لاپۆرتا: تاموچێژی "لالیگا" بە کلاسیکۆوەیە و هەڵەیە بەرشلۆنە خولەکە بەجێبهێڵێت

لاپۆرتا: تاموچێژی "لالیگا" بە کلاسیکۆوەیە و هەڵەیە بەرشلۆنە خولەکە بەجێبهێڵێت


خەڵک – مۆنتی کارلۆ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی ئەفسانەیی و پێشوی یانەی بەرشلۆنە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕادیۆ مۆنتی کارلۆ ئەنجام دەدات و تیایدا باس لە بارودۆخی یانە کەتەلۆنییەکە دەکات، هەروەها ئەو هەوڵە سیاسییانەش بەهەڵە وەسف دەکات کە باس لە ڕۆیشتنی بلاوگرانا دەکەن لە خولی ئیسپانیا و بەشێوەیەکی گشتی پێیباشە بەرشە لە خولی ئیسپانیا بەردەوامی بداتە ململانێکان.

بەخێرهاتیت خوان، باسی بارودۆخی بەرشلۆنەمان بۆ بکە بەتایبەت مەسەلەی جیابونەوەی هەرێمی کەتەلۆنیا و پەیوەندی کردنی یانەکە بە خولی فەرەنساوە...

پێموایە بەرشلۆنە خولی ئیسپانیا بەجێناهێڵێت و تاموچێژی خولەکە بە بەریەکەوتنی زەبەلاحەکانی وەک بەرشە و ڕیاڵەوەیە، بەتایبەت یارییەکانی کلاسیکۆ کە پارەیەکی ئێجگار خەیاڵی کۆدەکاتەوە، لەبەرئەوە باشترە بە ئەقڵ بیر لەمەسەلەکە بکرێتەوەو ناوی خولی ئیسپانی بگۆڕن بۆ خولی دورگەی ئایبیریان، بەوشێوەیە یانەکانی ئیسپانیا و کەتەلۆنیا بەیەکەوە کۆدەبنەوە.

سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرشلۆنە پەیوەندی بە "لیگا ١"ی فەرەنساوە بکات ئەگەر بێتو ئەگەر هەرێمی کەتەلۆنیا لەئیسپانیا جیاببێتەوە، دەکرێت شتی وا ڕووبدات؟

بە لەخۆبوردەییەوە پێتان دەڵێم، ئاستی بەرشلۆنە زۆر لە خولی فەرەنسی بەهێزترە، بەڵام دەکرێت لەحاڵی جیابونەوەی لە ئیسپانیا لەخولەکانی ئیتاڵیا و فەرەنسا و ئینگلیزی واتا وڵاتە دراوسێکانی یاریی بکات، وەک مۆناکۆ کە لەخولی فەرەنسا یاریی دەکات و خولی وڵاتانی ڕوسیا کە چەندین یانە لەخۆدەگرێت، بابەتەکەش قورس نییەو دەکرێت قەناعەت بە "یوێفا" بکرێت، بەڵام من پێمباشە هەر لەخولی ئیسپانیا بمێنێتەوە.

پێتوانییە ڕۆیشتنی بەرشلۆنە لە "لالیگا" بڕیارێکی سیاسییە؟

بێگومان، ئەوە ستراتیجییەکی سیاسییە، گرنگی بەرشە بەنسبەت خەڵکی کەتەلۆنییاوە بێوێنەیە و بەهەموو هێزو تواناوە هانی دەدەن، زۆرینە هاندەری ئەم یانەیەن و وەک هەڵبژاردەی هەرێمەکە وایە بەلایانەوە، منیش بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەم تا بزانم لە خولی ئیسپانیا دەمێنێتەوە یان نا، بەڵام ئەگەر بێتو بڕوات ئەوە واتای جیابونەوەی یەکجارەکی هەرێمەکە دەگەیەنێت.

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەرشلۆنە شکستت هێنا، لێکدانەوەت چییە؟

نەمتوانی قەناعەت بە زۆرینەی ئەندامانی یانەکە بکەم، شانازیش دەکەم کە لەسەدا ٣٥ی دەنگەکانم کۆکردەوە و زۆرینەی دەنگەکانیشم لەسەر ئاستی لاوان بوو، قورس بوو پاش بەدەستهێنانی سێ نازناوەکە ئەندامانی ئەنجومەن قایل بکەم بە ڕۆیشتنی بارتومیۆ، سەرەڕای دۆڕاندن، بەڵام من نەوەستاوم و هەمیشە هەوڵدەدەم باشترین پێشکەشی بەرشلۆنە بکەم.

