پیدرۆ: قسەکانی مۆرینیۆم بەدڵە و قورسە ڕوبەڕوی بەرشلۆنە ببمەوە

پیدرۆ: قسەکانی مۆرینیۆم بەدڵە و قورسە ڕوبەڕوی بەرشلۆنە ببمەوە


خەڵک – کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی

پیدرۆ ڕۆدریگێز، ئەستێرەی پێشوی یانەی بەرشلۆنە گەڕایەوە بۆ هەرێمی کەتەلۆنیا و کۆتا کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەژێر ناوی "ماڵئاوایی" ئەنجامدا و وەڵامی چەندین پرسیاری ڕۆژنامەنوسانی ئیسپانیا و بەریتانیای دایەوە سەبارەت بە گواستنەوەی بۆ یانەی چێڵسی.

ئەمەیش تەواوی وەڵامەکانیەتی لە کۆنگرەکەدا:

هەست بەچی دەکەیت کە بەرشلۆنە بەجێدەهێڵیت؟

بەسەربەرزییەوە دەڕۆم، شانازی بەهەموو ئەو کارانەوە دەکەم کە لەگەڵ بەرشلۆنە بەجێمگەیاندووە، کەمتەرخەم نەبوم لەگەڵیاندا و هەرچییەکم لەتوانادا بێت پێشکەشم کردون و بەهەموو توانامەوە هەوڵمداوە لەپێناو سەرکەوتندا.

هەست بە خەم و پەژارە ناکەیت؟

بێگومان، بێتاقەتم لەبەرئەوەی بەرشلۆنەم بەجێهێشت کە وەک ماڵی یەکەمم وایە، لەهەمان کاتدا خۆشحاڵم کە ئامانجی خۆمم پێکاوە بەیارییکردنی زیاتر لەڕیزی یانە نوێیەکەم.

بەرشلۆنە تۆ لەدەست دەدات؟

پێموانییە وابێت، بەرشلۆنە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە و کێشەی نییە، بەپێچەوانەوە من بەرشلۆنە لەدەست دەدەم، ئەوەیش ئەو لایەنەیە کە بیری لێدەکەمەوە خەفەتم پێدەدات.

بیری هاوڕێکانت دەکەیت؟

هێشتا زووە باسی ئەو مەسەلەیە بکەین، بەڵام پێموابێت لەداهاتودا ڕوودەدات لەبەرئەوەی یاریزانانی بەرشلۆنە لەدەرەوەی یاریگاش هاوڕێمن.

هەستت چۆن دەبێت بەدرێسی چێڵسییەوە ڕوبەڕووی بەرشلۆنە ببیتەوە؟

ئەگەر شتی وا ڕوبدات، پێمباشترە بەرامبەر بەرشلۆنە یاریی نەکەم، زۆر قورسە بەلامەوە ڕوبەڕویان ببمەوەو نامەوێت ئەو تاقیکردنەوە تاڵە ئەنجام بدەم.

هۆکار چی بوو یانە کەتەلۆنییەکەت بەجێهێشت؟

پێشتر ئاماژەم بە هۆکارەکە کردووە، تەنها لەبەرئەوەیە کاتێکی زیاتر یاریی بکەم.

ئەی کەواتە بۆ پێش ئەوەی بڕۆیت، گرێبەستەکەت نوێکردەوە؟

گرێبەستەکەم نوێکردەوە بۆ ئەوەی بەدرێسی بلاوگراناوە بەردەوام بم، بەڵام ئیختیاری ڕۆیشتن بەردەوام بونی هەبوو، لەڕیزەکانی بەرشلۆنە ململانێیەکی قورس لەسەر پێگەکان هەیە و هەستم کرد جێگەم نابێتەوە، هەستم کرد یاریزانێکی گرنگ نیم بەلایانەوە، بۆیە لەکۆتاییدا بڕیارمدا بڕۆم.

باسی یەکەم یارییمان بۆ بکە بەدرێسی چێڵسیەوە؟

هەستم بە سەرسوڕمان کرد کە درێسی چێڵسیم لەبەردایە، لەبەرئەوەی هەرگیز بەبیرمدا نەهاتووە درێسی یانەیەک جگە لەبەرشلۆنە بپۆشم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆشحاڵم بەو هەنگاوەی ناومە.

بۆندە پێشکەشکراوەکەی چێڵسی لەوەی مان یونایتد باشتر بوو؟

مەسەلەکە پەیوەندی بە پارەوە نییە، پێشتر وتم هۆکاری ڕۆیشتنم ئەوەبوو تا کاتێکی زیاتر یاریی بکەم.

کەشو هەوای خولی ئینگلیزی چۆنە بەلاتەوە؟

کەشو هەوایەکی نایابی هەیە، یاریگاکان لەدۆخێکی خەیاڵیدان و هەمیشە پڕن و یارییکردنیش زۆر بەخێرایی بەڕێدەکات.

بەهۆی کێشەکانی کلاسیکۆوە، لەگەڵ مۆرینیۆ هیچ ئاستەنگییەکت بۆ دروست بووە؟

ئەوەی لەگەڵ مۆرینیۆ ڕویداوە تێپەڕیوە و بۆتە بەشێک لەڕابردوو، بەیەکەوە زۆرمان قسە کرد و وتەکانیم زۆر بەدڵ بوو و تەواو قەناعەتی پێکردم.


ئه‌م بابه‌ته 1239 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:29:25/08/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com