یەکەمجارە لەمێژووی ڕیاڵدا ڕوودەدات...ئەو هۆکارانەی وا دەکەن "زیزۆ" سەرکەوتو بێت

یەکەمجارە لەمێژووی ڕیاڵدا ڕوودەدات...ئەو هۆکارانەی وا دەکەن "زیزۆ" سەرکەوتو بێت


خەڵک

زینەدین زێدان، ئەو ناوەی ساڵانێک ئاسمانی تۆپی پێی بە پێیە ئاڵتونییەکانی پرشنگدار کرد و ئێستاش پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەکەی لەسەر دەورییەکی زڕێن پێدەبەخشرێت.

لە(خەڵک سپۆرت)وە بەباشمان زانی لەکاتی خۆیدا چەند زانیاری و بۆچونێکتان پێشکەش بکەین کە کۆکراوەی بیر و هزری شارەزایانی تۆپی پێ و میدیاکانی ئیسپانیا و ئینگلتەرا و ئیتاڵیا و فەرەنسایە.

چۆن پۆستەکەی پێدرا؟
لەسەرەتاوە فلۆرنتینۆ پێرێز دوودڵ بوو لە دامەزراندنی ئەفسانە فەرەنسییەکە، بەڵام لەکۆبونەوەی پێش کۆتایی ئەنجومەنی ئیدارەی یانەی شاهانەدا لەکۆی ١٠ ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، حەوتیان سوربوون لەسەر ناوهینانی "زیزۆ" وەک ڕاهێنەری مێرەنگی و دوورخستنەوەی رافا بینیتێز.
لێرەوە قرشە سپییەکە "پێرێز" هەستی بەوەکرد کە ئەنجومەنی ئیدارە لێی هەڵبگەڕێنەوە واتای کودەتایەکی نهێنی دەگەیەنێت، بۆیە خۆی لەو گێژاوە دەربازکرد و تا ڕووبەڕوبونەوەی ڤالێنسیای کردە سەنگی مەحەک بۆ ڕاهێنەری دوورخراوە "بینیتێز"، دوای یەکسانبون لەو یارییەشدا هیچ دەرفەتێک بۆ بەهانەکانی بینیتێز نەمایەوەو ڕاستەوخۆ ئەمڕۆ کۆبونەوەی ئەنجومەن ئەنجامدرا، تیایدا بەکۆی دەنگ زێدانیان هەڵبژارد بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاهێنەرایەتی لۆس بلانکۆس.
ئەوەی گرنگە، لەسەردەمی پێریزدا یەکەمینجارە ئەنجومەنی ئیدارە بڕیار لەسەر ڕاهێنەرێک بدات و بەهێزی پێگەی "زیزۆ" لەوەدایە کە بە دەنگدان هاتۆتە سەر تەختی شاهانە، بۆیە پیرێز لەکۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند :" ئەنجومەنی ئیدارە بڕیاریاریدا زیزۆ پۆستەکە وەربگرێت، چونکە ڕیاڵ مەدرید ماڵی خۆیەتی و هیچ شتێک لەم دنیایەدا مەحاڵ نییە لەبەردەمیدا و بەهەموو توانامانەوە پاڵپشتی دەکەین".

یەکەمینجارە ڕوودەدات
یەکەمینجارە لەمێژووی یانەی شاهانەدا کەسایەتییەکی فەرەنسی پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەکە وەردەگرێت، تائێستا هیچکام لە ٢٤ ڕاهێنەری بیانی مێرەنگی فەرەنسی نەبوون.
٣ ئەرجەنتینی، ٣ ئینگلیزی، دوو هۆڵەندی، دوو سڕبی، دوو ئەڵمانی، دوو لە ئۆرگوای و دوو لە پورتوگال و دوو لە ئیتاڵیا و یەک ڕاهێنەر لەهەریەک لە بەرازیل، چیللی، هەنگاریا، مەقدۆنیا، پاراگوای، وێلز.

بۆچی دەتوانێت سەرکەتوو بێت؟
ئەوەی زێدان لەڕاهێنەرەکانی تر جیادەکاتەوە چەند خاڵێکە:

١. لەناوخۆی ڕیاڵەوە هەڵقوڵاوەو تەواوی وردەکارییەکان دەزانێت و هەڵگری ئەقڵیەتی کارکردنی شاهانەیە.
٢. زمانی ئیسپانی و فەرەنسی و ئینگلیزی باش دەزانێت.
٣. یاریزانێکی مێژوویی بووەو لەناوخۆی ڕیاڵ و تەنانەت لەنێو یاریزانانی ئێستاشدا ڕێزێکی گەورەی لێدەگیرێت.
٤. کەسایەتییەکی توڕە و بەهێزی هەیە، لەسەردەمی ئەنچلۆتی دا دەرکەوت کە زیاتر لەڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە چاودێری یاریزانەکانی ڕیاڵ دەکات و لێیان دەپرسێتەوە، هیچ یاریزانێکیش زاتی ئەوەی نەکردووە تەنها وشەیەک بەرامبەری بەکاربهێنێت.
٥. هەڵگری فیکری گواردیۆلا، مۆرینیۆ، ئەنچلۆتی و دیل بۆسکی و چەندین ڕاهێنەرە کە پێشتر وەک یاریزان و یاریدەدەری ڕاهێنەر کاری لەگەڵ کردون (چەند جارێک چاودێری مەشقەکانی گواردیۆلای کردووە).
٦. بیرکردنەوەی هێرشبەریی هەیە، ئەوەیش ئەو خاڵەیە کە سەرجەمی مەدریدێستا و ئەنجومەنی ئیدارەی یانەی شاهانە داوای دەکەن.
٧. بەهۆی زێدانەوە لاوانی یانەکە دەگەنە پێکهاتەی یەکەم، بەوپێیەی خۆی ڕاهێنەری تیپی لاوان بووەو شارەزای تواناکانیانە، یەکێک لەو لاوانەش کە هەلی یارییکردنی بۆ پێکهاتەی یەکەم زیاد دەکات ئینزۆی کوڕە گەورەی خۆیەتی.
٨. لەدۆزینەوەی بەهرەمەندان دا خاوەن فیکرێکی نایابە و پێشتر لەسەردەمی مۆرینیۆ بە کڕینی بنزیمە، ڕافائێل ڤاران سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تواناکانی خۆی دەرخست، ئەگەر ڕاوبۆچونی ئیدارەی یانەکە نەبوایە ئێستا ئیدین هازاردیش بەدرێسی سپی شاهانەوە یاریی دەکرد، هەروەها کڕین و ڕازیکردنی گاریس بەیلی گرتۆتە ئەستۆ و ئەوەیش خۆی لەخۆیدا خاڵێکی ئیجابییە، واتای ئەوە دەبەخشێت کە دەزانێت بەچ شێوەیەک ئەم شەمەندۆفێرە وێڵزییە کار دەکات.
٩. خۆشەویستی سانتیاگۆ بێرنابیۆیە و هاندەران لەخۆشی و ناخۆشیدا پاڵپشتی دەکەن بەپێچەوانەی بینیتێز و ئەنچلۆتی و مۆرینیۆوە کە ئەفسانەی یانەکە نەبوون و هەندێجار فیکەباران دەکران.
١٠. یاریدەدەرەکانی کە پێکهاتون لە سۆلاری و بیتۆنی، کە هەریەکەیان شارەزان لە دۆزینەوەی بەهرە فەرەنسی و ئەرجەنتینییەکان و لەڕووی شارەزایی و ئەزمونەوە هاوشێوەی زێدانن و دەتوانن بەسێ قۆڵی کارێکی هونەری گەورە ئەنجام بدەن و زۆرینەی شارەزایان پێیان وایە سیانەی ناوبراو لەتوانایاندایە فەلسەفەیەکی نوێ بهێننە کایەوە.
١١. هیچ یاریزانێکی ئیشتا و دواتری ڕیاڵ مەدرید لە "زیزۆ" گەورەتر و ئەفساوناویتر نین تەنانەت کریستیانۆ ڕۆناڵدۆش، بەوهۆیەشەوە هیچ یاریزانێک توانای ئەوەی نابێت کوتلە و کوتلەکاری بەسەردا بکات و موزایەدەی ئەوە بکات کە زیاتری پێشکەشی یانەکە کردووە، بەوشێوەیە دەکرێن بڵێین: لەکۆنترؤلکردنی یاریزاناندا دەکرێت پلەی نایاب وەربگرێت.

توانا تاکتیکییەکانی زیزۆ لە چ ئاستێکدایە؟
لەکۆتاییشدا ئەوەی نوسرا تەنها زانیاری و بۆچونە، کاتێک دێتە ناو یاریگاوە هیچ بنەمایەک بونی نامێنێت تەنها تۆپ و پیی یاریزانان و ئەو تاکتیکانە نەبێت کە دایدەڕێژێت، ئایا لە ڕووی تاکتیکییەوە بەتوانایە؟

وەڵامی ئەم پرسیارەیان قورسە و ناکرێت بەپێ تاقیکردنەوەی پراکتیکی لێکدانەوە بۆ لایەنە تاکتیکییەکان بکەین، بەو پێیەی وەرگرتن و هەرسکردنی فیکری تاکتیکی ڕاهێنەر کاتی دەوێت، پێشتریش چەندین ئەفسانەی هاوشێوەی مارادۆنا لەم لایەنەدا شکستیان هێناوە، بەڵام لەهەمان کاتدا دلخۆشی ڕیاڵ لەوەدایە کە زیزۆ لەسەرخۆیە لەکاری راهێناندا و بەچەند ستەیجێک مارادۆنای تێپەڕاندووە.
دەکرێت پاش ئەنجامدانی چوار تا پینج یاریی شیکاری لەو بارەیەوە بکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ تیپی کاستیا توانیویەتی سەرکەوتوو بێت، ئەوەیش ڕاهێنانێکە بۆ تاقیکردنەوەی توانا تاکتیکییەکانی بە دەستەیەک ئەستێرەی پرشنگداری جیهانی هاوشێوەی کریستیانۆ و بەیل و خامێس و بنزیمە و ڕامۆس و کرۆس و مۆدریچ، کە بێگومان توانای هەرسکردنی بیروبۆچونەکانی ئەم ئەستێرانە لەچاو لاوانی "کاستیا" جیاوازی زۆرە و داهاتوی (ڕیاڵ مەدریدی زیزۆ) ڕۆشن دێتە بەرچاوان...

ئه‌م بابه‌ته 3181 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:26:04/01/2016



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com