کریستیانۆ: مێسی خەڵاتی "بالۆن دۆر" بەدەست دەهێنێت

کریستیانۆ: مێسی خەڵاتی "بالۆن دۆر" بەدەست دەهێنێت


خەڵک – ڕۆژنامەی ئاس

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەو ناوە زەنگۆڵەدارەی جیهانی تۆپی پێی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەستێرەکەی یانەی شاهانەی مەدرید ماوەیەکە چەندین چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات و لەنوێترینیاندا باس لەپەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ لیۆ مێسی و گاریس بەیل و چەندین مەسەلەی نهێنی ئاشکرا دەکات.

ئەمەیش کورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

کێ تۆپی ئاڵتونی بەدەست دەهێنێت بۆ وەرزی ٢٠١٥؟

با ڕاستگۆبین، پێموایە ئەمساڵ مێسی بەدەستی دەهێنێت لەبەرئەوەی ئەم جۆرە خەڵاتانە بە دەنگی دەنگدەران یەکلایی دەکرێتەوە، مێسی نازناوی لالیگا و کۆپا دێل رێ و چامپیۆنز لیگی بەدەستهێناوە، بێگومان منیش لەسەر ئاستی فەردی باشترین ئاستم لەمێژوومدا تۆمارکردووەو بوم بە گۆڵکاری مێژوویی ئەوروپا، بەڵام وەک وتم خەڵاتە بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە و بۆ من قورسە بەدەستی بهێنم، من زۆر مێشکی خۆم بەم شتانەوە سەرقاڵ ناکەم، پێشتریش وتومە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم سێ جار خەڵاتەکە بەدەست بهێنم و ئەوەتا بەدەستیشم هێنا.

لەگەڵ ئەوەی تەمەنت گەورەتر دەبێت، پێتوایە لەداهاتودا بتوانیت ئەم خەڵاتە بەدەست بهێنیت؟

هێشتا گەنجم، بەوشێوەیە هەست دەکەم و پێموایە لەتوانامدایە نازناوەکە بەدەست بهێنمەوە، دەتوانم شەش بۆ حەوت ساڵی تر بەو ئاستە بەرزەوە بەردەوام بم، لەوماوەیەشدا نازناوە جەماعییەکان بەدەست دەهێنین و بەو هۆیەشەوە چنینەوەی خەڵاتە فەردییەکان ئاسانتر دەبێت.

پەیوەندیت لەگەڵ مێسی چۆنە؟ ململانێی نێوانتان چ کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانتان هەبووە؟

ئێمە هیچ ململانێیەکی شەخسیمان نییە و پەیوەندیشمان باشە بەیەکەوە، حەوت خەڵاتی بالۆن دۆرمان لەنێوان خۆماندا دابەش کردووەو ئەو بۆ یانەکەی یاریی دەکات و منیش بۆ یانەکەم، لیۆ هەرچی توانیبێتی بەدەستیهێناوەو منیش هەروەها، پەیوەندییەکی باشمان هەیە و ڕێزی یەکتری دەگرین و ڕێز لەنێوانماندا بونی هەیە، بەڵام ئەوەیە هاوڕێی نزیکی یەکتری نین.
FIFA Ballon d'Or nominees Lionel Messi and Cristiano Ronaldo

لەدوای هاتنی بەیل، پێتوانییە لەڕیاڵ مەدرید پێگەت لە مەترسیدایە، واتا پێگەی ئەستێرەی یەکەم لەدەست دەدەیت؟

هەموو یاریزانێک لەجیهانی تۆپی پێدا دەچێتە قۆناغی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی پێگەوە (قۆناغی ئینتیقالی)، یاریزانە بەتەمەنەکان بەرەو خانەنشین دەچن و گەنجەکان دەخرێتە جێگەیان، منیش بەشێکم لەو زنجیرەیە، هەرچییەک توانیبێتم هەوڵی بۆ بدەم لەجیهانی تۆپی پێدا بەدەستم هێناوە، زۆر خۆشحاڵم و سوپاسی ڕیاڵ مەدرید دەکەم کە هەلی پێدام لەڕیزەکانیدا هەموو خەونەکان بهێنمە دی، هەروەها هەلی یارییکردنیان پێدام لەپاڵ یاریزانە گەورەکاندا لەنمونەی گاریس بەیل، هیچ کێشەیەکم لەو مەسەلەیەدا نییە و هەست بە ئارامی دەکەم.

حەز دەکەیت لەکوێ کۆتایی بەژیانی وەرزشیت بهێنیت، ئەمریکا، قەتەر، ئیمارات؟

دەمەوێت لەیانەیەکی گەورە و بەشەرەفەوە کۆتایی بەژیانی وەرزشیم بهێنم، ناڵێم پەیوەندیکردن بە خولی ئەمریکی و قەتەرییەوە شتێکی باش نییە، بەڵام ناچمە هیچکام لەو وڵاتانەی کە ناوت بردن.

زۆرن ئەو یاریزانانەی دوای وازهێنان بون بەڕاهێنەر، تۆش وەک ئەوان دەکەیت؟ لەداهاتودا کریستیانۆ دەبینین وەک ڕاهێنەر؟

هیچ حەزم بۆ کاری ڕاهێنان نییە، دەمەوێت بچمە دنیای کار و بازرگانییەوە و لەو بوارەدا بەرەوپێش بچم، چەندین ساڵە دەستم بەو کارە کردووەو پێموابێت ئەوەندەم هەیە وەک پادشا پێی بژیم.

ڕاستە کوڕەکەت حەز دەکات ببێتە گۆڵپارێز؟

بەڵێ، ئەوەش بۆ من کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە لەنێوان خولەکێک و دوواندا ڕای خۆی دەگۆڕێت، دەزانن منداڵ چۆن بیر دەکاتەوە...! هێشتا تەمەنی پێنج ساڵە و بیرکردنەوەی بەردەوام گەشە دەکات، منیش بەهیچ شێوەیەک ڕێگری لێناکەم و زۆریشی لێناکەم بۆ ئەنجامدانی شتێک کە خۆی حەزی پێی نەبێت، چونکە من دایک و باوکم بۆ هیچ بابەتێک و هەرگیز زۆریان لێنەکردوم.

Agyness Deyn, Jonathan Ross, Cristiano Ronaldo, David Tennant and James Morrison

ئه‌م بابه‌ته 2044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:52:14/11/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com