بەڕای تۆ بارتومیۆ چ هەڵەیەکی کردووە؟

خۆشحاڵ نیم بەو کارەی ئەنجامی دەدات، دەستبەرداری ئەو شێوە کارە بووە کە ئێمە بونیادمان نا و بە دەرکردنی یۆهان کرۆیف و دوورکەوتنەوەیان لە لاماسیا و یونسێف دەستی پێکرد، جگە لەوە وازهێنان لەو سیستمی یارییکردنەی چەندین ساڵ بەرگریمان لێکرد و کرۆیف دایمەزراند و ڕیکارد و گواردیۆلا کاریان لەسەر کرد، لەپێشودا لاماسیا زۆرترین ڕێژەی ئەستێرەکانی بۆ پێکهاتەی یەکەم بەرهەم دەهێنا، بەڵام لەوەتەی ڕۆسێل و بارتومیۆ هاتون ئەو فێرگەیە ئاستی دابەزیوە.

هیچ هۆکاری تر هەیە؟

بێگومان، بارتومیۆ دەرگای بۆ قەتەرییەکان کردۆتەوە و ئەوانیش کۆنترۆڵی یانەکەیان کردووە، لەکاتێکدا یونسێف ڕەمزی ئێمەبوو درێسی بلاوگرانای ڕۆشن دەکردەوە، سەرۆکی ئێستا درۆزنێکی گەورەیەو دەڵێت ئەگەر قەتەرییەکان نەبن بەرشلۆنە لەدۆخێکی خراپدایە، لەسەردەمی مندا توشی هیچ کێشەیەکی دارایی نەهاتین و توانیشمان پارێزگاری لە ئەستێرەکانمان بکەین، هاوشێوەی مێسی و ئینێستا و چاڤی و پویۆڵ وبۆسکێتس و چەندینێکی تر.

پێتوایە یاریزانێکی وەک پیکێ هەڵبژاردەی کەتەلۆنیا بەسەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا فەرز بکات؟

بێگومان، پیکێ یاریزانێکی پرۆفیشناڵە و ئاڵا و درێسی کەتەلۆنیا بەسەر ئیسپانیادا فەرز دەکات، چونکە یەکێکە لەو یاریزانانەی کە عاشقی هەرێمی کەتەلۆنیایە و مەسەلەکەش سیاسییە، سەرەڕای ئەوەی تامی نازناوی مۆندیالی بەدرێسی لارۆخاوە کردووە، بەڵام لەحاڵی جیابونەوەدا هەرگیز ناتوانێت لەگەڵیاندا بەردەوام بێت.

ئایا ڕۆژێک لەڕۆژان مێسی، بەرشلۆنە بەجێدەهێڵیت؟

نەخێر، پێموانییە لەهەر بارودۆخێکدا بێت بەرشلۆنە بەجێبهێڵێت، مێسی بەشێکە لەیانەکە و دڵی بە بەرشلۆنەوە بەندە، هەر لەبەرئەوەشە تەواوی گرێبەستە پێشکەشکراوەکانی ڕەت کردۆتەوە، بۆ نمونە: لەسەردەمی مندا چەندین گرێبەستم لەیانەی ئینتەرمیلانەوە پێدەگەیشت و ئامادەبون نرخی شکاندنی گرێبەستەکەی بدەن، بەڵام ئەو گرێبەستەکانی ڕەت دەکردەوەو منیش وەک سەرۆکێک هەرگیز حەزم بە فرۆشتنی نەبووە.

ئەی دەکرێت نایمار یانەکە بەجێبهێڵێت؟

مەسەلەکە لەگەڵ نایماردا جیاوازە و پەیوەندی بەو دۆخە داراییە شلۆقەوە هەیە کە یانەکەی تێکەوتووە، ئەویش بەهۆی کارە هەڵەکانی ئیدارەی بارتومیۆوە توشی ئەو حاڵەتە بوون، ئیدارەی ئێستا چەندین چارەسەری لەبەردەستدایە و ئاسانترینیان ئەوەیە دەستبەرداری چەند یاریزانێکی ناوداری بێت، دوورنییە نایمار یەکێک بێت لەو یاریزانانە.


ئه‌م بابه‌ته 1008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:44:31/10/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com