مێسی: دەیانەوێت تێکمبشکێنن، بەڵام من بەئاسانی لەناو ناچم

مێسی: دەیانەوێت تێکمبشکێنن، بەڵام من بەئاسانی لەناو ناچم


خەڵک – تۆڕی "ئی ئێس پی ئێن" ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ

لیۆ مێسی، لەئەمارەی مۆناکۆ لە فەرەنسا زومی کامێراکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و توانی خەڵاتی باشترین یاریزانی کیشوەری ئەوروپا بەدەست بهێنێت، بەوهۆیەوە چەندین ڕۆژنامە و ماڵپەڕی جیهانی هەوڵیاندا بە پرسیارەکانیان زانیاری لەزاری خۆیەوە وەربگرن و لەکۆتاییشدا ئامانجەکەیان پێکاو چەندین وەڵامیان لەبارەی بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە لێوەرگرت.

لەم چاوپێکەوتنەدا وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی "ئی ئێس پی ئێن"ی ئەمریکی و ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ و کەناڵی "بارسا تی ڤی" کەتەلۆنی دەداتەوە.

نهێنی ئەو ئاستە بەرزە چی بوو کە بەرشلۆنە لەوەرزی ڕابردوو پێشکەشی کرد؟

هیچ نهێنییەک لەهێزو تواناکانی بەرشلۆنەدا نییە، ئێمە وەک کۆمەڵە کاردەکەین، لەژووری خۆگۆڕینەکان پەیوەندیمان توندوتۆڵە و ئەوەیش لەناو یاریگادا زیاتر لەیەکتری نزیکمان دەکاتەوە، هەروەها یانەکەمان خاوەنی چەندین یاریزانی گەورەیە کە متمانەی زۆریان بەخۆیان هەیە، ئەوە تەنها نهێنییە کە لەیانەکەمدا بەدی دەکەم، بەوهۆیەوە چەندین نازناومان بەدەستهێناوەو منیش گەیشتومەتە سەر ئەم ستەیجە.

کەواتە سەرکەوتنی خۆت بەکاری بەکۆمەڵی یانەکەتەوە دەبەستیتەوە؟

بەڵێ، خۆشحاڵم بەو دەستکەوتانەی بەدەستم هێناوە، بەڵام ئەگەر هاوڕێیان نەبونایە نەمدەتوانی بگەمە ئەو پێگەیە، پێموابێت هەمان مەسەلە لویس سوارێزیش دەگرێتەوە.

دەڵێن بەرشلۆنە واتا مێسی، ئێستا تۆش دەڵێیت هێزی بەرشە بەکاری بەکۆمەڵەوە بەندە، پێتوایە هاوڕێکانت یاریدەدەربن لەو ئاستەی پێشکەشی دەکەیت؟

من زۆر پشت بەهاوڕێکانم دەبەستم و ئەگەر ئەوان نەبونایە سەرکەوتنم بەدەست نەدەهێنا، ئێمە بەکۆمەڵ یاریی دەکەین و ئەوەیش نهێنی پێ بەرزیمانە بەسەر یانەکانی تردا، ئەوەتا من بوم بەباشترین یاریزانی ئەوروپا و دەستکەوتەکەش بۆ هەموانە، بێگومان ئەگەر کاری بەکۆمەڵ نەبوایە بەرشلۆنەش ئەو نازناوانەی بەدەست نەدەهێنا کە وەرزی ڕابردوو نیئشانەی لێگرتبۆوە.

لە چامپیۆنز لیگ، کۆمەڵەکەی بەرشلۆنەت پێ چۆنە؟

پێوایە کۆمەڵەیەکی قورسە، هیچ یانەیەکی ئاسان یاخود لاواز لەم پاڵەوانێتییە بونی نییە و ململانێکانی ئەم وەرزە جیاواز دەبێت لەوەرزەکانی ڕابردوو، کارمان ئاسان نییە هەرگیز.

تەماعی ئەوەتان هەیە نازناوەکە بەدەست بهێننەوە؟

بەڵێ، ئەوە ئامانجی سەرەکیمانە، بەپەرۆشەوە چاوەڕێی دەستپێکی خولی یانە پاڵەوانەکان دەکەین، بەڵام وەک وتم ئەم وەرزە هەرگیز ئاسان نابێت بۆمان.

ڕاستە دەڵێن دووجارە ڕەتی دەکەیتەوە یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بکەیت؟

هەرگیز نەموتووە یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ناکەم، چەند لایەنێک هەن دەیانەوێت بەهەرشێوەو ڕێگەیەک بێت تێکمبشکێنن، جا لەڕێی پڕوپاگەندەوە بێت یاخود هەرچییەکی تر، بەڵام منیش پێیان دەڵێم: من کەسێکم خۆم نادەم بەدەستەوەو بەئاسانی ناتوانن لەناوم بەرن، لەپێشوشدا چەندین کاری هاوشێوەیان کردووەو شکستیان هێناوە.

کەواتە تۆ هەمیشە بۆ هەڵبژاردەی "تانگۆ" ئامادەیت؟

بەڵێ، چەند یارییەکی دۆستانە هەیەو تاتا مارتینۆی ڕاهێنەر بانگهێشتی کردوم، ئاسایی وەک هەموو جارەکانی تر ئامادە دەبم، هیچ شتێکیش ڕوینەداوە وەک ئەوەی باسی لێدەکەن.


ئه‌م بابه‌ته 1010 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:58:29/08/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com