جیرو: ئامانجی ئارسیناڵ ئاشکرایەو هاتنی بنزیمە سودی گەورەی دەبوو

جیرو: ئامانجی ئارسیناڵ ئاشکرایەو هاتنی بنزیمە سودی گەورەی دەبوو


خەڵک – کەناڵی بین سپۆرت

هێرشبەری فەرەنسی ئۆلیڤەر جیرۆ کە لەڕیزەکانی ئارسیناڵی ئینگلیزی یاریی دەکات، چاوپێکەوتةێک لەگەڵ کەناڵی "بین سپۆرت"ی قەتەری ئەنجام دەدات و لەوەڵامەکانیدا نایشارێتەوە، کە هاتنی کەریم بنزیمە بۆ ڕیزەکانی گانەرز زۆر گرنگ دەبوو لەحاڵی ڕودانیدا.

هەروەها هەموو ئەو هەواڵانەش بەدرۆ دەخاتەوە کە باس لە گفتوگۆی نێوانی و یانەی پاریس سان جێرمان دەکەن، لەکۆتاییشدا ئاماژە بەچەندین خاڵی گرنگ دەدات لەبارەی خولی یانە پاڵەوانەکان و خولی ئینگلزییەوە، فەرموون خۆتان وەڵامەکانی بخوێننەوە...

میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تۆ نیازی ڕۆیشتنت هەبێت بەرەو یانەی پاریس سان جێرمان، ڕاستە؟

من لێرە بێکێشەم، لەهەموو چاوپێکەوتنێکدا دووپاتیدەکەمەوە، نیازی جێهێشتنی ئارسیناڵم نییە و نازانم ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە بۆ لەهەموو وەرزێکدا دوبارە دەبێتەوە! من لەیانەکی گەورەم بەناوی ئارسیناڵ و ئەو هەواڵانەش دوورن لەڕاستییەوە.

ڕات چییە دەربارەی ئەو کۆمەڵەیەی ئاسیناڵی تێدایە لەخولی یانە پاڵەوانەکان؟

کەوتوینەتە کۆمەڵەیەکی هاوسەنگەوە، بایرن میونخ یانەیەکی گەورەیە و ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت، پێویستە ئەزمونی خۆمان بەکاربخەین لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو یانەیەدا، ڕاستە بایرن بەهێزترینی گروپەکەیە، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ بەرەنگاربونەوەی، دینامۆ زەغربیش پێویستە هەوڵبدات لەپێناو سەرکەوتندا، ئارسیناڵ هیچ یانەیەک بچوک ناکاتەوە، چونکە بچوکەکان لەتوانایاندایە ئەنجامی چاوەڕوان نەکراو تۆمار بکەن، یانەی چوارەمیش بیرم چۆتەوە... ناوی چی بوو؟

ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانی...

بەڵێ، ئۆڵۆمپیاکۆس، ببورن توانای بیرکردنەوەم باش نییە... پێموابێت ڕوبەڕوبونەوەمان لەگەڵ ئەم یانەیە لە یۆنان یەکێک دەبێت لەقۆناغە قورسەکان، دەزانین بەرەنگاربونەوەی یانەیەکی یۆنانی چەند قورسە لەیاریگای خۆیاندا، لەم خولەدا هیچ یارییەکی لاواز بونی نییە و پێویستە هەوڵی بردنەوە بدەین بۆ ئەوەی نەکەوینە گێژاوی یەکلاکردنەوەی خاڵەکانەوە، ئەگەر بشتوانین دینامۆ و ئۆڵۆمپیاکۆس بەسەرکەوتویی تێپەڕێنین، بێگومان دوو یاریی بایرن دەمێنێتەوە کە هەموو شتێک یەکلایی دەکاتەوە.

ئارسیناڵ پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنز لیگ؟

بەڵینمان داوە کێبڕکێیەکی بەهێز بکەین لەسەر ئەو نازناوە، کۆمەڵەکەمان وا دەکات ئەوپەڕی تواناکانمان بخەینەکار، ئەمساڵ وەک ساڵانی ڕابردوو نین، ئێستا لەهەموو کاتێک بەهێزترین.

هەست بەچی دەکەیت لەڕیزەکانی ئارسیناڵ؟

من باشم، لەگەڵ خێزانەکەم کاتێکی خۆش بەسەردەبەین، پێموابێت لەسەرەتاوە بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ دەستەی هونەری و ڕاهێنەر مامەڵەم کرد، پێشتریش بەبێ کێشە گەیشتینە خولی یانە پاڵەوانەکان و ئێستا لەهیچ شتێکمان کەم نییە، یەکەمجارە بێکێشە بین، لەخولی ناوخۆش حەوت خاڵمان بەدەستهێناوە تەنها ئەوە نەبێت بەرامبەر وێستهام ئاستمان باش نەبوو، بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە ئەم وەرزە جێی ڕەزامەندی هاندەرانمان دەبین.

ئامادەکارییەکانتان لەسەرەتای وەرزەوە لەئاستێکی باشدا بوو؟

ئەمجارە ئامادەکارییەکان کورت بوون، تەنها هەفتەیەک لە سەنگافورە ماوەمان لەبەردەستدابوو، دواتر چەند یارییەکمان ئەنجامدا و ئامانجی خۆمان پێکا، سەرەڕای ئەوەی کوالیتی ئامادەکاریەکان وەک وەرزی رابردوو نەبوو، بەڵام بردنەوەکان متمانەی پێبەخشین و توانیمان هەڵەکان چارەسەربکەین و لەڕوی دەرونییەوە گەیشتینە ئاستێکی بەرز، بەرامبەر وێستهامیش وانەیەکی تر فێربوین و چیتر ئەو هەڵانە دوبارە ناکەینەوە.

