فیلیپ لام: ساڵی ٢٠١٨ وازدەهێنم و دڵنیام ڕیبێری دەگەڕێتەوە

فیلیپ لام: ساڵی ٢٠١٨ وازدەهێنم و دڵنیام ڕیبێری دەگەڕێتەوە


خەڵک – بێلد سپۆرت

فیلیپ لام، کاپیتانۆی یانەی بایرن میونشن ، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی "بێلد سپۆرت"ی ئەڵمانی ئەنجام دەدات و لەوەڵامەکانیدا دوپاتیدەکاتەوە، ساڵی ٢٠١٨ بەشێوەیەکی یەکجارەکی واز لەیارییکردن دەهێنێت و بڕیارەکەشی گەڕانەوەی تێدا نییە.

هەروەها لەبارەی گەڕانەوەی فرانک ڕیبێری فەرەنسییەوە دەدوێت و پێی وایە هەر کەسێک متمانەی بەگەڕانەوەی کەڵەشێرەکە نەبێت ئەوا هەڵەیەکی گەورە دەکات.

پێتوایە ڕیبێری بگەڕێتەوە سەر ئاستی پێشوی؟

بەڵێ پێموایە دەگەڕێتەوە، هەر کەسێکیش بەپێچەوانەوە بیر بکاتەوە ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەکات.

ئاگاداری بارودۆخی یاریزانە فەرەنسییەکەیت؟

ئێمە وەک یاریزانان هەموو پاڵپشتی لێدەکەین و دەمانەوێت یاریدەی بدەین، دەزانم لەسەدا سەد پەرۆشی گەڕانەوەیە و هەرگیز ئاڵای سپی هەڵنەکردووە، دڵنیام دەگەڕێتەوە سەر ئاستی پێشوی، ئاگادارن وەرزی ڕابردوو هەوڵی بەدیهێنانی خەونەکانماندا و لەم وەرزەشدا پێویستمان بەیاریزانی گەورەی وەک ڕیبێری دەبێت بۆ دووبارە کردنەوەی.

سوریت لەسەر ئەوەی ٢٠١٨ واز لەیارییکردن بهێنیت؟

ئاشکرایە کە لەساڵی ٢٠١٨ واز لەیارییکردن دەهێنم، ئەوکات تەمەنم دەبێتە ٣٥ ساڵ و کاتی تەواوم دەبێت تا ئەوکاتە خۆم بۆ وازهێنان ئامادە بکەم، تەنانەت کە وازیشم لەیارییە نێودەوڵەتییەکان هێنا و درێسی هەڵبژاردەم دانا پێشتر خۆم بۆ ئامادەکردبو، هەرگیز پەشیمانیش نیم لەو بڕیارەی کە داومە.

لە داهاتودا پۆست و بەرپرسیارێتی لەهەڵبژاردەی ئەڵمانیا وەردەگریت؟

هەرگیز ناتوانم ئەو داواکارییە ڕەت بکەمەوە ئەگەر ڕوبدات، ماوەی دە ساڵی تەواو بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم یارییم کردووەو خۆم بە قەرزداریان دەزانم.

ڕات چییە دەربارەی گەڕانەوە بەهێزەکەی بوروسیا دۆرتمۆند لەم وەرزەدا؟

دۆرتمۆند هەمیشە ڕکابەری سەرسەختی بایرن میونشن بووەو گەڕانەوەی بۆسەر ئاستی ئاسایی خۆی هەرگیز سەرسامی نەکردوم، هەر ڕاهێنەرێک دێتە ئەو یانەیە زیادەیەک دەخاتە سەر ئاستی پێکهاتەکە و بەشێوەیەکی گشتی گەڕانەوەیان ململانێکانی نێوانمان بەهێزتر دەکات و خولی ئەڵمانیاش تام و چێژی زیاتری دەبێت.

لەخولی ئەڵمانیا، لە دەستپێکی بایرن ڕازیت ؟

بەڵێ، نۆ خاڵمان لە سێ یاریی کۆکردۆتەوەو پێویستە بەهەمان ئاستەوە بەردەوامی بدەینە یارییکردن، دواتریش بەرامبەر ئاوگسبۆرگ یارییمان هەیە و لەبەدەستهێنانی سێ خاڵی ئەو یارییە زیاتر بیر لەهیچ شتێک ناکەینەوە.


ئه‌م بابه‌ته 804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:34:10/09/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com