زێدان: ڕیاڵ و پاریس بەهێزترین پاڵێوراون و بەرشلۆنە وەک پاری پێناکرێت

زێدان: ڕیاڵ و پاریس بەهێزترین پاڵێوراون و بەرشلۆنە وەک پاری پێناکرێت


خەڵک – کەناڵ پلەس

زینەدین زێدان، ئەفسانەی فەرەنسا و یانەی یوڤانتۆس و ڕیاڵ مەدرید کە لەئێستادا وەک ڕاهێنەری تیپی لاوانی یانەی شاهانەی مەدرید کار دەکات "ڕیاڵ مەدرید – کاستیا"، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ پلەسی ئیسپانیا ئەنجام دەدات و لەوەڵامەکانیدا باسی بارودۆخی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا دەکات.

هەروەها یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و پاریس سان جێرمانیش بە دیارترین پاڵێوراوانی چامپیۆنز لیگ لەقەڵەم دەدات و یانەی بەرشلۆنە لەنازناوەکە دووردەخاتەوە.

سڵاو زیزۆ بەخێرهاتیت، سەرەتا باسی هەڵبژاردەی فەرەنسامان بۆ بکە لەقۆناغی ئێستادا کە ئامادەکارییە...

سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ئەم میواندارییە، پێموایە هەڵبژاردەی فەرەنسا بە دوو قۆناغی ئامادەکاری بۆ یورۆی ٢٠١٦ تێپەڕی کردووە، کوڕانی دیدیە دیشامپ لەچەند یارییەکدا ئاستی بەرزیان پێشکەش کردووەو بێگومان کاری تریش ماوە کە ئەنجامی بدەن.

یورۆ لەخاکی فەرەنسا ئەنجام دەدرێت، پێتوایە ئەوە کاریگەری هەبێت؟

ئاسایی یاریی کردن لەپاڵەوانێتییەکی گەورەی وەک جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لەناو یاریگای خۆتدا پاڵپێوەنەرێکی بەهێزە، بەبیرتان دێت لە مۆندیالی ١٩٩٨ کە پاڵپشتی هاندەران لەناو یاریگای خۆماندا هۆکاری سەرەکی بەدەستهێنانی نازناوەکە بوو، بەڵام لەبەرامبەردا بنزیمە و هاوەڵانی نابێت لایەنەکانی تر وەلا بنێن و پێویستە گرنگی بەشێوازی یارییکردنی ڕکابەرەکانیان بدەن و ئامادەکاری باش بکەن.

دوای ١٥ ساڵ لەکۆتا نازناوی یورۆ، ئێستا گەشبینیت بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا؟ پێتوایە دەتوانێت نازناوەکە بەدەست بهێنێت؟

زۆر گەشبینم، نەک لەبەرئەوەی لەناو یاریگای خۆماندا یاریی دەکەین، بەڵکو چەندین لایەنی ئیجابی تر بەدی دەکرێت کە هاوشێوەی فەرەنسای ساڵی ٢٠٠٠ دەبێتەوە، ڕاستە لەو کاتەوە تائێستا تۆپی پێ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام پێویستە یاریزانەکان ئەم هەلە بقۆزنەوە و دەشزانم لەتوانایاندایە نازناوەکە ببەن.

لەم دواییەدا چ یاریزانێک زۆر سەرنجی ڕاکێشاویت؟

بەڕاستی هیچ یاریزانێک لەویتر جیاواز نابینم، نابێت بچینە ناو ئەو مەسەلانەوە، چونکە یەک ڕیزی هەڵبژاردەو ئینسیجامی نێوان یاریزانان دەشێوێنێت، بەشێوەیەکی بەکۆمەڵ کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوێکی تر بچنە پێشەوە، وەک من و هاوڕێکانم لە مۆندیالی ١٩٩٨، دواتریش یورۆی ٢٠٠٠.