لەم وەرزەدا ئامانجی سەرەکیتان چییە؟

ئامانجەکانمان ئاشکرایە، پارێزگاری کردنە لەجامی یەکێتی یانە ئینگلزییەکان کە وەرزی ڕابردو بەدەستمان هێنا، هەروەها دەمانەوێت بەهێزەوە بەردەوامی بدەینە کێبڕکێکانی خولی ئینگلیزی و چاوەڕێی ململانێیەکی قورس دەکەین، دەزانین خولی ئینگلیزی ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت و هاوشێوەی ماراسۆنێکە، بەڵام خۆگونجاندن و بەجێهێنانی داواکاریەکانی ڕاهێنەریش کاتی دەوێت و تا کۆتایی وەرز تەواو هێڵەکانمان بەیەکەوە دەبەستینەوەو پێکهاتەیەکی یەکگرتوو بونیاد دەنێین.

لەبارەی گواستنەوەکانەوە چی دەڵێیت، بەتایبەت کڕینی پیتەر چێک؟

یانەکەمان یەکێک لەباشترین گۆڵپارێزەکانی جیهانی گواستەوە ڕیزەکانی، ئەم گۆڵپارێزە لەتوانایدایە کارمان ئاسان بکات و بەکەسایەتییە بەهێز و کاریزما تایبەتییەکەی متمانەی زیاتری پێبەخشیوین، بەتایبەت لەخولی یانە پاڵەوانەکان پێویستمان پێیەتی، ڕاستە ئۆزبیناش هاوڕێیەکی نزیکە، بەڵام هیچکام لەدوو گۆڵپارێزەکە پشتگوێ نەخراون و کێبڕکێی نێوانیان بەردەوامە.

لەماوەی ڕابردودا ئارسیناڵ دانی ویلبێک و ئەلێکس سانچێزی هێنایە ڕیزەکانی، بۆچونی تۆ لەو بارەیەوە؟

کاتێک ویلبێک و سانچێزیان کڕی هەرگیز هەستم بەبێزاری نەکردو وا بیرم نەکردەوە کە من جێگەم نابێتەوە، بەڵکو هەستم کرد کە یانەکە تەنها بە جیرۆوە نەبەستراوەو لەڕوی هێرشبردنەوە پێویستیان بە یاریزانی گەورە و زیاترە، دەشزانم هاندەران بەردەوام داوا دەکەن یانەکە یاریزانی نوێ دابین بکات.

هێڵی هێرشبەری ئارسیناڵ ئێستا لەچ ئاستێکدایە؟ وەڵامت چییە دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەکڕینی کەریم بنزیمە دەکەن؟

لەبارەی هێڵی هێرشبەرەوە ناتوانم ئێستا هیچ وەڵامێکت بدەمەوە، هەروەها بیرکردنەوە لە کڕینی بن زیمە بەڕای من باشترین بڕیارەو کاردانەوەی ماوە درێژی دەبێت، ڕاهێنەر خۆی دەزانێت چی دەکات... هەندێجار پێویست بەکڕینی هێرشبەری بەتوانا دەکات نەک یاریزانێکی جیهانی و لەهەمان کاتیشدا بێسود، واتا تەنها کڕین و هیچی تر، من دڵنیام بەم پێکهاتەیەوە دوور دەڕۆین، بەڵام کڕینی بنزیمە گەورەترین سودی دەبێت، بەتایبەت کە دەبینین لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و بێگومان جێدەستی دیارە.

پێشتر بەهۆی ڕەخنەکانەوە دەتناڵاند، بەڵام ئێستا زۆر بەهێزەوە گەڕاویتەوە، نهێنی گەڕانەوەت لەچیدایە؟

ئەو مەسەلەیە پەیوەندی بەئیرادەی یاریزانەوە هەیە، من زۆر گوێ بەو ڕەخنە و هەواڵانە نادەم کە یاریزان دەڕوخێنن، تەرکیزی تەواو دەکەم بۆ پێشکەشکردنی ئاستێکی گونجاو لەساتە قورسەکاندا، خۆم بەو شتانەوە سەرقاڵ ناکەم کە سودیان نییە.

وەرزی ڕابردوو پێکانت هەبوو، بەڵام ئاستێکی بەرزت پێشکەش کرد و بویتە هۆی دروستبونی چەندین گۆڵ، ڕای خۆت چییە؟

یاریزان پێویستی بە هێز و سوربون هەیە کاتێک لەپێکاندا دەبێت و هەوڵی گەڕانەوە دەدات، دەمەوێت ئەو خۆشیەی لەچاوی هاندەراندا دەیبینم ببێتە ڕێنیشاندەرم و هەمیشە دەمەوێت جێی ڕەزامەندی ئەوان بم، حەزی من بۆ خۆشحاڵکردنی هاندەرانی ئارسیناڵ هەمان ئەو حەزەیە کە بەرامبەر هاندەرانی هەڵبژاردەی فەرەنسا هەمە.


ئه‌م بابه‌ته 1062 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:23:01/09/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com