ئینریکی: ئامانجمان پارێزگاری کردنە لەنازناوەکان و گرنگی(msn) ئەوەیە لەدەرەوەش هاوڕێن

ئینریکی: ئامانجمان پارێزگاری کردنە لەنازناوەکان و گرنگی(msn) ئەوەیە لەدەرەوەش هاوڕێن


خەڵک – کەناڵی بارسا

لویس ئینریکی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی (بارسا) ئەنجام دەدات و تیایدا ئاماژە بەچەندین خاڵی گرنگ دەدات، هەروەها بەراوردی نێوان بەرشلۆنەی ئەم وەرزە و وەرزی ڕابردووش دەکات.
ئەمەیش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

بە بەراورد لەگەڵ وەرزی ڕابردو، ئەم وەرزەی بەرشلۆنە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
لەم وەرزەدا زیاتر هەست بە مورتاحی دەکەین، چونکە مەسەلەکان ڕونتر دەردەکەون، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا کارکردن بەردەوامە و هەموو ڕۆژێک زوو هەڵدەستم بۆسەر کار و درەنگ دەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە.

دیارترین خاڵە بەهێزەکانی ئەم وەرزەتان لە کوێدایە؟
ئامادەین بۆ هەر ڕکابەرێک، لەمەشقەکاندا زۆر خۆمان ماندو دەکەین سەرەڕای ئەوەی لەنێوان یارییەک بۆ یارییەکی تر تەنها سێ ڕۆژە، ئەو دەستە هونەرییەی لەگەڵمدان کارێکی گەورە ئەنجام دەدەن، ئێمە یانەیەکی مەزنین و هەموو ڕۆژێک هەوڵدەدەین باشتربین و زیاتر بەرەوپێش بچین.

ئەزمونت لەبەرشلۆنە چۆن دەبینیت؟
هەوڵدەدەم ڕاهێنەرێکی باش بم، شتێکی جوانە یاریزان و ڕاهێنەری هەمان یانە بیت، وەرزی ڕابردو خەوم کەم بو، بەڵام لەئێستادا مورتاحم، بەتایبەت کە دەبینم یاریزانان بۆ جێبەجێکردنی ئەو فیکرانەی پێیان دەگەیەنم کاردانەوەیان زۆر خێرایە.

ڕات چییە دەربارەی سیستمی خولانەوەی گۆڵپارێزەکان؟
سیستمی خولانەوەی گۆڵپارێزەکان بۆ من شتێکی نامۆ نییەو لەو سەردەمەوە پەیڕەوی دەکەم کە ڕاهێنەری تیپی لاوانی بەرشلۆنە بوم، هیچ گۆڵپارێزێک تایبەت نییە بە خولی ناوخۆ یاخود خولی یانە پاڵەوانەکان تەنها لای ئێوە بەوشێوەیە دەردەکەوێت، پێموابێت ئەم دابەشکردنە بۆ هەردوکیان دادوەرانەیە.

کەواتە ناوی ئەو گۆڵپارێزەمان پێبڵێ کە لەفاینەڵی مۆندیالی یانەکان سەرەکی دەبێت؟
لەوبارەیەوە بڕیارم نەداوە، ئەو گۆڵپارێزەی دەیەوێت ئەو پێگەیە بەدەست بهێنێت پێویستە هەوڵ بدات، سێ گۆڵپارێزم هەیە متمانەم بەهەمویانە و مەشقکردنیان لە ئاستێکی باڵادایە، مەشقەکان و توانای خۆیان و پێگەکانیان جیا دەکاتەوە.

لەبارەی "msn"وە چی دەڵێیت؟
ئەو سیانەیە ناوازەن، هیچ کێشە و ململانێیەک لەنێوانیاندا نییە، هەریەکێکیان بۆخۆی شتێک پێشکەش دەکات بە پێکهاتەکە، ئەوان لەدەرەوەی یاریگاش هاوڕێن و ئەوەیش کاری ئاسان کردون، بەڕای من مێسی باشترینە لەمێژوودا، نایمار بەڕێوەیە جێگەی بگرێتەوەو سوارێزیش باشترین هێرشبەری جیهانە.

بۆچی هەر شەش نازناوەکەتان بەدەست نەهێنا؟
کات و وادەی جامی سوپەری ئیسپانیا گونجاو نەبوو، ئەگەر ٢٤ کاژێری تریان پێبداینایە بێگومان دۆخەکە جیاواز دەبوو، ئێمە لە تیبلیسی دەگەڕاینەوە و ماوەی پێنج کاژێر لەگەشتکردندا بوین و ماندوبوین، جگە لەوە یارییەکی ماراسۆنیشمان ئەنجامدابو، دۆخەکە لە بلباو زۆر قورسبو لەسەرمان.

ئامانجی ئەم وەرزەی بەرشلۆنە چییە؟
پارێزگاریکردنە لەو نازناوانەی بەدەستمان هێناوە، هەروەها بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی یانەکان کە زیاتر دڵخۆشمان دەکات.

ئه‌م بابه‌ته 11389 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:31:19/12/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com