوە مەسەکەی بایسکیڵ دزینەکەیە‌ ؟ ئاماده‌بووم هه‌ر کارێک و هه‌ڵه‌یه‌ک بکه‌م له‌ ژیانم ، خۆم ئاماده‌کرد که‌ روبه‌روی ببمه‌وه...‌

ڕۆلاند که‌سێکی ڕاستگۆ بوو خاوەن که‌سایه‌تیه‌کی باشبوو و دەنگیشی زۆر بەرز بوو‌، که‌سێکی زۆر میهره‌بانه‌ و ته‌واو زاڵه‌ به‌سه‌ر یاریزانه‌کان له‌ژووری خۆگۆرین، بۆیە هه‌ستم به‌ لێدانی دڵم ده‌کرد و ده‌مزانی ئەم ڕاهێنەرە یه‌کێکه‌ له‌ و یاریزانە دێرینانەی کە لەڕیزەکانی سوید یاری کردووه‌ له‌ جامی جیهانی له‌ ئه‌رجه‌نتین و یه‌کێکه‌ له‌ گه‌وره‌ پیاوانی مالمۆ، ئه‌و که‌سێکه‌ که‌ زۆر ڕێزی لێده‌گیرێت.

من چومه‌ ژوره‌وه‌ و ئه‌ویش له‌سه‌ر کورسیه‌ک دانشتبوو چاوه‌ڕوانی منی ده‌کرد و هیچ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک له‌سه‌ر روخساری بەدی نەدەکرا.

ئێبرا: سڵاو ڕۆلاند، هیچ بووه‌ ؟ ئایا شتێکت له‌ من ده‌وێت ؟ من وەک کەسێکی مەغرور قسه‌م له‌گه‌ل کرد هه‌روه‌ک چۆن به‌ منداڵی وا ره‌فتارم ده‌کرد.

ڕۆلاند: باشه،‌ دانیشه‌ ... گوێ بگره‌ زلاتان، ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ چیتر له‌ ریزی بچوکه‌کان دوورکەویتەوە. له‌و کاته‌دا زۆر سه‌رسام بووم له‌ خۆمم پرسی: له‌گه‌ل منداڵه‌کان ؟ من چیم کردووه‌ به‌رامبه‌ر منداله‌کان تا باوکه‌کانیان به‌م جۆره‌ ڕه‌فتارم له‌گه‌ڵ بکه‌ن؟
ئێبرا: ئایا هیچ که‌سێکی دیاریکراو ئه‌م داوایه‌ی کردوه‌؟

ڕۆلاند: ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ل گه‌وره‌کان یاری بکه‌یت.
ئێبرا (هیچ شتێک تێنه‌ده‌گه‌یشتم): چی ؟!!!!

ڕۆلاند (بەبزەیەکەوە) : به‌خێر بێیت بۆ تیپی یه‌که‌م ...


به‌راستی له‌و کاته‌دا هه‌رگیز و هه‌رگیز ناتوانم باس له‌ هه‌ستی خۆم بکه‌م، کاره‌که‌ له‌وه‌ ده‌چوو که‌ من 10 جار پێشکه‌وتوم‌ و له‌وکاته‌دا رۆیشتم و بایسکیڵێکی نوێم هێناو به‌ نێو شه‌قامه‌کان ده‌رۆشتم، وا هه‌ستم ده‌کرد کە دلخۆشترین کوڕی شاره‌که‌م.

کۆتایی به‌شی ده‌یه‌م ، خه‌ونه‌که‌ی ئێبرا هاته‌دی به‌ یاری کردن له‌ ریزی تیپی یه‌که‌م، ئایا کاروانی ئێبرا له‌گه‌ل تیپی یه‌که‌می مالمۆ چۆن ده‌بێت؟ چۆن هەوڵدەدات لەو ژیانە ناخۆسەی سەردەمی منداڵی خۆی ڕزگار بکات؟

چاوەڕێی بەشی یانزەیەم بن....


ئه‌م بابه‌ته 8690 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:39:08/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com