ڕیدناپ: مۆرینیۆ ناوازەیە و بەلایەنی کەمەوە نازناوێک بۆ چێڵسی مسۆگەر دەکات

ڕیدناپ: مۆرینیۆ ناوازەیە و بەلایەنی کەمەوە نازناوێک بۆ چێڵسی مسۆگەر دەکات


خەڵک – تۆڵک سپۆرت

هاری ڕیدناپ، ڕاهێنەری ناوداری ئینگلیزی و پێشوی یانەکانی وێستهام و تۆتنهام و پۆرتسماوز و ساوزهامبتۆن و کوینز پارک ڕەینجەرز، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئێزگەی "تۆڵک سپۆرت" ئەنجام دەدات و تیایدا باس لە دۆخی هەردوو یانەی چێڵسی و لیڤەرپوڵ و دەستپێکی خولی ئینگلیزی و ئەو هەواڵانە دەکات کە باس لەڕوخانی جوزێ مۆرینیۆ دەکەن.

بەڕێز هاری ڕیدناپ، بەخێرهاتنت دەکەین و هیوادارین بەختەوەر بیت ...

سوپاس، من زۆر باشم

بۆچونت سەبارەت بەکۆتا یاریی وێستهام بەرامبەر نیوکاسڵ، هامەرزەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا؟

ئەنجامەکانی ویستهام زۆر باشن، سەرەتا لە ئارسیناڵ و لیڤەرپوڵیان بردەوەو ئێستاش نیوکاسڵ، یانەیەکی گەورەن و بەئاسانی ناخرێن بەزەویدا، ئەوەی ڕاستی بێت بەرامبەر بۆرنسماوز و لسیتەر سیتی هەلی بردنەوەیان لەدەستدا لەناو یاریگای خۆیاندا، بەڵام ئەوە هیچ لە بەهێزی و تونای یانەکە کەم ناکاتەوە لەخولی ئینگلیزی دا.

دیمیتری پاییت ئاستێکی ناوازە پێشکەش دەکات و یەکێکە لەوانەی تۆ دابینت کردون، هیچت هەیە بۆ ئەو یاریزانە فەرەنسییە؟

پاییت یاریزانێکی چاکە، لەپێشودا دەمزانی وێستهام دەیکرێت و هانمدان گرێبەستەکەی ئیمزا بکەن، پێشموایە لەو ئاستەدا نامێنێتەوەو زیاتر پێشکەش دەکات، هیوادارام بیلیچ بزانێت بە چ شێوەیەک وزەکانی دەتەقێنێتەوە.

دەربارەی مارک نۆبڵ بۆچونت چییە؟ ئەگەر یاریزانی تۆ بوایە دەتکردە کاپتنی پێکهاتەکە؟

نۆبڵ یاریزانێکی باشە و توانادارە، ڕوحیەتی سەرکردەی تێدایە، چەندین خەسڵەتی باشی تێدایە کە هاوڕێکانی سودی لێوەردەگرن، بۆیە دەڵێم: بەڵێ، کەسێکی باشە و منیش ڕاهێنەری بومایە دەمکردە کاپیتانۆ.

بەڕای تۆ ویستهام لەتوانایدایە وەرزی داهاتو بگاتە خولی یانە پاڵەوانەکان؟

لەڕاستیدا مەسەلەی چامپیۆنز لیگ قورسە، پێویستە لەوە زیاتر هەوڵبدەن و بەدەستهێنانی پلەکانی سەروی پریمەرلیگ زەحمەتە، بابزانین تا نیوەی وەرز چی ڕودەدات.

لەسەرەتای وەرزەوە چێڵسی دەناڵێنێت، بەڕای تۆ هۆکار چییە؟

ڕاستە چێڵسی لەسەرەتاوە باش نەبووە، هەمیشە پاڵەوان بە قورسی دەست پێدەکات، چونکە فشار و قسە و باسی زۆریان لەسەرە و هەموان هەوڵ دەدەن لێیان ببانەوە، بەڕای من لە جەولەکانی داهاتودا چێڵسی بەهێزەوە دەگەڕێتەوە.

چۆن دەگەڕێتەوە؟

چێڵسی خاوەنی مۆرینیۆیە، ڕاهێنەرێکی گەورەیە و متمانەی بەخۆیەتی، پێموابێت دەیانگێڕێتەوە سەر ڕێرەوی سەرکەوتنەکان، وەک وتم ڕاهێنەرێکی سپێشەڵە و خۆیشی حەز دەکات بەو ناوە بانگی بکەن، هاندەرانی یانەکەشی متمانەیان پێیەتی و دڵنیام گەڕانەوەیەکی بەهێز ڕوودەدات، بەڵام چەند هەڵەیەک هەیە پێویستی بەڕاست کردنەوەیە.