مارسیال یەکێکە لە گەنجە نوێێەکانی فەرەنسا، بەڕای تۆ ئاستی چۆنە؟

سەرنجی ڕاکێشاوم لەبەرئەوەی لەیارییکردندا شێوازی تایبەتی خۆیی هەیە، بەڕای من مارسیال دەتوانێت زۆر پێشکەشی هەڵبژاردەکەی بکات و بەهەمان شێوە لەیانەی مانچستەر یونایتد، پێشتریش توانی گومانەکان بڕەوێنێتەوە، لەبەرامبەردا نابێت فشاری زۆری بخرێتە سەر تا تەرکیز لەدەست نەدات لەو کارە سەرەکییەی دەکەوێتە سەر شانی.

ئەو مەلەفە دادەخەین و باسی خولی یانە پاڵەوانەکان دەکەین، ئاستی پاریس سان جێرمان چۆنە بەلاتەوە؟

ئەوەی ڕاستی بێت زۆر چاودێریم کردون، چەندین یانەی بەتوانا هەیە و پاریس یەکێکە لەوانە، لەخولی ناوخۆ کەمێک کێشەیان هەبوو، بەڵام لەئێستادا ئیراهیمۆڤیچ و هاوەڵانی ئاستێکی خەیاڵی پێشکەش دەکەن، لوران بلان نهێنی باشترین شێوازی یارییکردنی دۆزیوەتەوە و پێموابێت دەتوانن زۆر بڕۆن، چونکە هەموو ئەو خەسڵەتانەشیان تێدایە کە لەهەردو ئاستی ناوخۆیی و ئەوروپی سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

تۆ کام یانانە بە پاڵێوراو دەزانیت بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە؟

بەبێ موجامەلە، پێموایە پاریس سان جێرمان یەکێکە لەپاڵێوراوەکان، هەروەها ڕیاڵ مەدرید کە خاوەنی مێژوییەکی گەورەیە لەخولی یانە پاڵەوانەکان، بەڵام قسەکانی من ئەوە ناگەیەنێت کە ڕێگەیان بۆ خۆشکراوە و بەئاسانی دەتوانن بگەنە لوتکە، بەڵکو لەلایەن بایرن میونشن و یوڤی و چێڵسییەوە ڕکابەرییەکی بەهێز دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا سورم لەسەر ئەوەی پاریس و ڕیاڵ دەتوانن بەرشلۆنە لەنازناوەکەی دابماڵن.

بەڕای تۆ پاریس و ڕیاڵ کامیان براوە دەبێت؟

بێگومان ڕوبەڕوبونەوەکە زۆر بەهێز دەبێت، هەردوو یانەکە گەورەن و دەیانەوێت لەیاریی چون براوەبن بۆ ئەوەی لە گەڕانەوە بە دەرونێکی سافەوە بێنە ناو یاریگاوە، ڕیاڵ مەدرید لەپێشترە بۆ بردنەوە بەهۆی مێژووەکەیەوە، بەڵام پاریس لەتوانایدایە مێزەکە بەسەریدا هەڵگێڕێتەوە، با چاوەڕوان بین بزانین چی ڕودەدات.

باسی بەرشلۆنەت کرد، چۆن ئەم دۆخە خراپەی بەرشلۆنە هەڵدەسەنگێنیت؟

بەرشلۆنەی ئەم وەرزە بەرشلۆنەی وەرزی ڕابردوو نییە، ڕاستە چەندین یاریزانیان لەپێکهاتەکەیاندا هێشتۆتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا چەندینێکی کاریگەریشیان لەدەست داوە لەنمونەی چاڤی هێرناندێز، بێگومان ئەم یاریزانە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر شێوازی یارییکردنیان، بەڕای من قورسە کوڕانی لویس ئینریکی سیناریۆکانی وەرزی ڕابردو دووبارە بکەنەوە، لە لالیگا و چامپیۆنز ئاستیان هاوسەنگی تێدا نییە بەهۆی لاوازی هێڵی بەرگرییانەوە، لەلایەکی ترەوە پێکانەکان بەردەوام لێیان دەدات و ئەوەش کاردانەوەی لەسەر ئەنجامەکان دەبێت.

کەواتە تۆ بەرشلۆنە لەنێو پاڵێوراوەکاندا دووردەخەیتەوە؟

بەبێ شاردنەوە، قورسە بەرشلۆنە بتوانێت پارێزگاری لەنازناوەکەی بکات، وەک وتم پێویستە چەندین کێشە چارەسەربکەن ئەگەر بیانەوێت وەک وەرزی ڕابردوو بکەن، پێویستە پێش هەموو شتێک دەرچەیەک بدۆزنەوەو خۆیان لە کاریگەری پێکانی لیۆ مێسی دەرباز بکەن.

