کومان: دەمەوێت ببمە "ڕیبێری نوێ" بۆ بایرن میونشن

کومان: دەمەوێت ببمە "ڕیبێری نوێ" بۆ بایرن میونشن


خەڵک – ماڵپەڕی خولی ئەڵمانیا

کینگسلی کومان، باڵە لاوەکەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی بایرن میونشن چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی ڕەسمی خولی ئەڵمانیا ئەنجام دەدات، لەوەڵامەکانیدا خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت کە سەرەڕای تەمەنە کەمەکەی (١٩ ساڵ) لەلایەن گواردیۆلاوە بەشێوەیەکی بەردەوام یاریی پێدەکرێت، هیواش دەخوازێت لەداهاتودا جێگەی فرانک ڕیبێری هاونیشتیمانی بگرێتەوە.

سێ مانگە لەبایرن میونشن یاریی دەکەیت، لەئێستادا چۆن خۆت دەبینیتەوە؟

دۆخەکە لەبایرن زۆر نایابە، زۆر خۆشحاڵم پیپ گواردیۆلای ڕاهێنەر متمانەی پێمە، توانیومە چەندین گۆڵی یەکلاکەرەوە تۆمار بکەم و چەندین گۆڵیشیم دروست کردووە، کارەکان بەباشی بەڕێدەکەن.

لەگەڵ هاوڕێکانت خۆت گونجاندووە؟

بێگومان، وەک وتم گواردیۆلا متمانەی تەواوی پێبەخشیوم، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڕێکانم لێرە زیاتر متمانەم پێدەدەن و پاڵپشتییەکی بێوێنەم دەکەن، ئەوەیش وایلێکردوم زیاتر و زیاتر خۆم بگونجێنم، هەست دەکەم توانا جەستەییەکانم لەئاستێکی بەرزدایە و ئامادەم وزەی زیاتر لەپێناو یانەکەمدا بەکاربخەم.

زیاتر لە چ پێگەیەکدا حەز بە یارییکردن دەکەیت؟

حەزم بە یارییکردنە لە باڵەکاندا، لەم پێگەیەدا توانام هەیە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەم و ئەو گۆڵەی لە هێرتا بەرلینیشم کرد بەڵگەیە لەسەر قسەکانم، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە لەچەندین پێگە یاریی بکەم و تاقیکردنەوەی زیاتر ئەنجام بدەم، چونکە ڕاهێنەرەکەمان ئیختیاری زۆری لەبەردەستدایە و یارییکردن لەهەر پێگەیەکدا ئەگەرێکە بۆ من و بۆ ڕاهێنەریش.

هێشتا تەمەنت ١٩ ساڵە و لەیانەیەکی زەبەلاحی وەک بایرن میونشن یاریی دەکەیت، لای تۆ ئەمە چی دەگەیەنێت؟

وەرزی ڕابردوش لەگەڵ یانەیەکی گەورە "یوڤانتۆس" یارییم کرد و گەیشتمە فاینەڵی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بەڵام هەست دەکەم یارییکردن لە بایرن میونشن تاموچێژێکی تایبەتی هەیە و تاموچێژ لەسەرجەم ڕووبەڕوبونەوەکان دەبینم، ئەگەر بەو ئاستەوە تا کۆتایی وەرز بەردەوام بین دڵنیام ئەنجامی گەورە بەدەست دەهێنین.

لە خولی ناوخۆی ئەڵمانیا تەنها سێ یاریی قۆناغی چونتان ماوە ...

شەممەی داهاتو یارییەکی قورسمان هەیە بەرامبەر مونشنگلادباخ، ئەو یانەیە دەیەوێت بمانکوتێت بەزەویدا، ئێمەش سورین لەبەدەست هێنانی سێ خاڵی ئەو یارییەش، ئامانجی ئێمە تەنها و تەنها بردنەوەیە بەهەمان شێوە لەڕووبەڕوبونەوەکانی ئینگوڵشتادت و دینامۆ زەگریب دا.

ڕیبێری گەڕاوەتەوە سەر مەشقە ئاساییەکان، ناترسیت پێگەکەت لەدەست بدەیت؟

گەڕانەوەی ڕیبێری گوژمێکی بەهێزتر دەداتە بایرن، فرانک لەسەر ڕێگەی ڕاست دەڕوات و بەم نزیکانە دەگەڕێتەوە سەر کێبڕکێکان، ڕاستە هەردووکمان لەیەک پێگەدا یاریی دەکەین، بەڵام من هەرگیز وەک ڕکابەر لێی ناڕوانم، بەپێچەوانەوە هەوڵدەدەم لێیەوە فێربم لەبەرئەوەی ئەزمونێکی زۆری هەیە، دەمەوێت ببمە ڕیبێری نوێ بۆ بایرن میونشن.


ئه‌م بابه‌ته 1095 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:29:03/12/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com