پێویستە چ شتێک ڕاست بکاتەوە؟

بۆ نمونە ئەزپیلیکوێتا باڵێكی بەرگری چەپلەری بەتوانا نییە، ڕاستە بەردەوام هەوڵدەدات، بەڵام لەپێگەی خۆیدا یاریی ناکات و ئەوەیش وا دەکات لەهەندێک یارییدا باش و هەندێکی تریشدا خراپ دەرکەوێت، وەرزی رابردو لەم پێگەیەدا زۆر باش بوو، بەڵام ئێستا وا نەماوەو فیلیپی لویزیش یانەکەی بەجێهێشتووە.

ئەی ئیدین هازارد؟ ئەویش تا ئێستا هیچی نەکردووە...

ڕاستە هازارد ئاستی دابەزیوە، بەڵام دەگەڕێتەوە، مۆرینیۆش ئەوە دەزانێت کە هازارد، کۆستا، فابریگاس و چەندین یاریزانی تر ئاستیان دابەزیوە، بۆیە هەوڵدەدات بارگاویان بکاتەوە، ئەوەی من دەیڵێم ئاسان نییە، بەڵکو بۆ کەسێکی وەک مۆرینیۆ ئاسانە کە دەتوانێت بەباشترین شێوە وزەی یاریزانەکانی بەکاربخات، بەڕای من لەم وەرزەشدا کاری خۆی دەکات و بەلایەنی کەمەوە نازناوێک بەدەست دەهێنێت.

یاریی داهاتویان بەرامبەر ئارسیناڵە، دێربی لەندەن ئەنجامەکەی چۆن دەبێت؟

دێربی ئەم وەرزە بەنسبەت چێڵسییەوە گرنگترینە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا، بلوزی لەندەن لە دۆخێکی خراپدایە و ئارسیناڵ بەپێچەوانەوە، هاندەران داوای بردنەوە دەکەن و مەسەلەکە ئاسان نییە، چونکە گانەرز لەوپەڕی تواناکانیدایە، لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانانی چێڵسی دەزانن دۆڕاندن بەتەواوی پەکیان دەخات و خەونی پریمەریان لەکیش دەچێت، بردنەوەش پاڵپێوەنەر دەبێت بۆ گەڕانەوەیەکی گڕاوی.

لیڤەرپوڵیش حاڵی خراپە، ئەم وەرزەش شکستخواردو دەبن؟

لیڤەرپوڵ لەدۆخێکی خراپدایە و پێموایە ململانێی نازناوەکەی پێناکرێت، جارێ هیچ شتێک یەکلایی نەبۆتەوەو هەڵەیە لەئێستاوە باسی بەراورد بکەین و ناوی پاڵەوان دیاری بکەین، یاخود بەشێوەیەکی گشتگیر باسی ئاستی کەسێک یان یانەیەک بکەین، بەڵام ئاشکرایە لیڤەرپوڵ یاریزانی گەورەی نییە تا ڕکابەری گەورەکانی تری پێبکات.

بەڵام برێندان ڕۆدجەرز بەپێچەوانەی تۆوە بیر دەکاتەوەو بڕوای وایە زۆر بەدەست دەهێنێت؟

پێویستە واقیعی بیر بکەینەوە، کاری ڕۆدجەرز نزیکی مەحاڵە، دوو وەرز لەمەوبەر سوارێز و ستێرلینگی هەبوو، ستۆریدج هێرشبەری بوو، ستیڤن جێرارد کاپتنی بوو و ئەم پێکهاتە ئاگرینە هەموو ڕاهێنەران خەونیان پێوە دەبینی، بەڵام هەموو ئەوانەی لەدەستدا، تەنها ستۆریدج نەبێت و ئەویش پێکراوە! دووبارە دەڵێمەوە کاری ڕۆدجەرز نزیکی مەحاڵە.

بەڵام لیڤەرپوڵ یاریزانی زۆری کڕیوە...

بەڵێ کۆمەڵێک یاریزانی کڕیوە، بەڵام کامیان لەتوانایدایە جێگەی سوارێز بگرێتەوە؟ سوارێز کاتێک لیڤەرپوڵی بەجێهێشت باشترین یاریزانی پریمەرلیگ بوو، قورسە جێگەی پڕ بکرێتەوە، من تێناگەم چۆن ستێرلینگ دەفرۆشێت ؟! دواتر ناتوانیت یاریزانێک دابین بکەیت نزیکی ئاستی ئەو بێت!

ڕات چییە دەربارەی برێندان ڕۆدجەرز؟

ڕاهێنەرێکی گەنجە و لەتوانایدایە زۆر پێشکەشی لیڤەرپوڵ بکات، بەش بەحاڵی خۆم لەسەر ئەنجامە خراپەکان لۆمەی ناکەم، یاریزان بفرۆشن و داوای ئەنجامیشی لێبکەن ئەوەیان نەگونجاوە... بەتێپەڕینی کات ڕۆدجەرز ئەزمون وەردەگرێت و باشتر مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکەی دەکات، لەبەرامبەردا پێویستە ئیدارەی یانەکەش کەمێک لە سیاسەتی خۆی بگۆڕێت.


ئه‌م بابه‌ته 1071 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:44:16/09/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com