کاندیدی پۆستی ڕاهێنەرایەتی ڕیاڵ بویت، بەڵام تیپی لاوانت هەڵبژارد "کاستیا"؟

هۆکارەکە ئاشکرایە و وەڵامەکەی زۆریش ئاسانە، ویستم بۆ وەرزی دووەم لەگەڵ تیپی کاستیا بەردەوام بم و ئەزمونی زیاتر بەدەست بهێنم، من لەوانەم کە حەزم بەخێرا بڕینی قۆناغەکان نییە و ناشمەوێت هەر وەرزە و لەیانەیەک بم، من هێشتا لەسەرەتای کاری ڕاهێنەرایەتیدام، بەوشێوەیە دەمەوێت کار بکەم کە خۆم حەزم پێیەتی، ڕاستە چەندین گرێبەستم لەئیسپانیا و دەرەوەی ئیسپانیا پێگەیشت، بەڵام من دەڵێم هێشتا کاتی نەهاتووەو دوای ئەنجامەکانی تیپی کاستیا بیر لەداهاتو دەکەمەوە.

کە باسی تیپی کاستیا دەکەین بێگومان ناوی ئینزۆی کوڕت دێتە پێشەوە، پەیوەندیتان چۆنە بەیەکەوە؟

پەیوەندی نێوان من و ئینزۆ وەک پەیوەندی من و نێوان هەر یاریزانێکی ترە، هەندێک پێیان وایە کە لەبەرئەوەی کوڕی منە دەبێت گرنگی زیاتری پێبدرێت، بەڵام من لەگەڵ یاریزانەکانی تر هیچ جیاوازییەکی ناکەم و لەو جۆرە ڕاهێنەرانەم کە حەزم بە پێکهێنانی کەشی خێزانییە لەنێوان سەرجەم یاریزانەکاندا، لەکۆتاییدا ئینزۆ یاریزانی کاستیایە و منیش ڕاهێنەرم، ئەگەر ڕۆژێک لەڕۆژان هەست بکەم باش نییە، یاخود لەئاستی پێویستدا نییە لەپێکهاتەکەم دووری دەخەمەوە، خۆیشی ئەوە دەزانێت بۆیە بەردەوام لەهەوڵداندایە.

گلەیی ئەوە دەکرێت کە شارەی کاپیتانۆت داوە بە ئینزۆ ، هیچ وەڵامێکت هەیە؟

هەمان ئەو وەڵامە دەدەمەوە کە لەپێشودا ڕامگەیاندووە، ئینزۆ شارەی کاپتنی وەرگرتووە لەبەر ئەوەی یاریزانێکی باشە و توانای سەرکردایەتی کردنی هاوڕێکانی هەیە، بەڵێ، چەندین ڕەخنەم لێگیرا و هەواڵەکانم خوێندەوە، ئەوانەی نزیکن لێمەوە باش دەزانن لەبەرئەوە شارەی کاپتنم نەداوەتێ کە کوڕمە، بەڵکو لەبەرئەوەیە بە باشترینە و لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریم پێداوە کە دەبێت لەو ئاستەدا بمێنێتەوە و زیاتر پێشکەش بکات، ئەگەرنا دووری دەخەمەوە.

کۆتا وشە بۆخۆت بەجێدەهێڵم، حەز دەکەیت چۆن کۆتایی بە چاوپێکەوتەنەکە بهێنین؟

دووبارە سوپاست دەکەم بۆ ئەم میواندارییە، هیوادارام هەڵبژاردەی فەرەنسا نازناوی یورۆ بەدەست بهێنێت بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرانی تۆپی پێی وڵاتەکەم، وابزانم شایستەشن، هەروەها هیوا دەخوازم لەکاری ڕاهێناندا سەرکەوتو بم وەک ئەو گرەوەی خۆم لەگەڵ خۆمدا کردومە.


ئه‌م بابه‌ته 1072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:31:13/10/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com